ڕۆڵە

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 2 دقیقه  625 مشاهده
تۆ مەبە پیاوی ئەم و ئەو گەل فرۆشی قەت مەکە
ڕێگری ژیانی هەژار و حەلقە گۆشی قەت مەکە
بیری مردن لەو گەلەی خۆت یان نەخۆشی قەت مەکە
هەر کەسێ کۆسپەی لە ڕێگای میللەتی خۆی دادەنێ
غەیری تف بێشک لە مێژوو هیچی دیکەی نادەنێ
عەیبە سەر شۆڕ کەی بە دینار لاوی تازەی نەوجەوان
تۆی لە شاخی نیشتماندا بۆ شەبەی خونی شەوان
نەک لەڕێی بێگانە جاسوس ببیە خوبزە و پاسەوان
مەردی میراتە لە کوردان وا لەبۆ تۆ مایتەوە
قەت شەرم ناکەی کە کوردی بۆچی پاڵت دایتەوە
بۆ سەرت سوڕماوە ڕۆڵە کەس کەسێکی کەس نییە
هەر قسەی گەورەی بەبێ کار نابتە مایە و بەس نییە
خوێنی لاشەی خۆت نەبێ تۆ هیچ کەست دەربەس نییە
بۆ هەژاری و دیلی خەڵقی کەس حەقت ناداتەوە
خوێن کلیلی دەرکی زوڵمە کەس نییە لێت کاتەوە
خوێنی چینی خوێن ڕێژینە خوێن لەچاو دەسڕێتەوە
ئەو لە مێژوو زۆر بەنرخە و ژیانی پێ دەکرێتەوە
هەر بەخوێنە شەڕ لە ناوچوون بیکوژی و ببڕێتەوە
سولحی گشتی بێتە کایە و ژینی ڕۆژئاوا و هەڵات
هێمنی داری بەریدا و ژینی هاوبەش بۆ خەڵات
بۆ خەبات ناکەی لەبۆ ژین بێیە ڕێزەی میللەتان
ببیە هاوبەش بۆ گەڕانی شاخ و دەریای ناو جیهان
وا وەکوو مورغان دەسوڕێن دەچنە ناو ئەستێرەکان
ڕۆڵە بۆچی وا بەبێ «سام» پەردەت لە ڕووت دادایتەوە
بیری دوژمن وا لە شاخ و ماڵ و مێشکان مایتەوە