باس و گلەیی

از کتاب:
دیوانی سامی عەوداڵ
اثر:
سامی عودال (1910-1985)
 1 دقیقه  815 مشاهده
ئەی وەتەن تۆ چی لەبۆ من خۆش و شادی چیت هەیە
باغی پڕ گوڵ دەنگی بولبول سازی فیردەوسیت هەیە
هەندێ ئەرزی نێرگزین و سومبول و هەم یاسەمین
باسی ناکرێ گوڵ لە کێوان خاو و نەسرینت هەیە
سێوەرە و وێنجەی شلێر و حاجیلە و ڕەیحانی دەشت
مەندیلانە و نەوعی هێرۆ بۆنی بەیبوونت هەیە
ڕوونی سپیان گەنمی یەک تۆ برنجی عەنبەر زۆرە خۆ
مێوژ و دۆشاوت بە زۆری ڕاوی هەنگوینت هەیە
خۆخ و هەنار و ناسکە هەرمێ هەم هەڵوژە هەم گەڵاز
باغی پڕ مێوە و تەعام و سێوی نەخشینت هەیە
سێبەری گوێز و چنار و ئاوی کانی و شەنگەبیت
جا بەمن چی تۆ پەنیر و ئاوی بەفرینت هەیە
ئاوی گڕاوی کۆرەکانیت توکی سەرمی هەڵوەراند
هێشتا ناڵێم ئەی وەتەن تۆ سوچ و تاوانت هەیە
تیپی کارگەر ئاشی ئازادی نەگێرێ گەر بە خوێن
بێ سەروپا هەر دەناڵێ خاکی غەمگینت هەیە
«سامتخلص» و هێزی کارگەرانە بوویتە کۆمۆنەی فەڕەنگ
قارەکان هەر پێنج دەڵێن تۆ نەجمەیی خوێنت هەیە