حەریق

(١٩٠٧ - ١٨٥١)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 21 دقیقه  1719 مشاهده

کڕیاری کاڵای بازاڕی بوێژان، سووتاوی باڵای دەستەبرای کێژان. دڵی بولبولی دەوری گوڵی تیولۆژی، زمانی پاسەبانی باخچەسەرای وشەی خۆش بێژی. فیکری بووکێکی ڕازاوە بە ئارایشی هەمەڕەنگە، وێنەی ئەداتەوە بە شێعری تەڕی تا پێی بڵێن قەشەنگە. گاهێ لە سۆزی عەشقی مەجازدا زمانپاراوێکی بێ وێنە، گاهێ لە یادی پیری بورهانیدا ستایشخوانێکی دڵخوێنە. کەللەی تەمی کردووە کە دیویە «نالیشخص» باسی چی کردووە، سەمتووری دەنگی داوەتەوە ئەم باسی کوڕی کردووە. پابەندی «مەولەویشخص» کە بوو بە پەپوولەی «شێخ سیراجەددینشخص»، خۆی کرد ئەمیش بە گوڵەبەڕۆژە لە دەوری «شەمسەددین». سەرەڕای ئەمانە بۆتە ئەفسانە، سینەی بە تێغی جەوری زەمانە، ئەنجن ئەنجنە و ئەڵهای دەرمانە!. شاعری دڵسووتاوی ئەم مەیدانەمان ناوی «ساڵح و کوڕی مەلا نەسروڵڵای زیویەیی» یە. زیویە گوندێکە لە «سوورداشمکان» لە لیوای سولەیمانی، پاڵی داوە بەلای ڕۆژەڵاتی کێوی «پیرەمەگروونمکان» ەوە. مەلا نەسروڵڵای باوکی زایندەی دێی «کاشتەرمکان» ە. «لۆن» و «کاشتەر» دوو گوندن پاڵیان داوە بە کێوی «شاهۆ» وەکە کەوتووەتە بەینی «هەورامانی لهۆن» و «جوانڕۆ»؛ دیوی جنووبی پاڵی داوەبە «مایدەشتەوەمکان». مەلا نەسروڵڵا بە فەقیەتی لە وڵاتەکەی خۆی پەڕت ئەبێ و لەپاشا بە مەلایەتی لە دێی «زیویەمکان» ئەگیرسێتەوە و ژن دێنێت. ساڵحی شاعری ئێمە لەو دایکە و لەو باوکە لە ساڵی «١٨٥١» ی میلادی لە گوندی زیویە دێتە دونیاوە. لەلای باوکی سەرەتای خوێندن دەست پێ ئەکا، لەپاشا ئەچێتە سولەیمانی لە مزگەوتی «شێخ موحەممدی بەرزنجیشخص» ئەبێ بە سوختەی فەقێیان. گەشتێکی «قەرەداغ» یشی هەیە. لە «بیارە» ش باسی نیکاح لە کتێبی «منهاجاعلام» ی نەوەوی لای شێخ حەیدەر ئەخوێنی. سەرێکی تر سولەیمانی ئەداتەوە. لە «١٨٨٤» لە «پێنجوێنمکان» «گلنبوی برهان» - کە عیلمی مەنتیقە - لەلای مەلا عەبدوڕڕەحمانی پێنجوێنی ئەخوێنێ. لەوێوە ئەچێ بۆ موکریان، ماوەیەکیش لەو ناوەدا هەر بە فەقیەتی ئەسووڕێتەوە، لەپاشا ڕێی ئەکەوێتە خانەقای «شێخی بورهان»، لەوێ ئەکەوێتە داوی تەریقەتەوە، لە «شێخ یووسف شەمسەددین»شخص - شێخی بورهان - تەریقەت وەرئەگرێ، لەپاشا لە «سابڵاغمکان» ئەبێ بە مودەڕڕیسی مزگەوتی «سەیید حەسەن». هەر لە سابڵاغ ژنی هێناوە و کوڕ و کچێکی لێ بووە. ئیتر پاشماوەی ژیانی ئەکا بە پەپوولەی دەوری چرای شێخی بورهان. تا لە «١٩٠٧» ی میلادی لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی «مەلا جامی» لە سابڵاغ ئەنێژرێ.

