مەحوی

(١٨٣٠-١٩٤٠)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 20 دقیقه  3286 مشاهده

شاگردی مەیخانەی مەیفرۆشانی مەعریفەت لە سۆزدا، خەلفەی کۆڕی چلەکێشی ئەشکەوتان لە خورۆشدا، شێخی سەر بەرماڵی دڵ ڕووناکان بەو چاوی پڕ لە فرمێسکی خوێنینەوە، پیری دیواخانی پاڵەوانان بەو باوەڕی قایمی ئاسنینەوە. شەیدا بە کێشی قسەی نەستەق لە باری ئایینی، والە بە زوشتی لەگەڵ نەفسی پیسی ڕابەری بێ دینی. ئاشنا بووە عەشقی تەنها بە باسی کردەوە بۆ ڕۆژی دوایی، نەیداوە خەرمەنی فیکری بە دەس خەیاڵی شەن و بای دونیایی، دانا بووە بە فەلسەفەی ئەو ڕێگەیە کە ڕێی تەریقەتە، زانا بووە بە وردەکاری ئەو باوەڕە کە بیری شەریعەتە، قسەی ئاوێنەی دڵیە، شعری تێکڵاوی گڵیە. نەفسییەتی سۆفی بووە، بیری تیژ و قووڵی بووە. شاعری بەرزی ئەم داستانە ناوی «موحەممەد» و کوڕی «مەلا وەسمانشخص»ی باڵخییە - باڵخ دێیێکە لە ناوچەی ماوەت لە لیوای سولەیمانی - لە ساڵی ١٨٣٠ی میلادی لە شاری سولەیمانی هاتۆتە دونیاوە. لە تەمەنی حەوساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، لە کتێبە وردەڵەکان بووەتەوە و سەرەتای خوێندنی علوومی ئیسلامی لای باوکی دەست پێ کردووە، لە پاشا بە فەقیەتی چووە بۆ سابڵاخ بۆلای مەلا «عەبدوڵڵاشخص»ی پیرەباب، سێ ساڵێک لەوێ ماوەتەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سولەیمانی، لەو ناوەدا و لەلای مەلا چاکەکانی ئەو دەورەدا گەڵی دەرزی وەرگرتووە، ئینجا چووە بۆ بەغدا بۆلای «موفتی زەهاویشخص»، ماوەیەک لەلای زەهاوی ماوەتەوە و ئیجازەی مەلایەتی پێ داوە و لە «١٨٥٩»دا کردوویە بە مامۆستای مزگەوتی «امام اعظمعربی». لە «١٨٦٢»دا بەغدای بە جێ هێشتووە و چووەتەوە بۆ سولەیمانی، لە سولەیمانی بووە بە ئەندامی مەحکەمە. لە «١٨٦٨»دا کە باوکی ئمرێ، خۆی لە ئیشی حکوومەت ئەکێشێتەوە و دەست ئەکا بە دەرز وتنەوە بە فەقێیان. مەلا وەسمانی باوکی، خەلیفەی شێخی «سیراجەددین»ی تەوێڵە بووە، خۆیشی هەر لەو بنەماڵەیەدا خەلیفەیەتی شێخی «بەهائەددین» وەرئەگرێ، لە دوولاوە بە دوو لادا مەردم فێری عیلم و تەسەووف ئەکا.

لە «١٨٨٣»دا بارگە ئەپێچێتەوە و ئەچێ بۆ حەج، هەرکە لە حەجەکەی ئەبێتەوە لەوێوە ئەچێ بۆ ئەستەموڵ، پیاوە کوردەکان ئەیگەیەنن بە «سوڵتان عەبدولحەمیدشخص»، سوڵتان شێخ موحەممەدی بە عیلم و تەسەووفەوە ئەچێتە دڵەوە، نەوازشێکی زۆری لەگەڵا ئەکا و فەرمان ئەدا لە سولەیمانی خانەقایەکی بۆ دروست ئەکەن - کە بە ناوی خانەقای مەحوییەوە ناوبانگ ئەستێنێ و ئیستەش ئەو خانەقایە ماوە - کە ئەگەڕێتەوە بۆ سولەیمانی ئیتر دەست ئەکا بە دەرز وتنەوەی عیلم و ڕابەریکردنی مەردم لە باری تەسەووفدا، تا لە «١٩٠٤»ی میلادی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا شەربەتی مردن ئەخواتەوە و لە خانەقاکەی خۆیدا ئەنێژرێت. شێخ موحەممەد پیاوێکی باڵا بەرز و کەڵەگەت، سوور و سپی و چاو گەورە و ڕیشێکی درێژی پێوە بووە، بە نەرمی وە لەسەرخۆ قسەی کردووە، مێزەری سپی کوردانەی لەسەر داناوە و کەوا و سوڵتە و جوبەی لەبەر کردووە، لە دەوری ئاخردا ژوورێکی لە خانەقاکەی خۆی بۆ خۆی تەرخان کردووە، لەوێدا وەختی کردووە بە سێ بەشەوە:

