مەجدی

(١٩٢٥-١٨٤٩)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 18 دقیقه  1138 مشاهده

ئەستێرەیێکی گەشی ئاسمانی خاکی ئەردەڵان، کە پڕیشکی ڕوونی شێعری ڕشێنەیێکە بۆ دڵان، مەلی خەیاڵی هومایەکی تیژپەڕ بووە لە هەموو پەردەیێک، تەلی ڕووبابی دڵی دەنگ ئەداتەوە لە هەموو هەردەیەک. لە بەلاغەتی زمانا وەکوو ماسییەکی بەگۆڕ لە ئاوی سافی سەرچاوە، لە نوکات و قسەی نەستەقا وەکوو دوڕڕێکی سەر خەزەنە لەبەر چاوە. نامووسی تەبیعەت دەرزی بەرزی خەتی لا خوێندووە، یا خود خوڕەی کەڵە ڕووباری بەهار دەنگی قسەی لەوی وەرگرتووە، بۆیە بە زەنگی ئەنجومەنی دەنگی «ملک الکلاماعلام»ی بەرکەوتووە.

ئاشنای ئەم شوێنە ناوی «عەبدولمەجید و کوڕی میرزا عەبدولکەریمشخص»ە لە ساڵی ١٨٤٩ لە شاری «سەقزمکان» هاتوەتە دونیاوە. میرزا عەبدولکەریم لە خاندان و پیاو ماقووڵەکانی سەقز بووە. عەبدولمەجیدی کوڕی هەر لە منداڵیەوە نیشانەی زیرەکی و بلیمەتی لە یەکێ لە پەردەکانی ژیان - کە خەتخۆشی بووە - لێو دیارە بووە. لە تەمەنی حەو ساڵیدا لە قوتابخانەی منداڵان ئەیخاتە بەر خوێند، قورئان و کتێبە وردەڵەکان ئەخوێنێ و خۆیشی دەرزی فارسی و تۆماری پێ ئەڵێ و سەرمەشقی بۆ دائەدا. میرزا عەبدولکەریم یەکێک بوو لە خەتخۆشەکانی سەقز. ئەڵێن عەبدولمەجید کە باوکی دەرزی خەتی پێ ئەوت لەپاش دوازدە مانگ خەتەکەی ئەو و باوکی لێک جیا نەکرایەوە!. لەسەر ڕەوشتی ئەو دەورەیە عیلمی عەرەبی و ئایینیش لە مەدرەسەی مزگەوتەکانی سەقزدا ئەخوێنێ. هەر بۆ ئەم جۆرە خوێندنە سەری لە «بانە»ش داوە. تا دەست ئەکا بە «مختصراعلام»ی مەلا سەعد لەلای «مەلا ئیبراهیم» ناو ئەبێ هەر لە سەقز. ئیتر بۆی ڕێناکەوێ و ئەکەوێتە ناو ژیانی دونیاوە.

