چاوەکەم

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 1 دقیقه  1705 مشاهده
دڵم ماتی غەمی هیجرانی تۆیە
نەخۆشی دەردی بێ دەرمانی تۆیە
ئەوا عومرێکە چاوم چاوەکانم
خەریکی شیوەن و گریانی تۆیە
برینم کارییە جەرگم بڕاوە
ئەویش کاری برۆ و موژگانی تۆیە
دڵی بردم نیگای چاوی خومارت
یەکە و گیراوی دوو مەستانی تۆیە
بە قانون حورمەتی میوانی فەڕزە
مەڕەنجێنە دڵم میوانی تۆیە
تەوافی خاڵی تۆ بۆ من حەڵاڵە
دڵم فیدیە و سەرم قوربانی تۆیە
قیامی قامەتت قامی قیامەت
تەرازووی چاوەکەم میزانی تۆیە
هەواڵی ڕۆژی مەحشەر گەر دەپرسی
خەبەر دەستی من و دامانی تۆیە
ئەگەر پەیمانەکەی دەستت شکاندم
دڵم مەشکێنە هاوپەیمانی تۆیە
ئەتۆ سووچت نەبوو چاوت منی کوشت
مەفەرموو چاوەکەم تاوانی تۆیە
بە ئیمانم هەتا مردن «حەقیقیتخلص»
بەهیوای دینی چاوی جوانی تۆیە