خاوەنی ئەم باسەی ئێمە پیاوێکی میانە باڵا و گەنمڕەنگ بووە، چاوی پڕوپووش و بچووک بووە، ڕوومەتی مەیلەو درێژ بووە، ڕیشێکی تۆپ و بەشی زیاتری سپی بووە. زەمانپاراو و بە ئەهوەنی قسەی کردووە، مێزەرێکی سپێ سابڵاخیانەی لەسەر ناوە، گوزەرانیشی وا نەبێ خۆش بووبێت!. ئایا چی مەلا ساڵحی هەڵخڕانبێت بۆ ئەوە خۆی باوێژێتە کۆشی شعرەوە؟ ئایا کەمەندی نازی نازداران بووبێت؟ یا تاڤگە وگوڵاڵەی سەرچاوەی کوێستانان؟ یا کۆیلەیی و کەساسی و دەربەدرەی شاران؟ ڕەنگبێ ئەمانە هیچیان نەبووبێتن، بەڵکوو سۆزێکی فیتری و کەمەند کێشێکی دەروێشی بووە. مەلا ساڵح لە سەرەتاوە شۆڕشی سۆزێکی دەروێشی تێدا بووە، بەڵام تەنیا سۆز و هیچی تر، نەیزانیوە ئیتر ڕوو لە کوێ ئەکاتەوە. ئەم هەستەی ناچاری کردووە بەخوێندنەوەی دیوانی شاعرەکان. بەتایبەتی پابەندی «مەولەوی» و «نالی» بووە. لە دەوری ناوەڕاستی فەقیەتیدا کەوتووەتە گڕوگاڵ. لەبەر سووتانی پەروانەی دڵی بە دەور مۆمێکی نادیاریدا «حەریقتخلص» ی کردووە بە ناوی شعری. کە پێش کەوتووە بۆلای ئەو مۆمە شوڕشەکەشی پێش کەوتووە. لە سەرەتاوە شعرەکانی ئەوەندە بە جۆش نەبوون و زۆر بە گرانیش بۆی هاتووە، لەپاشا کە مۆمی خۆی ئەبینێتەوە کە شێخی بورهانە سەرچاوەی شعری وەکوو کانیاوی بەهار هەڵئەقوڵێ. لە دەوری ئاخردا سۆزی عەشقی شەمسەددین وای لێ کردبوو هەر کە قسەی ئەکرد، قسەکانی شعر بوون. زۆر حەزی بەجیناس وعیبارەت ڕەنگینی کردووە، ئێجگار بە شانازییەوە وتوویەتی:

بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لنگدە «حەریقتخلص»
تا بزانم کێ بە شعرت سوحبەت و بازی ئەکا؟

ئەم قسانەی وای لێ کردووە لەگەڵ «نالی» دا کەوتووەتە پەنجەبازییەوە، وەکوو پێی ئەڵێ:

سەد حەیفێ کە تۆ «نالیشخص» بەو پیرییە منداڵی
بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی، زێبا کچ و دێبا کوڕ

ئەم شعرەی لەو بڕە شعرەیەتی کە سەرەتای ئەکاتەوە بە:

عیشقت کە حەقیقی بێ تاڵب مەبە ئیللا کوڕ
هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یووسفی والا کوڕ

ئەمەی بەرانبەر بەو بڕە شعرەی «نالی» وتووە کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

عیشقت کە مەجازی بێ خواهیش مەکە ئیللا کچ
شیرین کچ و لەیلا کچ و سەلما کچ و عەزرا کچ

شانی لە شانی «مەولەوی» ش داوە، کە چۆن مەولەوی پەروانەی شێخ عوسمان سیراجەددین بووە و بە بڕە شعرەکەی کە بە:

شێخی دەوڵەمەند بەهرەی سەرمەدی
یاگەی حەقیقەت، جیلوەی ئەحمەدی

سەرەتاکەی ئەکاتەوە و سۆزی خۆی بەرانبەر بە شێخی خۆی دەربڕیوە؛ ئەمیش بووە بە پەپوولەی شێخ یووسف شەمسەددین و بەو بڕە شعرە شێوە هەورامییەکەی، کە سەرەتای ئەکاتەوە بە:

جە سوب سەحەردا دیم غونچە دەمێ
نە پەردەی عیسمەت نمانا چەمێ!

وە گودازی خۆی بەرانبەر بە شێخی خۆی دەرئەبڕێ.

ئێستە ئەتوانین بێینە سەر ئەوە کە باس لە هەندێ لە شعری «حەریق» ەوە بکەین بۆ ئەوە پایەیمان لە مەیدانی ئەدەبیاتا بۆ دەرکەوێ، وە ئەو ڕێگانە کە لە شعردا گرتوونی بزانین چە جۆرە ڕیگایەکن لە ئەدەبی کوردیدا؟.