هەر چەندە کە هەموو دەمێک ئارەزووی دوورەپەرێزی بووە لە دونیا، لەگەڵ ئەوەش هەر بۆی ڕێ نەکەوتووە پێوە پلکاوە. لە ١٨٧٧دا بە ناوی حەجەوە سەقز بەجێ دێڵێ و ئەچێتە شاری سنە. لەوێ حاجی شێخ شوکروڵڵا -کە خەلیفەی شێخی تەوێڵە و شێخێکی پایە بەرزی بەرماڵی سنە بووە- گلی ئەداتەوە بۆ ئەوە گۆیا پێکەوە بچن بۆ حەج، ئەو ساڵە بۆی ڕێناکەوێ و تەگەرەی دێتە پێش. لە ١٨٧٩دا لە یەکێ لە خانەدانەکانی سنە ژن دێنێ و ئەبێ بە تووش ماڵ و منداڵەوە. تا لە ١٨٨٦دا لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕێگەی بەغداوە ئەچن بۆ حەج، لە بەغدا موفتی زەهاوی چاو پێ ئەکەوێ، ئەم عاشق بە عیلم و زیرەکی ئەو، و ئەو عاشق بە خەت و شعری ئەم ئەبێ. گەلێ قسەی عیلمی و ئەدیبانە لە بەینیانا دەساودەست ئەکا، لەپاش چوار ساڵ دوای ئەم مێژووە موفتی ئەمرێ ومیرزا عەبدولمەجید هەموو جار هەناسەیەکی بەسۆزی بۆ هەڵئەکێشا. کە ئەچنە حەج هەرچەندە ئارەزووی مانەوە ئەکا لە مەدینە، بەڵام بۆی ڕێناکەوێ و ئەگەڕێتەوە بۆ سنە. چەند ساڵێک لەوێ ڕای ئەبوێرێ، لە ١٩١٢ بەو نیازە کە منداڵەکانی بۆ خوێندن بینێرێ بۆ ئاورووپا و خۆیشی پاشماوەی ژیانی لە مەدینە ڕابوێرێ ئەچێ بۆ تاران، لەبەر پێشهاتی «شەڕی ٩١٤-٩١٨» تەگەرە ئەکەوێتە ئیشەکەی و پەکی ئەکەوێ و هەر لە تاران ئەمێنێتەوە و ئەبێ بە خۆشەویستی ئەربابی ئەدەب و قەڵەمی تاران و ئەبێ بە مامۆستای «دارالفنوناعلام» تا لە ١٩٢٥ لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا هەر لە تاران کۆچی دوایی ئەکا.

میرزا عەبدولمەجید، لەلایەن خەت خۆشییەوە یەکێک بوو لە ناودارەکانی دەوری خۆی، بگرە پێش خۆیشی، خەت خۆشی ئەو تەنانەت لە ئاورووپایشا ناوی دەرکردبوو، شای ئینگلتەرە دڵی لێ چووبوو، هەروەها لە پایەی شێعریشدا سەرامەدی دەوری خۆی بووە، لە وڵاتی بێگانەدا ئەم دوو بەهرەیە کردیانە کارێ کە شای قاجار «ناسرەدێن شاشخص» بە ئەنجومەنی شاهانە و ئەدیبانە ناوی «ملک الکلاماعلام» پێدا.

«ملک الکلام» پیاوێکی باڵابەرزی ئەستوورکار بووە گەنمڕەنگ و چاوڕەش بووە، ڕیشێکی سپی قەڵەمی و دوو سمێڵی قیتی پێوە بووە. لووتی باریک و درێژکار و دەمی بچووک. سەر چەناگەی تۆزێ هاتبووە دەرەوە لە قسە کردندا هەرچەندە قسەی دانە دانەی ئەکرد بەڵام هۆنینەوەکەی وەکوو ملوێنکەیەکی دووڕڕی بێ گرێ وابووە. ڕەوشتێکی هێمن و لەسەرخۆی بووە، سەخاوەتی وەنەبێ زۆر بووبێ، زۆر ئاشنا بووە بە دیانەت لەناو مەردما پیاوێکی ئێگجار ڕێز لێگیراو بووە، لەلایەن خەتەوە مامۆستای شازادەکانی ئێران و گەلێ لە وەزیر و وەزیرزادەکان بووە. لەگەڵ ئەمانەشدا زۆر پابەندی تەریقەت و ئاشنای شێخانی تەریقەت بووە. دڵ تەڕایەتیشی زیاتر لەگەڵ پەری ڕووەکانا بووە تا کاکۆڵ بەسەرە خەت ڕێحانییەکان، لە سەرەتای ژیانیەوە جلوبەرگی کوردی لەبەر ئەکرد، لەم ئاخەرەدا کە چووە تاران چاکەت و پانتۆڵ و جلیسقەی لەبەر ئەکردو سەردەری ئەکرد بە سەرا و «شەکە» ی لەسەر ئەنا.

