حاجی کۆیی

(١٨١٥-١٨٩٢)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 28 دقیقه  1843 مشاهده

پێشڕەوی بەرزی بنەماڵەی بوێژان لە بەهەشتی دەشتی کۆدا . شایانی شایەنی ترازووی ڕووناکی و دڵپاکی لە کۆی ئەدا. بیری کە کۆ بوو لەناو ئەو شەوەی کە کۆیە گرتبوو، تیشکی ببوو بە ڕۆژ و ترازووی خەیاڵی بە کۆیە گرتبوو، پێشەنگی کاروانی شاعرانی نیشتمانی لەم دەورەدا، هەمدەنگی ڕابەرانی خۆشخوانی لەم پەردەدا، ئەستێرەیەکی گەشی میللەت لە ئاسمانی کوردزمان، بولبولێکی خۆش ئاوازی قەومییەت لە لالەزاری کوردستان تاقەسوارێکی پیرۆزی نیشتمانی کە لە باوەڕدا، فەلەکزەدەیەکی دەست ڕاستگۆیی لە خاوەردا، ئاشنا بووە بە بەرزی وڵاتی کاتێ کە دوو بووە لەو مەرزە بێ پیرە، ناشتا بووە بە باسی شێخ و زوڵفی سەمەنبۆ و دەورێ کە تیا بووە بەو پیرە خۆش بیرە، ئاوازی تەلی عاتیفەی نەشئەیەک ئەدا بە دڵ، شۆڕشی ڕاوێژی ژیرانەی «هەڵگورد» ئەخاتە گڵ. فیکری گڵۆپی کارەبا، خەوس نەزانی لائەبا، قسەی دوڕڕێکی بێ وێنە، لەسەر دەستی نێ و بینوێنە!.

شاعری بەرزی نیشتمانی ئەم شوێنەمان ناوی «قادر» ی کوڕی «ئەحمەدشخص» و دایکی «فاتمەشخص» ی ناوە. لە ساڵی ١٨١٥ی میلادی لە دێی «گۆڕقەرەجمکان» هاتووەتە دونیاوە، هەر بە منداڵی باوکی مردووە، دایکی لەبەر هەژاری و بێنەوایی هەڵی ئەگرێ و ئەیهێنێ بۆ کۆیە. نیشانەی زیرەکی و وریایی لە ناوچاوانیا دیار بووە، بە پشتیوانیی ئاغاکانی کۆیە، دایکی لە تەمەنی حەوساڵیدا ئەیخاتە بەر خوێندن، لەپاشا چووەتە فەقیەتی، دەوری سوختەیەتی لە کۆیە لە مزگەوتی موفتی ڕابوواردووە، هەر لە کۆیە گەلێکیشی لای مەلا ئەحمەدی هۆمەرگونبەتی خوێندووە. بە فەقیەتی چووەتە «خۆشناو، هەولێر، سەردەشت، سابڵاغ، شنۆ و سولەیمانیمکان». لەگەڵ «حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادەشخص» دا فەقیەتییەکی باڵەکایەتیشیان هەبووە، وەکوو لەو کاغەزەدا کە بە شێعر لە ئەستەمبوڵەوە بۆی نووسیوە و ئەیخاتە فیکری و ئەڵێ:

بە فیکرت دێ زەمانێ چووینە باڵک
بە پێخاوس، نە کەوشم بوو نە کاڵەک؟!

کە خوێندنی فەقیەتی تەواو ئەکا ئەگەڕێتەوە بۆ کۆیە لەبن دەست «حەمەئاغاشخص» و ئاغەکانی تری کۆیەدا لەگەڵ حاجی مەلا عەبدوڵڵا پێکەوە ڕایئەبووێرن. تا لە کۆیە بووە لەگەڵ بیروباوەڕی شێخەکانا هەر لە چنگەپڕچێدا بووە، ئەو دەست بزێوەی کردووەیە کارێ کە ئاغەکان نەیانتوانیوە تا سەر چاوێری بکەن. ئەمە و دیسان لەو سەردەمەدا «کەیفیشخص» جوانڕۆیی بە فەقیەتی لە کۆیە بووە لە مزگەوتی «حاجی مەلا عومەر»، کەیفی پارچەیەک بووە لە زیرەکی و زەین تیژی، لەگەڵ حاجی قادردا ئێجگار دۆستایەتییان خۆش بووە. کەیفی دڵخوازێکی بووە لە کۆیە ناوی «هەیبەتی ئایشۆکێ» بووە. سەر و سەودای کەیفی و ئایشۆکێ لە هەموو کۆیەدا بڵاو بووبووەوە، ئەمە تۆزێ ناوی کەیفی زرنگاندبوو. دیسان کەیفی لەگەڵ «شێخ ڕەزای تاڵەبانیشخص» دا بەینیان تێک ئەچێ و لە ڕقی شێخ ڕەزا کەیفی زەمی ئاغەکانی کۆیە ئەکا. ئەم دوو کردەوەیە ئەکەنە کارێ کە جێگەی پێ لێژ ئەبێ و ئیتر ناتوانێ لە کۆیە دانیشێ، شەو لە ناکاوێک دەشت ئەگرێتە بەر و بە جۆرێکی ناخۆش کۆیە بەجێ دێڵێ و ئەچێ بۆ هەولێر، ئەم نەمانەی کەیفی بەم جۆرێ کارێکی زۆر ئەکاتە سەر دڵی حاجی قادر، لەبەر کردەوەی پێشوویش ئیتر ئەویش کۆیە بەجێ دێڵێ و ئەچێ بەشوێن کەیفیدا لە هەولێر ئەیگێڕێتەوە. لەوێوە لەپاش ماوەیەک پێکەوە بە جووتە ئەکەونە دۆڵی خۆشناوەتی و ئەچنە ڕەواندز، با ئەدەنەوە بۆ ناو عەشرەتی حەیدەرانی لە تورکیا و لە ١٨٥٤دا ئەچن بۆ ئەستەموڵ و ئەکەونە پەنای بەدرخانییەکانەوە، کەیفییان خستووەتە حقووق حاجی قادریش بووە بە مامۆستای کوڕەکانی «بەدرخان پاشا». ئیتر لەگەڵ ڕۆژگاردا لە پەنجەبازیدا بووە تا ساڵی ١٨٩٢ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا هەر لە ئەستەموڵ کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی «قەرەجە ئەحمەد» لەبەری ئوسکوداردا ئەنێژرێت و لەگەڵ «نالیشخص» دا ئەبن بە دوو نەمامی هەڵپڕووکاوی کوررد لەوێدا..