حەریق لە دەوری ناوەڕاستی عالەمی شعردا ئەبێ، پەیکەری نیگارێکی پەری ئامێز قاپی باغچەیەکی تەبیعەتی بۆ ئەخاتە سەر گازی پشت و ئەمیش پێ ئەنێ بە جەرگی خۆیا و ئەچێتە ئەو گوڵشەنەوە و پێی ئەڵێ:

چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند
نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند!
گوڵ بە تۆزی پێتەوە لاف و گەزافی لێ ئەدا
وا شوکر سووسەی نەسیمت هات ئەویشی لێ ستاند
نەشتەری موژگانی تۆ هاتووەتە سەر سەفحەی ڕوخم
هەر خەتێ بوو غەیری خەتتی سەوزی تۆ، پاکی کڕاند!
لەشکری ئاهم لەگەڵ جەیشی حەبەش دەعوا ئەکا
حیرەتم ماوە کە چۆن ئەو دڵبەرە دڵمی ڕفاند؟!
بۆ گوڵی ڕووت هاتم و پەرچەم ئەبینم بۆیە وا
ماهی نەورۆزم بە شیوەن وەک موحەڕڕەم خۆی نواند!
تۆ لە ئەووەڵ، گۆی وەفات هێنایە نێو مەیدانەوە
ئێستە چەوگانی خیلافت پشتی سەد وەعدەی شکاند!
توخوا قەت غیرەتە بۆ تۆ ئەرێ سەروی ڕەوان؟
گوڵ بەبێ تۆ وا لە باغا خێوەتی خۆی لێ چەقاند!
با وجوود ئینساف بدەم چاکە، گوڵیش موشتاقتە
هەر لە شەوقی تۆیە سەرپۆش و گریبانی دڕاند!
هەر کەسێ مایل بە بیرێکە و تەریقێکی هەیە
تۆ بە شوعلەی غەم «حەریقتخلص»ی وا وەجاخت هەڵگڕاند!

حەریق بۆیە چووە ئەو باغچەیەوە کە کارەساتی پەڕەی گوڵەباخەکان ببینێ و لەپاشا بۆ پەیکەری پەری ئامێزی بگێڕێتەوە و پێ بڵێ: کە چوومە گوڵشەن گوڵ بە نازێکەوە ڕووی تێ کردم، بەڵام من لەبەر ئەوە کە دڵم بۆنی گوڵی ڕووی تۆی گرتبوو، لە ترسی ئەوە نەوەک نمەکگیر ببم و بێ وەفا دەرچم - قەسەم بە مەرگی تۆ - هیچ قسەم لەگەڵ نەکرد!.

زۆر سەیر بوو! جارێک تۆ ڕێگەت کەوتبووە ئەو گوڵشەنە، تۆزی پێڵاوەکانت نیشتبوونە سەر پەڕی گوڵەکان! خەریک بوون لەبەر ئەو تۆزە لە خۆیان بایی ببن! دەست خۆش، کتوپڕ سووسەی بای عەترامێزت هات لێی سەندنەوە و نەیهێشت ئەوەندە فیز بکەن! بە خەیاڵ نەشتەری برژانگەکانتم هێناوەتە سەر ڕوومەتم بە جۆرێکی وەها کە ڕوو لەسەر ڕووین!

مەبەستەکەشم ئەوەیە کە ئەو برژانگانە تەنیا خەتی سەوزی سمێڵم نەبێ کە تازە دەرهاتووە و لە یادی تۆ. بە بۆنی هناسەی تۆ ڕواوە، هەموو شتێکی تر بکڕێنێ و لایبەرێ! ئەمەشم بۆ ئەوە کرد تا تۆ بزانی کوڕێکی شۆخ و شەنگم و تازە کەوتوومەتە مەیدانی پیاوەتی و بەکەڵکی ئەوە دێم کە لام لێ بکەیتەوە.

لەشکری ئاهـ و ناڵەم کە جمەجمیەتی، خەریکە لەگەڵ قۆشەنگی زوڵفی ڕەشدا کە ئەڵێی ئوردووی حەبەشە لە ڕەشی و زۆریدا، جەنگ ئەکا. ئێستەش سەرسامم! نازانم خاوەنی ئەو لەشکری زوڵفە - کە دڵبەرمە - چۆن توانی دڵم بفڕێنێ بۆ ئەوە کە پەلوپۆم ببڕێ و هیچ ئاهم تێدا نەمێنێ تا بە دەست لەشکری زوڵفەکەیەوە بشکێ؟!

