بۆ لە حاڵی من جارێ نازانی
از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
2 دقیقه
507 مشاهده
بۆ لە حاڵی من جارێ نازانی
ناڵێی لەبۆ چی وا لە گریانی
چونکی لای تۆیە دەرد و دەرمانی
ئەتۆ لەو وەختەی یوسفی جیهانی
عەتری هەناسەی دەمی خونچانی
بۆ بێ ئیمانی بۆ وا بێ دینی
تا کەی بناڵم وا بە حەزینی
جارێکی نەبوو چاوی بمبینێ
وا بادی بەیان خونچان دەژێنێ
موتریب وساقی و بولبول دەخوێنێ
عاجزت کردم تۆ لەو ژیانە
دائیم پڕ حەسرەت دڵ هەراسانە
با لەگەڵ بولبول بچمە باغانە
چونکی لەگەڵ من هاوڕێی خەمانە
ئەویش بێ بەشی ئاوی خونچانە
هەردووک ئاواتی مژەی ویساڵن
لە ناڵینی شەو گەلێ بێ حاڵین
سەرێکی خۆشمان نەکرد بە باڵین
جا وەرە بولبول پێکەوە بناڵێن
هەردووک چاوەڕێی بایی شەماڵین
بۆ لەیلا نییە دڵ پەرێشانم
یا ئاهـ و ناڵەی لالەزارانم
عاشقی خاک و باغی کوردانم
ئەوی لە دڵمە بۆ خۆم دەیزانم
ناوێرم بڵێم لەناو دیوانم
تا کەی ناڵێن و چریکە و ڕۆ ڕۆ
تۆ خەوی شیرن من دەست لە ئەژنۆ
هەتاکەی عەقڵت نایە سەرخۆ
تۆ بۆ من بگری من دەگریم بۆ تۆ
تۆ بڵێ خونچەم ڕۆ من دەڵێم شەوبۆ
تۆ بەندی داوی حەلقە و کەمەندی
من ئاخی ڕەقیب بوختان و پەندی
لەبۆ کاکە سورچی بەهرەمەندی
ئافەرین دوو ڕوو پیاوێکی ڕەندی
ئەی دەلالی باش خونچەت بە چەندی
مەڵێن مەناڵە کە من بێچارم
غەریب و حەزین و دڵ بڕیندارم
هەردەم حەسرەتی باغی بەهارم
کەینێ دێ ئارامێک بۆ دڵی زارم
دونیا عاجز بوو وا لە هاوارم
لە فەسڵی خونچان وەختی بەهاران
لەناو شەنگە بی و ناو لالەزاران
ئاخر شەڕ زۆرن بە سەد هەزاران
سامیتخلص و بولبول گەلی هەژاران
با بێنە شین لەبۆ بێچاران