شێخ ڕەزا

(١٨٣٥ - ١٩٠٩)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 31 دقیقه  5387 مشاهده

قسەی ڕەوانی شەوچرەی کۆڕی زستانی ناو ماڵان، خۆیشی شێخی بەرماڵی بنەماڵەی تاڵەبان. شاعری بە داستانی هەمە جۆرە، بەرهاوێژ و قسەهاوێژی بێ نۆرە. زمانی شیرێکی کاریگەر لە بڕشتدا، قەڵەمی تیرێکی سەرنەکەر لە زوشتدا، خاوەنی شعوورێکی نازک لە باسی چاکەدا، دانەری گەلێ قسەی تیژ لە باسی خراپەدا، بێ باک و قسە لە ڕوو، تووڕە بووە زوو بە زوو. قەلەندەر و بێ پەروا، دڵ نازک و خۆش بڕوا. نوکتەزان و زیرک بووە، قسەی نەستەق و زلی بووە، خۆی زمانپاراوی دیوەخان، دیوانی بەزمی دیوانان.

شاعری نوکتەچی ئەم داستانە ناوی «ڕەزا و کوڕی شێخ عەبدوڕڕەحمانی کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی مەلا مەحموودی زەنگەنە»یە. لە ساڵی ١٨٣٥ی میلادی لە ئاوایی «قرخمکان» لە لیوای کەرکووک، هاتووەتە دونیاوە. سەرەتا لەلای باوکی دەستی کردووە بە خوێندن و فارسییەکی زۆریشی هەر خوێندووە؛ لەپاشا بە فەقیەتی چووەتە کەرکووکمکان، ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە لەلای «سەیید موحەممەدی بەلاغیشخص» و «حاجی سەعید ئەفەندی حیلمیزادە»شخص دەرزی عەرەبی ئەخوێنێ. ئینجا چووە بۆ کۆیە بۆلای « حاجی مەلا عەبدووڵڵای جەلیزادە». هەر لە دەوری فەقیەتیشا سولەیمانی چاو پێ کەوتووە و لە مزگەوتی گەورە - مزگەوتی کاک ئەحمەد - خوێندوویەتی. لەو دەورەدا کوردەواری چونکە حکوومەتی تورکی تێدا بووە، فێربوونی زمان و ئەدەبیاتی تورکی وەکوو پێویست وا بووە، وە لەبەر هاتوچووکردن و بەسەر یەکەوەبوونی کورد لەگەڵ ئێراندا و خۆشی ئەدەبیاتی فارسیش، ئەو زمانە هەموو منداڵێک لە سەرەتاوە ئەبوایە پێی بخوێنرایە. جا لەبەر ئەمانە شێخ ڕەزا ناچار کراوە بەوە کە سەر بەرێتە ناو ئەدەبیاتی فارسی و فێربوونی زمانی تورکیشەوە. شێخ ڕەزا تا ئەگاتە دەورووبەڕی تەمەنی ٢٥ ساڵی، خۆی بە خوێندنی عیلمی عەرەبی و ئەدەبیاتی فارسی و تورکییەوە خەریک ئەکا، لەپاشا ئەکەوێتە سەر ئەوە کە وڵاتان و پایتەختی حکوومەتی عوسمانی ببینێ بۆ ئەوە سەر بەرێتە ناو قاپی ژیانی دونیایییەوە. لە ١٨٦٠ بەسەر «حەلەبمکان»دا ئەچێ بۆ ئەستەموڵمکان، دوو ساڵێک لەوێ ئەبێ و ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، لە ناوچەی هەولێردا ئەبیسێت کە هەر لەو ساڵەدا باوکی مردووە، ئەم مردنەی زۆر کاری تێ ئەکا و دڵگران ئەبێ، لەگەڵ ئەوەش هەر دێتەوە بۆ کەرکووک بە ناچاری. لەپاش شەش مانگێک - لەبەر تێکچوونیان لەگەڵ «شێخ عەلی» برایا - ئەچێ بۆ کۆیە بۆلای «شێخ غەفوور»ی مامی. شێخ غەفوور هەڵی ئەخڵەتێنێ کە گۆیا کچی خۆی ئەداتێ، بەڵام بەم ناوەوە زیاتر لە شەش مانگ لە کۆیە ئەیهێڵێتەوە و بێگاری پێ ئەکا، لەپاشا کچەکەیشی ناداتێ. ئەویش تۆرا و گەڕایەوە بۆ کەرکووک. بە دەردیسەری و پەژارەیی لەو ناوچەیەدا ڕایئەبوێری تا لە ١٨٦٦دا بۆ جاری دووهەم دەشت ئەگرێتەوە بەر و ئەچێتەوە بۆ ئەستەموڵ، لەم کاروانەیدا «ئەرزوڕۆم»یش ئەبینێ. ئەم چەلەیە ماوەیەکی زۆر لەوێ ئەمێنێتەوە و بە شعر و ئەدەب خۆی لە « سەدری ئەعزەم» نزیک ئەکاتەوە، لەوێشەوە ئەکەوێتە بەرگاوی ئەهلی «بابی عالی». دەنگ و ئاوازەی شعری لەو ناوەدا دەنگ ئەداتەوە، هاتوچووی هەموو دیوەخانێکی کردووە و لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا هەڵسووکەوتی کردووە. بە هۆی سەدرە ئەعزەمەوە ئەنێرری بۆ حەج. لە ڕێگەی میسرەوە حەج ئەکا و ئەگەڕێتەوە بۆ ئەستەموڵ، تا لەوێ بووە گەلێ جار هاتوچووی ئەحمەد پاشای بابانیشی کردووە.بەم جۆرە ڕایئەبوێرێ تا لە ١٨٧٤ دا ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و ئەستەموڵ بەتەواوی بەجێ دێڵێ. لە لایەن حکوومەتی عوسمانییەوە نەختێ مانگانەی بووە، خۆیشی وردە وردە بە بەریەوە کشتوکاڵی لە دەری کەرکووکەوە کردووە. ژیانێکی ڕەندانە و ئەدیبانەی ڕابوواردووە، زۆر جار هاتوچووی «وەسمان پاشاشخص» و «مەحموود پاشا»ی جاف پیاوە گەورەکانی ئەو ناوەی کردووە؛ تا لە ١٨٩٨دا بەتەواوی کەرکووکی بەجێ هێشتووە و چووەتە بەغدا لە «تەکیەی تاڵبانی» دانیشتووە. لە بەغداش لەگەڵ ئەربابی قەڵەم و ئەدەبدا ڕایبوواردووە. میانەی لەگەڵ بنەماڵەی سەلیم بەگی بابان و سەیید عەبدوڕڕەحمانی نەقیبی بەغدادا زۆر خۆش بووە. تا لە ١٩٠٩ی میلادی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بە نەخۆشی «زەحیری» کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی گەیلانی لە نزیک شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا ئەنێژرێ و لەسەر قسەی خۆی ئەم دوو شعرە فارسییەی خۆی لەسەر بەردی گۆڕەکەی هەڵئەکنرێ:

یا رسول الله‌ چه‌ باشد چون سگ اصحاب کهففارسی
داخل جنّت شوم در زمره‌ی اصحاب تو؟فارسی
او رود در جنّت و من در جهنم کی رواست؟فارسی
او سگ اصحاب کهف و من سگ اصحاب تو؟!فارسی

شێخ ڕەزا پیاوێکی کەڵەگەت و چوارشانە، ناوچاوان پان و چاوی نەختێ موژ و مۆر و زەق بووە، برۆکانی پڕ و پێکەوە بەساراوبوون، بەرانلووت و چەناگەی تۆزێ پان، ڕیشە سپییەکەی ئەهێشتەوە زیاتر لە سێ پەنجە، ڕیشەکەی چەناگە و سەر گۆنا و تەوێڵی خستبووە یەک ئەندازەوە، مێزەرەیەکی سپی کوردانەی شێخانەی لەسەر ئەنا سەر گوێچکەی دائەپۆشێ، دەنگێکی نێر و قسەکردنیشی زۆر خاو نەبووە. بێشەڵاتی میللەت وەکوو باخچەی پادشاهان وایە، چۆن لەو باخچەیەدا هەموو گوڵێکی بۆنخۆش هەیە، لەو میللەتەشدا ئەبێ هەموو جۆرە نەمامێکی تێدا بێ. جا لەناو شاعرانی کورددا شێخ ڕەزا ئەو نەمامەیە کە لە بابەت زەم و جنێوەوە یەکەمین کەس بووە و ئەستێرەی لە ئاسمانی بەرزی ئەدەبیاتەوە بووە. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە دیمەنی کوردستان، یا تیلی چاوی شۆخێکی چاو جوان، یا دەوری تەنگانەی خانەدان، ئایا ئەمانە کامیان بووبێتن بە هۆی سەرچاوەی شعری شێخ ڕەزای تاڵەبانی؟. من لام وایە ئەگەر سەیرێکی دیوانەکەی و سەرگوزەشتی ئەو ڕێگانە بهێنرێتە بەرچاو کە شێخ ڕەزا لە شعردا گرتوونی، هیچ یەک لەمانە نەبوون کە ئاگری شعریان لە دڵیا کردبێتەوە؛ بەڵکوو جەوری ڕۆژگار و دڵشکاوی خۆی و حەز بە بەرزبوونەوەی لە سووچێک لە سووچەکانی ژیاندا کردوویانەتە کارێ کە سەر بەرێتە کۆڕی شعرەوە. لە لایەکی تریشەوە زۆری دڵ بە ئەدەبیات و ئەشعاری فارسییەوە بووە، لەناو ئەمانەشدا شانامەی فیردەوسی گەلێ جار ئەمدیو و ئەودیو کردووە. پابەندی شعری شاعرەکانی کوردیش بووە، ئەمانەش دیسان تەلێکی تر عاتیفەیان بزواندووەتەوە. لەبەر ئەمانە ناچار بووە هەر لە سەرەتای دەوری فەقیەتیدا دەستی داوە بە شعرەوە. بابەتی شعریش لەو دەورەدا زۆر لە باودا بووە. تەنانەت هەر لە هاوڕێکانی گەلێکی تر هەبوون کە دەستی شعریان بووە، یا شعری شاعرەکانی تریان خوێندووەتەوە. بەڵام ئەم ئەوانەی نەچووەتە دڵەوە بۆیە وتوویەتی:

چونکە شاعر زۆر بووە لەم عەسرەدا
بووەتە حەشری نێرەکەر لەم حوجرەدا

شێخ ڕەزا سروشتی خۆیشی یارمەتی داوە بۆ پێشکەوتن، پێشکەوت و ئەستێرەی بوو بە ئەستێرەی شاعرێکی زۆر بەرزی کورد لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردیدا. بێجگە لەمانە زیرەکی و زەینتیژییەکی باڵایشی بووە. لە شعرەکانیا - بەشی کوردییەکەی - ناتوانیت بڕە شعرێک ببینیتەوە کە ڕێچکەی یەکێکی تری گرتبێت، یا لەوی وەرگرتبێ!. بەتایبەتی کە دێتە سەر زەم و قسە پێ وتن، یەکەمین شاعرێکی کوردە و کەس نەیتوانیوە لە دۆزینەوەی شتی وردی جنێو و قسە پێ وتندا بیگاتێ. نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو ئینکار ناکرێ کە شاعری بەرزی عەرەب «جەریرشخص» لە باسی جنێودا زۆر بەناوبانگە، من لام وایە ئەگەر لە دەوری شێخ ڕەزادا بوایە، نەیئەتوانی لە خاکی «یەمامەمکان»وە پێ بنێتە خاکی عیراق!. داخ و زاری «شوکری فەزلی» و بەرەبەرەکانێ کردنەکەی لەگەڵ شێخ ڕەزادا کردوویەتە کارێ کە شێخ پەلاماری هەرچی وشە و مەعنای خۆسن و زمان پیسییە بیدا.

لەپاشا وای لێ هاتووە لەم قاپییەوە دانانی شعری جنێو وەکوو ئاو خواردنەوە وا بووە لەلای و کەسیش نەیتوانیوە توخنی کەوێ!. تەنانەت گەیشتووەتە پایەیەک شانازی بە زمانیەوە کردووە کە شیرێکی تیژی کاریگەرە و ڕاستیشی کردووە، وەکوو خۆی ئەڵێ:

تۆ هەتە تێغی دەبان و من هەمە تێغی زبان
فەرقی ئەو دوو تێغە هەر وەک ئاسمان و ڕێسمان!

لەمەوە سەری کێشاوە بۆ ئەوە کە وەکوو ئاوی ڕەوان شعری لە کانی تەبیعەتەوە هەڵقوڵێ و بوو بە هۆی ئەوە کە ناوبانگی بەلاغەت دەرکا، وەکوو خۆی ئەڵێ:

شێخ ڕەزام و بە فەساحەت لە جیهاندا مەشهوور
پسرِ پیر نظر کرده‌ی قطبِ لاهورفارسی
شعری من وەهبییە، کەسبی نییە وشیارەوە بە
خۆت لە من لادە لە سوراخی قنگت بەم مەخموور!