حاجی کۆیی پیاوێکی بەژن و باڵا ناونجی، بەرانلووت و چاو گەورە و گەنمڕەنگ بووە، لە قسەکردندا خێرا بووە، تا تووڕە نەبووبێت زۆر کەیف خۆش و قسە قوت بووە، لەسەر هیچە تووڕە ئەبوو و زۆر زوویش هێدی ئەبووەوە. تا مردنی ژنی نەهێناوە و کەسیشی لەشوێن بەجێ نەماوە، وەکوو خۆی ئەڵێ:

هەر منم ئێستە واریسی عیسا
بێ ژن و ماڵ و بێ کوڕ و ماوا

حاجی و کۆیە، قادر و حەج

ئایا حاجی کۆیی بووە؟ ئایا قادر حەجی کردووە؟

بەڵێ، حاجی هەر چەندە لە دێی «گۆڕقەرەج» هاتووەتە دونیاوە، بەڵام هەر لە کۆیە گەورە بووە و گۆڕەقەرەجیش لە دێهاتەکانی کۆیەیە. دیسان ڕەوشتێکی کوردەواری هەیە: کورد کە لە وڵاتی خۆی دوور کەوتەوە و کەوتە شوێنێکی تر کە لێیان پرسی خەڵکی کوێیت؟ نیسبەتی خۆی ئەدا بە شارەکە، با لە ڕاستیشدا خەڵکی ناوشار نەبێ. ئەگەر هاتوو ئەو کابرایە خەڵکی گوندێک بوو لەوپەڕی سنووری سنە، یا سولەیمانی، یا کۆیە، لە وڵامدا ئەڵێ: سنەیی، یا سولەیمانیی، یا کۆییم. ئەمەیش بۆیە وا ئەکا چونکە لەو وڵاتە دوورەدەستەدا ناوی گوندەکەی ئەو کەس نایزانێ، بەڵام ناوی شارەکە ئەزانرێ. ئەمێنێتەوە سەر باسی حەجەکە، ئەمەیان وردبوونەوەیەمی زۆری ئەوێ: ئەم حاجییە ئێمە وەکوو باسمان کرد لە ١٨١٥ هاتووەتە دونیاوە، لەبەر بێنەوایی دایکی هێنایە کۆیە، باوکیشی هەر زوو ئەمرێ. عادەتەن منداڵ لە ٧ ساڵیدا ئەخرێتە بەر خوێندن. لەو دەورەدا تا لە قوتابخانە و کتێبە وردەڵەکان ڕزگاری ئەبێ بە لانیکەوەمە سێ ساڵێکی پێ ئەوێ، هەر چەندە زۆر کەم ڕێ کەوتووە کە منداڵ لە دە ساڵیدا نێررابێتە فەقیەتی، بەڵام با حاجی چووبێ!. دیسان فەقێ لە کوردەواریدا تا لێ ئەبێتەوە کەمتر لە دە ساڵی تێدا نامێنێتەوە. ئەمە حاکی عومری بوو بە بیست ساڵ. لەگەڵ ئەوەدا حاجی بە چەند ساڵ لەپێش ئەوەدا کە پێ بنێتە بیست ساڵان شعری هەیە کە ناوی شعری «حاجی» بووبێت!. وەکوو لەو کاروانەیەدا کە چووە بۆ سابڵاغ و بەسەر «لاجان» دا چووە، لەوێ چاوی بە «گوڵە»ی خوشکی قەرەنی ئاغا ئەکەوێ، کە ئەگەڕێتەوە کۆیە غەزەڵێکی بۆ دائەنێ و باسێکی دەشتی لاجان و ئەو خەیمەسەرایە ئەکا و ئەیدا بە «با» کە بۆی بگەیەنێ و لە ئاخری غەزەڵەکەدا ئەڵێ:

هەر لێرە هەتا دەشتی بەهەشت ئێنێ لاجان
ئاهێستە بڕۆ نەک وەکوو دێوانەی هەرزە
تا داخڵی خەڵوەت دەبی ئەمجا بە وەکالەت
خاکی قەدەمی ماچ بکە بەم تازە کە تەرزە
«في الجملةعربی» وەکوو خاڵی ڕوخی دولبەری «حاجی»
دڵبەندە دەسا بادی سەبا هەستە مەلەرزە

ئەگەر بڵێین با حاجی لە دەوری فەقیەتیدا چووبێ بۆ حەج ئەمەش هەر گرانە، چونکە فەقێ لە کوردەواریدا لایان وایە خوێندن لە هەموو عیبادەتێک گەورەترە، ئەگەر حەج بێتە بەر قاپییەکان بۆی ناچن!. لە لایەکی تریشەوە حاجی وا نەبێ باوکێکی دەوڵەمەندی بووبێت و شتی بۆ بەجێ هێشتبێ تا پێوە بچێتە حەج، خۆیشی لەبەر خوێندن پێی نەکراوە کاسبی بکا و پارە پەیدا کا، سەفەربەریش نەبووە تا بە هۆی سەربازییەوە چووبێ بۆ حەج...