بەشێکی بۆ دەرز وتنەوە، بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ مەردما و ئامۆژگاری کردنیان لە باری شێخایەتی، بەشێکیشی بۆ نوێژ و زیکر و فیکر. لە سەرەتای ژیانیشیەوە زۆرتر حەزی بە گۆشەگیری و تێکڵاونەبوون کردووە و لای وا بووە کە سووسەی نەسیمی مەعنەوییات لەم سووچەوە دەست ئەکەوێ. کە ماوەیەک ماوەتەوە و بۆنی هیچی نەکردووە کەوتۆتە سەر ئەو باوەڕە کە تا جۆش و خرۆشێکی نەبێ ناگاتە ڕووی ئازیزان. بە خۆی ئەڵێ:

سەر، کە جۆشێکی نەبێ من زرکە تاڵەم بۆ چییە
دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چییە!

پێی ئەڵێن: ئەم جۆش و هۆشە ئەتکێشێ بۆلای ئەو مەیدانە کە مەیدانی عەشق و عاشقانە و مەیدانێکی ترسێنەرە؛ مەیدانێکە کە سەرچاوەی ئیلهاماتی شعر و ئدەبە. بازاڕی شعریش گەلێ لقی لێ ئەبێتەوە، ئەڵێ:

ئەزانم بادیەی عەشقە خەتەرناک
کە چی هەر چووم ئەگەر ماوم، ئەگەر چووم

کە ئەکەوێتە ئەو مەیدانەوە بەبێ ئیختیار شەرابی عەشقی شاعران ئەخواتەوە و «مەحوی» ئەکا بە ناوی شعری. کە وابوو مەحوی لەو کەسانە بوو کە تەنها سۆزی مەعنەوییات قاپی شعری بۆ خستە سەر گازی پشت، بەبێ ئەوە دڵی کردبێ بە هێلانەی خەیاڵی ڕوومەت گوڵان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. بەڵێ، مەحوی بەم جۆرە خۆی هاویشتە کۆڕی شاعرانەوە؛ بەڵام ئایا هەستی بەوە کرد کە پەردەی خەیاڵی شاعر پەردەیەکی نازکی کامێرایە؟ ڕووبەڕووی هەرشتێکی کردەوە وێنەکەی وەر ئەگرێت و بۆ پاشەڕۆژ ئەیهێڵێتەوە. یا هەر دەنگی ئاوازی شعری لە بەینی چوار سنووری عەشقی حەقیقیدا مایەوە و هیچ جم و جووڵێکی نەکرد؟. من لام وایە ئەمەی دوایییانە مەگەر جارجارێکی زۆر کەم نەبێ کە سەرێکی لەسەر دیواری سنوورەکەوە کێشابێتەوە بەم دیوا بۆ ئەوە بزانێ چی هەیە و چی نییە.