من لە سەرەتاوە کە هاتم بۆ گوڵی ڕوومەتت هاتم، کە چی پەرچەمتم چاوپێکەوت، مانگی نەورۆزم لێ بوو بە مانگی موحەڕڕەم. حەریق لێرەدا زۆر ورد ڕۆیشتووە، جارێ مانگی نەورۆز مانگ ئەو مانگەیە کە ئیعتیبار ئەکرێ لە ٢١ی شوباتەوە تا ٢٠ی مارت وە ڕۆژی ٢١ی ڕۆژی نەورۆزە. ئەو مانگە لەبەر ئەوە کە نەورۆزی بەشوێنا دێت و دار و دەوەن و گوڵ و گیا ئەبووژێنەوە مانگی شادی و ئاهەنگە. مانگی موحەڕڕەمیش ئەو مانگەیە کە ماتەمی کوژرانی حوسەینی تێدا ئەکرێت و مانگی گریان و شیوەنە. جا ئەڵێ: من کە هاتم بۆ گوڵی ڕوومەتت هاتم، کە گوڵ لە مانگی نەورۆزدا ئەبێ و مانگی شادییە، کە چی پەرچەمی ڕەشی پەڕش و بڵاوتم چاوپێکەوت، مانگی ئاهەنگم لێ بوو بە مانگی ماتەمی، دەستم کرد بە گریان و زاری و شادیم لێ بوو بە شیوەن.

دیسان لە مانگی نەورۆزمانگدا هەموو دار و دەوەنێک ئەژیێتەوە و هەموو چڵێک لەبەر ژیاندنەوە دڵۆپ دڵۆپ ئاو لەسەرەکەیەوە ئەتکێت.

ئەڵێ: وا مەزانە ئەوە ئاوە و لەسەر چڵەکانەوە لەو مانگدا ئەتکێن، بەڵکوو لەبەر ئەوە کە تۆ پەرچەمی ڕەشت پۆشیوە ئەو دڵوپە ئاوانە دڵۆپی فرمێسکە و هەڵیئەڕێژن، ئەمانیش بە گریان و زاری وەکوو من مانگی شادییان لێ بووەتە مانگی موحەڕڕەم و مانگی ماتەمی!.

تو لە سەرەتاوە وەفات کرد بە گۆیەک و هێناتە مەیدانەوە، کە چی ئێستە هەر خۆت بە گۆچانی پەشیمان بوونەوە هەزار تۆپی وات ڕافڕاند.

ئەرێ هەی باڵابەرز، ئەوە چۆن ئازایییەکە بۆ تۆ کە گوڵ لە باخانا هەر کە شوێنی تۆی بڕی هێنای قیت قیت شاپەڕی خۆی لێ بڵاو کردووە؟ ئاخر تۆ چۆن ئەبێ ئەمە قبووڵ بکەیت؟

لەگەڵ ئەمەش من پیاوێکی بەئینسافم، ئەبێ ئەوەش بزانم و نەیشارمەوە کە هەر عەشقی ڕووی تۆ بوو کردیە کارێ گوڵی هەژار سنگ و بەرۆکی خۆی دادڕاند و خۆی بە بەربەرەڵایی ڕیسوا کرد!.

هەر کەسە بۆ خۆی پەروانەی هۆش و فیکر و ڕێگەیەکە.

ئای «حەریق» ی داماوی قوڕ بەسەر! چاک تۆیش بوویت بە پەروانەی دەوری غەم و بە بڵێسەی ئاگرینەوە چاک وەجاخت هەڵگراند؟!.

***

حەریق پەردەی غەرامی دائەداتەوە و ئەکەوێتە کۆڕی مەی نۆشانی تەسەووف و فەلسەفەی تەسەووفەوە. لێردا بە پارێزەوە دەم ئەکاتەوە و ئەڵێ:

ئینکاری سیرایەت مەکە، ئەی مونکیری موفلیس
بێ سەیری قەمەر کە، چە بە شەوق و بە «ضياعربی» یە
مونکیر بە مەسەل شەبپەڕە بێ نووری هیدایەت
خۆی تاڵبی زوڵمەت بوو، خوا نووری نەدایە
هەر مەزبەلە، هەر مەشعەلە جێی پڕتەوی شەمسە
یەک جێگەیی «فُضلةعربی»، یەکێ جێی «فُضَلاعربی» یە
بارانی بە ڕەحمەت لە تەرەف مەبدەئی فەییاز
قەترەی ئەسەری سونبول و یەک چقڵ و گیایە
تێفکرە لە ئەجزایی «عناصرعربی» بە تەبیعەت
یەک مایلی مەرکەزە، یەک مەیل بە هەوایە
نوقسان لە تەرەف قابیلە، نەک فاعیلی موختار
ئەم قەولی منە ڕەئیی جەمیعی حوکەمایە
بورهانە لەسەر جەهلی عەدوو شەمسی حەقیقەت
تالیع بووە، ئەو ئەحمەقە جۆیایی چرایە
چاوی بە تەمەع پڕ بووە، قەلبی بە حەسادەت
وەک حاڵی بەهائیم، ڕەحەتی هەر لە شەوایە
هێندوو نییە ئایینی لە ئاوێنە ئەدا تەعن
ئاوێنە چە سووچی هەیە ئەو ڕوویی سیایە
پەروانەیی هەر جەمعێ نەبی چاکە «حەریقتخلص»ی
خۆت باوێژەرە ناو زومڕەیی ئەم شەمسی هودایە

لێردا باوەڕی حەریق لەسەر ئەوەیە کە لە دراوسێتی چاک چاکە وەرئەگیرێت و لە هی خراپ خراپە، وە لای وایە نزیکبوونەوە لەبارەگای نوورانی شێخانی ڕۆحانێ نەسیمێکی ڕزگاربوون لە دەست نەفس و شەیتان دێت بەڕووی ئینسانا.

ئەڵێ: تۆ نابێ ئینکاری ئەم مەسەلەیە بکەیت و بڵێیت جا لەم نزیکبوونەوەیەدا چە سوودێک وەرئەگرم؟

ئایا نابینی ئەگەر بە هۆی ئەو دراوسێتییەوە نەبوایە کە لەبەینی مانگ و ڕۆژدا هەیە مانگەکە ئەو شەوق و ڕووناکییەی لەکوێ وەرئەگرت؟

ئەوانەی مونکیری ئەم دراوسێتی و تەنینەوەیەن، وەکوو شەمشەمە کوێرە وانە، شەمشەمە کوێرە لەبەر ئەوە کە خۆی هەر بۆ تاریکی ئەکوتێ، خوا لە ڕووناکی بێبەشی کردووە. ڕووناکی بۆ ئەو وەکوو تاریکی بۆ غەیری ئەو وایە!.

دیسان تەماشا ئەکەی هەموو شوێنێک چە سەرەنوێلک بێ، چە جێی گوڵستان بێ، ڕووناکی ڕۆژ لێی ئەدا، بەڵام یەکێکیان - کە سەرەنوێلکەکەیە - شوێنی خڵت و خاڵە، ئەوی تریان - کە گوڵستانەکەیە - شوێنی عەتر و عەبیرە.

لێرەدا مەبەستی بە شەمس جیناس و تەلمیحێک پێک دێنێ کە یووسف شەمسەددین شێخی بورهانە. ئەڵێ: تەئسیری مەعنەوییاتی ئەو ئەکەوێتە سەر هەموو کەسێکی دراوسێ، ئەوەندە هەیە ئەوانەی کە بە ئیخلاس لەسێبەری دراوسێتییەکەیدا نەبن، بێبەش ئەبن لە نەسیمی مەعنەوییاتی. هەروەها بارانی ڕەحمەت کە ئەبارێ، ئەدا بەسەر هەموو شوێنکا، لە هەندێ شوێنا بە هۆی ئەوەوە گوڵ ئەڕوێ، لە هەندێ شوێنا دڕک و داڵ. لە ورد و دروشتی هەموو عونسور و ڕەگەزێک تێفکرە، تەماشا ئەکەی هی وا هەیە هەر سەر ئەباتەوە قوڵاخی خۆی و بۆ ناوەوە ئەچێتەوە، هی واش هەیە مەیلی بەرزیی ئەکا و سەرەوژوور ئەبێتەوە. یەک بنجە گیایە لقێکی پان ئەبێتەوە بەسەر زەوییەکەدا، لقێکیشی سەرەوژوور ڕووەو ئاسمان ئەڕوا. ئەمە دیارە قابلیەتی وا هەڵئەگرێ، ئەگینە فاعیلی موختار - کە خوایە -؛ دەخێڵکی بەسەریانەوە نییە؛ ئەو دوو لقە گیایە کە لە یەک تاقە تۆو ڕواون و لەسەر یەک بنج دەرهاتوون، یەکێکیان مەیلی نزمی ئەکا و ئەوی تریان مەیلی بەرزی. ئەوە لەبەر ئەوەیە کە لەوە زیاتریان لە بارا نییە، بۆیە وا ئەکەن. لێرەدا حەریق ڕێگەی عەقائیدی ئەهلی ئەشعەری گرتووە کە ئەڵێن «خوا شت دروست ئەکا و ئادەمیزاد ئەیهێنێتە دەست» *١*. ئەڵێ: ئەم قسەیەش کە ئەیکەم قسەی حوکەماکانە، وا نەبێ لە خۆمەوە پەڕیبێتمە سەری. لەپاشا دێتە سەر ئەوە ئەڵێ: شوێن سەبەب کەوتن شتێکی ڕواڵەتییە، وانەبێ دۆزینەوەی ئەسڵی حەقیقەت بێ؛ تەماشا ئەکەی ڕووناکی چرایەک کە دێت و پیاو شوێنی ئەکەوێ، وا نەبێ شوێن حەقیقەتەکە کەوتبێ!. لێرەشدا فیکری ئەو شعرەی «نالی» کردووەتەوە کە ئەڵێ:

