بانە

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 1 دقیقه  824 مشاهده
جارێکی بت بینم بانە
دەڕوا لەسەر چاوم تانە
نەخشی خۆکردی داداری
بەهەشتی و نەخشێ ساکاری
لەسەر نووچکەی ڕوانگەی دیمەن
دیاری وەک باخچەی نێو چیمەن
ئەفسانەی گۆرین دێنیە بیر
مانگی چاردەی کەوتوویە بیر
هەرچی خوا بەو بەندەی داوە
لەو مەڵبەندەیدا خوڵقاوە
دارستان و لێڕەوارە
سوختی پوختی بەڕوو دارە
ڕەز و باخ و شاخ و کێوی
لک و پۆپی، دار و چێوی
میوەی ڕەنگاوڕەنگی پێوە
لێی شین نەبووە ئێمە و ئێوە
هەنار و هەرمێ و سێو و بێ
قاوت لێ دەکەن ئێژن بێ!
مێوژ و گوێژ و گەزۆ و مازوو
بە دوای یەکدا دەگەن زوو، زوو!
تووی شیرن خەرمانی سوورە
نوخشەی هەنجیر و هەنگوورە
شان و یاڵ و شیو و دۆڵی
هەرد و بەرد و خاک و خۆڵی
خێر و بێر و بەهرە و پیتە
خەڵکی وێ بی فیکری چیتە
شارێکی زۆر میوانگرە
قەت نەی دیبی پێت ئۆگرە
میری و مەزنی «یۆنس خانی»
«ڕەزا» نووسی لە دیوانی
«ئاربابا» فەخری «سەیوان» بوو
ئەو دەم «کاک ئەحمەد» میوان بوو
دەریای زانست و عیرفانە
شاری عەقیدە و ئیمانە