هات بەهار
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
1463 مشاهده
هات بەهار، هێنای بە بار تۆوی گوڵ و موشکی خەتا
سەوز و سوور بوو، خوار و ژوور و چیمەن و دەشت و چیا
دوورزەنی هەوری بەهار و ڕنوە بەفری بەندەنێ
لێک بەرانبەر بوون وەکوو لەشکر لە عەرزی تا سەما
دای بە سەر بەفرا شەبەیخوون، بوو بە ئاردی نێو دڕوو
داینەواند پشتی کلیلە، ڕایڕفاند مەئمووری با
هەر هەرەس بوو، لەشکری زستان لە ترسان هەڵوەری
دیارە قەڵغانی سەهۆڵ بوو، دوێ ئەویش پشتی شکا
تاوڵی سەوزی لە جێی بەفری سپی هەڵدا بەهار
چوونە پێشوازی، گرووهی سوێسنە و هەڵز و کەما
چەهچەهەی بولبول وەکوو مووزیکە بۆ سانی گوڵان
فیتەفیتی شوانە، سووتی ئەفسەری تیپ و سوپا
لەم سوپا و تیپ و قشوونەی شای بەهار هێناویە
شۆقی ڕۆژ نوورئەفکەنە جارجار لە ناو هەوروهەڵا
سوێسن و شەوبۆ و نێرگس، شەشپەڕ و گوڵئاتەشی
پاکی پشکووتن، بووە دونیا بە یەک حەشروحەلا
بولبولە زاوا و گوڵ وەک بووک و دڵ هەروەک دەڵاڵ
دێ و دەچێ بۆیان، بەخۆڕایی، بەبێ ماف و بەها
کورکەکورکی تەیرە دێ شەو، یانە سۆزی سینەمە؟!
ئەم هەرا و بەزمە بەهارە، یانە پەردەی سینەما؟!
وا ڕەقیبیش دەرپەڕی، جووتەی لە با دا، تا بڵێن
ئەی لە بەر ئەم خۆشییە، حەتتا کەریش ترسی نەما
حەقیەتی ئەو گوێدرێژە هەڵپەڕێت و دەرپەڕێ
هەر لە ئینسان تا جەنابی کەر یەکێ برسی نەما
هەرکەسێ خاوەن دڵ و گوڵ بوو ئەوا چوو بۆ گەڕان
کەس نەما، پیر و جەوان، چاک و خراپ، شێخ و مەلا
ئەی سەبا! خۆ تۆ دەڵێن پەیکێکی توند و خۆشڕەوی
هەستە، پیاوانە بڕۆ لای یاری بێ میهر و وەفا
پێی بڵێ هەستێ لە خەو، خونچە هەموو پشکووتووە
بێتە دەر، تا سەر لە بەر خۆی نێ وەکوو چاوی حەیا
بولبول و دڵ بۆ گوڵان، ئەو هەڵفڕی، ئەم دەرپەڕی
هەڵفڕینە، دەرپەڕینە، پێکەنینە، «کامیلتخلصا»