ئەحوەلی تەفرەقە نەزەر تەقوییەتی سەبەب ئەکا
عارفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب ئەکا

جا ئەڵێ: ئەم کابرایە بۆیە شوێن شتی ڕواڵەتی کەوتووە، چونکە چاو و دڵی بە تەماع و حەسوودی پڕبووەتە و وەکوو ماڵاتی لێهاتووە، بێجگە لە خواردن و نوستن هیچی تر نازانێ. دیسان ئەڵێ: کابرایە کە خۆی لە سروشتدا ناشیرین بوو، بۆچی ئەبێ لە ئاوێنە تووڕە ببێ، لە کاتێکا کە سەیری خۆی تیایا ئەکا؟!. ئەگەر ئەم خۆی ئیشی چاکەی کرد لەپاشا لە ئاوێنەی ئەعماڵدا وێنەی چاکە ئەبینێتەوە!. ئیتر وا نەبێ بۆ ئەم چاکی و خراپییە سووچێک لە ئاوێنەکەوە ببێ. لەپاشا ئەڵێ: حەریق، خۆت مەکە بە پەروانەی هەموو چرایەک و لە هەموو شت خۆت هەڵمەقوڵتێنە. خۆت تەنیا باوێژەرە ناو کۆڕی ئەم پیاوچاکانە کە کۆڕی دەستەی شێخی بورهانە!.

***

حەریق لەگەڵ ئەوەش کە خۆی بە پیاوێکی ڕەند و پابەندی تەریقەت هێناوەتە ناوەوە، کە چی ویستوویەتی داد و زارییەکی بەسۆزیش لە دەست جەوری فەلەک هەڵڕێژێ و خۆی بە پیاوێکی ستەمدیدەش بخاتە ڕوو، وەکوو لەم شعرانەیەوە ئەیەوێ ئەوەمان بۆ دەرخا:

هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بە سەرما
یا سەڕسەڕی نوورینە کە لێی کردمە سەرما؟
گاهێ بە شەرارەی غەم و گەهـ سەڕسەڕی هیجران
خۆشی نەبوو بۆ من، نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی کە قوڕی میحنەتە کردوومە بە سەرما
گەر ئەچمەوە «صاحبمکان» نییە هیچ موونسی جانی
گەر دێمە «سەقزمکان» ناری سەقەر وا لە جگەرما
شاهیدمە حەواسم کەسەکەم، چەندە کەساسم
بەخوا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
هەر چەندە بە جیسمانی کەدوورم لە حوزوورت
ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو زوبدەیی دڵما
تۆفانی سروشکم چووە سەر «وجوودی» ی وجوودم
کەشتی تەنی تیا نوقمە، نە «نووح» و نە ئەسەر ما
لەوساوە کە تۆ ڕۆیی، دڵم ڕۆیی بە دووتا
هێلانەیی تەن هەر وەکوو ماوایی سەقەر ما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفا پەروەرە ئیمڕۆ
ئەم لەشکری ئاهی منە، بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا تا وەکوو کەی پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئایینەی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکوستەری دڵ سوختەیێ بێنە بە سەرما
مەڕوانە بە زاهیرکە بەبێ قووتم و ڕووتم
ڕووقووتی خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم موڵکی خەیاڵاتە «حەریقتخلص» ی
حەیفێ کە تەلەف بوو، بە هەدەر چوو، بە زەرەر ما

بەڕاستی حەریق لەبابەت جیناس و عیبارەت ڕەنگینی و هەڵسووڕانی وشەی «سەرما» و «گەرما» بە چەند مەعنایەک، چالاکانە و ئەدبیانە هاتووەتە مەیدانەوە، ئەمەی کردووە.

دیسان هەر بە پێی ئەم شعرانەی وا دەرکەتووە کە ویستوویەتی ژیانێکی خەفەتباری خۆی باس بکا. ئەمەی وتووە گۆیا بەو نیازە کە لە هەموو سووچێکی خەیاڵبازییەوە ڕمبازی بەکا. بەڵام من لام وایە کە حەریق نەیتوانیوە لە مەیدانی باسکردنی خەفەتبازیدا ئەسپی خۆی تاو بدا!

باشە، ئەوا خەفەتی کرد بە هەور و وتمان خەفەت بوو بە هەور! ئایا چۆن غەم ئەکا بە بەفر؟ بەفرێ کە سپییە و غەمێ کە ڕەشە، ئەم تەشبیهە چۆن سەرئەگرێت؟ لە کوردیدا لە هەر لایێ شتیک شوبهێنرا بە بەفر، ئاشنایەتی لەبەینیانا یا سپییەتییە یا ساردییەتی، لێرەدا ئەو ئاشنایەتییە نییە.

دیسان لە شعری دووهەمدا کە ئەڵێ: «گاهێ بەشەرارەی... هتد»

شەرارە کە بۆ ئاگرە، بۆ غەم بەکاری بێنی شوێنی خۆیەتی، چونکە ئاگر ئینسان ئەسووتێنێ، غەمیش ئینسان ئەتوێنێتەوە، ئەم ئاشنایەتییە هەیە لە کوردیدا، بەڵام ئەو لەپێشا غەمی کرد بە بەفر و ئێستە بەئاگر، ئەمە لەیەک زۆر دوورن!. کە وا بوو ئەو کەسانە کە ئەڵێن: حەریق ژیانی بە خەم و خەفەت ڕابواردووە و ئەم بڕە شعرەیان کردووە بە بەڵگەی خەفەتی، دیارە زۆر چاک لە شعرەکان ورد نەبوونەتەوە، ئەگەر ورد بوونایەوە ئەیانزانی کە حەریق بەتەواوی خەفەت داینەپۆشیوە، ئەگەر وا بوایە وەکوو شتەکانی تری ئەیتوانی تەعبیرێ لە دڵی خۆی بداتەوە و تووشی ئەم تەنگوچەڵەمەیە نەهاتایە؟!. ئەمە قسەیەکی ڕاستە کە حەریق لەبەر پابەندی بە تەسەووفەوە لەوانە بووە کە بزانێ وا دەمەدەمی ئەوە هاتووە کە کاڵای خۆی لە بازاڕی گێتیدا بپێچێتەوە و کۆچی دوایی بکا، هێناویەتی بە چەند ڕۆژێک لەپێش ئەم بارکردنەدا بەم شعرانەی خوارەوەی ماڵاوایی لێ کردووین:

لە خەرمانی ئەمەل مێرووی عەمەڵ جەزبی نەکرد دانێ
لە زەیقەتخانەدا ترسم هەیە ئاخر سەری دانێ
ئەڵێن جەردەی ئەجەل ڕێگا بە کاروانی نەفس ئەگرێ
شەقامی سینە ئەبڕێ بۆ مەتاعی دیدە ئەڕوانێ
تەریدەی نەفس و شەیتان قافڵەی تاعاتی غارەت کرد
ئەگەر جاسووسی ئیمان نەبێ، دەرناچێ ئینسانێ
ترازووی تاعەتت لەنگە، هەتاکەی ئەمسەرە و سەرتە؟
بە پارسەنگی حەیا دەس هەڵبڕە، بنواڕە میزانێ
بەسی بێ تاعەتی ڕووکەش مەلەک سەڕڕافی ئەعمالە
موحەسسەل نەقدی قەڵبە، ناڕەوا ناباتە دیوانێ
ئەوا بەردی ئەجەل هات و لە شووشەی عومری دا، سا دەی
بە قوربانی پیاڵەی چاوەکەت بم تێکە فنجانێ
حەیات خۆ چوو لەنێو جامەی حەیاتی عارییەت بێ عار!
ئەوا داوای ئەکەن چبکەم «حەریقتخلص» ی ڕێی ڕجا کوانێ

بەڕاستی حەریق لەم شعرانەدا مەردانە هاتووەتە دەست و زۆر بە جوانی مێرووی کردەوەی لە خەرمانی هێوا بێبەش کردووە. چەند بە ڕێکی و پێکی پێت ئەڵێ: ئەوا ڕێگری مردن لە هەورازی سینەوە سەری ڕێی بە نەفس گرتووە و تەنگی بە گلێنەی چاویش هەڵچنیوە بۆ ئەوە بینایییەکەی لێ بسێنێ. ڕاست ئەکا ئەگەر هێزی ئیمان نەبێ، نەفس و شەیتان بە کفرەکۆنی هەچ کردەوەیەکی چاکە هەیە هەمووی تاڵان ئەکەن.