لە بارێکی جیولۆژییەوە لێ بدوین نەوەک لەلایەن لایەنگەرییەوە: مەڵبەندی کوردەواری لە بەرەبەیانی تاریخەوە نیشتمانێکی ئاوەدان بووە بۆ شێعر و بۆ هەڵگڕانی شێعر. سەرچاوەی شێعر ئەگەر لە هەوایێکی ساف ئاسمانێکی شین و دیمەنی ڕەنگاوڕەنگەوە بێ، ئەمانە لە کوردەواریدا هەبوون ئەگەر لە تەفکیرێکی وردی گۆشەی تاریکی ئەشکەوتان و خواردنەوەی ئاوی سافی کانیاوان و سەیرکردنی دەستکردی هەمەڕەنگەی بینایی چاوانەوە بێ، ئەمانە لە کوردەواریدا هەبوون. ئەگەر لە پەیکەری ڕوومەتی ئاڵ و واڵای نەونەمامانی بەهەشتزاری پەریزادان و لالەزاری گوڵاڵان بووبێ، ئەمانەش دیسان هەر هەبوون.

ئەو تەبیعەتە کە دەریای باران دروست ئەکا و ئەیکاتەوە بەرشێنەو دڵۆپ دڵۆم لەو هەوا سافەدا ئەیڕژێنێتە خوارەوە، هەر ئەو تەبیعەتە گەردی ئەو خاکە و ئەو ئاوە و ئەو هەوایە تێکەڵ کردووە؛ ئەو گوڵەی لەو خاکەدا بەو ئاوە ئەڕوێت، ئەو گیایەی لەو شاخەدا بەو ئاوە سەوز ئەبێت، تۆزێکە لە سرووشتی ئەو ئادەمیزادە کە لەو نیشتمانەدا پەروەردە ئەبێ، چونکە لەو هەوا و بارانە کە ئەو کشتوکاڵە و گوڵە پێ ئەگەیێنێ و ئەیکا بە سەرچاوەی خۆراکێ ئەو ئادەمیزادە هەر ئەو هەوا و بارانەیە کە باوکو دایکی کورپەی ئادەمیزادەکە ئەیمژن و ئەیخۆنەوە و کۆرپەکەی و کۆرپەکەی لێ دڕوست ئەکەن. هەر ئەو هەوا و بارانەیە کە کۆرپەکە لە دەوی کۆرپەیەتیدا ئەیمژێ و ئەیخواتەوە تا ئەبێ بە منداڵ و گاگۆڵکێ ئەکا و ئەکەوێتە دارە دارە، تا ئەبێ بە هەرزەکار و ئاوڕ ئەداتەوە بەلای ژیانەوە، تا ئەبێ بە پیاو و ئەکەوێتە کۆشی بووی دونیاوە، تا تا ئەبێ بە پیر و پەیڕەوی تەگبیر ئەکا، تا پەڕپووت ئەبێ و ڕوو لە خاک ئەکاتەوە! کە وابوو شێعر و کورد، کورد و شێعر بە حوکمی تەبیعەت دوو وشەن و یەک مەعنایان هەیە.

