زێوەر

(١٨٧٥-١٩٤٨)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 22 دقیقه  1429 مشاهده

شابازی خۆش پەروازی بەرزی میللییەت، ئاهووی بە باهووی چەراگای مەرزی قەومییەت. دڵی هێلانەی پەروانەی شەمناسان بووە. پەندی لە بەندی کۆمەڵی کوردا تەڵایەکی دەستەوشار، ڕەنگی بە دەنگی بێ بەنی دەردا سەڵایەکی دوورەوشار. فیکری لە گوڵزاری ئامۆژگاریدا گوڵی هەمیشە بەهار، زمانی لە باغچەی ڕاوێژکاریدا نەمامی جۆشی بەهار. لە ڕەندیدا شۆخی ناوشاران، لە قەلەندەریدا شێخی کۆساران. حەق بێژ و حەق پەرست، بیرتیژ و خواپەرست. زێڕی ئەم کانە ناوی «عەبدوڵڵا و کوڕی موحەممەدی کوڕی مەلا ڕەسوول» ە. لە ساڵی «١٨٧٥» میلادی لە شاری «سولەیمانیمکان» هاتووەتە دونیاوە. لە حەو ساڵیدا لە حوجرەی «مەلاسەعی» - خواجە فەنی - ئەخرێتە بەرخوێندن، قورئان و ناگەهان و گولستان ئەخوێنێ، بەدەم فارسی خوێندنەوە دەست ئەکا بە «نصاب الصبیاناعلام» و ئەچێتە فەقیەتی، لەپێشا هەر لە سولەیمانی، بەڵام لەم ماوەیدا فارسییەکەی لای خواجە فەنی هەر خوێندووە.

لەپاشا ئەچێ بۆ مەریوان و بانە، لەوێوە بۆ موکریان و سابڵاخ. بەسەر ڕەواندزدا ئەگەڕێتەوە بۆ هەولێرمکان و کەرکووکمکان و دێتەوە بۆ سولەیمانی لە مزگەوتی «بن تەبەقمکان» دەوزی عیلمی «عروض و قافیەاعلام» لەلای «عیرفان ئەفەندیشخص» ئەخوێنێ و ئەبێ بە موستەعیدێکی باش.

زەمان زەمانی تورک و چوونە ئەستەموڵ باو بووە. ئەمیش هەوای ئەو چوونەی ئەکەوێتە سەر، لە «١٣١٧» ڕۆمیدا ملی ڕێ ئەگرێ و ئەچێ بۆ ئەستەموڵ، لەوێ لە لایەکەوە لەگەڵ عالم و ئەدیبەکانا هەڵسووکەوتی کردووە، لە لایەکیشەوە هەموو دەمێ تێکڵاویی لەگەڵ ئەو پیاوە کوردانەدا - کە لەوێ ئیش بە دەست بوون - کردووە. چوار ساڵێک بۆ خوێندن و زیاکردنی زانیاری و دونیادیدەیی لە ئەستەموڵ ئەمێنێتەوە، لەپاشا هاتووەتەوە بۆ سولەیمانی، لەوێش بەینێکی ترماوەتەوە؛ ئینجا لە «١٣٢٤» ی ڕۆمیدا هەر لە سولەیمانی کراوە بە مامۆستای مەکتەبی «ڕەشیدیەاعلام»ی عەسکەری، لە دەوری حکوومەتی عێراقیشدا یەکەم جار کرا بە مامۆستای ئەعدادی مڵکی. کە «زانستی» لە سولەیمانی دانرا، «زێوەر» وەکوو چۆن ئەندامێکی تەواو بووە تێیدا، هەروەها مامۆستایەکی دڵسوزیشی بووە.

لەپاشا هەر بە ناوی مامۆستایەتییەوە لە لایەن وەزارەتی مەعاریفەوە نێرراوە بۆ گەلێ شوێنی تر لە لیوای سولەیمانی؛ ئا دەوروبەری «١٩٤٢» ی میلادی لە مەعاریفدا خزمەتی خوێندەواری کردووە - کە تێکڕا ٣٠ ساڵێک ئەم ئەرکەی هەڵگرتووە - لەم ئاخرەدا لەبەر پیری و لاوازی لەگەڵ نەخۆشیدا بوون بە دەستە برا!.

تا لە ڕۆژی «١٩٤٨/١١/١٠» هەر لە شاری سولەیمانی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی ماڵاوایی کرد و ڕووی کردە مەڵبەندی نازداران بۆ ناو دار ئەرخەوانەکانی «گردی سەیوان».

«زێوەر» لە گوزەراندا زۆر ئامادە نەبووە، مانگانەیەکی کەمی تەقاویتی هەبوو، لەم دوایییەدا بەوە ڕایبواردووە، هەر چەند خێزانباریش بووە، نەفسێکی زۆر بەرز و شاهانەی بووە.

