کوڕە ئەتۆ چ دەڵێ بە من

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  492 مشاهده
باسی گەردەن و یان زوڵفی خاوی
چۆن باس بکرێ بە ناتەواوی
لۆمە دەکرێتن بێ لێکدانەوە
نانۆڕنە داخ و دەردی هەناوی
ئەوا بێئاگان لە دەردی عاشق
نازانن لەبۆ مافی خوراوی
گریە و هاوار و شینە بە ئەشعار
بۆ خۆشەویستیی داگیرکراوی
بە غەدر و دینار یان پێرەوی خوار
دەیکەن بێبەش و دەیخەنە داوی
دەرد و ناڵین و خەباتی لەیلا
وا خەباتی بۆ ڕەنجی خوراوی
ئەویش غەدرێکە لەناو نیشتمان
بەڵام داخەکەم لێی ڕانەماوی
بۆ گریە و ناڵین دەردێکە بەسام
بۆیە دێتە خوار فرمێسکی چاوی