تاهیر بەگ

(١٨٧٥-١٩١٧)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 24 دقیقه  1333 مشاهده

شۆخ و شەنگی بنەماڵەی جافان ، شاعری دڵتەڕی دەستەی دڵسافان. پەردەی نازکی بیر و باوەڕی تەلی تاری کوڕی کۆڕی ئاهەنگی بووە، پەراوێزی ئاسمانی خەیاڵاتی ئەستێرە زێڕێنەیەکی غەرامی بووە. بادەنۆشی دیوەخانی مەی نۆشان لە ستایشی مەهوەشاندا، گوڵەوچنی پۆلی گوڵچینان لە باسی باغچەسەرای نازداراندا. لە بەهەشتی دەشتی شعرا شۆڕەسوارێکی بە دیمەن لە سروشتی وەشتی عەشقا بەشدارێکی دەوڵەمەن. گاهێ بە سۆزی شمشاڵی وتەی لاهوتی دڵی دەروێشان ئەکاتەوە، گاهێ بە دەنگی ڕوبابی شعری ناسووتی دڵی سەرخۆشان ئەداتەوە. شعری ڕەوان و بێ گرێ، زۆرتر کە بادە بیگرێ، سازی ئەدا بە گوێی گران، سۆزی ئەدا بە گوێگران!.

بولبولی غەرامی ئەم داستانە ناوی «طاهر - تاهیر» و کوڕی وەسمان پاشای موحەممەدپاشای کوڕی کەیخوسرەو بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی قادر بەگی کوڕی «زاهێر - زایەر» بەگی یار ئەحمەد بەگی جافە و دایکی ناوی عادیلە خانمی کچی قادر بەگی ساحێبقرانە. لە ساڵی «١٨٧٥» م میلادی لە شاری «هەڵەبجە»مکان هاتووەتە دونیاوە. عەشرەتی جاف عیلێکی کۆچەرییە لە کوردەواریدا؛ مەیدانی قەڵەمڕەوی ئەم عەشرەتە لە «کفری» و «شیروانە» وەیە تا «کەلی خان» و دەوروبەری «سنە». ژیانی ئەمانە بە تەبیعەتی حاڵ ژیانێکی ڕەوەنی بووە بەشوێن ماڵات و گەلەدارییەوە. لەگەڵ ئەوەش کە وڵاتی کوردەواری وڵاتێکی بە پیت و ناوچەی کشتوکاڵە، ئەمانە هەر لە زەمانێکی زووەوە خۆیان لە ژیانی شارستانی و دێهات نشینی دوور گرتووە. لە ژێر دەوارا، لە لێزمەی بارانی بەهارا دانیشتوون و ماڵاتیان بەڕەڵای لەوەڕگاکان کردووە. گۆشت و شیرەکەیان خواردووە و موو و خورییەکەشیان کردووە بە جلوبەرگ. بەم جۆرە بە شوێن بەهارا و گوڵاڵەی ڕەنگاوڕەنگی کویستانەکانا گەڕاون و ژیانیان ڕابواردووە. جا ئەم جۆرە ژیانە لەگەڵ خوێندەواری - کە پا بەندی ئاوەدانی و شارستانییە - ڕێ ناکەوێ. لەبەر ئەمە ژیانی کۆچەرایەتی دوو ئەبێ لە خوێندەواری، مەگەر بۆ ئەو کەسانە نەبێ کە خۆیان لە پێوەندی خزم و کەسوکار و مل ڕێگرتنی گەرمیان و کوێستان ڕزگار بکەن و بچنە دەوری فەقیەتی - کە خوێندن هەر ئەوە بووە لەو سەردەمەدا - وە جارجاریش سەر بدەنەوە لە ماڵی خۆیان.

بەڵێ، ئەم جۆرە خوێندنە لەناو کۆچەرییەکانی کوردەواریدا باو بووە، بە پێچەوانەی ڕەوەنی قەومەکانی تر. شاعری داستانی ئێمەش یەکێک بووە لەو عەشرەتە. بەڵام هەوو پوورە هەنگێک شایێکی پێویستە. بنەماڵەی ئەم شاعرەمان هەر لە دوری «زایەربەگ» ەوە دەستەجڵەوی عەشرەتی جافیان بە دەستەوە بووە.