ماوەتەوە سەر ئەوە کە تۆ بڵێیت: کە وابوو بەم جۆرە تۆ وتت، کورد هەیکەلێکی ڕاستەوڕاستی شێعر بوون. ئەگەر وایە کوا دیوانی شاعرەکانیان؟ کوا ئەنجومەنی ئودەبا و کۆشکی ئارامگای ئەدیبەکانیان؟ کە بە نووکی قەڵەمیان پێشڕەوی کۆمەڵیان لە باری عیلمی و ئەدەبیدا کردبێ؟. ئەمانە ئەڵێیت و هەقیشت هەیە کە بیڵێیت، چونکە قسەکەت ڕاستە، بەڵام بۆ وڵامەکەی ئێمەش ئەڵێین: ئادەمیزاد تێکڕا حوکمی غەریزە پابەندی عەنعەناتی دەسەڵات و هێزە، هەر پەردەیەک کە بەسەریا دێت و هەر دەورێک کە ئەیبینێ شوێن هەوای ئەو دەسەڵات و هێزە ئەکەوێ. لە دراوسێکانی کورد یەکێکیان فارسە، سەیر ئەکەی کە عەرەبەکان کۆشک و تەلاری ساسانییەکانیان تێکدا، هەموو ئەدیب و شاعێرەکانیان کەوتنە پەیڕەوی کردنی ئەدەبیاتی زمانی عەرەبی. هەروەها کە ئیمپراتوریەتی ئیسلامی نرکەنرکە تورانی تورکەکانی هاڕی، ئەدیب و شاعرەکانی ئەوانیش ئەو وەختە خۆیان بە ئەدیب و شاعری تەواو ئەزانی کە خزمەت بە ئەدەبی عەربی بکەن. بۆ ئیمڕۆژیش - کە لەبەرچاو - لەبەر ئەوە ڕۆژاوا داشی سوارە، ئەوا وردە وردە ئەدەبیاتیشی ئەبێ بەسەر ئەدەبیاتی ڕۆژەڵاتدا سوار بن!. کورد هەر لەو بەرەبەیانەوە دەمێک بە حوکمی بێهێزی دەورێک بە پابەندی دیانەت، سەردەمێک بۆ تێکنەچوونی پارسەنگی دەوڵەتەکان شانبەشانی جەوری زەمان هاتوون و هەر ڕۆژە ئاڵاون بەباڵای یەکێکدا. تەبێعەتی دەسەڵات - کە غەریزەی تێکڕایی ئادەمیزادەکەیە - تووشی ئەوەی کردوون کە لەگەڵ عەنعەناتی و زمانی دەسەڵاتدارەکەدا خەریک بن! بەم بۆنەوە ئەتوانی بەلانیکەمەوە بەشێ لە هەشت بەش علووم و ئەدەبیاتی عەرەبی، بەشێ لە دە بەش لە ئەدەبیاتی تورکی، بشێ لە شەش بەش لە ئەدەبیاتی فارسی بە پاشەرۆکی خزمەتی کورد دابنی بەرامبەر بەوانە؛ بەوەی دابنی کە فیکر و خەیاڵێکی کوردییە و کەوتوونە قاڵبی ئەو زمانەوە! لەگەڵ ئەم هەموو تەنگوچەڵمانەیش کە هاتوونەتە سەر ڕێ گەلێ گەلێ جێی شانازییە کە کورد توانیویەتی لە ناو ئەو دەریای پڕ شەپولی گیرخواردنەدا زمانەکەی خۆی لەو شاخوو داخەوە تا ئیمڕۆژ بە جوانترپاراستن بپارێزێ. کە وابوو دیوانی هەزار قاپییەی فیکری ئەدیب و شاعری کورد تا ئەم سەردەمەی دوایییە، هەمووی کەوتە زمانێکەوە کە نابێ پێی بوترێ دیوانی شعری بەرامبەر بە زماناکەی خۆیان، ئەمە لەلایێکەوە، لەلایێکی تریشەوە نەنووسین و کۆ نەکردنەوەی ئەشعار و ئەدەبیاتیان - ئەوەی بە زمانەکەی خۆیان بووبێت - ئەوەندەی تر ئەو باخچەی ئەدەبەی بێ ناز کردووە!. جا شاعری ئێمە «ملک الکلام» یەکێک بووە لەو کەسانەی کە عەنعەناتی دەسەڵاتی بێگانە خستوویەتە سەر ئەوە سەر بەرێتە کۆڕی شعری زمانێکەوە کە مەگەر لە ڕیشەدا بە زمانەکەی ئەوەوە ببەسترێ!. بەڵێ، هەر لەو دەورەی مناڵییەوە تەلی شعر دانانی بزووتووە، هەر لەو دەورەی مناڵییەوە نیشانەی شعر لە ناوچەوانییەوە دیار بووە، فیکری دەربڕیوە، بەڵام خستوویەتی زمانێکی ترەوە، ئۆباڵ ناچێتە ئەستۆی ئەو، ئۆباڵ ئەچێتە سەرئەستۆی ئەو یاسایە کە هەزاران هەزاری وەکوو «ملک الکلام» خستووەتە کۆشی زمانێکی ترەوە.