ئەو ماڵە کە مەحوی تیایا گەورە بووبوو ناچاری کردبوو بەوە کە سەر بەرێتە مۆزەخانەی ئەهلی تەسەووف و بەراوردێکی بیر و باوەڕەکانیان لەگەڵ دڵی خۆیدا بکا. کەوابوو دیسان هەر تەسەووف مەحویی کرد بە شاعرێکی تەسەووفی و کردی بەوە کە بە دەستووری «میتافیزیقی»یەکان لە پشت پەردەی تەبیعەتەوە شت بڵێت، وەکوو بڵێیت فەلسەفە و تەسەووفی لە سوێنەیەکدا شێلاوە، بەم بۆنەوە گۆیا بە درێژایی ژیانی لەگەڵ شەیتان و نەفسدا دەستەویەخە بوون!. بەڵێ، مەحوی شاعرێکی وردەکاریش بووە، وردەکار بووە نەوەک گاڵتە، بۆیە هەندێ قەسیدەی لە مانگێکەوە تا ساڵێک درێژەی کێشاوە، بەڵام ئەم وردەکارییەی ئەگەر تێکڵاو بە فەلسەفەی تەسەووفەوە نەکردایە نەیئەتوانی بستێ بەولاوە بچێ. هەروەها شاعرێکی قسە نەستەق و جیناس پەروەریش بووە. دیسان ئەویش تا بە تەسەووف ئاوی نەدایە هەر بۆی نەهاتووە. کەوابوو مەحوی چۆن خۆی شاعرێکی سۆفی بووە، شعرەکانیشی گران و قووڵ و زۆر بە شوێنیانا گەڕاوە و خۆی تووشی عەزیەت کردووە تا دایانی ناوە!. ئینجا ئەتوانین لێرەدا بێینە سەر باسکردن لە هەندێ لە شعریەوە بۆ ئەوە ئەو پایەیەمان بۆ دەرکەوێ کە مەحوی لە شعردا گرتوویەتی. باسێکی خۆی و نەفس و دونیا ئەگێڕێتەوە ئەڵێ:

لە ناکەس کارییا خاکم بەسەر، ڕۆیی بە با عومرم
خوا سا بمژیێنی تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم
بە زایع چوو لە «ما لا يعنيعربی» یا وەقتم هەموو، یەعنی
دەبێ وەختێ لە «بوالوقتعربی» ێ بخوازم تا تیا بمرم
ئەجەل دەورم دەدا حازر بە وەعدەی دەور و تەسلیمە
منی غەفڵەت زدە هێشتا خەریکی مەسئەلەی دەورم!
خەیاڵی پووچی دونیا وا دەماغ و دڵمی پێچاوە
قیامەت هەر مەگەر ڕۆژی قیامەت بێتەوە فیکرم
لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ هەوا دەشنێ وەکوو منداڵ
لە بەر پیری سەرم خۆی ناگرێت و تازە پێ دەگرم
چییە سووچ و گوناهم بۆچی دەمکاتە جەزاخانە؟
لە قەبرەڵکەن هەتا ڕۆژی جەزا دەعوا چییە قەبرم؟
سبەینێ «يحشر المرءعربی»ە، براگەل فرسەتە ئیمڕۆ
تبەڕڕا بن لە من، با کەس نەبێ حەشری لەگەڵ حەشرم
لە من نازانم ئیتر نەفسی بەدخوو چی دەوێ «مەحویتخلص»
کە بەد کردار و بەد ڕەفتار و بەد ئەفکار و بەد تەورم
مەگەر بەر مەوجی بەحری ڕەحمەتم خا وەسفی سەتتاری
وەگەرنە زەحمەتە پاکبوونەوەم، نامومکینە حەشرم

مەحوی حاڵەتێکی تەسەووف و دەروێشی بە بیرێکی وردی فەلسەفی دەر ئەبڕێ، ئیجگار لەبەر ئەوە خۆی بە سووچدارێکی تەواو ئەبینێ، دەردە دڵێکی بە سۆز ئەکا و ئەڵێ: داخی گرانم من کەڵکی ژیانم نییە، ئەو ژیانە کە ئەڵێن باخچەی ئاخیرتە و تۆوی تیا ئەچێنرێ بۆ ئەوە بەری پڕ خێر و بێری ڕۆژی دوایی بدا بە دەستەوە، چونکە تەماشا ئەکەم - هەش بەسەرم - هەموو عومرم ڕۆیی و هیچم نەکرد، کەوابوو خوایە ئەوەندە بمژێینە تا خۆم ئگەیێنمە بەر قاپی کەسێکی وەها کە ژیان بۆ ئەو باشە و ئەو ئەزانێ چۆن لەو زەوی و زارەدا کشتوکاڵ بکا؟، بۆ دروونەوەی خەرمانی ئەو دونیا بەڵکوو بەهۆی پاشەرۆکی ئەو خەرمانەوە منیش شتێکم دەست کەوێ!. من فیکر ئەکەمەوە ئەم ژیانە خۆشەویستە - کە گەلێ لە ئاڵتوون بەنرخترە - بە جۆرێک دۆڕاندوومە تەنانەت بەشی تاقە هەناسەیەکی خاوێنیشم بۆ نەماوەتەوە کە بتوانم بە ڕووسووری تیایا بمرم. بە ناچاری ئەبێ بۆ ئەوەش هەر پەنا بەرمە بەر یەکێکی وەها کە لاپەڕی ژیانی