ئەمێنێتەوە کە یەکێک میرزا قادری لەگەڵ خۆی بردبێ بۆ حەج، ئەو کەسەش مەگەر هەر «حاجی بەکراغای حەویزیشخص» بووبێ - چونکە هەر لە سەرەتاوە ئەو بنەماڵەیە بووە کە چاوێرییان کردووە - بەکراغایش بە پێنج ساڵ لەپێش دروستکردنی مزگەوتەکەیدا لە کۆیە چووە بۆ حەج. مزگەوتەکەی لە ١٨٤٠دا دروست کردووە، کە وا بوو حەجەکەی ئەکەوێتە ١٨٣٥. دەی لەو تاریخەدا حاجی عومری لە ٢٠ ساڵ زیاتر نەبووە و هەر لە فەقیەتیدا بووە، وەکوو وتمان ئەو لەپێش ئەم تاریخەدا بە ناوی «حاجی» یەوە شعری هەیە. کە وا بوو من لەسەر ئەو باوەڕەدام کە میرزا قادر ناوی شعری ناوە «حاجی» لەبەر ئەوە نەبووە کە حەجی کردووە، بەڵکوو هەر بە منداڵی بە حاجی ناوبانگی سەندووە، لەبەر ئەوە بووە کە ڕەوشتێک لە کوردەواریدا هەیە: هەر مناڵێک لە مانگی حاجییانا بێتە دونیاوە لەبەر پێرۆزی پێی ئەڵێن حاجی. ئەم ڕەوشتە ئێستەش هەر ماوە زۆرتر لە لادێکانا. تەنانەت لە هەندێ شوێنیشا کە گەورەش بوو بەو ناوەوە مێزەرەیەکی سپیش ئەبەستێ بە سەرەوە. جا میرزا قادریش لەبەر ئەوە لەو مانگەدا پەیدا بووە پێیان وتووە حاجی، وە حاجی کردووە بە ناوی شعری. ئیتر لەپاش ئەم تاریخە حەجی کردبێ یان نەیکردبێ لە مەبەستی ئێمە دەرئەچێ؛ لەگەڵ ئەوەش دیسان هەر بەڵگەیەک بە دەستەوە نییە کە حەجی کردبێت.

حاجی و شعر

شعری حاجی لە سێ پەڕەدا دەرئەکەوێ: «غەرامی، کۆمەڵایەتی، نیشتمانی». حاجی وەکوو گەلێکی تر لە شاعرانی کوردەواری لە سەرەتاوە ئیلهامی شیعری لە ئاوێنەی ڕوومەتی پەری ڕووەکانەوە وەرگرتووە و بە دوای ئەوانەوە گرفتار بووە، بۆیە ئەڵێ:

بە شەستی زوڵف و ڕوویی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم
گەهێ دڵ گەستەیی مارم، گەهێ جان خەستەیی نارم

لەناو ئەمانەشدا دیارە کوڕە خەیاتێک بە دەنگی پەری ئامێز و ڕوومەتی وەکوو مانگ و سەیرکردنی وەکوو ئاسک و کەشوفشی وەکوو حاجییەوە بووە بە شێخی مەبەستی حاجی، وەکوو خۆی ئەڵێ:

مورادی من موریدی خالیسە، خەییاتییە کاری
پەری ڕەنگ، ماهـ ڕوو، ئاهوو نگاهە، حاجییە تەرزی*١*

بۆیە ئەڵێم کوڕە خەیاتێکە و کچە خەیاتێک نییە، چونکە هەر لەو بڕە شعرەدا کە سەرەتاکەی «بە شەستی زوڵفت و ڕوویی ماهی... هتد» ە، سەرەتای ئاگری شۆڕشەکە بووە و تا ئاخری ژیانی لەگەڵیا ماوەتەوە، لە ئەستەمبوڵ پێی ئەڵێ:

ئەمەش جاران نییە قوربان لە خۆڕا بێمە سەر خوانت*٢*
خەتت میهمانییە ئیمساڵ نەماوە خۆشیی پارم

ئەڵێ: ئەمەش جاری جاران نییە کە لە خۆمەوە ببمە میوانت و بێمهسەر خوانی لێوانت، چونکە ئێستە خەتت داوە و ئەو خەتە سەوزە بووە بە میوانی لێوەکانت. لە کوردەواریدا کە وترا خەتی داوە یانێ سمێڵی بۆر کردووە: سمێڵیش بۆ کوڕە نەک بۆ کچ!.