لەبەر ئەمە توانیویانە هەموو جار دوو بنەیان ببێ: بنەیک بۆ کۆچ کردن لەگەڵ خێڵەکەدا، بنەیک بۆ ستار گرتن لە شوێنێکا بە دەم حکوومەتەوە. ئەمەی دوایییان بۆ ئەوە ئەگونجێ کە خۆی بە ژیانی شارستانی و دەستوپێوەندییەوە خەریک بکا. لەبەر ئەمە شاری هەڵەبجە و دەشتی «شیروانە» یان قۆرخ کردووە بەشوێن دەرچوونی فەرمان بۆ سەر عەشرەتەکە، لەمەوە خوێندەواری پێویست ئەبێ. جا شاعری ئێمە - تاهێربەگ - لەپاش ئەوە کە دێتە دونیاوە لە تەمەنی حەو ساڵیدا ئەخرێتەوە بەر خوێندن لە قوتابخانەی منداڵان، لەپاشا میرزایەکی بۆ ڕائەگیر ئەکرێ دەرزی فارسی و خەت نووسینی لە ماڵا پێ فێر ئەکا. کە ماوەیەک بەسەر ئەمەدا ڕائەبوورێ هاتوچووی حوجرەی فەقێیانیش ئەکا هەر لە هەڵەبجە بۆ خوێندنی دەرزی عەرەبی. لەبەر ئەوە خانمی دایکی بنەماڵەی باوکی لە سنەدا بووە. گەلێ جاریش بە ناوی خزمایەتییەوە چووە بۆ «سنە»، نەوەک بۆ خوێندن، تەنیا بۆ سەردان. بەڵام لەم سەردانەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ پیاوماقووڵ و ئەدیب و میرزاکانی سنەدا کردووە. ئەمەش کارێکی وا نەبێ کەمی کردبێتە سەر باری تێگەیشتنی خوێندنەکەی، بەڵکوو زۆری بزواندۆتەوە بۆ ئەوە کە خێ بداتە ئەدەبیات و شیفتەی عیبارەتڕەنگینی ببێ. هەر لەم هاتوچووی سنەیدا، نەختە نەختە حەزی بەوە کردووە کە فەرەنسزیش بزانێ. خۆی لەگەڵ خەریک کردووە، بە شتێکی نە زۆر زیاد و نە زۆر کەمی لێ وەرگرتووە. ئیتر بێجگە لەم دەورە کەمە ژیانی خۆی بە مڵکداری و شۆخوشەنگی ڕائەبووێرێ، تالە «١٩١٧» لەبەر نەخۆشی هێناویانە بۆ سولەیمانی و لەوێ لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا ئەمرێ و لەشەکەی ئەبرێتەوە بۆ بناری هەڵەبجە، لە گۆڕستانی دێی «عەبابەیلە» - کە ٣ میلێک کەوتۆتە شیمالی هەڵەبجەوە - ئەنێژرێ . تاهیربەگ پیاوێکی کورتە باڵا و زەڕەشیرین بووە، سوور و سپی و موو زەرد و مێ چاو بووە. دەموچاوی درێژ کەلە و ڕیشی ئەتاشی. جلوبەرگی کوردی بووە. کەوا و سەڵتەی جوانی لەبەر ئەکرد و چەتفە و مشکی لەسەر ئەبەست. لە لەشدا لاواز بووە، دڵتڕە و سوارچاک و تفەنگچی بووە، ڕاو و شکاری زۆر پێ خۆش بووە. زۆر ئاشنا بووە بە خواردنەوە، بۆ ئەوە لە ئێش و ئازاری ژیانی بێ ئاگا بێ. تەنانەت گەنجینەکەی هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی لێ بووە، ئەگەر لە سەرخۆشی نوستن خەبەری بووبێتەوە، خۆی خەریک کردووە بە سەرخۆشی خواردنەوەوە؛ لەگەڵ ئەمەشدا پیاوێکی ئێجگار زیرەک و بە زەین بووە، تەنانەت لە «١٩٠٩» دا کە «میجەسۆن» ی ئینگلیزی لە گەڕانە درێژەکەیدا ڕێی ئەکەوێتە کوردەواری، بە خزمەتکاری بە ناوی «غوڵام حوسێن» ەوە شەش مانگێک لە هەڵەبجە لە ماڵ وەسمان پاشا ئەمێنێتەوە. تاهێر بەگ بە پیاوێکی ژیرۆکەی تێ ئەگا و ئەیکا بە خزمەتکاری تایبەتی خۆی. ڕۆژی لە وەڵامێکی تاهێر بەگدا لەباتی ئەوە بڵێ: «نە ٫»، کتوپڕ بەسەر زمانیا دێت ئەڵێ «no - نو» واتە: نە ٫. ئەمە تاهێر بەگ ئەخاتە شەکەوە، تێی هەڵئەپێچیێ کە ناوت چییە و خەڵکی کوێیت؟ ناچار میجەرستۆن ڕاستی خۆی پێ ئەڵێ، ئەڵێ: ناوم «سۆن» و ڕەگەزم ئینگلیزە، بۆ گەڕان و تاقی کردنەوە چەند ساڵێکە بە ئێران و تورکیا و کوردوستانا ئەسووڕیمەوە، تا ئێستە کەس پێی نەزانیوم! لەپاش ئەوە کە «سۆن» گەشت نامەکەی ئەنووسێتەوە ئەم باسی زیرەکی تاهێر بەگی بە دانسقە تێدا ئەنووسێتەوە و لە چاپ ئەدرێ.