لەبن دەست ئەمەشەوە لە شعری ستایش و پیا هەڵوتنیشدا وا نەبێ لە شاعرەکانی تر کەمتر بوو بێ، بەڵکوو لە گەلێ شوێندا پێشکەوتووتر بووە، خەیاڵێکی نازک و تەبیعەتێکی ئاوێنەیی بووە. بەتایبەتی ئەگەر هەستی خێرێکی لە یەکێ کردبێ، بەتەواوی لالەغاوەی شعری کراوەتەوە و هەتا بڵێیت وەسفێکی بەرزی بۆ هاتووە. خۆ ئێجگار لە بەشی فارسییەکەیدا ئەو بەلاغەتەی کە شێخ ڕەزا لە باری ستایشی پادشاکانی دەورووبەری شێخی تەوێڵە و چەند کەسی تردا تواندوویەتی مەگەر هەر لە دەست ئەو هاتبێ!. لە شعری فارسیدا ڕێ و شوێنی فیردەوسی زۆر گرتووە. لە سەرەتاوە کە خۆی خستووەتە کۆشی شعرەوە «لامِعتخلص»ی کردووە بە ناوی شعری، وەکوو لە هەندێ شوێنرا ئەبینرێ کە ئەڵێ:

نییە باکم گەر ئەو خەبیسە بڵێ
ئەوە ئەشعاری «لامیعتخلص»ی کوێرە

دیسان ئەڵێ:

وەک «لامیع»ی شاعر نییە ئێستە لە جیهاندا
شیرین سوخەن و قابیل و خۆش تەبع و ڕەزا سووک!

بەڵام لە ئاخردا ئەم ناوەی گۆڕییەوە بە ناوەکەی خۆی و ڕازی بوو بە «ڕەزا»... ڕێگەی شعری ڕێگەیەکی بێ قۆرت و ڕەوان بووە، با مەعنای گرانیشی وتبێ هەر بە ئاسانی و ڕەوانی دەری بڕیوە.

***

جا با بێینە سەر ئەوە هەندێ لە شعرەکانی باس بکەین بۆ ئەوە پایەی شێخ ڕەزامان لە هەموو سووچێکی شعرەوە بۆ دەرکەوێ:

شێخ ڕەزا لەپاش ئەوە باوکی ئەمرێ و لەلایەن خزمەکانیەوە لەسەر میرات و کەلەپوور تووشی کێشەکێش ئەبێ، هەڵئەستێ ئەچێ بۆ «کۆیەمکان» بۆلای شێخ غەفووری مامی. شێخ غەفوور بە قسەی لووس و باریک تەفرەی ئەدا و ئەمیش ڕقی لە کەرکووک هەڵئەستێ و ئەم بڕە شعرانە ئەڵێ:

بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک
مەعلوومە بە مەردی نەڕواوە لەسەرم تووک
بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساغ کە لەگەڵ من
ئەهلی هەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک
پێم خۆشە لەبەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام
سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک
ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت ئەگەڕێ چەرخ
ئەم میچە قەراری نییە گاهێ جگە، گەهـ بووک
شاهی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک
شەش مانگە زیاتر کە لەپاش مەرگی پدەر، من
مەغدوورم ومەزڵووم و جەفا دیدە و مەهتووک
تا ساکنی «کۆ»م، مامە غەفوورم وەکوو فەغفوور
کیسەم پڕە داییم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی
بێ کوڵفەتم و ڕەند و سیاحم وەکوو سالووک
من خواجەیی ئەحرارم و ئامێزشی دونیا
هێشتا کە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک
وەک «لامِعتخلص»ی شاعر نییە ئێستە لە جیهاندا
شیرین سوخەن و قابیل و خۆش تەبع و ڕەزا سووک!

باسی جەوری زەمانە ئەکا و ئەڵێ هەموو ڕۆژێ وا نابێ، میچی دەوران جاری وا هەیە وەزیرە، جاری واش هەیە گزیرە. ئێستە ئەڵێ: جارێ کیسەم پڕە تا سبەینێ هەزار کڵاو با ئەیبا. من پیاوێکی ڕەند و دەروێشم بە هەموو شتێکەوە ئەساچێنم، پابەندی هیچ شتێک نیم. تا لای مامە غەفوورم بم وەکوو شا وامە. لێرەدا ئەگەر شعرەکان لێک بدرێنەوە فەلسەفەیەکی چەرخ گەردوون لە باری نەوەستانیا بۆ ئێمە دەرئەخا. لەپاش بەینێک کە لەگەڵ مامی تێک ئەچێ و ئەو خۆشەویستییەیان نامێنێ ئینجا دێنێ جنێوی ئەداتێ و ئەیشواتەوە بە حەوت ئاو و ئەڵێ:

مامەکەم قەحبە ژنە، دەوڵەتی شەددادی هەیە
تالیعی ڕاهبەر و بەختی خودادادی هەیە
یەک دوو دێی داوەتێ سوڵتان پەی ئیتعامی تەعام
هەر یەکێکی بە قەددەر، خەزنەی ئیرادی هەیە
چه‌ فروش و چه ظروف و چه‌ ضیاع و چه‌ عَقارفارسی
لە هەموو جینسە مەتاعی سەد و هەشتادی هەیە
ئەم هەموو گەنج و خەزێنەی هەیە هێشتاکوو تەرەس
نە هەوای جوود و نە مەیلی کەرەم و دادی هەیە
ڕەسمی ئابائی کیڕامی بووە ئاساری سەخا
نە لە ئابائی حەیا و نە لە ئەجدادی هەیە
گەر سەر و ڕیشی پیاوانەیە باوەڕ مەکە پێی
باتینی جوولەکەیە، زاهیری زوهادی هەیە
خۆی بە هەر سوورەت ئومێدی کەرەمم پێی هەیە لیک
ڕقی زۆرم لە «ڕەشید»ی کوڕی گەووادی هەیە
ڕەنگی کەر، دەنگی بەقەر، هەیئەتی سەگ خووی چەقەڵ
چاو کوێر، مەخزەتی کێر، مەقعەدی پڕ بادی هەیە!
زیکر و ئەورادی لەسەر کێر و زەکەر مونحەسیرە
سەیری ئەو حیزە قوڕمساغە چە ئەورادی هەیە!
تف لە کوز داکی، لە کن خۆی، کوڕی هێناوەتە دەر؟!
گوو بە ڕیش باوکی، لە کن خۆی، ئەمیش ئەولادی هەیە؟!
ئەمە گشت باوکییە سەرمەشقی لەبۆ تۆ داداوە
سەربەخۆ سالیکی ڕەهڕەو نییە ئوستادی هەیە
لە گرۆهی حەرەما کارەکەر و دایک و خوشک
فاتم و عاسم و ئامان و پەریزادی هەیە
شەو و ڕۆژ چەپڵە بە کوز لێ دەدەن و هەڵدەپەڕن
فەرجیان تاب و تەبی کوورەیی حەددادی هەیە!
بێ حەیان جوملە، خسووسەن ژنە سۆزانییەکەی
ڕەشتی دێڵەسەگ و قەحبەیی بەغدادی هەیە!
من لە کەرکووکەوە دێنێتە کن ئەم قەحبە ژنە
لەگەڵم خەسمە فەلەک،نییەتی بێدادی هەیە
کوونیی و حیز بووە مانەندی «ڕەشید»، تەبعی ڕەزا
هێند لەبەر جەوری فەلەک خاتری ناشدادی هەیە

ئەم شعرانە ئەوەمان پیشان ئەدەن کە شێخ ڕەزا ڕاستە مەزهەبێکی شاعریی بووە، لە هەر لایە شیرەی گوڵێک بووبێت ئەو هەنگ بووە بە دەوریا. هەروەها لە ئایینی شعردا ماددە پەرستی خۆشتر ویستووە لەوە کە لەسەر یەک بیروباوەڕ و یەک قسە بمێنێتەوە... شێخ ڕەزا زەمێکی «شوکری فەزلیشخص» ئەکا، لە جۆشی دڵیەوە زمانی ئەکرێتەوە و پێی ئەڵێ:

پوورە شوکری بەسیە با نەتگێم و شەممەت لەق نەکەم
دایکە کێر خۆرت هەواڵەی سووری سەر ئەبلەق نەکەم
نییەتم بوو دەفعەیە خۆمت پیا دەم، باز وتم:
نەقسە بۆ ئەمسالی من، با گوو لە هەر ئەحمەق نەکەم!
من کە شابازی شکار ئەندازی شاهیم پێ ئەڵێن
حەیفە با ئاهەنگی جەنگی سەرگەڕ و لەقلەق نەکەم
تۆ بە جارێ وەک ژنی فاحیشە پشت لێ هەڵبڕی
نهء وتم: خێری نییە، چاوێکی گەر لێ زەق نەکەم
حیزە، سا خۆت بگرە تا بۆت بێمە مەیدانی مەساف
شەرتە هیچت پێ نەڵێم تا بن گونت نەستەق نەکەم!
کۆنە حیزی شاری بەغدا لێم حەرام بێ شاعری
گەر کوزی خوشکت وەکوو ئەیوانی کیسڕا شەق نەکەم
هەر وەکوو «مەستی»م بە فەردێ گا، خوا ڕۆحم بەرێ
مولحیدی کافر مەزەب گەر تۆش بە ئەو مولحەق نەکەم
من دەزانم کێ لە خشتەی بردووی ئەمما چە سوود
سەییدە، سەیید ئەبێ قسەی سووکی ئەبێ دەرحەق نەکەم
پێی بڵێ با مونتەبیهـ بێ، تۆش گەنوگوو بەس بخۆ
با سولەیمانی بە جارێ کافری موتڵەق نەکەم
عەهدە کردوومە لە خزمەت «شێخ ڕەزاتخلص»دا ورچە کوێر
نایخەمە ناو لنگی دایکت، تا لە تۆی ئێرەق نەکەم

لەم شعرانەوە ئەوە دەرئەکەوێ کە ئیلهامی شعری هەجوی شێخ ڕەزا، شوکری فەزلی بووە، وە بەربەرەکانێیەکەی کردوویەتە کارێ کە شێخ بخاتە سەر ئەوە بە هەموو هێزێکەوە بگەڕێ بەشوێن قسەی پیس و دوور لە ئەدەبەوە. وەکوو لە شعرەکان دەرئەکەوێ، دیارە شوکریش وا نەیێ بە قسەکردن و جنێودان بە شێخ هیچ کەمتەر خەمییەکی نواندبێت، ئەویش لەبندەست شێخانی سولەیمانییەوە تا توانیویەتی داخی دڵی خۆی هەڵڕشتووە، بۆیە شێخ وا ئاگری تێ بەر بووە. ئەم دوو شاعرە لە کورددا دەوری «جەریر» و «فەرەزدەق» ئەگێڕن لە عەرەبدا. شێخ ڕەزا جنێو بە شێخ عەلی برای ئەدا، بەڵا جنێو چ جنێو؟! جنێو بە حەمەی وەستا فەتاح ئەدا کە یەکە پیاوی شێخ عەلی بووە، شێخ ڕەزا مووی لووتی شێخ عەلی گرتووە، زانیویە بە هیچی تر ئەوەندە تووڕە نابێ بە قەدەر ئەوە کە جنێو بە حەمەی پیاوی بدەی، ئەویش هاتووە و وتوویە:

شێخ عەلی، خۆ تۆ منت ئاوارهمرد و دەربەدەر
چاکە هەجوێکت بکەم ئەمما موفید و موختەسەر
بۆ حەمەی وەستا فەتاح ئێمەت هەموو ئاوارە کرد
ئەی حەمەی وەستا فەتاح دایکت بە کێری نێرەکەر!

ئەوەتە شاعر دەمی بۆ دوو جوێن بردووە، لام وایە کەس نەیگەیاندووەتە شێخ ڕەزا لە کاتێکا کە ویستوویەتی جنێو لە «جمیل صدقی زهاویشخص» بدا، وە کەس ئەم فیکرەی بەمقئوڵی و تیژییە بۆ نەهاتووە، وەکوو ئەمە کە ئەڵێ:

حەیزی کوزی حیز و دزی فەیرۆزە گواوی
مەعجوونی خەنە و وسمەیە بۆ ڕیشی زەهاوی!

لەمەوە هەجوی سەر ئەکێشێ بۆ شتی تەڕتر، ئەڵێ:

موددەتێ نێر بازیی و ئێستا کە مەیلی مێ ئەکەم
ئارەزووی گانی کچێکی کوز پڕی دەرپێ ئەکەم

لەمەشەوە گوێی نەداوەتێ هەر قافیەی بۆ ڕێک خرابێ با بۆ خۆیشی خراپ بووبێ، چاوی لێ نەبووە، بۆیە ئەڵێ:

بەم جووتە گونە من کە ئەڵێی عەنتەری نێرم
لێم لادە نەوەک بتخەمە بەر حەملەیی کێرم!

