دوایی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1586 مشاهده

خۆم گەلێ بە بەختیار ئەزانم کە خوا یارمەتی دام و توانیم لە ماوەی چەند ساڵدا بە کۆششی فیکری و ماڵی ئەم کتێبە - کە مێژووی ئەدەبی کوردی - وەیا بە واتەیەکی فراوانتر «دائرةالمعارفی کوردی»یە، بێنمە بەرهەم و پێشکەشی بکەم بە قەومی خۆشەویستی کورد و بە هەموو بێگانەیەک. ڕەنگبێ بزانرێ کە ماوەیەکی درێژ قەڵەمی نووسەرەکانی کورد لەسەر لاپەڕەکانی «گەلاویژ» - ئەو گەلاوێژە کە تاقە گۆڤارێکیان بوو - ئیشی کرد، منیش بە شانازییەوە ئەموت دوو گۆڤاری «گەلاویژ» و «نزار»تان پێشکەش ئەکەم. کە ئەوان ئاوا بوون، من هەر مامەوە. هەر ئەو مانەوەیەم بوو کە هێنام ئەدەبی کوردیم کرد بە کۆشکێک و بە دنیایەک. بەڵام نەک بە کۆشکێکی دار و بەرد. چونکە ئەو جۆرە کۆشکانە خۆیان ناگرن لەبەر پلاری گەرمای هەتاوی هاوین و سەرمای بەفری زستانا، زوو تیا ئەچن. کردم بە کۆشکێک نە باکی بە کڵپە و بڵێسەی هەتاوی هاوین بێ، نە بە تۆف و کڕێوەی بۆرانی زستان. تا دنیا دنیا بێ وەکوو نیشانی سەر تاجی پادشاهان هەر ببریسکێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە ئەدەبی کوردی و قەومی کورد بچنە ڕیزی ئەدەب و قەومی عالەمەوە. جا هیوادارم ئەو قەومە ئەم دیارییەم لێ وەربگرن و ئەوان ئەم دونیای ڕۆحییە بکەن بە دیاری بۆ جیهانی ئێستە و لەمەودوا.