ئەحمەد موختار
کۆترەباریکەی دەنگ پڕ لە یاهوو، گوڕەی ئەو دەنگە گوڕتر لە ئاهوو، گوڵاڵەی باخچەی عێلی جافەکان، گوڵاڵەی بوخچەی فیکری کوردەکان، هەڵکەوتوویەکی سەربەخۆ لە مەیدانی شعرا، سەرکەوتوویەکی خۆ بە خۆ لە بازاڕی خێرا. کەوتوو بە داوی چاوی مەستەوە تا هۆشی کردەوە، تینوو بە ڕۆژی ڕوونی کوردەوە تا پشتی کردەوە. شۆخ و شەنگ و لاوچاک بووە، دەس بە تفەنگ و سوارچاک بووە. شاعری ئەم شوێنە ناوی «ئەحمەد و کوڕی وەسمان پاشای جاف و برا بچووکی تاهێربەگ و دایکیشی هەر عادیلە خانمە». لە ساڵی ١٨٩٧ی میلادی لە شاری هەڵەبجەمکان هاتووەتە دونیاوە. لەبەر ئەوە ئەو ساڵە ساڵی ١٣١٦ی هیجری بووە، وە ئەم مێژووەش لەسەر حیسابی «ئەبجەد» بە ناوی «احمد مختار بگشخص» ەوە دەردێت هەر ئەم ناوەیان بۆ کردووە ناو. وەسمان پاشا و مەحموودپاشا، حەسەنبەگ، فەتاحبەگ، سڵێمانبەگ و حەمەعەلیبەگ شەش کوڕەکەی مەحموود پاشای کەیخەسرەوبەگ بوون. وەسمان و مەحموودیان لە لایەن حکوومەتی عوسمانییەوە لەقەبی پاشایەتییان دراوەتێ. مەحموودپاشایان یەکێک بووە لەو سەرامەدانە کە پابەندی بە ئەدەبیاتی کوردییە و لەوانەیە داستانی هەموو دیوەخانێک بێت و خزمەتە ئەدەبییەکەی شایانی هەموو قەڵەمێک بێت، بە خەتێکی زۆر جوان لەسەر کاغەزێکی نایاب کتێبێکی لە شعر و ئەدەبیاتی گەلێ لە شاعرانی کوردی نووسیوەتەوە و ناوی ناوە «کەشکۆڵاعلام». ئەم کەشکۆڵە گەنجینەیەکی زۆر بەنرخە بەرانبەر بە ئەدەبیاتی کوردی، وە ئێستە لە کتێبخانەی حەسەنبەگی نەوەیایە. ئەحمەد موختار، وەکوو هەموو مناڵێکی تر لە حەوت ساڵیدا ئەخرێتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی منداڵان لە هەڵەبجە، قورئان و کتێبە وردەڵەکان تەواو ئەکا، لەپاش ئەمانە دەس ئەکا بە گولستان و خوێندنی فارسی تر. لەپاشا کەمێکیش عەرەبی ئەخوێنێ و دەستی لێ هەڵئەگرێ و خەریکی سەر و سواری و مڵکداری ئەبێ. لە تەمەنی بیست ساڵیدا ژنی هێناوە. لە ساڵی ١٩٢٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە لە ١٩٢٤دا بووە بە نائیب لە پارلەمانی حکوومەتی عێراقدا، تا لە ١٩٣٥ لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا بە گولەی تفەنگی دەستێکی پیس لەسەر ئاوی سیروان کوژرا و جوانەمەرگ بوو. تەرمەکەی برایەوە بۆ هەڵەبجە و لە ئاوایی عەبابەیلە لەوگۆڕستانە کە تاهێربەگی برای تیایا نێژرابوو، ئەمیشیان ناشت. ئەحمەد موختار پیاوێکی باڵابەرز و سوور و سپی بووە، جوان چاک و شۆخوشەنگ، چاو گەورە و دەموچاو پان بووە، ڕیشی ئەتاشی و جووتێ سمێڵی قەیتانی ئەهێشتەوە. زۆر حەزی بە ڕاو و شکار کردووە، ڕاوچی و تفەنگچی و سوارچاک بووە. تەڕپۆش و دڵتەڕ، زۆرتر مراخانی و شەرواڵی لەبەر ئەکرد و شەدە و مشکی ئەبەست بە سەرەوە، پشتێنێکی تۆزێ زیادی ئەبەست و فەقیانەکانی هەڵئەکرد، گەلێ جار دوو ڕیزە فیشەک و ستارخانی ئەبەست. لەگەڵ جلی کوردیدا چاکەت و پانتۆڵیشی لەبەر کردووە. لەگەڵ خواردنەوەدا سەودای بووە. یاریشی ئەکرد، پیاوێکی نان بدە و بەرچاوتێر و زۆر دەست بڵاو بووە، ڕووخۆش و هەموو وەخت دەم بە پێکەنین بووە، لە شوێنی دوورەوە گوێیان لە قاقای پێکەنینەکەی ئەبوو، هەڵسووکەوتی لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا ئەکرد. خوێندنەوەشی پێ خۆش بووە، لە قسەکردندا دەنگ گەورە بووە. کە ورد ئەبیتەوە لەم خوێندنەوەی ئەحمەد موختار، تەماشا ئەکەی شتێکی وای نەخوێندووە، لەگەڵ ئەوەش تاپۆیەکی زیرەکی بووە، زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی زانیوە، تۆزە تۆزێکیش لە ئینگلیزی. تەنانەت لە فارسیدا گەلێ شعری هەیە. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە کە چی بووبێت ئەحمەد موختاری خستبێتە سەر ئەوە دەست بکا بە خیاڵبازی شعر و بەزۆریش تەنیا دوو رێچکەی گرتبێت؟.
وەکوو لە شعرەکانی دەرئەکەوێ، یاخود وەکوو یاسای بنەماڵەیی دەری ئەخا ئەحمەد موختار لە دەوری سەرەتادا نە پەیکەرێک بووە ڕووی تێ کا، وە نە هەیکەلێکیش بووە باوەشی پیا کا. کە چی لەگەڵ ئەمەش وەکوو شاعرەکانی تر دیسان هەر دڵی کردووە بە هێلانەی خاڵ و خەت و زمانی کردووە بە مەکینەیەکی دایمەگەڕ بۆ دروستکردنی ستایشی چاو مەستانی قەد باریک و زوڵفی ڕەشی وەک شەوی تاریک!. بەڵێ، نە چاوەندازێک دڵی کردووەتەوە، بە چاو بە نازێک هۆشی بردووەتەوە، بەڵام ئەم لەو ماڵەدا گاگۆڵکێی کردبوو، کە کەشکۆڵەکەی مەحموودپاشا بووبوو بە ڕەوڕەوەی پێگرتنی و دەنگی شعرەکانی تاهێربەگی برایشی دارەدارەی بۆ ئەکرد. لەو لاوە «ناریشخص» لە باخچەی ژیانا بە «ئەبرۆ کەمان ئەی خانەدان» گوێچکەی ئەزرنگانەوە، لەم لاوە «نالیشخص» لە بەهەشتی ئەو دیوی ژیانا بە ئاوازی «گوڵبەدەن سەروی چەمەن» دڵی ئەگەشاندەوە!. کە ئەم بەم جۆرە چواردەوری بە پەرژینی دەستەی لەعل لەب و بەستەی گوڵی ئەدەب بتەنرێ ناچارە لەو ناوەدا ئەمیش بڵێ:
کە وا بوو ئەحمەد موختار لەم دەورەدا تەنیا ناو ماڵەکەی خۆیان بوو کتێبی شعری بۆ گرتەوە، چونکە لەوێدا تاهێربەگی تێدا بوو، کتێبخانەی تاهیربەگیش دیوانچەی شاعرەکانی تێدا بوو، سەرەڕای ئەمانەش کەشکۆڵەکە لەبەر دەستا بوو، بەیانی و ئێوارانی فیکری شاعرانی تیایا وەرئەگرت. ئینجا با ئێستە بێینە سەر ئەوە قسە لە هەندێ لە شعرەکانیەوە و لەو رێگانە کە ئەو لە شعرا گرتوونی بکەین. ئەحمەد موختار تەماشا ئەکا، وا دڵڕفێنەکەی کە ناوی ناوەتە دڵبەرەکەی بە تازێکەوە تۆزێ لە سەرپۆشەکەی لادا ڕۆژی هەژار وەک زەردوویدار پێچی کردەوە لە تاو ئازار، ئەمیان بۆلای ماسی و سەراو، ئەویان بۆ شوێنب دوور لە چاو؛ سەرەتای ئەم باسە ئەکاتەوە و ئەڵێ:
تەماشا ئەکەی لە باری غەزەل و غەرامدا ئەم شعرانە دڵێک ئەکەنەوە، بەبێ پەروا پیاو ئەخەنە سۆزێکەوە و زۆر تەڕ و ئاودارن. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە فیکر بچێت کە لە شعری دووهەمدا لەگەڵ ئەوەدا کە وەکوو ئەوانی تر سوار و ڕێکوپێکە، وا نەبێ مەعناکەی زۆر بەهێز بێ، چونکە ئەڵێ: بولبول لە پاییزا کە چووە گوڵستانەوە خەیاڵی بەهاری کرد. جارێ گوڵستان لە پاییزا نییە، لە بەهارایە، کە چووە ناویەوە ئیتر چۆن خەیاڵی بەهار ئەکا؟! بەڵکوو خۆی وێنەی ئەو بەهارەیە کە خەیاڵی ئەکا ئەوەی کە بۆ پاییز بمێنێتەوە پەرێزی گوڵستانە، نەوەک گوڵستان، هەر کە وترا گوڵستان، بەهار دێت بە دڵا، وەکوو چۆن کە وترا «پێنج» تاق بە دڵا دێت، ئەمیش وایە. کە وا بوو پاییز و گوڵستانەکەی پێکەوە نەنووساون!. ئەحمەد موختار هەر لە باری غەزەلخوانیدا بە وێنەیەکی تر دێتە دەنگ و ئەڵێ:
ڕاستە جوانی ڕازاندووەتەوە و تەشبیهێکی بە کێی کردووە کە فستانی یاری باڵابەرزی چاو بە خوماری کە کچێکی چواردەساڵەیە کردووە بە لەش و لاری مینای بێگەردی وەکوو مانگی داپێشیوە، وە ڕاستە شعرەکانیش سوار و ڕەوانن، بەڵام ئەوە بوو کە لە سەرەتادا ستایشەکەی دامەزراند، دیارە ڕوو لە کچێک ئەکاتەوە، چونکە ئەم جۆرە ستایشانە بۆ ئەو جینسەیە، کە چی لە شعری سێیەما ئەڵێ: مادام شمشێری برۆت هەیە، پێویست ئیتر بەوخنجێرە ناکا کە کردووتە بە کەمەردا!. بەڵێ ئەبێ کچیش خەنجەر بکا بە کەمەریا، بەڵام زۆر کەم ڕێ ئەکەوێ. لە کوردیدا کە وترا خەنجەری کردووە بە کەمەریا، هەر کوڕ مەبەستە نەوەک کچ، جا کە وا بوو ناوەڕاستی بڕە شعرەکەی لەگەڵ سەرەتاکەیا یەکی نەگرتووە. دیسان لە ئاخر شعردا مەبەستی ئەوەیە بڵێت: وەکوو خاکی بەری پێت کەوتووم، بۆ ئەوە جار جار بەڵکوو بەسەرما ڕابووریت، دەی جوملەی «کە مەگەر دڵبەری خۆی بێ لە گوزەردا» ئەو مەعنایە نادا بە دەستەوە!. لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ تاقە تاقە شعری لە غەرامدا هەیە لەوانەیە بە ئاوی زێڕ بنووسرێ!. چەند جوانە ئەم شعرەی کە ئەڵێ:
دیسان لە شوێنێکی تردا بە شعرێکی تر ئەڵێ:
خوا هەقە بە جۆرێکی ئەدیبانە توانیویەتی ستایشی دیمەنی یاری بکا، لە کاتێکا کە مەی و شووشە لەناوایە لە پەڕەی گوڵی ڕوومەتی دڵۆپی عارەقەکەی سەرخۆشی هۆنە ئەکا. ئەمیش لە خۆشیدا وەکوو بولبول ئەخوێنێ و ئەڵێ:
کە بەزمیان گەرم ئەبێ بە شعرێکی تر لە شوێنێکی تردا دێتە دەنگ و ئەڵێ:
تەماشایەکی ڕوومەتی یاری ئەکا و پێی ئەڵێ: ئەگەر من بمەوێ ستایشی تۆ بنووسم پێویستە:
ئەحمەد موختار بەگ لێرەدا ئیتر ئەوەستێ، ئەوەستێ چونکە تەماشا ئەکا پەردەیەکی تر بەسەر عالەما کێشراوە و بە ڕەنگێکی تر ڕەنگ کراوە، جار جاریش لە سووچێکەوە دەنگێکی نهێنی بەر گوێی ئەکەوێ کە لە دەروونی تاقە تاقە کەسێکەوە دەردێت و باسی ئەو ناڵە ناڵە ئەکا کە لە جگەری هەڵکڕووزاوی دایکی نیشتمانەوە دەنگ ئەداتەوە. کە ئەم دەنگەی گوێ لێ ئەبێ تاسێک ئەیباتەوە، بیرێک ئەکاتەوە لە جۆشی سەرخۆشی گەنجێتیدا، دەمارەکانی تەکانێک ئەخۆن و پەردەی پێشوو دائەداتەوە، پڕ بە دەم ڕوو ئەکاتەوە ئەو شاعرانی کوردە کە خۆیشی یەکێک بووە لەوانە بە حەو پێنج خشتەکی قافیەکی تر ئەخاتە سەر گازی پشت و بەم یەکەیان کە یەکێکە لە حەوتەکە ئەڵێ:
کە لەمە ئەبێتەوە تەماشا ئەکا: قەومی کورد لە پایەی یەکەما لانەواز و سەرلێشێواوی دەستی نەزانی و نەخوێندەوارین کە ئەمە ڕیشەی هەموو دەرد و بەڵایەکە - ڕوویان تێ ئەکا و ئەڵێ:
ئەبێ ئەحمەد موختاربەگ لە چە قوتابخانەیەکی بەرزی فەلسەفە دەرچووبێ وا لە شعری شەشەمدا ئەو فەلسەفە بەرزە دەرئەبڕێ؟. ئەو فەلسەفەیە دەرئەبڕێ کە خاڵی زەوی و زاری ئەم وڵاتەتان ئێسکی پواوی باو و باپیرتانە و گوڵاڵە سووورەکەشی خوێناوی جگەرتانە!. کە وا بوو نەکەن بەبێ پەروایی بەسەریا بڕۆن و بە سووکییەوە دەستی بۆ بەرن؟!. ئەحمەد بەگ لە هیچ قوتابخانەیەک دەرنەچووە، بەڵام ئەو خاکە کە ئەو گوڵاڵەیە ڕواندووە هەر ئەو خاکە ئەویشی پێ گەیاندووە. دیسان لە ئاخر شعردا هەر کەسە قسە لە دەفری ماڵی خۆیەوە ئەکا، ئەویش بەڵێ لە ماڵی خۆیا ئەڵماس و گەوهەری