جا ئەم ئاگرە لە بازاڕی غەرامییاتدا ناڵەیەکی بەجۆشی خستووەتە دڵی حاجییەوە، دیارە ئەم جۆرە سۆزەیش لەبەر ئەوە بووە کە ئەم شوێنە ئەو تیایا ژیاوە و ئەو شتانە کە لەو شوێنەدا خوێنراونەتەوە، ئەگەر چاک بەراورد بکرێ ئەبینرێ هەمووی ئاڵاوەتە چاوی مەست و لێوی ئاڵ و گەردتی میناوە!. بە تەبیعەتی حاڵ ئەم جۆرە شوێنانە و ئەم چەشنە خوێندنەوانە باڵ ئەکێشن بەسەر ڕۆحییەت و نەفسییەتی ئادەمیزاددا. حاجی ڕاستە گەڕاوە و ڕاستیشە کە شتی خوێندووەتەوە، بەڵام هەر شوێنێک کە چووە و هەر شتێک کە خوێندوویەتەوە هەمووی لە یەک پایەدا بووە. ئایا چە جیاوازییەک بووە لەبەینی کۆیە و سولەیمانیدا؟ یا لەبەینی کۆیە و سابڵاخدا؟ ئایا ئەمانە هەموویان یەک تەل نەیانی بزواندووەتەوە کە تەلی خاڵ و خەت بووە؟ بەڵێ، هەر ئەمە بووە و هەر ئەمەش بووە کە ڕایکێشاوە بۆ ئەوە دیوانی شاعرە بێگانەکان - بەتایبەتی فارسەکان - بخوێنێتەوە و مەعنای وشەی زل زلی مەیدانی جەنگی ئەوان ببینێ و بیخاتە مەیدانی عەشقەوە و عەشقبازی پێوە بکا. جا بۆ ئەمە نموونەیەک لەو شعرانەی لێرەدا باس ئەکەین بۆ ئەوە نەفسییەتی حاجیمان لە سەرەتای ژیانەوە بۆ دەرکەوێ و بۆ ئەوە بزانین حاجی پابەندی چە جۆرە غەرامێک بووە؟:

کە هەستا قامەتی بەرزی، لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی
پەرێشان زوڵفی سەد تەرزی، بە یەکدا داڕژا و لەرزی
حەیای چوو چەتری تاووس بارەگاکەی شەعشەعەی ڕۆژیش
کەمەندی توهمتەن زنجیری داوود، گورزی گوودەرزی
هەڵی دا زوڵفی چەوگانی، کورە خورشیدی دا بەر شەق
لەوێدا چەند مەلایک بوون سەمایان کرد لەسەر ئەرزی
دەقیقەیک بێ سەری موویی لە زوڵفی وەرگەڕی دەردم
لەگەڵ سوبحی قیامەتدا دەکا بێ تەقیە سەربەرزی
سەدای یا حەیی دەروێشان لە ترسی زوڵفی پڕ چینی
لە عیسا عەرسەیی گەردوون بە تەنگ دێ وەک کونی دەرزی
موریدان مەست و سەرخۆشن لە نەشئەی بادەیی دەستی
مەلایک جوملە بێ هۆشن بە نازی چاوی پڕ ڕەمزی
مورادی من موریدی خالیسە، خەییاتییە کاری
پەری ڕەنگ، ماهـ ڕوو، ئاهوو نگاهە، حاجییە تەرزی

حاجی باسی یاری خۆشەویستی ئەکا و ئەڵێ:

دۆستم کە هەستایە سەر پێ ئەو باڵا بەرزەی هەر لە تەوقی سەریەوە تاوەکوو زەوی داپۆشرابوو بە زوڵفی سەد جۆرە و بڵاو بووبووەوە و ئەچوونەوە بە یەکا و ئەلەرزینەوە. کە ئەم بەم جۆرە زڵفی پەڕش و بڵاو کردەوە تاووس لە کاتێکا کە پەڕەکانی کلکی بڵاو ئەکاتەوە و ئەیکا بە چەتر و هەر یەکە لە ڕەنگێ ئەدرەوشێتەوە، کە بڵاوبوونەوەی زوڵفی ئەوی چاوپێکەوت لە شەرما چەتری دایەوە یەک و کلکی شۆڕ کردەوە!. نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو بارەگای تیشکی ڕۆژیش هەر شەرمەزار بوو، چونکە کە سەری کرد تیشکی ڕەنگاوڕەنگی مووەکانی زوڵفی دۆستی من هەر یەکە لە ڕەنگێک ئەدرەوشێنەوە، ئیتر پێی نەکرا تیشکی خۆی بخاتە ڕوو و بیهاوێژێ، ناچار پێچایەوە!. بەوڵا تریشەوە بڕۆ، ئەم زوڵفە لە لایەکەوە ئەم کەتنەی بە تاووس و ڕۆژ گێڕا، لە لایەکی تریشەوە کەمەندی دلێران و زنجیری داوود و گورزی گوودەرزی پاڵەوانیش کە تەماشایان کرد زوڵفی یاری من بە لاربوون و پەڕشبوونەوەکەی لە لایەکەوە کەوانی دروست کردووە بۆ نێچیرکردنی دڵی بەهێزی عاشق، لە لایەکەوە بەیەکا هەڵچوونەکەی زنجیری بۆ بەستنەوەی دڵەکە دروست کردووە، لە لایەکی تریشەوە بە کەڵافە بوون و لەرزەکەی گورزێکی بۆ ترساندنی ئەو دڵە دروست کردووە، ئیتر ڕوویان نەبوو بێنە مەیدانەوە وخۆیان بنوێنن!.