ئۆف، چەند بە کوڵ دەری بڕیوە ئەو فەلسەفەیە کە ئەڵێ: ترازووی عیبادەت وا سەر ئەکا، دەسا وەرە پیاوانە بە پارسەنگی شەرم و حەیا ڕاستی کەوە و ئیتر شەرم بتگرێ با وا نەکا!.

ڕیاکاری پارە ناکا، چونکە کردەوەنووس فریشتەیە، ئەوەی بەکەڵکە عیبادەت و کردەوەیەکی خاوێن و دوور لە فڕوفێڵە کە بە ڕووسووری ئەبرێتە مەیدانەوە، ئەوی خراپەکەشیە ئەدرێتەوە بە سەرتا: «ماڵی قەڵب سەر بە خاوەنە!». ئاخ چۆن بەردی مردن هات و مینای عومری شکاند!

دەسا مەیگێری ئازیز تا شووشەکە بەتەواوی لێک جیا نەبووەتەوە بۆم تێکە پێکێ!... لەناو ئەم جلوبەرگی خواستراوی ژیانەدا هیچ ئاگات لێیە چۆن حەیات چوو و بێ شەرم بوویت؟

بەڵێ، ئەوا داوای ئەو ژیانە ئەکەنەوە ئایا «حەریق» ی ئاخۆ ڕێی پاڕانەوە لەکوێ بێ؟ چارەسەرێک بکەم!.

حەریق لەگەڵ ئەوەش کە شاعرێکی غەرامی و لەپاشا تەسەووفی بووە، لە بازاڕی نوکتەچێتی و جیناس پەروەریشدا چالاکانە هاتووەتە مەیدانەوە: لە تافی خۆیدا داوای گوێرێژێک لە «مەلا ئەحمەدی لاسوور» ئەکا.

ئەویش بەهانەی بۆ دێنێتەوە و نایداتێ ئەمێش ئەڵێ:

لە عوزرا بوو مەلا، بۆیە جوابی دا وتی: نایدەم
وڵاخ دەس ناکەوێ چش، سا چاکە هەر پیادەم!

جنێوێکی ئەدبیانەی داوە: «لە عوزرا بوو» هەڵئەگرێ بیانووی بۆ هێنابێتەوە، هەڵیش ئەگرێ تڕۆی کردبێ، واتە: لە عوزری شەرعیدا بوو. «سا چاکە هەر پیادەم» ئەڵێ: قیروسیا وڵاخ نییە هیچ، بەس نییە پیادە ماومەتەوە و ئەتوانم بە پێی خۆم بڕۆم.

ئەوەش هەڵئەگری: سا خۆ ئەو وڵاغەکەی نەدامێ، کەوابوو چاک وایە لە تۆڵەی ئەوەدا پیاکێشم!.

لەم شعرەیدا فیکرێکی تاز و جیناسێکی زۆر جوانی دروست کردووە کە ئەڵێ:

تاڵ و شیرین پێکەوە نەمدیوە چا بێ، چا نەبێ
هەر کەسێکی هەمنشینی چا نەبێ، پێت چا نەبێ

ئەڵێ: نەمدیوە تاڵ و شیرین پێکەوە بگونجێن «چای» نەبێ لەگەڵ جگەرەدا، هەر کەس هاوپیاڵەی چای نەبوو، بەلاتەوە چاک نەبێ، ئەوە پیاوێکی باش نییە.

حەریق وەکوو وتمان لە سەرەتاوە بە شوێن شعردا گەڕاوە.

بەڵام لە دواییدا وا لێی بووبوو بە خوو، بەبێ خۆ ئەزیەتدان کە ئەهات بە سەریا وەکوو برێشکە هەڵیئەڕشت.

لە شعردا ئارەزووی جیناسی هەبووە لەگەڵ ئەوەش ڕەوان و سادە و مەعناشی بەهێزە.

بەم جۆرە توانیویەتی شوێنی خۆی لە ڕیزی شاعرەکانی پێش ئەم دەورەدا تەرخان بکا و پێش گەلێکیشیان بکەوێ.

هەروەها لە عەرەبی و فارسیشدا زۆر بەشدار بووە.

دیوانی شعرەکەی لەلایەن «کوردی مەریوانی» یەوە لەساڵی «١٩٣٨» ی میلادی لە چاپخانەی «مەریوانی» لە بەغدا بۆ جاری یەکەم لە چاپ دراوە.

بۆجاری دووهەم لە لایەن مەحموود خاکییەوە لە ١٩٦٩ لە چاپخانەی جمهوری لە کەرکووک لە چاپ دراوەتەوە.