سەردەشت

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 2 دقیقه  901 مشاهده
دوڕ دانەی خۆشی سەردەشتە
باغ و سەیرانگە و جێ گەشتە
بەرز و نزم و شاخ و داخە
کاخ و کۆخ و دار و باخە
بووکی ڕازاوەی ئاواتە
شاباشی بەهرە و داهاتە
خشڵی یاقوت و ئەڵماسە
جلکی حەریر و داماسە
خوا ئەرزی قودسی پێ داوە
پیتی هەنگاو بە هەنگاوە
نۆ نەوعی بەهرەی مازووە
عومری نووحی تێدا زووە
گەڵای گەزۆیە و گوڵ میوە
خۆڕایین بنێشت و جیوە
مەستوورەی باغاتی «خولدە»
هەر تێی دا هەڵسووڕێ و خول دە
باغی ئیرەم وابو و واچوو
ڕیشەی لەسەردەشتێ ڕاچوو
«بێورانی» دیقەی بێڕووتە
ڕەشت و گێڵانی پێ ڕووتە
کەس نەیزانی ئاوی ساردی
کەوسەر کێ هێنای کێ ناردی
«خدرشخص» ئاوی ژینی هێنا
کێ شانەی هەنگوینی هێنا
بۆ وێنەی «تەنگی گرژاڵی»
«مانی» باسکی لێ هەڵماڵی
پەشمی پەمبە و زێڕی مس بوو
ڕەنگی چوو ریسی پسپس بوو
گوێزم! بۆ باغت زمزیران
نەخشە و نوخشەی لێ هەڵگیران
«ئیرەم» لە حاندی بێ ڕەنگە
باغچەی بەهەشتێ بێ، ڕەنگە
دوای سەیری سەر چۆمی «کەڵوێ»
فەرموو بۆ نێو باغی «هەڵوێ»
قاسپە و گمەی ئەو ناو چڕە
کەویاڕە ,کۆترە، کوڕکوڕە
لەبەر چەشنی میوەی زۆرە
کیژی جوانی چەشنی حۆرە
سەروە و جووتێ سێوی پێوە
سەروی خونچەی دەم و لێوە
قووتی ڕووحن مەم و دەمان
دڵ چووزانێ ژەم و دەمان
پۆلی مامز لە گەڵوانن
کاروانی دڵ لە گەڵ وانن
کاتێ دێن بۆ بەڕوو ڕنین
«کاروانکوژ» دێ بە ڕوو ڕنین
بۆ دین و گەشتی بەندەنی
کوێرن پاریسی و لەندەنی!
سەردەشتی منداڵ و گەورە
لە حاندی دوژمن وەک بەورە
باغات و ئاوی هەڵدێری
حەوزی بەرز و چۆمی ژێری
زستان، هاوین، پاییز، بەهار
«تجري من تحتها الانهارعربی»