حاجی وەستایەتییەکی پیاوانەی لە لەف و نەشردا بەکار هێناوە، بە پەرێشانبوونی زوڵفی سەد تەرز حەیای تاووس و ڕۆژی بردووە، بە بەیەکدا ڕژان و لەرزینی زوڵف، حەیای کەمەند و زەنجیر و زوڵف!... ئینجا دێتە سەر ئەوە ئەڵێ:

یارم کە سەری شەکاندەوە زوڵفەکەشی لەگەڵیا لەرییەوە، لەو لەرانەوەدا زوڵفەکەی وەکوو گۆچانی لێ هات و دەستی کرد بە یاریکردنی شەقێن لەگەڵ کورەی ڕۆژدا؛ کورەی ڕۆژی کرد بە تۆپ و دایە بەر شەقی گۆچان!. کە ئەمەی کرد چەند فریشتەیەکی وەکوو هاڕووت و ماڕووت لەوێ بوون، کەوتنە سەر زەوی و دەستیان کرد بە سەماکردن لەپێش ئەمدا!. ئەگەر بێتو تەنیا دەقیقەیەک تاقە موویەک لەسەری زوڵفی هەڵگەڕێتەوە و لە شوێنی خۆی بترازێ، ئەم تاقەمووە بە جۆرک عالەم ئەشڵەژێنێت دەست ئەکا بە شانازیکردن بەسەر بەیانییەکەی ڕۆژی قیامەتدا، ئەڵێ: شڵەژان و خرۆشانی ئەم حەشاماتە لەبەر هەڵگەڕانەوەم گەلێ زیاترە لەم کۆبوونەوەیان لە تۆدا!. بە هۆی های و هووی دەروێشانەوە لە ترسی چین چین و پەپکەخرادنی ماری زوڵفی یاری من ئەم مەیدانی پان و فراوانی گەردوونە بە جۆرێک لە عیسا تەنگ ئەبێ، وەکوو کونی دەرزی لێ دێ و ئیتر نازانێ بۆ کوێ ڕاکا و چۆن خۆی بگەیەنێتە ئاسمان!. موریدان - کە عاشقەکانی یاری منن - لەبەر بادەی سۆزی عەشقێک کە بە دەستی خۆی گێڕای هەموو لاڵ و پاڵ لێ کەوتن... نەوەک تەنیا عاشقەکان - کە ئەجسامێکی نەفسانین - بەڵکوو فریشتەکانیش - کە ئەجسامی ڕۆحانین - ئەوانیش هەموو لەبەر تیری نازی پڕ ئیشارەی ئەو چاوە جوانانەی بێ هۆشن!. جا ئایا ئەزانی من کێم مەبەستە؟ من لەم داستانەمدا ئەو کەسەم مەبەستە کە ئیش و فرمانی خەیاتییە، هەم عەشقەکەی وەکوو دەرزی دڵ کون کون ئەکا، هەم ئیشی خۆیشی جلوبەرگ دروونە، ناو و نیشانی ئەوەیە کە ڕەنگی لە جوانیدا وەکوو پەری، ڕوومەتی لە ڕووناکیدا وەکوو مانگ، لاکردنەوەی لە نازدا وەکوو ئاسک و ڕەوشتیشی لە خۆ گرانگرتندا وەکوو حاجی وایە... حاجی لە وشەی «حاجی» دا جوانی و لەتافەتێکی دروست کردووە، هەم وەسفێکی دۆستی پێ کردووە، هەم ناوی خۆیشی وتووە. تەماشا ئەکەی لێرەدا حاجی زۆر بە قسە نەستەقی و عیبارەت ڕەنگینی دەستی کردووە بە خۆشخوانی غەرامییات و هاتووە بە تانوپۆی یاردا. بەڵام لە کوردیدا قسەیەک هەیە ئەڵێ: «نان بۆ نانەوا وگۆشت بۆ قەساب!». سروشتی حاجی بۆ غەرامییات دانەڕێژراوە، حاجی شاعرێکی نیشتمانی و بولبولێکی گرینۆکی مەڵبەندە، کە هەر ئاوازەیەکی دەمارێک ئەبزوێنێتەوە. بەڵێ لە پەردەی هەوەڵدا دەمی بۆ غەرامییات بردووە، وە کە ئەیخوێنیتەوە چاوت پێ ئەکەوێ هەتا بڵێیت جوانە و باڵایە؛ ئەوەندە هەیە ئەوانەی سەڕافی گەوهەرناسن کە لەم غەزەلە ورد ئەبنەوە تەماشا ئەکەن ئەو باسەی لە سەرەتاوە هێناویە لەگەڵ ئاخرەکەیدا یەک ناگرێتەوە، کە ئەویش بە خەیاڵی خۆی بەم پاش و پێشە تەنیا کەسێکی مەبەستە. لە سەرەتاوە باسی زوڵفی یاری ئەکا ئەڵێ: کە هەستایە سەر پێ زوڵفی پەرێشان و ڕەنگاوڕەنگی هەر لە تەوقەسەریەوە دایگرتبوو تا سەر ئەرز - کە پەنجەی پێیەتی -. خاوەنی ئەم جۆرە زوڵفە ئەبێ کچێکی قەد باریکی باڵا شمشاد بێ، چونکە ئەم زوڵفە ئەبێ بۆ کچ بێ و لە کچ ئەوەشێتەوە، کە چی لە ئاخری غەزەلەکەیدا ئەڵێ: مەبەستی من بەم کەسە یەکێکە کە ئیش و کاری ئەو خەیاتییە. ئەو یەکەش - وەکوو لە پێشەوە بۆت دەرکەوت - کوڕێک بوو. دەی کوڕ و ئەم جۆرە زوڵفە هیچ زەوقێک نایسەلمێنێ و لە کوردیدا بۆی ناوترێ!. جا ئەگەر حاجی پسپۆڕ بوایە لە غەرامییاتدا تووشی ئەم تەنگوچەڵەمەیە نەبوو!.