دیسان ئەڵێ:

من نە نانم خواردووە ئەمڕۆ نە گانم کردووە
وەک ژنی سەر کاسە یاران بۆچی ژانم کردووە؟!
***

شێخ ڕەزا کە دێتە سەر ستایش، پیاو وا لێ ئەکا کە بڵێ: ئەم پیاوە هەموو ژیانی خۆی لە ڕێی ستایش و چاکەدا خەرج کردووە و سەری نەکێشاوەتە قاپییەکی ترەوە. چەند بە جۆش و بەرز و باڵایە ئەو باسەی کە بەرانبەر بە «کاک ئەحمەدی سولەیمانیشخص» کردوویە؟! ئەو مەعنا و بەلاغەتە کە ئەو لەو بڕە شعرەیدا دەری بڕیوە، لام وایە کەم کەس توانیویە بیگاتێ؛ بەرزیی خەیاڵەکەی ئەم لەوەدایە کە لە وێنەی ئەم جۆرە ستایشانەدا کەسی لێ پێش نەکەوتووە و تەنیا ئەو توانیویە بڵێ:

مەربووتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاکی
خۆزگەم بە سەگی قاپییەکەی ئەحمەدی کاکی
ئەو قودوەیی ساداتە کە سوککانی سەماوات
شەڕیانە لەسەر سوجدە ئەبەر مەرقەدی پاکی
ئەو مەرقەدی والایە کە وەک عەرشی موعەللا
مەحفووفە بە زوواری مەلەک دەوری شەباکی
بۆ دەست و عەسا نازکەکەی داغە دەروونم
قوربانی عەسای دەستی دەبم، سۆل و سیواکی
دونیا لە دوای حەزرەتی شێخ، زیر و زەبەر بێ
وەک تاجی کەی و جامی جەم و بەختی زوحاکی
دەرحەق بە حەفیدانی، ئەدەب لازمە زینهار
قوربانی حەفیدانی دەبم، بابی و داکی
بەم حاڵە پەرێشانەوە باز «أشْهدُ بِاللة»عربی
شعرت تەرەب ئەنگێزە، «ڕەزاتخلص» شاعری چاکە

تەماشا ئەکەی شریتێکت بۆ ئەخاتە سەر و بارەگای بەرزی کاک ئەحمەدی تیایا دەرئەکەوێ. پۆل پۆل فریشتەکان دێن بۆ دیدەنی، وات پیشان ئەدا کە چاوت لە سێبەری شاپەڕی ئەو فریشتانەیە بەسەر گومەزی ئەو شێخەوە کە بارەگاکەی دیمەنی بارەگای کەیکاوس و نیگاری جامی جیهاننمای جەمشید و نگینی گوشتابشای هەیە. کە شێخ بۆ ڕازاندنەوەی ئەو بارەگایە نەما پێویستە ئیتر دونیایش وەکوو ئەمانە بپچڕێتەوە؛ چونکە ئیتر هیچ ناهێنێ. لەپاشا بە شانازییەکیشەوە ئەڵێ: ڕەزا شعرەکانت لە کوورەی دەروونێکی پڕ جۆشەوە دێت و ئاهەنگ ئەگێڕێت. بەڕاستی ڕاستی کردووە، ئاهەنگ ئەگێڕێ و دڵی مردوو زیندوو ئەکاتەوە!. بە شعرێک باسی موفتی زەهاوی ئەکا، ئەڵێ:

مومکین نییە ئیدراکی حەقایەق بەتەواوی
مومکین نییە ئیدراکی نەکا زیهنی زەهاوی

موفتی زەهاوی ئەو زاتە بووە کە شێخ ڕەزا لەبارەیا ئەڵێ: هیچ شتێکی ورد و دروشت نییە کە نەیزانێ و نەیدۆزێتەوە. شێخ ڕەزا لە باری مێژوونووسیشدا بۆت دەرئەخا کە شۆڕەسوارێکی ئەومەیدانەش بووە و بە چالاکانە ئەسپی قەڵەمی خۆی تاو داوە. دەورێکی «ئەوڕەحمانپاشا» و «عەوڵاپاشا» و «سڵێمانپاشا»ی بابانت بۆ ئەگێڕێتەوە کە لە شاری سولەیمانیدا فەرمانڕەوایییان کردووە و زەمزەمەیەکی دادگوستەرییان نواندووە. جا خۆی ئەهاوێژێتە ئەو مەیدانەوە و ئەڵێ:

لەبیرم دێ سولەیمانی کە دارولموڵکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم، نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لەبەر قاپی «سەرا» سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید
مەتافی کەعبە، بۆ ئەربابی حاجەت «گردی سەیوان» بوو
لەبەر تابووڕی عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی کەیوان بوو
درێغ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
کە مەیدانی جلیت بازی لە دەوری «کانی ئەسکان» بوو
بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر کرد و تێی هەڵدا
سلێمانی زەمان، ڕاستت ئەوێ باوکی سلێمان بوو
عەرەب! ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما
سەلاحەددین، کە دونیای گرت لە زومڕەی کوردی بابان بوو
قبووری پڕ لە نووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
کە بارانی کەفی ئیحسانیان وەک هەوری نیسان بوو
کە عەبدوڵڵاپاشا لەشکری والی سنەی شڕ کرد
«ڕەزا» ئەو وەختە عومری پێنج و شەش، تفڵی دەبستان بوو

نازانم ئایا کەسی تر توانیویەتی وەکوو شێخ ڕەزا پەردەی دەوری بابانەکان بگێڕێتەوە و لەشکر و دیوەخانەکانیان بە دەنگی مۆزیقا بگەیەنێتە هەیوانی ئاسمان و لەپاشا داخ و دەردی خۆی هەڵڕێژێ بۆ ئەو دەورە و بۆ ئەو ڕەزمارایی و جلیت بازییە؟. وە بە شابەیتەکەی باسێکی کورتی جیهانگیری سەلاحەددینی ئەیووبیت بۆ بگێڕێتەوە و بڵێ ئەو سەلاحەددینەش لەگەڵ پاشاکانی بەبەدا یەک ڕیشەیان هەیە، کە ڕەگەزی کورد و قەومییەتی کوردییە!.

شێخ ڕەزا کە دێتە بازاڕی دڵتەڕی و عەشقبازی، ستایشی وات بۆ ئەکا لات وا نەبێ کە تاقە کڕیارێکی ئەو بازاڕەیە، کە چی خۆیشی لە حەقیقەتدا شاعرێکی نوکتەبێژی زەمچی بووە!. باسی خۆشەویستێکی ئەبرۆ کەمانی زۆڵف پەرێشان ئەکا کە خاوەنی جێ سمی ئاهووە و بە نازی تیلی چاوی کڕیاری خەرقە و تەزبێحی شێخ و شێخانەیە. جا ئەم دۆستە ئایا تاقە گوڵێکی ڕاستەقینە بێت و بە بۆنی عەترامێزیەوە دڵی شێخی گەشاندبێتەوە؟ یا دیمەنێکی خەیاڵی بێت و بولیولی تەبعی ڕەزای هێنابێتە نەواخوانی؟ هەر لایەکیان ببێ پایەی شاعری تاڵەبانیمان لە مەیدانی ئەدەبیاتی غەرامیدا بۆ دەر ئەبڕێ. بێ گومان یەکێکە لەمانە بۆیە ئەڵێ:

دەمکوژی حوکمە، دەزانم بە خودا حوکمە حەبیب
وەرە سا بەشقی خودا دەس لە یەقەم بەردە تەبیب
وەرە دەستێ بخەمە گەردنی بلوورینت
تا وەکوو سفرە لە داخا بدڕێ ورگی ڕەقیب
تالیعم نەحسە، دەترسم کە بە ئازاری فیراق
بمرم و ڕۆژێ نەبێ دەوڵەتی وەسڵم بە نەسیب
چاوی فەتتانی تۆ کاری سیحر و جادووگەرییە
کە بە یەک عیشوە ئەدا عابیدی سەد ساڵە فەریب
تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە، ئەی ڕاحەتی جان
مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب
بێ فەراز نابێ شەکیب ئەم قسە تەحقیقە دەڵێ
من لە ڕێی عەشقی تۆ نەمدی بە خوا غەیری نەشیب
غەیری زوڵفە لە سەر و سەفحەیی ڕووت سابتە یا نە
تینەتی «طيبعربی»ە کە مەمزووجە لەگەڵ زینەت و زیب؟
شێخ دەگۆڕێتەوە گەر چاوی بە زوڵفت بکەوێ
خەرقە و سەبحە بە زیننار و چەلیپا و سەلیب
تاقەتی تاق بووە بێچارە لەژێر باری فیراق
بکە ڕەحمێ بە «ڕەزاتخلص» چاکە تەڕەححوم بە غەریب

لێرەدا کە بە وردی ئەم شعرانە بخوێنرێتەوە ئەزانرێ کە شێخ ڕەزا بە چە جۆر خۆی لە مەیدانی غەرامییاتیشدا نواندووە؟! وەیا چۆن شاعرێکی دڵتەڕی هەوەس پەرست بووە؟. دیار بوو ئەوەی پێشوو تاپۆیەک بوو خەیاڵی کە دروستی کردبوو، بەڵام کە دێتە باسی سادەڕوخەکان، ئەو سادە ڕوخانە کە خاوەنی کۆمەڵە بەفری شەقکراوی بە مشارن، ڕاستەوڕاست خۆی ئەخاتە کۆشیانەوە و لەوێدا پێت ئەڵێ: توخنیان مەکەوە، چونکە وەفایان نییە. ئەم ئامۆژگارییەی لە کوورەی دەروونێکی بەجۆشەوە هەڵئەڕێژێ، لەو کوورەوە هەڵی ئەڕێژێ کە بۆتەی تاقیکردنەوەی لەسەر بووە و خۆی لە کوورەکەدا ئاڵتوونی ئەو بۆتەیە بووە، ئەڵێ:

ئەم سادەڕوخانە لە مەلاحەت کە تەمامن
دەورەت دەدەن و تەفرە مەخۆ قەت مەڵێ ڕامن
گەهـ دۆستی وەفادارن و گەهـ دوژمنی خونخوار
دڵنەرمی دەکەن گاهـ و گەهێ سەخت کەلامن
عاجز مەبە نەک بۆ تۆ وەفایان نییە بۆ کەس
مەعلوومە کە ئەم تاقمە وەک تاسی حەمامن!

وا دیارە شێخ زۆر داخ لە دڵ بووە بۆیە وتوویە:

کەسێ بیبێ حەیا وو شەرم ونامووس
ئەبەد ناکا ڕەفێقی تاقمی لووس

ئەگەر سەد ساڵ بدەی ڕنج و نەیانگێیت قسەی وات پێ ئەڵێن نەیگرتبێ قامووس

شێخ لە دەوری پیریشدا خۆی هەر هەڵئەکێشێ و ئەڵێ:

عومرم گەیی بە هەشتا کێرم بە کارە هێشتا
تەسدیقی گەر نەفەرمووی، هەستم بەرم بە ڕەشتا

شێخ ئەکەوێتە باری قسەی نەستەق و نوکتە بازی. کە دێتە باسی کردەوەی شێخی ئیمان فرۆش هەر لە خۆی ئەوەشێتەوە کە بڵێ:

شۆخێ بە ئینابەت چووە لای زوهد فرۆشێ بۆ ئەخزی تەریقەت بە دڵێ پڕ لە خرۆشێ

خۆش هاتە جواب و وتی: تۆ حەقتە وەلێ من

ساڵێکە فرۆشتوومە ئیمانم بە قرۆشێ

قسە نەستەقەکەی وەکوو ترازوو وایە بۆ ژیان کە ئەڵێ:

پیر کە کۆکی ونەتڕی،دوورە ڵە مردن هێشتا وردە ئاهەنگی دوای کۆکە نیشانەی ئەجەلە

پیر کە کۆکی و تڕی، دەنگی وکووە بارەزەلە
شاهیدی موعتەبەرم عێزەتی مەئممووری تەلە

بیری تێژی شێخ ڕەزا نەبێ کەس ناتوانێ دەنگی بارەزەلی بە دڵا بێت!....بەمەوە نەوەستاوە سەرکەوتووە بۆ ئیشی دووبەدوویش، کە ئەڵێ:

هەر لە دەنگی کەڕەنا و شەیپووری چەنگیز خان ئەکا
وردە ئاهەنگی پیاوی پیر کە وەختێ گان ئەکا!

