شنۆ

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 1 دقیقه  1068 مشاهده
شاری شنۆ بورجی بەرزە
قەڵای پۆڵایینی مەرزە
ئەو کێوانەی دەورەی داوە
حەسارە و بۆ دوژمن داوە
ڕووکاری ئەم دیو ئەو دیوی
زەرد و ماە و دۆڵ و شیوی
بانوو بانوو ئەم بەر ئەوبەر
ئەسکەندەر لێی گرتوون سەنگەر
نێوبانگ و نێوی سمکۆیە
گەیبۆ پاریس و مسکۆیە
میر و مەزنی لێ میوانە
مەنزڵگەی شێخی بارزانە
ئەوانەی قوتبی عیرفانن
«عبدالعزیز» و «سوڵتانن»
«ئەحمەد» کۆری بینا دڵ بوو
لە باغی عیرفان دا گوڵ بوو
«عەلی» زەرفی عیلمی سەرفە
عالەم لەو ڕا بردی سەرفە
بۆ کەس نەی پرسی لەو ناوە
شیعری «ئەمین» لای کێ ماوە؟
خاکی پاکی بەهرە و خێرە
«شام» وێنەی هەڵگیرا لێرە
چۆمی «گادەرمکان» حەوت و هەشتن
دەشتی گشتی وەک بەهەشتن
یەک دوو ڕووبار و جۆباری
جیران بۆی ناردی بە دیاری
باغی دین لەو دەشت و کێوە
ڕووسووری و سەربەرزی پێوە
شنۆ! پیری بەڵام شادی!
نۆسەد ساڵی پێش میلادی
ئەگەر دەشڵێی شاهید بێنە
بەردی «کێلەشین» وەخوێنە