***

حاجی لە دەوری غەرامییاتدا ماوەیەک خۆی خەریک ئەکا، لەپاش ئەو پەردەیە دائەداتەوە و پەردەیەکی تر هەڵئەداتەوە؛ تەماشا ئەکا لەم دیوی ئەم پەردەیەوە سینەمایەک ئیش ئەکا، شریت شریت هاڵوهەواڵی کۆمەڵایەتس پیشان ئەدا. ئەم فیکرە خەیاڵییە شعووری حاجی ئەگۆڕێتەوە بە شعوورێکی تر و تەلی عاتیفەی بە ئاوازێکی تر دەنگ ئەداتەوە. سەیر ئەکا شیرازەی ئیش لەبەر یەک هەڵپچڕاوە، هەر کە بۆ خۆیەتی، ئەوانەی کە لە کاروباری ژیانی تێکڕاییدا سەر ڕشتەیان گرتووەتە دەست، بێجگە لە ڕێی تێکدان و تەئویلکردن، هیچ پێشڕەوییەکی تربان بۆ مەردم نییە، بە هەزاران ئیشی دوور لە ڕاستی و لە داد ئەکرێ و هەمووی وەکوو ئاوی پار ئەڕوا، مێگەلێکی ئادەمیزاد دانراوە و چەند شوانێکی گورگی بۆ ڕاگیر کراوە! بە ناگاری دێتە زمان و ئەڵێ:

قسەیەکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە
با وجوودی ئەوی نادانە لەلای وەک گەمەیە
موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە
ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەی ئاوازی نەیە
حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازی دزی ڕۆژ
وزرا و وکەلا گورگە، ڕەعیەت گەلەیە
زانیی و شاریب و لۆتی دەگیرێ والی دەڵێ:
بەریدەن پارەی خۆی دایە چە عەیبێکی هەیە
هێندە بێ قەوڵن و خونخوار و نزیکن لە فەساد
فرسەتی بوو دەکوژێ حەقی برای دینی نییە
بۆ ڕەعیەت ئەمە ئەم گێڕە و دەرەکەی داناوە
زەجر و تەوبێخی مەکە، چونکی خەتای گای بەنەیە
هەر لە شا تا بە گەدا تووشی یەکێکی نابی
لێی بپرسی بە حەقیقەت بڵێ جەددم ئەمەیە
لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلان بیکەنە بەر
هەر وەکوو «حاجیتخلص»، ئەگەر شارە ئەگەر دیهکەدەیە

بەم جۆرە باسی کۆیلەیی و هەژاری مەردم ئەگێڕێتەوە و چۆنیەتی هاڵوهەواڵی ئەو دەورەیشمان پیشان ئەدا و لەپاشا ئامۆژگاریش ئەکا و ئەڵێ: بۆ ئەوە لەم ئیشە تێ بگەن، ئەم بڕە شعرەم لەبەر کەن. لەگەڵ ئەمەش جوانییەکی تری بە وشەی غەزەل کردووەتە کار، ئەڵێ: هەم لەبەری بکەن و هەم وەکوو کەوای پارچەی غەزەل بیبڕن و بیکەنە بەرتان. لەپاشا هەر لە باری کۆمەڵایەتیدا دێتە سەر بەربەرێکانێکردنی عەنعەناتی دەست و دایەرەی کۆلکە شێخەکان. ئەمەیان ئاگرێکی تیژی لە دڵی حاجیدا کردووەتەوە. حاجی وا نەبێ ڕقی لە شخیەتی و ڕاستەقینەی شێخیەتی هاتبێتەوە، ئەگەر وا بوایە پڕ بە دەم بانگی قوتبایەتی بۆ «مەولانا خالیدشخص» نەئەدا و بەو هەموو ئیحتیرامەوە ڕووی تێ نەئەکرد و پێی نەئەوت:

مەعدەنی عیلم و عالم و عامل
قوتبی دەوران و موڕشیدی کامل
هەر لە ئەووەڵ جەنابی مەولانا
نەقشبەندی ڕەواقی ئیللەڵڵا

دیسان پێی نەئەوت:

قوتبی زەمانە خالید وەک من بووە ئاوارە
بێ قەدر و قیمەت و شان، بێ خانمان و بێ نان

بەڵکوو مەبەستی لە بەربەرەکانییەکەی لەگەڵ شێخەکانا، شێخیەتی ئەوشێخانە بووە کە هەموو ئامانجێکیان دونیا پەرستی و مەردم هەڵخڵەتاندن و دوورکەوتنەوەیان بووە لە ڕێگەی حەقیقەت و جڵەویانیان گرتووە بە دەستەوە و ڕایانکێشاون بۆ چاڵی هەژاری و نەخۆشی و نەزانی. سەرەڕای ئەمەش ناوی خۆیانیان ناوە شێخی دەستگیر و قوتب!