- لە بارەی چاکە و چاکە کردندا - وەکوو ئاوێنەی بێ گەرد وابێ و تۆزێکی لێ بسێنم بۆ ئەوە لەو وەختەدا ڕۆحم بدەم بە دەستەوە. ئەوا من ئەمە حاڵمە کە چی مردنیش وەکوو شمڵی شەڕ گل و خولیەتی بە دەورما ئەڵێ: وەرە مەیدان، چیت وەرگرتووە بیدەرە دواوە؟!. بەڵێ من شتم وەرگرتووە - کە گیان و شعوورە - ڕۆح و هەست بۆ ئەوە وەرئەگیرێت کە خوای پێ بناسرێت و فەرمانبەرداریی خوای پێ بکرێت، بەڵام من لەبەر ئەوە کە ئەو مەبەستەم پێک نەهێناوە، وەکوو هیچم وەرنەگرتبێ وایە. ئیستە ئەوا کەوتوومەتە سەر ئەوە هۆشم هاتۆتەوە بە خۆما کە ژیان ئەبێ بۆ فەرمانبەرداریی خوا خەرج بکرێت و ئێستە بە تەمای ئەوەم کە پێ باوێژمە ئەو مەیدانەوە!. کەوابوو مردن، من هێشتا لە دەوری ئەوەڵدام، تۆ چۆن ئەڵێیت بێنە بیدەرە دواو؟! چیم پەیدا کردووە تا بتدەمێ؟ منێ کە خەیاڵی پڕوپووچی دونیا وای خەو لێ خستبێتم کە مەگەر ڕۆژی قیامەت خەبەرم ببێتەوە و بزانم ئەمە قیامەتە، ئیتر تۆ چۆن ئێستە ئەڵێ: بێنە حیسابی خۆت بدەرە دواوە؟!. منێ کە بەناو ئەوەندە پیر بووم، لە پێ کەوتووم و سەرم ئەلەرزێ، کە چی نەفسم وەکوو مناڵێکی ساوا چۆن پێ بگرێت و بە شنەشن بە پیری شتەوە بچێت، بەو جۆرە تازە خەریکی ئەکەوێتە گڕوگاڵ و پێ ئەگرێت و ئەچێ بە پیری ئارەزووی شەهوانییەتەوە!، من نەفسێکی وام ببێ ئەی مردن! تۆ چۆن ئەڵێیت بێنە چیت وەرگرتووە و پەیدات کردووە بمدەرێ؟. ئایا من کە هاتمە دونیاوە بۆ ئەوە هاتم کە فەرمانبەرداریی خوا بکەم؟ یا لێی هەڵتەکێنم؟! دیارە هێنانەکەم بۆ فەرمانبەرداری بووە کە چی نەفسەکەم ئەو کەتنەی گێڕا، ماوەی ژیانەکەمی بەو دەردەی برد کە بردی، نەیهێشت ئیشێکی چاکەی تێدا بکەم. من کە بەم جۆرە گیرۆدەی زنجیری نەفس بووبێتم، ئیتر نازانم ئەبێ چە سووچ و گوناحێکم ببێ و ئەبێ بۆچی بخرێمە ئەو بەندیخانەیەوە و ئەشکەنجە و ئازار بدرێم؟ ئەبێ بۆچی لەبەر ئەوە کە ئەوەندە خراپ بم گۆڕەکەم تا ڕۆژی قیامەت موحاکەمەی گۆڕهەڵکەنەکەم بکا و پێی بڵێ: من خاوێنم و ئەمەش لە من دروست کراوە، ئێستە بۆچی بەم پیسییە هێناوتە و پێت داومەتەوە؟. ئەوا من بەو دەردە چووم، کەوابوو کوڕینە، هەل لە دەست بەر مەدەن، توخنم مەکەون با ئێوەش وەکوو منتان لێ نەیە، هەتا زووە ئیمڕۆ خۆتانم لێ دوور خەنەوە با سبەی ڕۆژ کە حیساب و کیتابی عالەم ئەکێشرێتەوە حەشرتان لەگەڵ من نەکرێ، نەوەک ئێوەش پێوە ببن!. ئەوا چاوتان پێکەوت کە نەفسی پیسم بەم جۆرە کەمەری دوژمنایەتی لەگەڵما بەستووە و وای لێ کردووم کە کردەوە و قسە و هۆش و بیر و خووڕەوشتی بە جارێ تێک داوم، کە چی لەسەر ئەمەش هەر وازم لێ نایەنێ. کەوابوو مەگەر خوا بە میهرەبانی خۆی بمخاتە بەر شەپۆلی ڕەحمەتی خۆی و بمشارێتەوە و بمشواتەوە، ئەگینە زۆر گرانە بە شتێکی تر پاک ببمەوە و داڵدە بدرێم!.