دیارە زۆر چاک چووەتە جەرگی چۆنیەتی ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆیە قسەکەی وا بە دانسقە ئەشێ لە کاتێکدا کە ئەڵێ:

تڕی ئەولادی ئەم عەسرە بە کێرم
کەمن مردم مەگەرگوو بکەن بەخێرم

ئایا چە شاعرێک توانیویەتی بەم جۆرە جنێو بە دوژمنی خۆی بدا وەکوو شێخ ئەڵێ:

ئاشی سمتی تۆ بەئاوی کێری ئێمە ناگەڕێ
ئاش بەتاڵی بۆبکە،گەر تاقەتی دانت هەیە!

ئایا موبالغەش بەم جۆرە؟ کە ئەڵێ:

گیر نەبوو دەستم لەبەرلووسی بەسمتی خڕیەوە
زۆر نەمابوو گەردنم بشکێ،بە گون خۆم گرتەوە!

یەکێ لە نوکتە شێعرییەکانی شێخ ڕەزا ئەوەیە کە ئەڵێ:

بۆ کەرێ ئێعلانی حەربی کرد لەگەڵمان شێخ حەسەن
سەیری کەن یاران چە گۆبەندێکی گێڕا، ئەم کەرە!

ئەگەر شێخ حەسەن بێت و بڵێت ئەو جنێوەت بۆچ پێداوم؟ شێخ ئەڵێ خۆ من بە تۆم نەوتووە! وتومە:کەرەکە بوو، بەهۆی گۆبەندنانەوەی ئەم شەڕە!.

چەن جوان باسی فڕوفێڵی شێخێکت بۆ ئەکا،کە ئەڵێ:

لازمە بۆ شێخ سبەینان گورگەخەو
تا بڵێن شێخ زاهیدە و نانوێ بە شەو!

ئای چەند لە دەمار و خوێنی کۆمەڵایەتیدا چووەتە خوارەوە و چۆن ئەم فەلسەفەیە بۆ دەر کەوتوە کە ئەڵێ:

ساغ لە دونیادا نەماوە، گەر قسەی ساغت ئەو
بێ هەژارت پێ نیشان دەم گەر قوڕمساغت ئەوێ

بە وردی لە فەلسەفەی سروشتی ئادەمیزاد ورد ئەبێتەوە کە ئەڵێ:

دوێنێ قەترەی خوێن بوویت ئیمڕۆکە کەفێ خاکی
بەنی ئادەم کەری، گەر کەر نەبی بۆچ هێندە بێ باکی؟

ئەم مەعنا فەلسەفییە کە شێخ لەم تاقە شعرەیدا جێی کردووەتەوە، کەم کەس توانیویەتی ئەو بەلاغەتە بنوێنێ و بە چەند وتە ئەو مەعنایە دەرخا. ئایا شێخ ڕەزا لەوانە بووە کە نۆی بداتە قەرەی فەلسەفەیەکی تەسووفی و حیکمەتێکی ڕۆحی؟ بەڵێ، شێخ ڕەزا بە دوو بەیتی کوردی بەرزتر مەعنایەکی ئەو مەیدانەی دەربڕیوە کە ئەڵێ:

زوبدەی مەتاعی حیکمەتە ئەم شعری کوردییە
هەرزانە بش موبالەغە حەرفێ بە گەوهەرێ
جامەی حەیاتی عارییەت کورتە زینهار
ئالوودە دامەنی مەکە بۆ پێچی مێزەرێ!

تانیویەتی کە بڵێت: پارچەی ڕەنگاوڕەنگ و بەنرخی حیکمەت کە هێنراوەتە مەیدانەوە شعری زمانی کوردی خاوێنتر و پاکژتری ئەو پارچە و کووتاڵەیە، ئەگەر بێتوو تاقە حەرفێکیشی بفرۆشێ - تەنانەت بە ئاڵتوونێکیش -- لەبەر ئەوە ئەم بەنرخترە هەر ئەخڵەتێیت. دیارە ئەم شعرەی منیش دایئەنێم یەکێکە لەو شعرە بەنرخە کوردییانە. ئەم جلوبەرگی ژیانە لەبەر ئەوە هی خۆت نییە و شتێکە خواستووتە، ناتوانی زۆری لەبەر کەیت، ئەبێ خێرا بیدەیتەوە بە خاوەنی. جا وریا بە پیسی نەکەی بۆ پێچی ئەو مێزەرە کە لەسەری ئەنێیت و بە جۆرێکی تر ئەچیتە پێش چاوی مردمەوە؛ بە جۆرێک ئەچیتە پێش چاویان کە لە ڕواڵەتا لە پیاوێکی ئایینی ئەچیت، کە چی لە پەنامەکیدا ئەبی بە دزێکی ڕێگر!. دیسان وریا بە داوێنی ئەو جلوبەرگە - کە ئاخر و ئۆخری ژیانەکەتە - پیسی نەکەیت بۆ ئەو کردەوانە کە لە سەرەتای ژیانتەوە لەسەری بوویت و بڵێیت لە زەمانی گەنجیما گەلێ ئیشی هەرزەکاریم کردووە، تازە هیچی تز کەڵکم ناگرێ، با هەر بەو ئیشە هەرزەکارییانەوە سەربنێمەوە!.نە، وا مەکە،زەمانی هەرزەکاری هەرزەکاری بوو،زەمانی پیری لەبەر ئەوە کە پیاو ڕووبەڕووی قاپییەکی تر ئەبێتەوە - ئەبێ بە هەموو ئامادەییێکەوە ڕووی تێکا و باوەش بکا بەو کردەوانەدا کە پارێزگاری پیاو ئەکەن لەو قاپییەوان وموحاسیبانە کە چەقی ڕێگای مردن و گۆڕیان گرتووە و لەوێدا چاویان بریوەتە ئینسان!

دیسان واتە ئەم ژیانی کورتی دنیایە-مەگۆڕەوە بە ژیانە هەتاهتاییەکەی تر. لە کوردیدا ئەڵێ «ئەو شتە پێچی مێزەرێکە»مەبەستی ئەوەیە کە زوو بەسەر ئەچێ.

***

من نەم ئەویست لێرەدا بێجگە لە کوردی لە شتێکی تر بدوێم و قسە لە غەیری شێعری کوردییەوە بکەم،

بەڵام شێخ ڕەزا ناچاری کردم کە قسە لە دوو شتەوە بکەم و هەردووکیشی فارسییە: یەکەم ئەو شێعرەی کە باسی تاقی کیسرا ئەکا و ئەڵێ :

شکافی که‌ بینی در ایوان کسرافارسی
دهانیست که‌ گوید بقا نیست کس رافارسی

یانێ : ئەو قەڵشاوییە کە لەکیسرا دا چاوت پی ئەکەوێ،ئەوە دەمێکە دەمی کردۆتەوە و ئەڵێ : مانەوە بۆ کەس نییە تاقی کیسرا کەم شاعر بووە قسەی لێوە نکردبێت و خۆی لێ نەدابێ. یەکێک لەوانە «بوحتووری ،مەنبەجیشخص» شاعری بەرزی سەدەی سێهەمی هیجری عەرەبە .بە ٥١ شێعر باسی تاقی کیسڕات بۆ ئەکا و سەرەتای ئەکاتەوە و ئەڵێ:

صنت نفسي عما يدنس نفسيعربی
و ترفعت عن جدا كل جبسعربی

لە شێعری نۆهەما ئەڵێ:

اتسلي عن الحظوظ و اسيعربی
لمحل من ال ساسان درسعربی

پاکێژی مەعناکەی واتە: ئایا ئەگەر چاوت بە شوێنی بنەماڵەی ساسانییەکان بکەوێ، ئەبێ بە دەرز بۆت و ئیتر پشت بە هیچ چاکە وخراپە و بەرزی نزمییەک نەبەستی!.

یەکێکی تر «خاقانی ، شیروانی» شاعری گەورەی سەدەی شەشەمی هیجری فارسە، ئەویش بە ٤٢ شعر هەر باسی هەیوانی کیسرات بۆ ئەکا و سەرەتای شعرەکانی بەوە ئەکاتەوە ئەڵێ:

هان،ای دل عبرت بین ازبنده‌ نظرکن هانفارسی
ایوان مدان را ایینه‌ی عبرت دانفارسی

لە شعری نۆزدەهەها ئەڵێ:

این است همان ایوان کز نقش رخ مردمفارسی
خاک در اوبود دیوار نگارستانفارسی

پاکژی معناکەی واتە: ئەمە ئەو هەیوانە یە کە لەبەر زۆری هەموو جۆرە مەردمێکی جوان شۆخ وشەنگ دیواری نیگارستانەکان-کە بەوێنەی نایاب نایاب ڕازێنرابووبوونەوە-هێنروان کروان بەخاکی ناو قاپییەکەی بۆ ئەوە ببن ڕێبازی ئەم جوانانە کە ئێستە لەوێدا دانیشتوون چونکە لەبەر جوانی ئەمانە نیگارەکان ئیتر نرخێکیان نەماوە،ئەبن بکرێن بە خاکی سەر رێگا،

بەڵام ئەگرئیمە بە چاوێکی ورد بینەوە لەو تاقە شعری شێخ ڕەزا ورد بینەوە،ئەبینین لە باریدعیلمی بەلاغە بەیاندا لەوانەیە هینەکەی ئەم بەرزتر و پڕ مەعناتر بێ!بۆیەش وایە،چونکە ئیجازەکەی گەیاندۆتە ئەوپەڕی، تەنیا دە وشەی تێدا خەرج کردووە کە چی بەلاغە و فەلسەفەکەی ئەوانی گرتۆتەوە، هەرچەند لەم ڕووەوە مەولانا خالیدیش ئەڵێ:

چشم عبرت برگشا و طاق کسرا راببینفارسی
پرده‌دارش عنکبوت وجغد نوبت زن بود!فارسی

واتە: چاوێکی عیبرەت هەڵبڕە و تەماشایەکی تاقی کیسرا بکە،سەیر ئەکی جاڵجاڵۆکە بەردەدارە وکونەبەبووە نۆبەتچی! بەڵام لەوانەیە ئەگەر شوێن خاقانی نەکەوتبێ زەینیان یەکی گرتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش هەر هینەکەی شێخ ڕەزا دوور نییە بەرزتر بێ، چۆنکە لە فەلسەفەی مەعناکە و ڕێکخستنی عیبارەتەکە کەسی لێ پێش نەکەوتووە. ئەوەندە هەیە ئەگەر ئەوە کوردی بوایە، سەد ئەوەندەی تر پایەی شێخ ڕەزای بەرز ئەکردەوە. دووهەم ئەم فیکرە وردە نایابەیەتی کە گاورێک سەر ڕێی گرتووە و وتوویە: ئەگەر عیسا پایە بەرزتر نەبوایە لە موحەممد لەلای خوا، نەیان ئە بردە ئاسمان!. ئەویش ئەڵێ: کە عیسا و موحەممەدیان لە ترازووی قەدر شناسیدا کێشا ، لەبەر ئەوە پایە بەرزی موحەممەد گرانتر بوو:

نشست کفه‌ی میزان مصطفی به‌ زمینفارسی
به‌ اسمان چهارم مسیح شد بشتابفارسی

تاکی ترازووی موحەممەد گرانتر بوو، نێشتە ئەرز و هی عیسا سووک بوو خۆی نەگرتەوە تا ئاسمانی چوارەم!

ئێمە نەبێ لەسەر ئەو باوەڕە بین کە بێجگە لە زیرەکی و وردەکاری شێخ ڕەزا کەسی تر نەیتوانیوە ئەم وەڵامە بەڕێ و جێیە بداتەوە و فیکری بۆ شتی وا بڕوا.

کەوابوو شێخ ڕەزا چوون شاعرێکی خوسنچی بووە، هەروەها ستایشچی، غەرامی و وردەکاریش بووە زۆرتر لە شعرەکانی بوون وەکوو پەندی پێشینان و مەردم لەبەریان کردووە.

شێخ بێجگە لە شعر لە قسە و سەرگوزەشتیشا هەر قسە نەستەق و نوکتەباز بووە.گەڵێ قسەی دانسقەی لە شوێن بەجێ ماوە. ئێمە لەمە زیاتر نەمانویست درێژە بە باسی شێخ ڕەزا بدەین بۆیە قسەکانمان نەگێڕایەوە.

دیوانی شعیرەکەی لەڵایەن « مەریوانی »یەوە لە ساڵی ١٩٣٥ی میلادی لە چاپخانەی«مەریوانی» لە بەغدا بۆ جاری یەکەم لەچاپ دراوە، بۆ چەلی دووهەمیش لەلاین «شێخ عەلی تاڵەبانی» نەوەیەوە لە ساڵی ١٩٤٦ی م، لە چاپخانەی « معارف» لە بەغدا لە چاپ دراوە. ئەمەی دوایییان لە پێشا بەشی کوردی ئینجا فارسی، و بەشوێن ئەوانا تورکییەکەی دێت، هی یەکەمیشیان بە شوێن ئەماندا عەرەبی دێت.

لە لایان «سەیدیان» یشیەوە لە مهاباد ئۆفیست چاپ کراوەتەوە بەڵام بەبێ تاریخ.