وەکوو ئەڵێ:

کە دیگوت پیری من شێخ: من دەستگیرم
لەلام وابوو لەبەر جەهل و جەوانی
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم
لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی
بەڵێ شێخ قوتبە، ئەمما قوتبی ئاشە
بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی
لە ژن هەڵدە لە کۆڵان وەک سەگی هار
دەڵێ تێ هەڵدە لە میسلی سەگ لە خانی
بڵێ بەو سەر کزۆڵەی کوز پەرستە
بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی:
کە نەفعێکت نەبوو بۆ مڵک و میللەت
بە من چی نەقشبەندی یا نە، مانی

لە لایەکی ترەوە بە گژیانا ئەچێ و ئەڵێ: ئیش بە ئیشە نەک بە ڕیشە!:

فائیدەی گەر بدایە زیکر و دۆعا
دەبووە قاڕوون گەدای سەر ڕێگا
هەرچی بێ بەهرەیە لە کەسب و کەماڵ
دەبیە دەروێش و مارگر و حەماڵ

دیسان باسی مزگەوت و گەورەیی ماڵی خوا ئەکا و ئەڵێ: ئەمانە شوێنێکن کە پیاو ئەچێتە ناویانەوە دڵی خۆی ڕووبەڕووی خوا ئەکاتەوە، لەو تەسفیەکردنە ئەگەر بەڕاستی ناوی خوای تیایانا بهێنرێ و بەڕاستی ڕووی دڵی تێ بکرێ، ئەکەوێتە عالەمێکی حەقیقییەوە، بەڵام تەکیە و خانەقاکان بۆچی وا جوان ئەکرێن و لەبەر چی ئەوەندە بەو جۆرە بە شان و باڵیانا ئەچن؟ وڵام ئەداتەوە و ئەڵێ:

شکڵی تەکیە و خانەقاهی شێخەکان
واقەعەن ڕەنگینە، ئەمما بۆ ڕیان
لەم هەموو شێخ و موریدانی ڕیا
فەردێکی ناچێتە مزگەوتی خودا

جا کردەوەی ئەم جۆرە شێخانە کە شیرازیی ڕێکوپێکی ئیشیان بەتەواوی هەڵوەشاندبووەوە، ئیشێکی وا ئەکا بە حاجی کە کەمەری دوژمنایەتییان لەگەڵ ببەستێ و دەست بکا بە قسەکردن بەوانەی شێخ نین و وەکوو گورگ چوونەتە پێستی مەڕەوە!.

***

حاجی بەم جۆرە لە جەرگی کۆمەڵایەتیشدا هاتوچوو ئەکا و ئەم پەردەیەش دائەداتەوە. کە کوردەواری بەجێ دێڵێ، پەردەی سێیەم هەڵئەداتەوە و ئەکەوێتە عالەمی نیشتمانی و نیشتمانپەروەرییەوە. لەم مەیدانەدا شۆخانە شۆڕەسواری ئەکا، فیکر و هۆشی تامەزرۆیەکی تر وەرئەگرێ. ئامۆژگارییەکانی حاجی قادر لە باری نیشتمانیدا پایەی حاجی بەتەواوی لە عالەمی تەفکیر و خەیاڵبەرزیدا - بەپێی ئەو ڕۆژەی کورد - دەرئەخا و ئەیگەیەنێتە پایەی شاعرە هەرە نیشتمانییە گەورەکانی ئەورووپا. من لام وایە گۆڕانی ئەم پەردەیە بەم جۆرە یەکەم لەبەر دوورکەوتنەوەی وڵات و گۆڕینی ئەو ناوچەیە بووە کە تا ئەو وەختە تیایا ژیابوو، دووهەم هەڵسووکەوتکردنی لەگەڵ بەرەی بەدرخانییەکانا و ئاوخواردنەوەی لە بیر و باوەڕی ئەوان بووە. جا ئەم سۆزەی تا ئاخری ژیانی هەر لەگەڵا مایەوە. حاجی کە ئەچێتە ئەستەمبوڵ چاوی بە عالەمێکی تر ئەکەوێ، تەماشا ئەکا کوردەواری تا ئەو وەختە هەر خۆی بە قسەی حاڵ و خەت و ئیعراب و حاشیەوە خەریک کردووە، کە چی قەومەکانی تر ئەستێرەیان لە ئاسمانی عیلم و پیشەسازی و پێشکەوتندا بە جۆرێکی تر ئەدرەوشێتەوە، ئەڵێ:

شاعر و شێخ و خواجە دەربەدەرن
لە قسەی بێ نەتیجەدا دەمرن
باسی زوڵفی درێژ و چاوی بەخەو
نەبڕایە و بووە تڕی خەسرەو
قەید و تَذییب و حاشیە و اِعراب
هەموو با بردی بووەتە موجی سەراب

لەگەڵ ئەمەدا تەماشا ئەکا ئەو قەومەی وا بە تەواوی هەموو هۆشێکی خستووەتە سەر ئەمانە، قەومێکی هەڵبژاردە و ئازا و ئیش لێهاتوو، وەکوو باسیان بەم جۆرە ئەکا و ئەڵێ:

لە گاوان و شوانی کوردەکان یەک
بەسە بۆ لەشکرێکی سەد کەڕەت لەک
بە فیدایی شوانتان حاتەمی تەی
بە قوربانی سەپانتان ئالی بەرمەک
مریشکی ئێوە سەییادی شەهێنە
لەکن عەنقا فڕووجە حاجی لەکلەک
شوانی مێگەلی ئێوە لە شەڕدا
وەکوو قەسسابە، دوژمن مێگەلی شەک