تەماشا ئەکەی لێرەدا مەحوی بە بیرێکی زۆر زۆر ورد لەم فەلسەفەی ژیان و نەفسە ورد ئەبێتەوە، لەلایەکەوە خۆی زۆر بە خراپ ئەزانێ، لەلایەکی ترەوە ئەڵێ من خراپ نیم ئەگەر نەفسم لەگەڵ نەبوایە!، لە ئاخری کاریا ئیشی خۆی بەرەو ڕووی خوای خۆی ئەکاتەوە. کەوابوو مەحوی ڕێگەیەکی گرتووە کە فەلسەفەچییەکانی دەوری ناوەڕاست لە عالەمی ئەڕواحدا گرتوویانە!.

***

دیسان مەحوی دێنێ بە جیناس و وردەکاری و ڕێک خستنی عیبارەتی گران، هەر لە باری تەسەووفدا پێ ئەخاتە قاپییەکی ترەوە و ئەڵێ:

لە سەیری خەستەخانەی عەشقی ئەو سەوزەی کەوا شینە
لەسەر هەر خەستە دێ، یا خوێندنی یاسینە، یا شینە!
شەهیدی غەمزەیە بەعزێ، سەقیمی عیشوەیە جەمعێ
دیارە سەرنویشتی ئەهلی دڵ یا شینە، یا سینە
لە بەنگ ئەم بەنگیانە چی دەبینن؟ خۆ لە خۆ گۆڕان
لە دونیادا مەداری عەیش و خۆشی خۆ نەناسینە
بەسەر دڵدا لە قاپی فەیزەوە دێ نەشئە پەی دەرپەی
چە غەمزەی دیدە مەخموورێکە ئەمشەو؟ ژان دەکا سینە
هەناسەم دا بە ناڵە عەرزی حاڵم کەم کە تاساوە
لە خوێناوا دڵ و جەرگم، دەروونم کەیلە تا سینە
لە عالەمدا عەلامەی سوبحی حەشر ئەمشەو بەیانی دا
خوا عالەم لە چاکی ئەو بەرۆکە دەردەخا، سینە
مەلا تەڵقینی «مەحویتخلص»دا نەدا «حبل المتينعربی»ی ئەو
لە جێگەی زەللە زەیلی ڕەئفەتی «طاهاعربی» وو «ياسينعربی»ە

نازانم مەحوی چی ناچاری کردۆتە سەر ئەوە کە بەم جۆرە عەزیەتی خۆی بدا بۆ ئەوە شعر دابنێ؟! ئایا شعر دەنگێکی نهێنی نییە کە تەلی عاتیفە ئەبزوێنێ؟ ئایا شعر دەوارێکی ئاورێشم نییە کە لە لالەزاری گێتیدا هەڵئەدرێ بۆ ئەوە پیاو لە سێبەریا خۆی لە گەرما و سەرما حەشار بدات و لە بنیانا دڵ و دیدەی بە بۆن و دیمەنی گوڵاڵەی ڕەنگاوڕەنگ بگەشێنێتەوە؟ بەڵێ، شعر ئەمانەیە، بەڵام وەختێ ئەمانەیە کە بە جۆرێ بوترێ پیاو لێی تێ بگا، بە جۆرێ بوترێ کە ئەو مەبەستە وەکوو ئاوی گەوارا بکرێ بە گەروودا، نەوەک شاعر بێنێ تەنها بۆ کامەرانییەکی ڕۆحی خۆی، شعرەکانی بخاتە پلە پلەیەکەوە کە بێجگە لە خۆی کەسی تر دەستی نەیگاتێ! بەڵام لۆمەش ناکرێ، چونکە ویستوویەتی ببێ بە شاعرێکی ئیبتداعی!.