«ملک اکلام» کە پێی ئەهاوێژێتە قاپی شێعرەوە «مەجدی ئەکا» بە ناوی شعری. شعر هەڵئەڕژێ وەکو برێشکە؛ لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا ک دیوانەکەی کۆ ئەکاتەوە، شەست هەزار شعری فارسی و هەندێکیش کوردی بووە، ئەمە بێجگە لەو شعرانە کە بەردەست نەکەوتوون؛ و بێجگە لەو شێعرانەی کە چواردە ساڵی تر لەپاش ئەم تاریخە هەر وتوونی. ئەگەر بە چاوێکی حەقبینەوە سەیری ئەم کردەوە بکەین - بەرامبەر بە تەنها شعر - ئەبێ بۆچ هەر فیردەوسی ناوی هەبێ؟

لەگەڵ ئەمەشدا مەجدی کە دێتە سەر وتنی شعری کوردی لەباری غەزەڵ و غەرامدا کەمتر نییە لەو شاعرانە کە هەموو دەوریان هەر بە غەرام ڕابواردووە. لە شعری فارسیدا لە هەموو سووچێک دواوە: فەلسەفە، تەسەوف، غەرام، نیشتمانی و خەیاڵی. بەڵام لە کوردیدا ئێمە ئێستە تەنها ئەم بڕە شێعرە غەرامییەیمان دەست کەوت کە لەناو شعرە فارسییەکاندا لەچاپ دراوە بێگومان ئەم جۆرە تەبەعە ئەبێ بە هەزاران شعری تری ببێ با دەست ئێمەیش نەکەوتبێ خۆ لە سنە و سەقز و لە لاپەڕەی بەیازەکانا ماوەتەوە کە ئازۆخەی پاشەڕۆژی ئەدەبی کوردییە!.

بەڵێ، مەجدی ڕووت تێ ئاکا و ئەڵێ: یاری من:

لە دوولا زوڵفی لاولاوە، لەسەر ڕووی قامەت ئاڵاوە
خەم و پێچی هەموو داو، چە لەم لاوە، چە لەولاوە
موژەی وەک نێشی پەیکانە، هەمیشە کاری پێکانە
دڵی هەر خوێش و بێگانەی بە ئەم پەیکانە پێکاوە

لەپاشا ڕوو ئەکاتە یاری و ئەڵێ:

لە جەوری غەمزەکانی تۆ کە بێچارە کوژەو جادوو
چە خوێنێ بوو، چە جەرگێ کە ناڕژاوا و نەبرژاو؟
سەبا بەینێ ئەگەر بێنێ لە زوڵفت، دین و دڵ دێنێ
وەلاکین کێ دڵ و دینی لەبۆ لەبۆ عوششاقی تۆ ماوە؟
نە یاقووتە بە ڕەنگینی لە نێوی کان کە دەیبینی
لە ڕەشکی لێوی تۆ خوێنی دڵی کان کە گیرساوە
لە دوای تووڕە و پەرچم، دڵی ئاشوفتەمە هەردەم
نییە ئازاد لە قەیدی غەم، خوا لەم داو بێ داوە؟
وەرە بەڵکە نەجاتم دەی لە مەوجی قولزوومی بێ پەی
لە «مەجدیتخلص» غافڵی تاکەی؟ کە بێ تۆ غەرقی گێژاوە!