ئەلێ: بەڵێ کورد ئەم ئازایەتییەی هەیە، بەڵام ئەوەی کە ئاوی لێ لێڵ کردووین ئەوەیە کە:

هەر کوردە هەموو لەبەینی کوللی میللەت
بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت
بێگانە لە تەرجەمەی زمانی
ئەسراری کتێبی خەڵکی زانی
یەکسەر عولەما دروشت و وردی
هیچ نەیخوێندووە دوو حەرفی کوردی

لەگەڵ ئەوەش:

ئوستادی خەتن لە ئەم سیانە
وەک دێ لە زمانی خۆی نەزانە

کورد ئەوەندە زیرەکە کە:

مومکین نییە دەربچێ لە چنگی
حەتتا ڕەقەم و خەتی فەرەنگی

نازانم ئایا پێم ناڵێیت؟:

کوردی ئاخر بڵێ چییە عەیبی؟
هەر کەلامی حەقە نییە عەیبی
لەفزی کوردی بەڵێ بڵاو نەبوو گرد بوو
وا لە مابەینی ئێمەدا تێچوو

ئایا ئەوانە کە پشت لە کوردی ئەکەنەوە، ئەوەیان نەزانیوە کە:

ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی
موحەققەق دایکی حیزەبابی زانی
وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی
تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی
«صلاح الدینشخص» و «نورالدینشخص» ی کوردی
عەزیزانی جزیر و مووش و وانی
موهەلهەل ئەردەشیر و دەیسمی شێر
قوبادی باز و میری ئەردەڵانی
ئەمانە پاکیان کوردن نیهایەت
لەبەر بێ دەفتەری ون بوون و فانی
کتێب و دەفتەر و تاریخ و کاغەز
بە کوردی گەر بنووسرایە زمانی
مەلا و پیر و شێخ و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی

حاجی بێجگە لە دەربڕینی شعوورێکی قەومیی و بەڵگەیەکی تاریخی، لە یەکەم شعردا وەستایەتییەکی بەلاغەت و لەتافەتی مەردانەشی نواندووە. ئەڵێ: ئەگەر کوڕە کوردێک زمانی باوکی - کە زمانی کوردییە - نەیزانێ وە یا لێی تێ نەگا، ئەوە ئەبێ لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە دایکی ئیشی خراپی کردووە با جوان جوان بیزانێ، هەروەها ئەگەر زمانی باوکی نەزانێ ئەبێ لای وابێ کە باوکی گانی حەرامی کردووە و ئەو لە هەر دوو بارەکەدا ئەبێ بە زۆڵ!. جا ئەمە حوسنێکە بەو کەسانەی داوە کە گوێ نادەن بە زمانی باوک و باپیریان لە کوردیدا. حاجی ئەڵێ ئەم کوردە هەژارانە لە لایەکەوە ئەم دەردی بێ نووسین و بێ خوێندنەوەیییە ڕووی تێ کردوون، لە لایەکی تریشەوە ناکۆکی و دووبەرەکی ئەوەندەی تر پشتی شکاندوون! کە وا بوو:

تا ڕێ نەکەون قەبیلی ئەکراد
هەر وا دەبنە خراپە ئاباد
ئەنواعی میلەل گەورە تا بچووک
خەمڵیوە مەمالیکی وەکوو بووک
یەک بەرگن و یەک زمان و یەک ڕەنگ
بێ غەیبەت و عەیب و عار و بێ دەنگ
دونیا بە تڕان دەخۆن و دەیدەن
هەر چۆنێ مەرامیانە دەیکەن
هەر کوردن ئەگەرچی پاکی مەردن
پاماڵی زەمانە مەحوی کردن
هەر مانەوە بێ نەوا و مەزڵووم
وەک بووم خرابەزار مەشئووم

ئینجا ئەڵێ: نازانم ئایا؟

بۆچی کوڕێ وا نییە هەستێتە سەر پێ
بزانێ چۆنە کە هەر کەس کەوتە سەر پێ؟
بکا سەیری جەریدە و حاڵی میللەت
کتێبی تازە و تاریخی دەوڵەت
بزانێ تا چی قەوماوە لە ئەتراف
سەراپا ئاگرە ئەتراف و ئەکناف
ئەگەر کارێک نەکەن لەم بەینەدا زوو
مەمالیک کاتێک زانی لە دەس چوو

کە لەمە ئەبێتەوە پڕ بە دەم هاوار ئەکا ئەڵێ:

جۆشێک بدەن وەکوو هەنگ
تەدبیر بکەن بە بێدەنگ
ئەسپابی شەڕ پەیدا کەن
تۆپ و تفەنگ و هاوەن..............................
پاڕانەوە و تەوەککول لەم عەسرە پارە ناکا
تیر و دۆعا و جەوشەن پیکانە حیرسی مەیدان
بۆچی بەشیری ئێمە یەعنی ڕەسووڵی ئەکرەم
هیچ ئەدعیەی نەزانی، ڕۆژێ کە دەچووە مەیدان؟

ئەڵێ: ئێوە هەروا بە نەزانی لە شوێنەکەی خۆتان ماونەتەوە بەبێ کارەیی، کە چی:

ئەی خەریکی ڕمووز و ