ئەی ڕۆژ

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 2 دقیقه  348 مشاهده
ڕووناکی شەوقت لەکێ هێناوە
ئەو گەرمی هەیتت کێ بەتۆی داوە
دەجووڵێیەوە یان ڕاوەستاوی
ئەگەر نەجوڵێی بۆچی وەستاوی
هەروا لە بۆشی چۆن ناکەوییە خوار
خۆ تۆ باڵدار نی چۆن دەگری قەرار
بێ هێلانە و جێ چۆن خۆت ڕادەگری
بەڕووناکی خۆت جیهان دادەگری
مانگ ڕووناک دەکەیت ئەستێرە و زەمین
بەخۆت چۆن دەژی بەژداری لەژین
چۆن دەبێ وەها نەبزووی و نەخۆی
کەس نێتە لات بۆلای کەس نەڕۆی
ڕووناکی دەدەیت مانگانەت ناوێ
پارەی بەنزین و هێزی خۆت ناوێ
ئەی واریداتی مانەوەت کانی
کارگەری لەناو کارخانەت کانی
چۆن وا دەبەخشی کەچی نابڕێ
کەسیش ناتوانێ لەتۆ دابڕێ
بەبێ ئاڵەت و مەکینە و کارگەر
کارت هەروەها چۆن دەچێتە سەر
تۆ هەر ببەخشی و هیچیشت نەوێ
بەخۆت چۆن دەژی دانیشی لەوێ
بۆنت لەکێ بوو لەکێت هێناوە
بۆ قەت نابڕێ کێ بەتۆی داوە
شتێکی سەیرە دەدەی ناتەوێ
بۆنت بەبەخشین چۆن داناکەوێ
ئەوەی تۆ هەتە کەس پێی ناکرێ
هەردان و هەردان تاکەی ئابرێ
لە کەینێوە هەی کەینێ خولقاوی
عومرت چەند ساڵە تا ئێستا ماوی
لە ڕابردی خۆت چت دی و بەسەرهات
ژیانت چۆن بوو کێ یاریت دەکات
توخوا پێم بڵێ کەی دەکوژێیەوە
هەروا دەمێنی یا دەبڕێیەوە
گەر هات و نەمای لاشەت چی لێ دێ
چت لێ دەپرسن شەوقت چی لێ دێ
لەو ڕۆژی کە هەی هەروا ڕاوەستان
نەجووڵانەوەت بەتووڵی زەمان
بەبێ یاریدە و بێ وەستا و شاگرد
چۆن وا ژیاوی خۆت ئەوها ڕاگرت
من وا تێدەگەم تۆش وەکوو منی
من لە قوژبنان تۆ بێ قوژبنی
بێ پرس و ژمار خێرت دێتە خوار
بۆ جنس و ئینسان لەبۆ مۆر و مار
گەورەترین هەبووی لەبوونی کۆن
عالەم دەیزانێ بەخشینت چۆنە
بەڵام پێم بڵێ بێ سامیتخلص و نیاز
کێ بەتۆی داوە لێی بکەم داخواز