ئایا جیناس و تشبیهـ لەمە جوانتر ئەبێ کە مەجدی کردوویەتی؟! ئایا نابینی بە چە جۆرە وردەکارییەک هێناویە باڵای دڵخوازی کردووە بە نەمام و زوڵفی بەلاولاو؟ ئاشنایەتی لەبەینی نەمام و لەولاو و زوڵفدا ڕاستی و پیا ئاڵان بێ، لاولاو چۆن بە شووڵا ئەناڵێت، زوڵفی ئەمیش بەو جۆرە بە نەمامی باڵا یا ئاڵاوە. دیسان ئاشنایەتی لەبەین وشەی «لەولاو» کە لاولاوە لەگەڵ «لەولاوە» کە ئەولای ڕوومەتیەتی، چۆنی ڕێک خستووە؟. «پەیکان» کە تیرە «پێکان» کە ئەنگاوتنە «بێگانە» کە بێجگە لە خزمە - هەمووی هەر یەکە بە مەعنای خۆی هۆنیوەتەوە!.

شعری سێهەم غەمزەی یاری کردووە بە تیر بۆ لەشی خۆی، بەڵام ئەڵێ سەرسام مام چە خوێن و چە جەرگێکم بوو؟ ئەبوایێ ئەو تیرە ک هات خوێنی بڕژانمایە و جەرگیشی ببرژانمایە! کە چی نە خوێن ڕژا و نە جەڕگ برژا، گیانم سەخت بوو!.

سەیرێکی سێعری چوارەم ناکەی؟ کە چە ڕێکوپێکییەکی لەبەین «بەین» کە «ماوە» یە و «بێن» کە «بۆ» یە، هەم «هێنان» ە دروست کردووە؟. شێعری پێنجەم چەند پڕ مەعنا و وردە لە کاتێکا کە باسی «لێو» ئەکا. ئەڵێ: یاقووت کە لەناو «کان» دا ئەیبینی ئەو یاقووت نییە، بەڵکوو ئەوە «کان» ەکە، کە لێوی سووری تۆی چاوپێکەوت ئەوەندە بەخێڵی و ڕژدی بەو لێوەت برد دڵی گرسا و بوو بە یاقدت!.

ئەم بڕە شعرەی مەجدی نموونەیێکە بۆ هەزاران شعری تری لە کوردیدا، و تەنها بەم شعرانەی ئەتوانین پایەی ئەم شعرەمان لە مەیدانی ئەدەبیاتی کوردیدا بێنینە دەست.

باسکردنی مەجدی لێرەدا لەبەر ئەو نەبوو کە شاعرێکی کوردە و بە زمانی فارسی شعری وتووە، ئەگەر بەشوێن ئەم جۆرە کەسانەدا بسووڕینەوە - کە بەغەیری زمانی فارسی شعری وتووە، ئەگەر بەشوێن ئەم جۆرە کەسانەدا بسووڕینەوە - کە بەغەیری زمانی خۆیان شعریان وتبێ - هەر تەنها ناوەکانیان لاپەڕەی چەند کتێبیان ئەوێ! بەڵکوو هەر تەنیا لەبەر ئەوەیە کە لە مەیدانی بەلاغەتی کوردیدا مەیدانداری کردووە. ئەوەندە هەبوو ئێستە ئێمە لەم بڕە شێعرە زیاترمان دەس نەکەوت.

دیوانی شعرە فارسییەکەی لە ساڵی ١٩١١ لە «تاران» بۆ کەشەی یەکەم لە چاپ دراوە. ئەم بڕە شعرەیش هەر لەو دیوانەدایە.

 

تێبینی:

لەلایەن ئەردەڵان و خاکی ئەردەڵانەوە، ئەم قسانەی خوارەوە هەیە: «ئەردەڵان وڵاتێکە لە وڵاتی فارس، لە شیمالەوە پاڵی داوە بە ئازەربایجانەوە، لە جنووبەوە بە لوڕستان، لە ڕۆژەڵاتەوە بە عێراقی عەجەمەوە. پانایییەکەی نزیکەی ٦٤٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. شوێنەکەی مەگەر لە هەندێ وەختا ئەگینا وشکە و بە کەڵکی کشتوکاڵ نایە. ئەو تۆزە کشتوکاڵەش مەگەر لە هەندێ شیو و دۆڵا نەبێ. بێشەڵانی زۆرە، بەتایبەتی بەڕوو. ڕووبارێکی زۆری تێدایە، لە شیمالەوە ڕووباری «قزەڵوەزان» کە ئەڕژێتە دەریای خەزەرەوە. لە ناوەڕاستی ئەم وڵاتەدا هەندێ ڕووباری تر هەیە وەکوو ڕووباری «سیروان» و ڕووباری «جاب» کە شان بە شانی «دیالە» ئەڕۆن لە جنووبیشەوە هەندێ ڕووباری تر هەیە ئەچنە «کەرخە»وە.