دەروێش مەشرەب و ڕەند، خواپەرست و دیانەت ڕاگیر بووە، لە خواردنەوە دوور بووە، حەزی بە جگەرە زۆر کردووە. لەم دەوری دوایییەدا بە نەخۆشییەوە نەگلابوو، زیاتر وەختێ لەگەڵ ئەدیب و شاعرەکانا بە باسی لێکۆلینەوەی شعر و ئەدب ڕابواردووە. «دامە» و «شەترنج» زانێکی بەناوبانگ بووە، زۆری حەز بەم یارییانە ئەکرد. لە سواریشدا سوارچاک بووە، حەزی بە سەیران ئەکرد و دڵی بە دیمەنی تەبیعی ئەکرایەوە.

زێوەر پیاوێکی کەڵەگەت و باڵابەرز بووە، دووچاوی گەورەی گەشی پێوە بووە. ناوچەوانی پان و لووتی درێژکار بووە. ڕیشە سپییەکەی قەڵەم ئەکرد، سمێڵەکانی درێژ بوون. جامەدانەی ئەبەست بە سەرەوە، کەوا و سوخمە و سەڵتەی لەبەرئەکرد، پشتێنێکی کەمی ئەبەست، فەقیانەشی پێ خۆش بوو، عەبای لەبەرئەکرد، کەوشی یەمەنی لەپێ ئەکرد، هیچ گوێی بە ڕێکوپێکی جلەکانی نەئەدا، بە درێژایی ساڵ یەقەی بەرەڵا و سنگ و بەرۆکی بە دەرەوە بوو، هەتا بڵێیت شل و شێواو بوو. دەنگێکی نەرم و قسەکانی لەسەرخۆ بوو، بە پێی دەسەڵات تەبیعەت ئاچوخیش بووە.

زێوەر هەر لە دەوری منداڵیدا بێجگە لە دیمەنەکانی کوردستان و شاخی ڕەنگاوەڕەنگی وەختی بەهاران تام و بۆنی شعرەکانی «مەولەویشخص» و «نالیشخص» لە هەموو دەمارەکانیا هاتوچوویان کردبوو. دیوانی شاعرە فارسەکانیش - کە ئەمانە بە حوکمی تەبیعەت بڵاو بووبوونەوە - شعووری عەبدوڵڵایان وا لێ کردبوو کە باوەش بە ئاسۆی شعردا بکا. وایان لێ کردبوو پەیکەرێکیان لە دوورەوە بۆ دانابوو ناویان نابوو «هەیکەلی شعر» بۆ ئەوە ئەم خۆی بۆ باوێژی. جا بەم بۆنەوە لەپێشا هات «زێوەر» ی کرد بە ناوی شعریی خۆی و خەیاڵاتی بەرزی، بە وتەی جوانی خۆی زێوەرا ڕاکرد، لە بندەست ئەمانەشەوە جەوری تورکەکان ئەوەندەی تر دڵیان هێناوەتەوە کوڵان لەکاتێکا کە ئەڵێ:

ئەم وەقتە کە پڕ فیتنە و ڕێ بەستنە ئێستا
خۆشی کە ببێ مردنە، یا نوستنە ئێستا
دوو یاری وەفادار و بەبێ غەش نییە هەرگیز
هەرچێ کە تەماشای ئەکەم دوژمنە ئێستا
ئاشووب و بەڵا و فیتنە وەکوو تەرزە ئەبارێ
هەر جەردەیی وهەر دزی و کوشتنە ئێستا

بەڵێ، ئەوا وتمان دیمەنی شاخی ڕەنگاوڕەنگی کوردستان و سۆزی مەولەوی و دەنگێ ناڵەی شعری نالی، تەلی عاتیفەی زێوەریان بزواندوتەوە بۆ ئەوە کە بکەوێتە کوشی شعرەوە، لەگەڵ ئەوەدا گەلێکی تر شاعر وەکوو زێوەر لە دەوری زێوەردا، یا لەپێش زێوەردا کە هاتوون پەردەی کامێرای خەیاڵیان تەنیا وێنەی چەند پەردەیەکی هەڵبژاردەی وەرگرتووە کە هەم پەردەکان وهەم خەیاڵی شاعرەکان خۆیان زۆر لە یەک دوور نەبوون. کە چی زێوەر کتوپڕ کە تەقییەوە چەند پڕیشکێکی لێ بووەوە؛ غەرامی و فەلسەفی وەکوو ئەوان، کۆمەڵی و ئەخلاقی بەبێ ئەوان، نیشتمانیش سەرباری - کە ئەمانەی دوایی لەوانا، یا نەبوون یا لە هەندێکیانا تروسکەیەکی کەمیان داوە، لەگەڵ ئەوەشا ئەوان لە چە ناوچەیەکا ژیاون زێوەریش هەر لەو ناوچەیدا ژیاوە - کە چی ئەم بێجگە لەو گۆڕانە کە ڕوو ئەکاتە عەنعەناتی کۆمەڵ، یا دونیایەک گۆڕانێکی تایبەتیشی بەسەر ڕەوشت و تەبیعەتی ڕێچکەی شعری خۆیداهێناوە!.

