سەری بورج

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 2 دقیقه  841 مشاهده
برای بەڕێزم ئاغای ئەفخەمی
بۆ وا دانیشتووی بە کەمتەرخەمی
فەسڵی پاییزە و سەری بورجێیە
زەمهەڕ داخستن ئەوڕۆ بە جێیە
بڕۆ بنووسە فیشی دارایی
لە خۆت شیرینە ژیری و کارایی
لیستی حقووقی نووسی کاک ئەنوەر
بانگیش فەرموویە! گەیی بە دەفتەر
ئیدی گیر مەبە بڕۆ بۆ بانگێ
دوو ڕۆژی ماوە بۆ سەری مانگێ
جیرە و مواجب لەگەڵ ئیزافە
شەش حەوتێک دەبێ بە بێ گەزافە
لە ڕێوە بکڕە دوو تا گەنمی باش
بە داشقەی دەستی بینێرە بۆ ئاش
یەک دوو پووت لەپە و دوو سێ پووت برنج
بەڵکوو بەینێکی دابنیشم دنج
لە نیسک و لە ماش لە دانەوێڵە
هەرچی تووشی بووی بە جێی مەهێڵە
ئەو جار حەڵەبێک ڕۆنی نەباتی
بە پەلە بکڕە تا نەبووە قاتی
لە سیر لە پیواز لە یاڕەڵماسی
زەخیرەی داخە بۆ کاکەباسی
بە کابانم گوت بڵێی بەش بکا؟
هێندە پێ کەنی کەم ما غەش بکا
دوو کیلۆ گۆشتی دەکڕم بۆ نەهار
پێیان ڕاناگا دەبێتە هاوار
لە مەلام پرسی بەو مەواجبە
حەوتووی جارێکی پڵاو واجبە؟
بزێکی هاتێ گوتی ناوەڵڵا!
ئەگەر لە ماڵێ نەبێتە هەڵڵا!
کاری چەتوون تر لە پاش ئەوانە
خەرجی ڕۆژانەی وردەنەوانە
مەگەر بە پیری دەس دەمە تفەک!
بچمە ڕێگری بۆ خەرجی پفەک
شەیتان پێم دەڵێ بەو گرانییە
دزی و ڕێگری فێڵی وا نییە
ئەو کوێرەمووشەی مەلعوونەی گێڕە
هەر بە دوامەوە دەڵێی شوێن گێڕە
بڵێی بێ گێچەڵ بەردا دەورەمان؟
گەورە دوژمنی بابەگەورەمان؟
ئەوڕۆ بەڕێ چوون لەسەر کۆپینە
بەڵام چوونە سەف برا تۆپینە
بەهای بژیوی یەک و هەزارە
حقووق نابزوێ دەڵێی بیمارە
مەسەلەی مەشهوور جوان و دزێوە
ئاردی دابێژە قوونی مەبزێوە
لە بازنشەستە خراپ قەوماوە
خوا ڕەحم بکا تەنیا ئەو ماوە
بۆچی مووچەیان ناکەن ئیزافە
ئەوانیش تێربن مەگەر خیلافە
ئەرێ بۆ مەحرووم لە جێژنانە بوون
هیچیان نادەنێ مەگەر ئەوان جوون
ئیرادێ مەگرە قەڕنی ئەتۆمە
نە تۆ خەمی من نە من ئی تۆمە
قسەم پێ ماون بەڵام نەهارە
تەبعم شێت بووە وەک داشەهارە
لەبیرتە نووسیت لە کابرای جووتیار
«تشریف بیار و تعهد بسپارفارسی»؟
ئەتۆش بڕۆ بانگ ئینجا بۆ نەهار
«تشریف بیار و اسکناس بشمارفارسی»؟