لەبەر ئەوە گەلێ لە دانیشتوانی ئەم وڵاتی ئەردەڵانە کوردن، گەلێ جار بە وڵاتەکە ئەوترێ «کوردستانی فارس» یا وڵاتی کوردی خۆرهەڵات. دانەری سەرگوزشتی چەرخەکانی ناوەڕاست ناوی ئەردەڵانی نەهێناوە، بەڵکوو ئەم ناوە هەر بۆ چەرخەکانی تازە ئەچێتەوە. شارەکەی «سەحنا» یە کە پێی ئەڵێن «سەننا» ئەو شوێنە شوێنی ئەمیری گەورەی کوردە کە پێی ئەڵێن والی. «دائرە المعارف اسلامی/ بەرگی ١ لاپەڕەی ٥٨٩».

«شەرەفنامە» لاپەڕەی ١١٧ چاپی میسر ئەڵێ: ئەم ئەردەڵانییانە حوکمفەرماکانی وڵاتی «دیاربەکر» و لە نەتەوەی «ینایر ئەحمەد» کوڕی مەڕوانن. «بابا ئەردەڵان» ناوی پیاوێک بوو ماوەیێک لەناو گۆڕانەکانا دانیشتووە، لە ئاخر و ئۆخری دەوڵەتی چەنگیزییەکانا دەسەڵاتی بەسەر وڵاتی شارەزوورا پەیا کرد و بە ژیری خۆی هەموو ئەو وڵاتەی خستە ژێر دەس. لەپاش ماوەیێک حوکمڕانی مرد و «کوڵۆڵ»ی کوڕی بوو بە حاکمی وڵاتەکە، ئیتر بە سەرە پیا دێتە خوارەو.

مامۆستا شێخ موحەممەد «ئایەتۆڵڵای کوردستانی» لە ژمارە ٢٤ ڕۆژنامەی «کوهستان»ی تارانیدا ئەڵێ: ئەردەڵان جەمعی فارسیی «ٲردل». ئەم زەنجیرەیە ئەچنەوە سەر «قباد ٲردل «کە «بابە ٲردل» یشیان پێ وتووە. بابە ئاردەل نەوەی «خەسرەو «بووە کە «مەرو «لە دەوری ئەبوموسلیمی خوراسانیدا بنەماڵەی دامەزراندووە. قوباد ئاردەڵ لە ١٣٧ی هیجری لە دەوری «سفاح ابوالعباس عبداللە عباسی» لەگەڵ پیاوەکانی خۆیا لە «مەرو» ەوە ئەچن بۆ «کوردستان» و وردە وردە ناوبانگ پەیدا ئەکا و ئەبێ بە حوکمرانی «مووسڵ «و «دیاربەکر» زۆری پێ ناچێت دەستی لە ئێش ئەشکێنرێتەوە و لەگەڵ هەندێ لە ژێردەستەکانی خۆیا ڕوو ئەکاتە شارەزوور. لە ساڵی ٦٥٤ هیجری بنەماڵەی «ئەردەڵان» لە دەورووبەری «شارەزوور» حکوومەتیان هەبووە و «قەڵای زەڵم» یان دروست کردووە و کردوویانە بە شوێنی خۆیان و هەموو شارەزوور دائەگرن. «پڵنگان» - کە شوێنی کەلهوڕ و گۆڕان بووە - ئەویش داگیر ئەکەن، لەوێشا قەڵایێکی قایم دیسان دروست ئەکەن، پاشماوەیێکی قەڵاکە و دەروازەیێکی بەردین ئێستەش هەر ماوە. ماوەی ٤٢ ساڵ لە دەورووبەری «پڵنگان» دا حوکمڕانییەکەی زۆر بە دەسەڵاتیان کردووە. «شارباژێڕ» کە ئێستە سوڵەیمانی پێ ئەڵێن، داگیریان کردووە و «عمادیە»شیان هێناوەتە ژێر ڕکێف... «ئیتر بەم جۆرە پیا دێتە خوارەوە.