جا ئایا ئەبێ چی بووبێتە هۆی ئەوە کە زێوەر کتوپڕ لەناو ئەو پەردانەدا بازی دابێتە ناو ئەم پەردانە و بە جۆرێک بکەوێتە ناو ئەم عالەمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و نیشتمانییەوە کە قەڵەم بڵێت: زێوەر لە ڕیزی شاعرانی دەوری دواییدا لەم بابەتەوە شۆڕشێکی فیکری خستە ناوەوە و بە مامۆستای گەلێکیان ئەژمێررێت؟. پرسیارێکی ورد و وڵامێکی درێژی ئەوێ. ئینجا ئەم وەڵامە بە فەلسەفەی ناو ئەنێی بینێ، بە فیزیای ناو ئەبەی بیبە!.

هەر شتێک لەم کەونەدا هەیە ماددی بێ و بەردەست بکەوێ، یا مەعنەوی بێ و چاویش ئەیبینێ، ماهییەتەکەی لەم هەوای ئاسمانەدا بەسەرسەرمانەوە ئەسووڕێتەوە، بەڵام ئێمە نابینین، چونکە ئامادە نین بۆ بینینەکەی؛ شتێکی ماددی کە لە بەردەستا بێ و بە چاو ببینرێ، وەکوو «تەلەفوون» - بە میسال - بەم چەشنە کە ئێستە ئەیبینی، تۆ ناتوانی بڵێت «بیل» کە دروستی کردووە ئەوە دایهێناوە «اخترعةعربی» بەڵکوو ئەم تەلەفوونە بەم حاڵە کە «ئەلکساندرگراهام بیل [١٨٤٨-١٩٢٢] داهێنەرێکی بەتوانای بەریتانیایی بووە کە بەناوبانگترین بەرهەمی تەلەفوونە: هەروەها ئاسن دۆز (فلزیابفارسی) یش لە بەرهەمە داهێنراوەکانیەتی».

ئێستە هەیە، ئەمە «اثيرعربی» یک بووە و لەم هەوای بێ پایانەدا سووڕاوەتەوە وهەبووە، بەڵام کەس پەی پێ نەبردووە، هەتا «بیل» هات و دۆزییەوە «كشفعربی»ە و دایە دەستی من و تۆ!. کە وا بوو داهێنان «اختراععربی» بۆ شت هەڵەیە، چونکە وجوودەکەی لەپێشدا هەیە، بەڵکوو ئەوەی کە بۆی بگونجێ «دۆزینەوە - کشف» ە هەروەها هیچ دوور نییە لەم هەوایەدا شکڵی دەزگایەکی تێدا بێ کە تۆ لە تەنیشتیەوە دابنیشی و دوگمەیەکی پێوە بێ هەر کە دەست بەو دوگمەیەدا نرا دەست بەجێ تۆ لە بەرلین یا لەندەندا بیت، بەڵام هێشتا نەدۆزراوەتەوە!.

ئەمێنێتەوە سەر ئەو شتانە کە مەعنەوییاتن و بە چاو نابینرێن، ئەمانەش دوو جۆرن جۆرێکیان هەر چەندە نابینرێ، بەڵام لە شانیا هەیە وەرگیرێ، وەکوو «دەنگ» کە بە هەوادا بڵاو ئەبێتەوە، هەم تۆ وەریئەگری هەم مەکینەیەکی گرامافۆنیش وەریئەگرێ. جۆرەکەی کەیان شتێکە نازکتر لە دەنگ، پەنهانترە لە هەچ مەوجووداتێک کە هەیە، فیکرعاجزە لەوە کە تەعبیری لێ بداتەوە!. بە ناچاری ناوی ئەنێتە «خاترە»، کە ئەم خاترەیە وەکوو شتە ماددییەکە شکڵەکەی لە هەوادایە - ئەمە تەعبیرێکە ئەڵێت: شکڵ چونکە شکڵی نییە ئەگەر بیبینی ئەویش ئەبێ بە ماددی - ئاشنایەتی ئەم خاترەیە لەگەڵ ئادەمیزاددا گەلێ نهێنیترە لە هێزی کارەبایەک کە لە هەر نوختەیەک سەری هەڵدا لە سانییەیەکدا حەو جار بە دەور ئەرزا ئەسووڕێتەوە و ئەگاتەوە ئەو نوختەیە!.