دیوە، بەڵام ئەگەر نەیشیدیایە هەر ئەیزانی بەردی دەشتی میللەتی کورد هەمووی گەوهەر و ئەڵماسە، چونکە کانگای ئاڵتوونی ڕەش و سەرچاوەی «ئۆرانیۆم» ی داپۆشیوە!. ئەحمەد موختار لەم بابەتەوە بۆمبای خەیاڵی ئەتەقێنێتەوە، بێ باکانە لە ١٩ شعر بەرزتر خەیاڵ و بەرزتر فەلسەفەی خەیاڵ لە باری نیشتمانیدا دەرئەبڕێ و ئەڵێ:
بەڕاستی ئەم شعرانەی ئەحمەد موختار نموونەیەکی زۆر بەرزی میللەتە کە بۆ پاشەڕۆژی بەکێ هێشتووە. لەم فیکرەوە ئەکەوێتە سەر ئەوە کە زمانی کوردی زمانێکی ئەدەبییە و بە هەموو حۆر ماوەی ئەوەی هەیە کە خزمەت بکرێ و لە وشەی بێگانە دوور بخرێتەوە، دێنێ ئەم ڕێچکەیە ئەشکێنێ بەو نیازە دەست ئەکا بە وتنی شعری کوردی پەتی، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە نیشانەی گیانێکی پاک و هەستێکی بەرز لەودا دەرئەخا و قەومییەتێکی خاوێن بە ئاشکرا ئەنوێنێ. ڕێچکە ئەشکێنێ و ئەڵێ:
ئەحمەد موختار بە دوولادا سەرێک ئەکێشێتە ناو مەردم و هەڵیان ئەسەنگێنێ، وەکوو موویەک لە ماست دەربێنێ بەو جۆرە خووڕەوشتی ئەو ڕۆژە ئەخاتە شریتی بڕە شعرەکەیەوە. لەپاش پێنج شعر دێتە سەر ئەوە ئەڵێ:
هەر لەم بابەتەوە شعرێکی تری هەیە، چۆنیەتی ئیدارە و قانوونی ئەو ڕۆژەت بۆ ئەکا بە هێلکەیەکس پاککراو و ئەیداتە دەستتەوە و بۆیشت ئەگێرێتەوە ئەڵێ:
ئەحمەد موختار ڕاز و نیازێکی هەیە لەبن گوڵ و بولبولا ٣٢ شعرە. ئەمە سا، زادەی فیکری خۆی بێ، یا پرشینگێک بێ وەری گرتبێ لە هەر دوو بارا پەردەیەکی چیرۆکی پیشان ئەدا نموونەیەکە بۆ وردی بیری ئەم شاعرەمان. بەبێ لایەنگەری ئەم شعرانە لە لایەن مەعناوە پایەیەکی بەرزیان لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ خۆیان تەرخان کردووە. شاعر سەرەتای ئەکاتەوە و ئەڵێ:
بەڵام مادام کە مەحوی ئەو کەسانە کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە
کە وا بوو ئێستە لەپاش ئەم باسکردنە و وردبوونەوەیە لە هەندێ لە شعرەکانی ئەحمەد موختاربەگ بۆمان دەرکەوت کە:
ڕاست بوو ئەم شاعرەمان لەسەر دوو ڕێچکە بووە، هەرچەندە سەرەتا بە ناوی غەرامییەوە هاتە پێشەوە، بەڵام لە پایەی یەکەما نەفسییەتێکی نیشتمانی و لە دووهەما غەرامی بووە. دیوانەکەی لە لایەن عەلی کەمال باپیرەوە لە ساڵی ١٩٦٠ بۆ جاری یەکەم لە چاپ دراوە. لە لایەن گیوی موکریانیشەوە بۆ جاری دووهەم لە ساڵی ١٩٦٩ لە چاپخانەی هەولێر لە هەولێر لە چاپ دراوە.