دەماودەم لە کوردەواریدا شتێکی تر هەیە وەکوو ئەفسانە وایە، ئەڵێن: سەر زەنجیرەی ئەم ئەردەڵانییانە «خەسرەو» ناوێک بوو کە سەرداری «یەزدگورد» ئاخر پادشای ساسانی بووە و خزمیشی بووە. کە لشکری عەرەب لە ٧٢١ی میلادی ئیمپراتورییەتی ساسانی لەبەر یەک هەڵوەشان، لەشکەرەکەی یەزدگورد تارومار بوو. یەزدگورد خۆی بە تەنها هەڵهات، خەسرەویش بە تاقە پیاوە تەفروتونا بوو. «مەروەی بەجێ هێشت و خۆی گۆڕی و بە دەربەدەری بەملاو بەولادا ئەسووڕایەوە. لە ئاخرا ڕێی کەوتە ئاشێک و بوو بە ئاشەوان، بەم جۆرە خۆی لە دەست لەشکەری عەرەب ڕزگار کرد و لە ئاشەکەدا سەرلەنوێ ماڵ و خێزانێکی پێکەوە نا و بەبێ ناو نیشان دانیش، تا لە ٧٥٩ی میلادیدا لە دەوری «ابوالعباس»ی عەباسیدا لە نەتەوەی ەم خەسەرەوە «قوباد» ناوێک هەڵکەوت و خۆی گەیاندە لەشکەری ئەبووموسلیمی خوراسانی، لەوێدا وردە وردە سەرکەوت و لە «مەرو»ەوە خۆی گەیاندە کوردستان و لەوێدا ڕۆژ بە ڕۆژ هەر دەنگ و ناوی زیادی ئەکرد و لە وڵاتی «مووسڵ» و «دیاربەکر» بوو بە حوکمڕان و لەپاشا ئەکەوێتە وڵاتی «شارەزوور» و «پڵنگان» و لە ئەبووموسلیم جیا ئەبێتەوە، ئینجا بنەماڵەکە ناو نراوەتە «ئەردەڵان». بە لێکدانەوەیێکی کوردی ئەم ناوە ئەبێ لە «ئارد- لانە» وە هاتبێ، واتە «لان» بەمانا «لانە - هێلانە» یانێ «ئارد-لانە»، واتە ئارداوی و تۆزایی بە جۆرێکی وا کە ماڵی ئەو بووە بە ئارد، وردە وردە «لام»ەکە لە وتنا زل کراوەتەوە بووە بە «ئاردەڵان» و نیسبەتی بنەماڵەکەم بەم جۆرە پەیدا بووە. لەپاشا دەسەڵاتیان سەندووە بوون بە حوکمڕانی کوردستان. لە پێشا لە «زەڵم» ئینجا لە «پاڵنگان» فەرمانڕەوایییان کردووە. لە «١٣٢٦»ی میلادی «ئەمیر حەسەن خان» چوارەم ئەمیری ئەردەڵان «حەسەن ئاوا» و قەڵاکەی دروست کرد و گواستییانەوە ئەوێ، لەپاشان ئیتر شاری سنەیان کردووە بە شوێنی حوکمڕانیییان تا دوایییان هاتووە ٣١ کەس لە ئەردەڵانا حوکمی کردووە سەرەتا لە ١٢٠٧ی میلادی لە «کۆڵۆڵ بەگ»ەوە دامەزراوە و لە ١٨٦٧ لە «غوڵامشاخان»ەوە ویلایەتی ٦٦٠ ساڵەی ئەردەڵان کوژاوەتەوە