پیری

از کتاب:
دیوانی حەقیقی
اثر:
حقیقی (1902-1996)
 2 دقیقه  1926 مشاهده
باغی بەهاری زەوقی جەوانی نەما بەری
تەبعم کە نەخلی تەڕ بوو ویشک بوو گەڵای وەری
بۆ فەرقی گەنج و پیری میسالم دوو دێنە بیر
کەوش و کەڵاش و جاو و قوماش و بەرابەری
دنیا سەرای فانییە فانی وەفای نییە
هەر دەرد و داخ و ژانە ژیانی سەراسەری
دوێنێ دەم و خلێنە لە قینی زەمان لەقین
ئەوڕۆ دەمی وەرینی ددانە و لەقەی سەری
جنن و پەری دوو حاڵەتی پیری و جوانییە
نۆبەی گەمەی جنۆکەیە، شەرتی پەری پەڕی
قۆری شکاوە، چایی ڕژاوە، توواوە قەند
بێ کەلکە تازە جۆش و خرۆشی سەماوەری
هەوری خەمان لەسەر سەری کردم کڕێوە پێچ
بەرزی سەری بەفرگرە، مەڕوانە سەر سەری
نەمدی سەری لە بەردی نەدابێ خولی زەمان
تێیدابێ هەر سەرێ سەر و سەودای سەروەری
دەفتەر بە دەستی خۆیەتی، نووسیویە ڕۆژی خۆی
خۆی چارە نووسە، هەرچی بنووسێ لە دەفتەری
مووسا بژی بڵا ببڕن سەر هەزار هەزار
بۆ عیشقی شا دەبا بڕژێ خوێنی زەڕگەری
گەردوون بە مەیلی تۆ نیە بێهوودە خەم مەخۆ
ناگۆڕێ خۆت بکووژی چلۆن بێ موقەددەری
ئەسکەندەریش سەدان دەسەڵاتی هەبێ دەبێ
لەو ڕێگە چەوتە تووشی هەزاران سکەندەری
گەنج ئەر گەدایە شایەکە بێ تەخت و تاج و گەنج
پیری و هەزار عەیب ئەگەر شای قەلەندەری