پەهلەوانێکم ئەمما پەهلەوان
از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
2 دقیقه
698 مشاهده
پەهلەوانێکم ئەمما پەهلەوان
تووشی هیچ نابم خۆم و ناوچەوان
پەهلەوانێکم ناترسم لە شەو
لەناو دۆشەگا پرخ و هۆڕی خەو
بۆ شەڕ خەیاڵی هەر من دلێرم
لە لێ نەقەومان بە شێر دەوێرم
کاتی ڕۆژهەڵات لە خەو هەڵدەستم
هەتا چەشتەنگاو خەیاڵی و مەستم
پاشی قاوەڵتی دەچم بۆ بازاڕ
جارێک نانۆڕمە هەتیو و هەژار
لە سواری تەماح عەجیب سوارێکم
بۆ ئادەمیزاد وەک ڕەشمارێکم
بۆ خۆهەڵکێشان هەروەکوو بولبول
خیانەت ئەکەم لەسایەی قشپل
لە پێشی عالەم دایم لە زیکرم
خواناسی قەلبی نایەتە فیکرم
تەسبیحاتی نوێژ بەڕۆژ شەوێ
بۆ مەخسوودی وەی دنیام دەست کەوێ
بەزار و زمان کاکە گیان دەکەم
ئینسان بەبێ دەنگ تووشی زیان دەکەم
تاکوو بمدەن ڕێگە و مەیدانی
منم فیتنەچی لە پێش نەزانی
هی پێی نەوێرم هەر نەفسی خۆمە
جارێکی بۆ خۆم خۆم ناکەم لۆمە
دائم حەولە دەم لەبۆ تاریکی
بۆچی ناترسم ساڵی جارێکی
دەنۆڕمە ئینسان زۆر بەبچووکی
لەدەستی خۆمە گران و سووکی
ئەوجا بزانن ئەمن چەند ئازام
لەبۆ ئیش تێک دان چەندە شارەزام
جارێ بۆ زانین گوێم نەدا قورئان
تا ڕەحمم پێکا خوای عەزیم و شان
لەو خوایە گەورە سامێکی ناکەم
چی بخوێنمەوە ئەعمالی چاکەم