تاهیربەگ بەم جۆرە ژیانی ڕابواردووە و لە کۆشی نازدا لەیەلایەی بۆ کراوە. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە ئایا چە ڕەوڕەوەیەک بووە کە ڕاکێشیاوە بۆ شاری شعرستان و کردوویە بە بولبولێکی نەواخوان لەسەر قولەی غەرامیاتی ئەو شارەدا؟ ئایا مەهوەشێک بووبێت لەبەر هەتاوی هەڵەبجەدا ڕاوەستا بێت و تیشکی ڕووناکی ئاوێنەی ڕوومەتی بووبێت دابێتیەوە بەسەر دڵی تاهێردا وەکوو ئاوێنەی بەر هەتاو کە ڕووی ئەکرێتە دیمەنێک، ئەمیش فێری ئەو نەواخوانییە بووبێت؟ یا چەوساوەیی ڕۆزگاری ناهەموار بووبێت کە پەردەی دڵ ئەژاکێنێ و ژاکانەکەشی چۆن وەکوو شەپۆلی ناو وێنەی ئاسمانێکی شین بە سەد وێنە پیشان ئەدا، ئەمیش پەردە پەردە هاڵ و هەواڵ ئەخاتە شریتەوە و لە شەوێکی تاریکدا وەکوو تیشکی گڵۆپی کارەبا دەری ئەبڕێ؟. لام وایە ئەمانە هیچیان نەبوون بە سەرچاوەی هەڵقوڵینی شعری تاهیر، چونکە عەنعەناتی بنەماڵەیی ئاوڕی لەوە نەداتەوە کە تاهێر بکەوێتە شوێن ئەم جۆرە شتانە ئاوڕی لەوە نەداوەتەوە کە تاهێر دڵی چووبێ لە پەریزادێکی عەشرەتی جاف و نەیتوانیبێ بیهێنێ، تا بە ناچاری سەودای دوورییەکەی ببێ بە ئاگرێک و بڵێسەکەی لە دەمیەوە بە شعر بێتە دەرەوە، بنەماڵەی تاهێر ماڵەگەورەی جاف بوون، هەرکەسی ویستبێ خاوەنی نەیویستووە. دیسان ئاوڕی لەوە نەداوەتەوە کە تاهێر دڵی لە خزمێکی خۆی چووبێت و نەیتوانیبێ بیهێنێ تا بە کزیێکەوە لەژێر پەردەی شعردا پەیامی خۆیی بۆ بنێرێ. خزمی تاهێر نەیتوانیوە بەسەر تاهێر - بەبێ ڕەوشتی بنەماڵەیی - هاوسەرێکی تر بۆ خۆی پەیدا کا!. بۆ باری دووهەمیشی تاهێر لەسەر خەزنەی وەسمان پاشای باوکی و لە ژێر چاوێری بەنازی خانمی دایکیا بووە، ئەبێ چە کەموکووڕیەکی چێشتبێ تا پاڵ بدا بە شعرەوە و شعر بکا بە پشتیوانی خۆی بۆ ئەوە پێکەوە بتوانن لە سێبەری بێ نەوایییەوە بکەونە بەر هەتاوی دارایی!. کە وابوو چی تاهێری خستە سەر ئەوە کە سەر بەرێتە کۆڕی شعرەوە و لە هەموو شتیش زیاتر پابەندی غەرامییات بێ؟ من لام وایە شتێکی سێیەمینە کە تەزوو و تەئسیری ناوچە و ژیانی ناوچەیە. جاری تاهێر بێجگە لەوە کە خۆی لە سروشتدا مەیلی دڵتەڕی شعری بووە، شتیشی خوێندۆتەوە و بیستوویەتی. بەڵام ئایا چی خوێندۆتەوە و چی بیستووە؟. ئایا ئەوەی خۆی لەسەر کڵاوەی هەوارێک ڕاوەستابێت و ئەو هەوارە چۆڵە بلاوێنێتەوە بە یادی ئەو ڕۆژە کە دۆستی دڵخوازی «کونە - کوندە» کەی گرتووە بە دەستمەوە و چووە لەسەر کانییەکە لە تەنیشت دەوارەکەوە پڕی کردوووە و هاتۆتەوە و داویە بە میوانەکان؟!، ئەمیش ئەڵێ: بریا منیش یەکێک بوومایە لەو میوانانە!. ئایا ئەمەی خوێندۆتەوە؟ نە٫... چۆنکە بێجگە لە «مەولەوی» و «خاڵۆی کۆماسی» کە هەوای ئیڵاخان و ئارەزووی لەیلاخانیان کردووە، شاعرێکی تری کورد تا شتی تری بۆ ڕاوەستابێ، ئەوەندە توخنی ئەم جۆرە شتانە نەکەوتووە!. ئایا ئەوەی خوێنددۆتەوە کە بووکی ئەرزی کوردوستان تارایەکی بەسەرا کێشراوە و چەند ڕێگرێک بە شیرەوە لەسەر سەریەوە لەسەر ئەو بەشەڕ هاتوون، یا بیبەن بە یەخسیر، یا بیکوژن و تارای شادمانی لێ بکەن بە کاڵای ڕەشپۆشی؟! ئایا ئەمەی خوێندۆتەوە؟ نە٫... چونکە شاعرێکی کورد لەو دەورەی ئەوەدا و لەو ناوچەدا چوار چمکی چارۆکەی خەیاڵی نەگەیشتۆتە یەک بۆ ئەوە ئەم فیکرە بکا بە سەرکۆڵی کۆڵەکەی!. ئەگەر تاقە تاقەیەکیش بووبێت نەبوونی چاپ و کەمی هاتوچۆ ئەم شتەی بەگوێی مەردما ئاشنا نەکردووە تا گوێیان بزرنگێتەوە!. خۆ وڵاتانیش نەگەڕاوە تا پەردەی فیکری بە بینینی شتومەکی فەنتازی و شتی تازەداهاتووی کارخانەی پیشەسازییەکان زاخاو بداتەوە و لە لاپەڕەی شعروا دەری بڕێ. کە وا بوو ئەو شتانە ئەو خوێندوویەتەوە یا ستایشی چاوی کاڵ و گۆنای ئاڵ و دەستی بە خرخاڵ بووە - کە ئەمانە کوێستانێکی نەفسانین - یا نەوازشی ڕۆژی دوایی و بەهەشتی خوایی و بارەگایەکی خەیاڵی بووە - کە ئەمانە داستانێکی ڕۆحانین - ناچار ئەمیش لەبەر ئەوە کە زەوقی ئەیەوێ لە ئاسمانی خەیاڵبازی شعردا یاری بکا پەرییەکی کەس نەدیو دروست ئەکا و ڕووی تێ ئەکا و ئەڵێ:

هەروەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین
تو بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە

لە تەنیشت ئەمەشەوە شەباکێکی پڕ لە نووریش دائەنێ و بە سۆزی دڵی دەروێشێکی دڵڕێشەوە ڕووی تێ ئەکا و ئەڵێ:

حەسرەتا مەئیووسی شەهد و زیارەتی شەبباکی خۆم
بۆ نەڕێژم ئەشکی ئاڵ و ئاهی ئاتشین؟

سەیر ئەکەی بە پێی ئەم قسانە ناوچە لە پایەی دوویەما بوو بە هۆی ئیلهامی خەیاڵاتی شعر لە دڵی تاهێر بەگدا و خستیە مەیدانی شعرەوە. نەفسییەتی تاهێر لەم مەیدانەدا دوو باوەڕ پیشان ئەدا: یەکێ غەرامی، یەکێ ئایینی. بەڵێ تاهێر پیاوێکی شەهوانی «بووە» و هەموو کەلێن و قوژبنێکی خۆشگوزەرانی پشکنیوە و بادەپەرستی دیوەخانی بادەنۆشان بووە، لەگەڵ ئەوەش باوەڕێکی وا قایمی ئایینی هەبووە کە لە جۆشی کوورەی دەروونیەوە ئایەتی:

«قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَيٰ أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًاعربی»

ئێستە من قانیع بە خۆشەی ئایەتی «لا تقطواعربی» م مەزرەعەی عەفوی خوایی نابێ بێ، بێ خۆشەچین ئەم باوەڕەی شۆڕشێکی مەعنەوییاتی لە دڵیا کردووەتەوە، بەڵام ئەوی بەتایبەتی پایەی تاهێر بەگی لە مەیدانی شعردا دەرخستبێ، غەرامیاتەکەیەتی - بەڕاستی لەو بارەدا هەر چەندە ڕێچکەی شاعرەکانی پێش خۆی گرتووە، بەڵام شوێنێکی زۆر بەرزی بۆ خۆی تەرخان کردووە و بە بیر و باوەڕێکی نازکەوە بە جۆرێ تێ هەڵچووە، پیاو وا لێ ئەکا بڵێت: لە شاعری کورددا لە باسی غەرامیاتدا کەم کەس پەنجەی لە پەنجەی تاهیر داوە!... جا بۆ ئەوە بەتەواوی نەفسییەتی تاهیر و ڕێچکەی تاهێرمان بۆ دەرکەوێ، باسی هەندێ لە شعرەکانی ئەکەین. تاهێر بەگ ڕوو ئەکاتە دۆستی دڵخوازی، ئەو دۆستەی کە پەریزادێکی خەیاڵییە و ئاڵایەکی سەربەخۆی لە مەیدانی نازداراندا هەڵکردووە و خرنگە خرنگ لەنجە ئەکا و گەردوونێکی هێناوەتە جۆش و خرۆش!. ڕووی تێ ئەکا و ئەڵێ:

ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە
خاڵت بە مەسەل زوڵفی سیاهت شەوە زەنگە
بەزم و تەرەب ئامادەیە ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە
لێوت کە وەکوو لەعلی درەخشانە بە ئاڵی
گەنجووری نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە
تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی عەسکەری ژاپۆن و فەرەنگ
سەد نامی خودابێ لە دوو پستانی ئەنارت
گرد و شلک و نازک و پر چنگ و قەشەنگە
سەیدی دڵی من خەستە و خوێنینە بە قوربان
پێکراوی موژەی تۆیە، نە کوژراوی تفەنگە!
سەرگەشتە و ئاشوفتەیی عەشقم وەکوو فەرهاد
کێوم بەدەن و سینە و سەر، پەنجە قوڵەنگە
چاوت بە نیگەهـ ئافەتی دڵهایە وە لیکن
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە
عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم:
ئەی ئەبلەهەکە! کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە
مەنعی مەکە «تاهیرتخلص» کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە، نە شێت ونە ئە بەنگە

ئەم ستایشی دۆستە کە تاهێر بەگ کردوویەتی، زۆر کەم ڕێ کەوتووە مەفتوونێک بتوانێ بەم جۆرە ڕووی دەمی بکاتە لەشی بلووریتی دۆستی خۆشەویستی و پێی بڵێ: کە ناتوانم باسی ڕەنگت بکەم، چونکە بە هەموو جۆرە ئەبریسکێتەوە، کە چی خاڵ و زوڵفت لەو دیمەنەدا وەکوو تاریکەشەو وایە لەوانەیە ڕوومەتی تاڵت داپۆشێ!. کتوپڕ هەر لەم کاتەدا پێی ئەڵێ: بەڵاگەردانی باڵات بم، ئەوا کۆڕمان گەرمە، ئاهەنگ و بەزممان لە جێی خۆدایە، دەنگی نەی و چەنگ لە گوێدا ئەزرنگێتەوە، دەسا تۆیش وەرە شەرابی سەرخۆشیمان بدەرێ با بەزمەکەمان ببێ بە بەزمێکی خوسرەوی - دیارە تاهیربەگ لە ماڵی خۆیا هاوڕازی دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازی چەنگ بووە - بە چی هەڵی ئەخڵەتێنێ کە ڕایکێشی؟. پێی ئەڵێ: وەرە گیانی شیرینم، لێوت ئەڵێی لەعل و پاسەبانی خەزنەی دەم و ددانتە، برژانگ و ئەگریجەکانت لە ڕیزی یەکدا بە جۆرێ وەستاون ئەڵێی لەشکرێکی ڕێکوپێکە و لە بەرامبەر دوژمنەوە وەستاون. ئای ئای، چند خڕ و شل و نازکە ئەو مەمکە جوانانت!. وەرە لەوە مەکەوە کە نێچیری دڵی من ماندوو و خوێناوییە، ئەوە ئەنگێوراوی تیری برژانگی تۆیە، نەوەک پێکراوی تفەنگە. بڕوام پێ بکە بەدەست عەشقتەوە وەکوو فەرهادم لێ هاتووە، کێوی ئەو بێستوون بوو، بەڵام کێوی من لاش و سنگ و سەرمە، قوڵنگەکەشم پەنجەمە، هەر بە سەر و سنگی خۆمیا ئەکێشم!. ئەوا تیلی چاوە جوانەکانت کار لە دڵ ئەکا، ئەی برۆکانت بۆچی هەر هەوای شەڕیانە و وەکوو شمشێر ڕاست و چەپ وەستاون؟. چەند بەدبەختم من، کە ڕووم خستە بەر پێی، بۆ ئەوە بوو کە پێی لەسەر دانێ، کە چی پێی وتم: هەی هەقمەق! ئاخر تۆ نازانی بەری پێی من ئاوێنەیە و ئاوێنە چۆن بە بەردێکی وەکوو ڕوومەتی تۆ ئەبێ مشتوماڵ بدرێ؟!. کە وا بوو گیانەکەم کە تاهێرت بە مات و بێدەنگی دێتە بەرچاو، ئەوە لات وا نەبێ کە شێت و وێت و بەنگی کێشاوە، بەڵکوو دێوانەی گوڵی ڕوومەتی تۆیە!.

تاهێر دێنێت بە جۆرێکی تر ستایشی دۆستی ئەکاو ئەڵێ:

تا بەکەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟
دەس بە ئەژنو، قوڕ بەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە!
ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من ئەبێ دێوانە بم
عاشقی تۆ نەوعی مەجنون، وا بە کێو و هەردەوە!
مەرحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید، بڵێ دەردی دڵم
نازی پابووچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە
هەروەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە
یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم
شەش دەرم گیراوە، دامادم بە دەستی نەردەوە
ئیلتیماسی «تاهیرتخلص»ی بێچارە قەت سوودی نییە
تۆ کە دایم شەڕفرۆش بی بەو دڵەی وەک بەردەوە!

لە غەرامییاتدا کەس نەیتوانیوە ئەم فیکرە دەربڕێ وەکوو تاهیر دەری بڕیوە و خۆی و دۆستی کردووە بە پەلکەزێرینەیەک پێکا هەڵچووبن، بەڵام بە جۆرێکی وەها کە ڕەنگی ئاڵ و سەوز بۆ سوخمەی دۆستی دابنێ و ڕەنگی زەردیش بۆ ڕوومەتی خۆی کە لە تاو دەردی عەشقی ئەو وای لێ هاتبێ!...

ئەم بەیتەی شابەیتێکە، کە لە غەرامییاتدا وترابێ!.

لە بڕە شعرێکی تریا سکاڵا لە دەست قەزا و قەدەر ئەکا و ئەڵێ: ئەگەر لەبەر ئەو نەبێ من بۆچی لە بەرەبەیان و نیوەشەودا لە تاو یار هەر ئەبێ ناڵەم بێ و بە ئێش و ئازاری عەشقەوە بتلێمەوە؟، ئامۆژگاریکەر بڕۆ بە ڕێی خۆتەوە و لێم گەڕێ، لۆمەم مەکە من هیچ بەدەستم. کە وا بوو هیچ سووچێکی لە خۆیا نەبینیوە بۆیە وتوویە:

موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهڕوخانم چی؟
لە ناڵە ناڵی نیوەشەو، لە ئاهی بەربەیانم چی؟
نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داغی هیجرانە
بڕو، ئەی ناسیحی موشفیق، لە ڕوتبە و یا نیشانم چی؟
غەرەز وابو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت
وەگەرنە بێ قەدی سەروت، لە سەیری گوڵستانم چی؟
کە من میحرابی ئەبرۆی تو مەقامی سەجدەگاهم بێ
ئیتر وەک زاهیدی خودبین، لە مەوعیدی جینانم چی؟
شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت
بەڵێ، یەکبارە با ون بێ، لە ماهی ئاسمانم چی؟
بە نەیرەنگی فەلەک جانا دڵما دەرنەچوو میهرت
کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم، لە تەبدیلی زەمانم چی؟
بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت
گرانە «تاهیرتخلص»ا بۆ من، لە تەفسیل و بەیانم چی؟

تاهێربەگ جارێک ئەچێ بۆ ڕاو، لەو کاتەدا لە نزیکەوە دەمانچەیەک بە مەرەکێوییەک ئەگرێ، پەنجەی شایەتیمانی دەستی ڕاستی بەر گوللەکە ئەکەوێ و بڕە شعرێک ئەڵێ. کە ئەم تاقە شعرە یەکێکە لەوانە:

فەڵەک زانی کە دەشکێ ڕەونەقی بازاڕی مانگ و ڕۆژ
شکاندی پەنجەکەم، تا من نەنووسم وەسفی ڕوخسارت!

ئەم شعرەی فیکرێکی زۆر ورد و بەرزی تیایا کردووەتە کار، ئەڵێ: فەڵەک لە ترسی ئەوە ئەگەر من پەنجەکەم بمایە، ستایشی ڕوومەتی دۆستمم پێ ئەنووسی، وە بە جۆرێکیش ئەمنووسی کە مانگ و ڕۆژ بەو جوانییە بازاڕیان بشکایە و کەس لای لێ نەکردنایەوە، هات دایە بەر گوللە و نەیهێشت ئەوان حەیایان بچێت!. هەتا بڵێیت ئەم شعرە بەرزە و لە بازاری ئەدەبیاتدا زۆر بەنرخە. لە کۆڕی دەروێشانی ئایینیشدا کە دێت بە باسی ستایشی بارەگای موحەممەدیدا، چەند بە سۆز لە کوورەی دەروونێکی پڕ جۆشەوە ئەڵێ:

مەتلەعی سوبحی سەعادت، مەزهەری سیدق و یەقین
ئەی سوپەهـ سالاری فەوجی ئەنبیا و مورسەلین
بۆ نەوازش زاتی حەق هەم سوحبەت و هەم دەنگی تۆ
شاهیدی تەعزیمی تۆ بوو، یاوەری «روح الامينعربی»
گەردی نەعلەینت بەڵێ ڕەونەق شکێنی توووتیا
یەعنی بۆ تەئسیری بینش عەینی سورمەی خاک بین
ڕوو لە کێ کەم عەیری تۆ؟ ئەی شافیعی زومڕەی ئەسیم!
من گوناهکار و خەجاڵەت، توی «شفيع المذنبينعربی»
خۆم لە قوڕ بگرم بە جارێ هەر لە پێ تا تەوقی سەر
بەڵکوو لوتفی شاهی لەولاک بێ نەجاتم دا لە شین
موستەحەققی تیر و تانەی ئاشنا و بێگانە خۆم
واجبی ڕەحمم بە سێ، «يا رحمة للعالمينعربی»
ڕووت و قووتی مەحشەر و بێ سایە و ئاوارە خۆم
بێ بە فریادم لەوێدا، «يا دليل المجرمينعربی»
ئیستە من قانیع بە خۆشەی ئایەتی «لا تقنطواعربی» م
مەزرەعەی عەفوی خوایی نابێ بێ، بێ خۆشەچین
حەسرەتا مەئیوسی شەهد و زیارەتی شەبباکی خۆم
بۆ نەڕێژم ئەشکی ئاڵ و ئاهی گەرمی ئاتەشین؟
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم، «ترحمعربی» تا زووە
ئەو سەگی ئەسحابی کەهف و من سەگێکی تابیعین
ڕوو لە قاپی مستەفا کە بێژە «يا خيرالبشرعربی»
نیمە تۆشەی ڕاە، جوز ئیخلاسی ئالی تاهیرین

ڕاستە تاهیر بەگ زۆر لەم بڕە شعرەیدا لە ستایشی خەیرەلبەشەردا تێ هەڵچووە و بە پوختیش هێناویەتەوە، بەڵام لە شعری دەهەمدا ئەبێ بۆچی ڕێکوپێکی زمانی کوردی لێ تێک چووبێ؟

کە ئەڵێ: «ئەو سەگی ئەسحابی کەهف و من سەگێکی تابیعین» ئایا کەی لە پێشا باسی سەگی کردووە؟ تا ئێستە بڵێ «ئەو» کە سەگی ئەسحابی کەهفە و بچێتە بەهەشت من چۆن کە سەگی تابیعین بم و نەچم؟. کە وا بوو لێرەدا وشەی «ئەو» لە شوێنی خۆیا نییە، چونکە هیچ شتێکی وا پێشی نەکەوتووە، تا ئەم بە «ئەو»

ئیشارەی بۆ بکا.

بەڕاستی تاهیر بەگیش توانیویەتی لە باسی فەلسەفەی دونیا بکۆڵێتەوە و وەکوو مەردمی تر بڵێ:

دونیا کە هەموو لەخرە بە مەعشووقی کەسێکە
بنواڕە کە چەن قەحبە؟ چە کۆنە تەرەسێکە!
تێفکرە وەکوو کەلبی ینهانگییری زەمانە
ئەبنائی جیهان یەک بە یەکی سەگ مەگەسێکە!
عالەم هەموو وەک تەیرە، تەمەع، دانە، ئەمەل، داو
سەییادی ئەجەل، ساحەتی دونیا قەفەسێکە
لەم حوجرەیی شەش گۆشە کە ڕێی مەعبەری عامە
یاڕەب چییە؟ هەرکەس بە هەوا و هەوەسێکە؟!
سەد قافڵە ڕابورد و ئەتۆ غافلی ئەی دڵ
گوێ بگرە لە هەرلایە، کە ناڵەی جەرەسێکە
شادی و غەم و ئەندۆهـ چییە؟ ڕەنج و ئەلیمە
ئیقباڵ و زەواڵیش بەخوا هەر نەفەسێکە
«تاهیرتخلص» مەبە ئازوردە، زەمان عادەتی جەورە
دونیا کە هەموو ڕۆژێ ژنی «بوالهوسعربی» یکە

وکوو لەم شعرانەدا بۆمان دەرکەوت، تاهێر بەگ لە پایەی یەکەمدا نەفسییەتی غەرامی و لەپاشا سۆزی ئاوازی شعری ئایینیشی بووە. لەسەر ڕێچکەی شاعرەکانی پێشوو، دەمی لە فەلسەفەی دونیاشەوە داوە. لە بندەست شعری کوردییەوە شعری فارسیشی گەڵی وتووە و لەویشا هەر ئەدیبانە و پیاوانە هاتووەتە مەیدانەوە.

دیوانێکی بەرز و نایابی لە کوردی و فارسیدا هەیە لەچاپ نەدراوە. بەڵام چەند بڕە شعرێکی بەناوی «دیوانی تاهیربەگ» ەوە لە لایەن «غەفوور بەکر» و «ئەحمەد شوکری» و «موحەممەد ئەمین ڕەببانی» یەوە کۆ کراوەتەوە و وەکوو دیوان کراوە بە نامیلکەیەک لە ساڵی «١٩٣٦» دا لە چاپخانەی «ژین» لە سولەیمانی بۆ ڕای یەکەم لە چاپ دراوە.

بۆ جاری دووهەم لە لایەن مەلا ڕەشیدی حافزی کوڕی مەلا ساڵحی هەڵەبجەیی لە چاپخانەی جزیرە لە کەرکووک لە چاپ دراوەتەوە. جاری سێیەم لە لایەن گیوی موکریانییەوە لە چاپخانەی هەولێر لە هەولێر لە ساڵی ١٩٦٦ دیسان لە چاپ دراوە. لە لایەن سەیدیانیشەوە لە چاپ دراوەتەوە بەڵام هەر هینەکەی کەرکووکە ئەویش بێ مێژوو.