جا دۆزینەوەی هەر خاترەیەک ئەفکاری ئادەمیزادە لەم هەوایەدا بەستراوە بە ئاشنایەتی ئەو ئادەمیزادە تایبەتییەوە، لەگەڵ ئەو خاترە تایبەتییەدا کە لە هەوادا ئەسووڕێتەوە، دیارە ئاشنایەتییەکەش سەرەتاکەی لە خوێن و دەمار و لینچکاوی ئەم پیاوەدایە، کە ئەمانە کردەوە و تەئسیرێکی خارجییان هەیە بۆ ڕاکێشانی ئەو خاترەیە. خولاسە، ئەم باسە زۆر قووڵە، هەر چەند نەئەبوو لێرە سەر ئەم تۆزەشی لێ دەربخرایە، چونکە کەڵکی لێ وەرناگیرێ، بەڵام وا، وا هاتە پێشەوە، وەکوو ئەڵێن «قسە قسە ڕائەکێشێ». ئەگەر یەکێک بیەوێ سەر بەرێتە ناو فەلسەفەی ئەم جۆرە شتانە، کتێبێکی ئێمە هەیە «کارەبای پەنهان» ئەتوانێ ئەوە بخوێنێتەوە.

بێینەوە سەر زێوەر و خەیاڵی کۆمەڵایەتی، یا نیشتمانی لەودا؛ ئەسڵی تەفکیرەکە هەبووە، یەکێکی وەکوو زێوەر بەتایبەتی، یا غەیری زێوەر بە تێکڕایی ئەبێ چۆن دۆزیبێتیەوە؟ جارێ ئەو کردەوانە کە هۆی دۆزینەوەی ئەم جۆرە شتانەن لەلاشەکەی ئەودا هەبوون، ئینجا عەوامیلی ئاشکرای تریش پاڵیان پێوە ناوە. زێوەر کە چاوی پێ کەوت سەرەنجامی شەڕی «١٩١٤-١٩١٨» ئاخر نوختەی هاتە سەر مەسەلەی قەومییەت و خاکی قەومییەت، ئەمیش ئەبوایە ئەو بانگەی بکردایە، لەمەوە ئەوەی بۆ دەرکەوت، سەیری کرد ئەو ژیانە کە لە سەرەتای جوانیدا لەناو ئەو کۆمەڵەدا ڕایبواردووە، گۆڕییەوە بە پیری!. لەم دەورەدا ئەبینێ ئەو خوو و ڕەوشتە وئەو کۆمەڵایەتییە کە جاران هەبوون بە حوکمی قانوونی گۆڕان، کەوتن بە باریکی تردا و گۆڕان، بەڵام لەباتی ئەوە بۆلای چاکە بڕۆن کە چی ڕووبەڕووی خراپە بوونەوە، لەباتی ئەوە بۆلای یاسایەکی باشتر بڕۆن، کە چی بۆلای شیرازەی لە یەک هەڵپچڕانی ئیش و کار چوون. کە وا بوو ناچار بوو لەبەر ئەوە بە چاوی خۆی لە دەوری ژیانی خۆیدا دوو شتی پێچەوانەی چاوپێکەوت، بانگی بۆ بکا و پڕ بە دەم دەنگێکی تری لە دەم بێتە دەرەوە. ئەمانە بوون بە هۆی ئەوە کە زێوەر لە پەردەیەکەوە بکەوێتە پەردەیەکی تر.

ئینجا بێینە سەر ئەوە لە هەندێ لەو شعرانەیەوە بدوێین کە لەم ڕێگایانەدا گرتوونی، بۆ ئەوە بزانین پایەی ئەدەبیاتی ئەم شاعرەمان گەیشتۆتە کوێ؟ کە لەمەوە پایەی کۆمەڵی ئەو دەورەیە لە هەموو بارێکدا دەرئەکەوێ.

زێوەر وەکوو شاعرەکانی تر لەپێشا ئەکەوێتە مەیدانی غەرامییاتەوە، لەوێدا کەمەندی دۆستی شیرینی ئەیخاتە بەهەشتی ژینەوە، شووشەیە شەرابی سەرخۆشی پێ ئەخواتەوە، جیهان نییە تیایابێ تەنیا ئەو باخە نەبێ کە لەگەڵ دۆستی دڵارامیا تیایا دانیشتووە!. خەیاڵی باوەش ئەکا بە ئاسۆی ژیانێکی ئەبەدیدا، بەم لادا لا ئەکاتەوە ئەو باخە کە بۆنی دانیشتنی یاری دێرینی لێ دێ، ئیلهامی خەیاڵاتی پێ ئەبەخشێ، بەو لادا کە لا ئەکاتەوە یاری نازداری ئەبینێ کە گەرمایی دەروونی ئەم دڵۆپی عارەقەی خستووەتە سەر ڕوومەتی ئەو بەڵێ: بۆیە وام کرد، چونکە خەمی تابوشت لە دڵما شت نییە بیڕەوێنێتەوە، تەنیا ئەو دڵۆپە عارەقە نەبێ، زمانی ئەکرێتەوە و ڕووی تێئەکا و ئەڵێ:

تکانی ئابڕووی چەمەن بە ڕووی ئابدارەوە
شکانی نرخی نەستەرەن بە زوڵفی مشکبارەوە
چمە لە مەی؟ لە نەی؟ لە جام؟ ئەگەر بە لەنجە بێتە لام
بە ڕووی تابدارەوە، بە چاوی پڕ خومارەوە
عەرەق نییە لە عالەماکە لابەرێ لە دڵ غەما
جگە لە قەترە عارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە
نیشانی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ
خەیاڵی من لە خاڵی تۆ، بە عیشوە لێم مەشارەوە
عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من
با شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە
فیدایی خەدد و قەددی تۆ، چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە
بە بولبول و بە چڵیەوە، بەقومری و چنارەوە
فەرەنگ ڕوو، ڕەنگ موو، عەجەم سیاق و ڕووس خوو
ئەناسرێ کە کوردە زوو، بە پێچی لار و خوارەوە
نیشانی زوڵفی عەتبەری، هەموو وڵاتی گوڵ عومەر
بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە
ئەمن گەیاندمە ئەنوەری، فنوونی شعر و شاعری
ئەتۆش گەیانتە سامیری، بە چاوی سیحرکارەوە

زێوەر بارانی فێنکی بەهار ڕشێنەی دڵی ئەکا و ستایشێکی تەبیعەت ئەکا کە بە دەستی کردگار نەخشاوە، سەیری ئەو دیمەنە ئەکا کە چۆن بۆنی بەهار و بۆنی گوڵی بەهار تێکڵاوە بوون و لەو هەوا سافەدا باڵندەی باڵ زێڕین لەژێر نمنمەی بارانا سەما ئەکەن و لەو بۆنە ئەمژن و بە لەرەی چڵی گوڵبەنی دارانەوە لەبەر دەشتی بەهەشتی زەویدا گیانێکی تازە ئەدۆزنەوە؛ کە ئەمە ئەبینێ بە دڵێکی تەڕەوە ئەڵێ:

بنواڕە نەو بەهار و هەوای تەراوەتی
نووسانی پێکەوە لەبی غونچەی حەلاوەتی
هێنایە شەوق و زەمزەمە تەیرانی سەر زەمین
سەرما بڕایەوە، هەموو توندی و سەلابەتی
هەورەتریشقە بۆتە سەقا، ئاوڕشێن ئەکا
تا سەبزەزاری ئەرز موجەللابێ سەفوەتی
ئەم عەردە مردووە، هەموو ڕۆحی کرایە بەر
گۆڕاوە سەربەسەر هەموو دونیا قیافەتی
بادی سەبا بە جیلوە قەددی گوڵبەنی لەران
گوڵ، زاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی

زێوەر لەم قاپییانەوە دەرئەچێ و ڕووبەڕووی قاپییەکی تر ئەبێتەوە، ڕووبەڕووی قاپی کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە، پێ ئەهاویژێتە ئەو دیو، تەماشا ئەکا چۆنیەتی خوو و ڕەوشت بووە بە دەرەبەگی، هەر کەسە بە بارێکا بۆ خۆی ڕووی کردووەتە دەرەیەک، شیرازەی یاسا لەبەر یەک هەڵپچڕاوە، هەر تیرە و بەرەیەک کە تۆ ئەیگری و ئەتەوێ بچیتە ناویانەوە سەیر ئەکەی لەوانی تر خرابترن، هەموو ئامانجێک هاتووەتە سەر ماددەپەرستی و لە ویژدان دوور کەوتنە.

لێرەدا بە جۆرە ئامۆژگاری و قسەکردنێک دێتە ناوەوە، پیاو لای وا ئەبێ کە تەنیا پسپۆڕی ئەو مەیدانەوە دێتە ناوەوە و ئەڵێ:

یەک عەیبی خەڵک ئەبینی، خۆت ساحێبی هەزاری
خەڵکت لەلا خەرارە، خۆیشت وەکوو دەواری!
زاهیر فەقیر و سالم، بە ڕەنگ و بەرگی عالم
ئەمما لەناو دەرووندا مارێکی زەهرداری!
چۆن پێت بڵێم موسوڵمان؟ یا فەردی نەوعی ئینسان؟
دووری لە خێر و ئیحسان، مەستی مەی و قوماری!
دەستت لە سەنعەتا بێ، ناوت لە حورمەتا بێ
قەلبت لە غەفڵەتا بێ، قەڵب و زەلیل و خواری!
ئەی عالمانی حەقبین، تەدریس بکەن بەبێ کین
لادەن لە تەعن و تەلعین، لادەن لە وردەکاری
هەتا بڵێن خەتای کرد شێخی «رضيعربی» و «طوسيعربی»
هەر وەک قەدیم بە «سی» ساڵ ناگەینە «قازی لاری»
ڕێی دین گوشادە دەروێش، بێ سوودە بوویتە بەنگ کێش
بنواڕە موڕشیدی پێش، مەنواڕە بەنگ و ماری
ئەی تاجرانی سادق، وەی کاسبانی لایق
ڕەحمێ لەگەڵ خەلایق، «دە» بە «دوازدە» توجاری؟!
هەر موشتەری کە دێتە بەردەم دووکانی ئێوە
سابوون مەدەن لەژێر پێی، ئەشتەر لە شادەماری

دیسان هەر لەم بابەتەوە بە ناوی غەزەلخوانی و کۆمەڵ شناسییەوە چەند بە جوانی دێتە زمان و ئەڵی:

نیشانەی مەحەببەت لە کەسدا نەماوە
هەچی تووش ئەبی مەرحەبایە و سڵاو
مەحەببەت لە لێودایە تا مەرکەزی «حێ»
عەداوەت لە قەلب و دڵانا چەقاوە!
هەتا مام بە خاڵێک ئەبێ دڵ ببەستم
سەداقەت لە خاڵ و لە ماما نەماوە
چلۆن کەتمی عەشقت بکەم ئەی پەری ڕوو؟
بە سەنگی جەفا شیشەی دڵ شکاوە
بڵێم ئاسکی ناسکە ڕاستە، فیکرم
سڵ و وەحشە دوژمن بە سەیاد و ڕاوە
سەر و ڕیشەکەم بوو بە بەفر و کە چی دڵ
چ منداڵە، بۆنی دەمی شیری خاوە!
لە ڕەغمی زەمانە وەرە ئەی سەمەن بۆ
بنیشین، بنۆشین و بووسەش عەلاوە!
***

زێوەر ئەم پەردانەش دائەداتەوە و ئەکەوێتە عالەمێکی ترەوە کە کۆڕی نیشتمانییەکانە. لەوێدا سەیر ئەکا وا جەوری زەمان و ناحەزی ڕۆزگار بەرانبەر بە کوردان لە جەنگدایە، هەر ساتە بە لایەکدا ئەیانڕەتێنێ و ئایانچەوسێنێتەوە، لە دەشتی نەبوونیدا عەوداڵن، نانیان بە دوو نابێ، لەباتی هەموو ناز و نیعمەتێک لەژێر جەورا ئەتلێنەوە، هەر ساتە لەشیان بە داری یەکێک بریندار ئەکرێ، بێ لانە و بانە، بێ خەمخوار و دڵسۆز، لەگەڵ ئەمەشا یەک بە یەکا هەڵئەزنێن، لە جۆشی کوورەی دەروونێکی بوریانەوە دەم ئەکاتەوە و ئەڵێ:

ئەم کوردە عەجەب ساحێبی بەختێکی زەبوونن
هێشتاکوو ئەڵێی داخڵی سەحرایی نەبوونن
نانێ بە دووسەد سینەیی سۆزان کە پەیا کەن
بێ بەهرە لەویشن، بە مەسەل عەینی فروونن
بێبەش لە هەموو نیعمەت و ئازادیی عالەم
پاماڵی جەفای دەهرن و مەنفووری عیوونن
بۆقۆندەرە و قەمچی زاڵم هەموو لەشیان
خاراوە لە پێستا، وەکوو گامێشی چەتوونن
ئەقوامی زەمین ساحیبی ئاڵتوون و قسوورن
ئەم کوردە لەبەر زۆری قسوور مالیکی توونن
هەر قەومێ قەدی بوو بە ئەلف، پیر و جوانی
هەر قەومی وەنەوشە و گوڵە، وا قەد وەکوو نوونن
کەس کەشفی نەکرد سیڕڕی دەروونیان لە جیهانا
بێ شەرح و بەبێ حاشیە وەک کۆنە متوونن
سەرڕای ئەوە دوژمن بە یەکن، جوملە عەشیرەت
حەقیانە ئەڵێن کورد هەموو مەحکوومی جنوونن
ئەم حاڵە دەوامێکی تەبیعی هەیە بۆ کورد
تا غافڵ و بێ بەهرە لە عیلم و لە فنوون

کە لەمە ئەبێتەوە، دێتە سەر ئەوە ئەڵێ: مادام سەرچاوەی ئەمانە نەزانی و نەخوێندەوارییە و هۆی لە یەک ترازانەکەی دیارە، چارکردنی زۆر بە سانایییە بە دەنگی بەرز بانگ ئەکا و ئەڵێ:

مەعاریفە کە بوڵەندی ئەدا بە قەومی هەژار
جەهالەتە کە دەکا مەحوی سیلسیلەی تاتار
فنوون وعیلمە کەوا بۆتە باعیسی ئیقباڵ
جەهالەت و حەسەدە بۆتە مەنشەئی ئەدبار
برادەران و ڕەفێقانی خۆم مەبن غافڵ
لە تەرییە و ئەدەب وعیلم و سەنعەتێکی بەکار
بە جەوهەرێ کە هەتە، لا مەدە لە میللەتی خۆت
نیفاق و بوغزە، بەڵێ ژەنگی مەردی جەوهەردار
وەتەن، وەتەن وەکوو کووکووی کۆترە باریکە
ببێتە ویردی زبان و دڵت، بە لەیل و نەهار
بە ماڵ و دەوڵەتی دونیا مەنازە ئەی حاجی
بینای مەکتەب و پردی حیسابە ڕۆژی شومار
حەیاتی ئێمە حەواڵەی سەخای ئەشرافە
کە گەورە لوتفی نەبێ قوڕبەسەر سەفیل و سیغار

زێوەر بەرانبەر بە خاکی نیشتمانی پیرۆزی کە خۆشەویستی خۆی دەرئەبڕێ، ئەڵێ:

ئەی وەتەن چەند خۆشەویستی ڕۆحی شیرینی منی
مەزرەعەی توخمی نیشات و باعیسی ژینی منی
بێت و گەر من کۆهکەن بم، وەسڵی شیرینم ببێ
تیشەیێ نادەم لە بەردت، تۆی کە شیرینی منی
گەرچی ئەرزی، هێند بڵندی وەختە لای من بچیە عەرش
واسیتەی سەربەستیی ئیجرایی ئایینی منی
ئیفتیخاری میللەتی، تۆی مادەرێکی میهرەبان
خواهیلالیشی بە تۆ دا، ماهـ و پەروینی منی
نەو بەهاران بەو هەوای زۆر سافەوە وەک جەننەتی
فەسڵی زستانیش سەراسەر باغی نەسرینی منی
بۆچی نەقدی جیسم و جانی خۆم بە شاباشت نەکەم
خاکڕاهی حوکمڕانی عزیز و تەمکینی منی
ئارەزوو و فیکری سەیاحەت ناکەم ئیتر ئەی وەتەن
تۆ لە جێگای قاهیرە و تاران و بەرلینی منی

زێوەر بەم جۆرە بانگی بۆ خوێندەواری و بۆ نیشتمان بەرز کردەووە، بەڵام تەماشا ئەکا وا پۆل پۆل مناڵانی نیشتمان وەکووبڕی بەرخ ئەچن بۆ قوتابخانە دەرز ئەخوێنن و ئەگەڕێنەوە دواوە. هیچ سروودێکیان نییە، نە لە ئێوارنا، نە لە بەیانیانا، دڵی دێتە جۆش و ئەڵێ جا بۆچی ئەم سروودەیان بۆ دانەنێم؟.

وەتەنی من کوردستانە، یادگاری ئەجدادمانە
بەهەشتی ڕووی سەرزەمین، خاکی پاکی کوردستانە
با هەموومان وەک برا بین، ڕەفێقی دین و دونیا بین
با لە وەحشەت تەوەللا بین، نۆبەتی عیلم و عیرفانە
کورد میللەتێکی ناسراوە، لە مەعاریف بەجێ ماوە
ڕۆژی سەعی و تێکۆشینە بۆ ئەو کەسەی کورد زمانە
کورد میللەتێکی قەدیمە، ساحێبی تەبعی سەلیمە
شاهیدی ئەم موددەعایە سەلاحەددینی سوڵتانە

زێوەر کە لەمانە ئەبێتەوە دێتە سەر فەلسەفە و وردەکاری و لە مەردم ورد بووتەوە، دێتە سەرباسی وردەکاری و جیناس لەسەر شێوەی «نالیشخص» ئەڵێ:

با نەچێتە لای ڕەقیبان، یار ئەنیسی خانە بێ
لازمە ئەو ئاسکە لەو لانە بێ، لەو لانە بێ
دیدە وەختێ تۆی لەلا حازر نەبی وا حەز ئەکا
بۆ نەزەر لەعل و دوڕڕی یەکتا نەبێ یەک تانە بێ
عاریفی حەقبین چە باکی زینەت و ئارایشە
وای ئەوێ ناو شار و ناو دێ، وا نەبێ، دێوانە بێ
دوستیی وخزمیی نەماوە، بۆ ڕەفێقی خۆی فەلاح
حەز ئەکا بەو شەرتە گەربێ گا نەبێ، بێگانە بێ
هەرکەسێ بۆ تەرکی دڵبەر دێ نەسیحەتمان ئەکا
ئەم دۆعایە لێ ئەکەم یا خوا نەبئ، یا خوانە بێ
شەمعی ڕووتە بۆتە باعیس «زێوەرتخلص» ئێستا دائیما
گەر لە خاتریا کەمێ پەروا نەبێ، پەروانە بێ

بەڕاستی زێوەر لەم باسی جیناسکارییەدا گۆی هونەری دەرکردووە و بەلاغەتی زمانی کوردی دەرخستووە، وە بگرە تاکی ترازووی لەگەڵ «نالیشخص» دا ڕاست کردووەتەوە.

ئێمە هەر ئەوەندە لە شعرەکانی ئەدوێین کە مەعنای جیناسەکە دەرکەوێ، ئەڵێ:

یار، با نەچێتە لای ڕەقیب و لە ماڵەوە دانیشێ، چونکە ئەو ئاسکە کە یارە پێویستە لەو لانە بێ «کە لای ڕەقیبە» بەڵکوو لە هێلانەکەی خۆی بێ «کەماڵەکەیەتی». ئەمە پێچوانەکەشی بگرە!. چاو کە تۆی لە لانە بێ وای پێ خۆشە کە بۆ بینینی لەعل و دوڕڕی بێ هاوتا، نەبێ باشە، یا «تانە» یەکی بەسەرەوە بێ، پێچەوانەی ئەمەش. پیاوی حەقبین کاری چییە بە جوانی ڕواڵەتی و ئارایشەوە؟ ناو شار و لادێی پیاوێکی ئەوێ کە گوێی بەم جۆرە شتە ڕواڵەتییانە نەدا، ئەگەر ئەو کابرای حەقبینەش وا نەبێ، دەبا بۆ خۆی ببێ بە دێوانە و بداتە کەژا، چونکە ئەو لە ئاوەدانی ناحاوێتەوە. دوستایەتی و خزمایەتی نەماوەتەوە بۆ کابرای جووتیار، هەر ئەوەندە بێ «گا» نەبێ، قەیدی نییە با بێگانە بێ، بە پێچەوانەی ئەمەش. هەر کەسە کە دێت ئامۆژگاریمان ئەکا بۆ ئەوە کە دەست لە دڵبەرهەڵگرین، ئەم دۆعایە لێ ئە-کەم، ئەڵێم: یاخوا ئەو کەسە هەر نەبێ، یاخود بە «خوانە شێت» بێت - «خوانە» کابرایەکی شێت بووە لە سولەیمانی - ئەمە پێچەوانەکەشی بگرە. مۆمی ڕوومەتی تۆیە کردوویەتە کارێ کە «زێوەر» هەموو دەمێ ئەگەر لە دڵیا تۆزێ «پەروا» نەبێ، با ببێ بە «پەروانە» و بۆ خۆی بسووتێ!.

ئەم شعرانەی زێوەرگەلێ مەعنای ترهەڵئەگرێ، وەکوو میسک وایە، هەتا بیخەیتە سەر ئاگر زیاتر بۆن ئەداتەوە، بەڵام ئێمە هەر بە ئەوەندە وازمان لێ هێنا.

زێوەربەکورتی دوو فەلسەفەی لە دوو بەیتا دەربڕیوە کە ئەڵی:

دیققەتم کردە حادیساتی فەلەک
هاتوچووی فەسڵی مانگەکان یەک یەک
لێم عەیان بوو کە جەننەت و دۆزەخ
عەهدی جوانبی و پیرییە بێ شەک

زێوەر چەند بە وردی نەفسییەتی مەردم یەکە یەکە هەڵئەسەنگێنێ، تەماشا ئەکا ماددەپەرستی خۆی کردووە بە قیبلەنما، ئەگەر یەکێک هەزارجار دانا و پاڵەوانیش بێ هەر کە هەژار بوو ئەبێ بە هیچ جۆرهێزێکی مەعنەوی تێدا نەمێنێ. بەڵێ، بە وردی سەیری کردووە بۆیە وتوویەتی:

حیزی و دزی و خیانەت، مەحکوومیی و ئەسیری
هیچیان دەماخ شکێن نین، وەک عیللەتی فەقیری!

بەڕاستی زۆر زۆر چاک ئەو ڕۆژە دەرئەخا کە ئەڵێ:

پیاو کە دوچاری ڕۆژی نەگبەت بوو
دۆستی گیانیشی لێ ئەبێتە عەدوو!

ئاخۆ وەستای ناشی چۆن سەری زێوەری تاشیبی وا بەو داخیە دڵیەوە ئەڵێ:

سەری مێروولەیەک گەر بێ بتاشی
لە سەد جێ ئەیبڕی دەللاکی ناشی!

بە پێی ئەم نموونە شعرانە دەرکەوت کە زێوەر نەفسییەتێکی غەرامی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی هەبووە، وەلە هەرسێکیانا شاسواری مەیدان بووە، سەرەڕای ئەمانە شاعرێکی زاهید و خواپەرست بووە. لەم ڕووەوە «ایوالعتاهیە ٧٤٥-٨٢٤ م «لە «عین تمر»ی حیجاز شاعری عەرەب بووە. زێوەریش لە سولەیمانی شاعری کورد بووە. هەروەها شاعری ئێمە لە فارسی، تورکی وعەرەبیشدا هەر شاعرێکی باڵای کورد بووە. دیوانە شعرە نایابەکەی هێشتا [بەتەواوی] لەچاپ نەدراوە.

لە لایەن کتێبخانەی «زێوەر» ەوە - کە لە سلێمانییە - بەشێک لە دیوانەکەی لە ساڵی١٩٥٧ لە چاپخانەی مەعارف لە بەغدا لە چاپ دراوە.