کچێکی زۆر جوان

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  421 مشاهده
ئەی کچی جەوان من عیشقی تۆمە
لەتاو باڵای تۆ وا ڕەنجەڕۆمە
بۆ جارێکی تۆ دوو قسەی خۆش ناکەی
ڕەحمێکت نییە دڵم خۆش ناکەی
لەتاوی باڵات هێزم نەماوە
لە بۆتەی عیشقت بیرم تاواوە
نازانم کە تۆ لەسەر کام دینی
بۆ جارێ چاوت ئەمن نابینێ
کاتێ دەتبینم دەژێ هەناوم
وەکوو تەیرێکی چار پەل شکاوم
دڵم لە دەست و لەسەر پەنجەتە
لاشەم وەکوو خۆڵ لەسەر ڕێگەتە
بۆ خاتری دینت بملاوێنەوە
بە بەژنی شل و ڕووی خاوێنەوە
سەبرم نەماوە من لە تاوانت
بە خاڵی کوڵمە و نازی چاوانت
چاوت هەڵێنە جارێ ڕووم تێکە
بە عیشقی خودا بەس پشتم تێکە
ئەو ڕۆژی چاوم بە تۆ ناکەوێ
وەکوو شێتانم دڵ داناکەوێ