ئەوا من لێرەدا مەبەستی ئەم شعرانە لەباتی مەحوی دەرئەبڕم بۆ ئەوە لە گۆڕەکە سەر ڕاست کاتەوە و بڵێ: بەڕاستی لە عالەمی شعری تەسەووف و نوکتەزانیدا منت پیشانی مردم دا:

ئەوا کۆشکێکە سەر بردۆتە ئاسمان، ژوورەکانی لەپاش گەچکاری بە بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ بۆیە کراوە، گڵۆپەکانیشی ڕووناکی بڵاو ئەکەنەوە، کورسی و قەرەوێڵە و نوێنیان تیا دانراوە، ماسێڕ و برین پێچەکان بە بەرگی ئاوەڵدامەنی ترسێنەرەوە تیایانا وەستاون، پزیشکەکان لە تەنیشت جانتاکانیانەوە بە عەینەکەکانی بەرچاویانەوە موژدەی خۆشی بڵاو ئەکەنەوە، مەلایەکی نوورانیش بە ڕیشە جوانەکەیەوە لە بەرهەیوانەکە لەسەر بەرماڵێک دانیشتووە، جامێ ئاوی حەوسوون کراوی لە تەنیشت خۆیەوە داناوە، جزمێکیشی لە بەردەمایە بە نەوایەکی لاهووتی دەنگی خوێندنی «یاسین»ی بەرز کردۆتەوە. بەرامبەر بەم کۆشکە «کانی و سەراوێکە»، داری عەرعەر و سنەوبەر چووە بە ئاسمانا، سەرچاوەی ئاوەکە ئەوەندە جوانە وردە بەردەکانی بووە بە مرواری! نەونەمامێک کە دەستی کردگار نەخشەی ئەندامی کێشاوە، بەو لەش و لار و گەردەنی وەک مینایەوە، بەو ڕوومەتی گەنم ڕەنگی دڵڕوبایەوە، کەوایەکی شینی ئاسمانی لەبەر کردووە و لەسەر کانییەکە دانیشتووە و یاری بە ئاوەکە ئەکا لەگەڵ فریشتەکان!.

شێخ ئەمانەی بەرچاو ئەکەوێ ئەڵێ: ئای، تەماشای ئەو کۆشکە کە، کە خەستەخانەی عەشقە، خەستەخانەی ئەو کەسانەیە کە نیگاری ئەو سەوزەی کەوا شینەی سەر ئاوەکە کاری تێ کردوون و بە دەردەوە گلاندوونی، ئەو، بۆیە لەوێ دانیشتووە کە ببێ بە ڕێبازی مەفتوونانی بازاڕی عەشق، هەرکەس کە چاوی پێکەوت گرفتاری داوی بەڵای ببێ و بیبەنە ئەو خەستەخانەیەوە؛ چونکە پێی خۆشە پێی بڵێن: ئەم کۆشکە خەستەخانەی ئەو کەسانەیە کە گرفتاری داوی تۆ بوون، ئەیەوێ بێجگە لە جوانییەکەشی بەم جۆرە ناوبانگێکی تر بۆ خۆی دەرکا!: ئینجا نەخۆشەکانیش یا ئەمەتە بەهۆی دەنگی خوێندنی ئایاتی «یاسین»ی مەلا نوورانییەکەوە - کە بۆنی موژدەی لاکردنەوە و دڵ نەرمبوونی یاری لێ دێ -، بۆنی دڵ نەرمبوونی یاری لێ دێ، چونکە کە ئەو شۆخە گوێی لە دەنگی ئەم یاسینە بوو سەرێک بەرز ئەکاتەوە و ڕوویێک ئەکاتە دەنگەکە و ئەزانێ ئەمە بۆچییە، دڵی نەرم ئەبێ و ڕوویێکیش ئەکاتە نەخۆشەکان، کە ڕووی تێ کردن بای شیفا لەلای قیبلەوە هەڵئەکا و ڕزگاریان ئەبێ. یا ئەمەتە بە هیچا ڕانەگەن، بە داخەوە ئەمرن و دەنگی گریان و زاری ماسێڕەکان بەرز ئبێتەوە!.

شیخ بە ڕوومەتی سەوزە و کەوای شین، جیناسێکی لەگەڵ سوورەی «یاسین» و دەنگی شین و گریانا پێک هێناوە، لە پاشا ئەڵێ:

ئەوانەی برینداری عەشقن و لەو خەستەخانەیەدا کەوتوون، هەندێکیان شەهیدن بە دەست نازی یارەوە، زۆریشیان نەخۆشی دەستی عیشوەن. دیارە ئەوانەی کە ئەهلی دڵ و مەفتوونی حەقیقەتن حەرفی هەوەڵی سەرەنجامی ئیشەکەیان یا «شین»ە، یا «سین»ە، یانێ یا شەهیدن یا سەقیمن، لە نیوە شعرەکەدا ئەڵێ: «شەهیدی غەمزە و سەقیمی عیشوە» بەم شین و سینە لەف و نەشرێکی لەگەڵ ئەودا پێک هێناوە و جیناسێکیشی لەگەڵ ئاخری نیوە شعری دووهەمی شعری یەکەمدا دروست کردووە. لە پاشا ئەڵێ: ئەو کەسەی دێتە دونیاوە، ئەگەر بە تەمای ئەوە بێ کە بگا بە ژیانێکی کامەرانیی بەهەشت، ئەبێ بە هەموو جۆر تێکۆشێ و لە دونیا لاری بێ، تێکۆشێ بۆ قیامەت بە جۆرێکی وەها کە خۆی لە دونیادا ون کا و وەکوو «منصورشخص» خۆی بۆ نەناسرێتەوە!... ئایا ئەم بەنگ کێشانە لە بەنگ کێشانەکەیان چییان دەست ئەکەوێ؟ خۆشی؟ کام خۆشی؟ ئەو خۆشییە کە خۆیانیان لێ ئەگۆڕێ! کەوابوو نوختەی خۆشی دونیا ئەوەیە کە پیاو خۆی لێ بگۆڕێ. دەی دونیایێک کە ئەمە خۆشییەکەی بێ، ئەبێ بە چە ڕوویێکەوە پیاو ڕووی تێ کا؟!. تەماشا ئەکەم لە قاپییەکەی نهێنییەوە لەسەریەک لەسەریەک بایەکی ڕەحمەت ئەدا بەسەر دڵما؛ ئاخۆ ئەم بایە کاری چە چاو مەستێک بێت کە وا هەواکە ئەبڕێ و تەوژمی ئەو هەوایە ئەم کارەساتە لە سینەمدا پەیدا ئەکا؟. ویستم هەناسەیەک هەڵکێشم کە بەهۆی ناڵەی ئەوەوە دەردەدڵی خۆم ئاشکرا بکەم، سەیرم کرد بەهۆی قوڵپی خوینەوە تاساوە و دڵ و جەرگ و دەروونم تاگەیشتۆتە سەر سنگم هەمووی لە خوێنا کەیل بووە، ئیتر نەمتوانی هەناسەکەش هەڵێنمەوە!. ئایا هیچ ئاگات لێیە کە ئیمشەو لەم کەونەدا نیشانەی بەیانی حەشر چۆن دەرکەوت؟ خوا عالمە لەبەر ئەوە کە ئەو شۆخە لەبەر بەرۆکیەوە سنگی دەرخست، ئەوە بوو بەهۆی سپێدەی ڕووناکی حەشر لەو بەرەبەیاندا!!.

مەحوی لەبەر ئەوە کە زۆر گوناحبارە، مەلا نەهاتە سەر گۆڕەکەی تەڵقینی بخوێنی، بەڵام دەستگیری قایمی ئەو لەباتی هەموو خراپەیەک - کە کردوویەتی - میهرەبانیی «طەاعلام» و «یاسیناعلام»ە، - کە موحەممەدە «دخ»، وەیا دوو ئایەتەی «قل كل متربص فتربصوا فستعلمون من أصحاب الصراط السوي و من اهتديعربی» وە «فسبحان الذي بيدة ملكوت كل شيء و الية ترجعونعربی»ە ، کە ئاخری سوورەی «طە» و «یاسین»ە و موژدەی خۆشی ئەدەن - کەوابوو مەحوی با خراپەکاریش بێ هەر یاس نابێ لە ڕەحمەتی خوا.

***

مەحوی ڕاستە بە فەلسەفە پەرستی و دەروێشی و عیبارەت ڕێک خستنەوە خەریک بووە، بەڵام لە بن دەست ئەمەشەوە لایەنی قسەی نەستەق و حەکیمانەی بەرنەداوە، بەڵکوو لەم بابەتەوە گەلێ باڵاتر و قسەکانی بۆ دانسقە ئەشێن، لەبابەت ئەوەوە کە هەروا وەکوو نقوم بووی سەر پارچە تەختە ماوەتەوە ئەڵێ:

چ بکم نە ئەوکەسەم کە کەسم بێ لەلا بە کەس
خۆیشم نەگەیمە ئەو کەسەی من بکا بە کەس

دیارە پارسەنگی کۆمەڵایەتیی چاک چاک هەڵسەنگاندووە بۆیە ئەڵێ:

نامەرد ئەوەندە موعتەبەرن لەم زەمانەدا
مەرد ئیعتیباری کەم بووە، مەردی خوا خسووس

دیسان ئەڵێ:

لە هەموو جێ لە چە کەس بێنی مرووەت نایە
کەرەم و سیدق و وەفا ئێسە لە عالەم بووە قات!

ئای چەند جوانە ئەو شعرەی کە ئەڵێ:

زەمانەی پڕ تەعەب دەتکاتە تیرۆک
لەتێ نانت ئەداتێ دوو بەشی نۆک

لەباری زوهددا ئەڵێ، بەڵام بە جیناسەوە:

دونیا تیاتڕۆیە مەوەستە تیا، بڕۆ
کێ مایەوە تیا، کە نەبووبێ «تیا» تڕۆ؟!

بە دوو بەیت فەلسەفەی دوو ڕێگر دەرئەخا. هەر چەندە فیکرەکە گەلێ پێش مەحوی کەوتووە، چونکە «معریشخص» و «خیامشخص»یش قسەیان لێوە کردووە، بەڵام نرخی مەحوی لەمەدا بەوە دەرئەکەوێ کە بە شوێن بیر و باوەڕی فەلسەفەچییەکانی پێشوودا گەلێ سووڕاوەتەوە و ویستوویەتی ئەدەبیاتی کوردیش لەو جۆرە شتانە بێبەش نەبێ، بۆیە هاتووە بەو دوو بەیتە جوانەی ئەو قسەیە ئەکا، ئەڵێ:

شێخێ هەمەوەندێکی ئەدا وەعز و نەسیحەت
ئەو قوڕ بەسەرەی دابووە بەر فەحش و فەزیحەت
خۆش هاتە جواب و وتی: تۆ حەقتە، فەقەت من
قوتتاعی تەریقم، نەکوو قوتتاعی تەریقەت!

مەحوی بڕە شعرێکی هەیە لە ژێر ناوی «قەسیدەی بەحری نووراعلام» کە عیبارەتە لە ١٢٣ شعر، سەرەتاکەی ئەکاتەوە ئەڵێ:

«وصلي اللة عليعربی» ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە
کە دەرکی غەوری ناکا «غير علم اللة سبحانةعربی»

لە شعری چوارەمدا ئەڵێ:

لە زوڵماتی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعەیەکی دا
هەزار و سێسەد و بیست و دووە، دونیا چراخانە

بە ڕاستی چاکتر شعرگەلێکن کە لە وەسفی بارەگای موحەممەد و عەشقی موحەممەدا وترابێ بەڵێ، مەحوی شاعرێکی تەسەووفی بووە، بەڵام ئەو بڕە شعرانەی کە دایناون و ناوی ناونەتە «قصیدەاعلام» من لام وایە لە هەر قەسیدەیەکدا تاقە شعرێکی بۆ ئەوە ئەشێ کە سەربەخۆ بکرێ بە باسی قەسیدەیەک، چونکە شاعر کە ویستی ئامانجێکی تایبەتی خۆی بکاتە قەسیدەیەکەوە ئیتر نابێ لابدا، ئەبێ سەر و بنی ئەو قەسیدەیە وەکوو زنجیر پێکەوە بەسترابێتن، لە قەسائیدی مەحویدا کەمتر ئەوەت بەرچاو ئەکەوێ!. مەحوی وەکوو چۆن لە کوردیدا شاعر بووە لە فارسی و تورکی و عەرەبیشدا هەر بەو جۆرە ئامادە بووە. دیوانە کوردییەکەی بۆ جاری یەکەم لەلایەن «علی کمال باپیر»ەوە لە ساڵی ١٩٢٢ی میلادی لە چاپخانەی «حکوومەت» لە سولەیمانی لەچاپ دراوە.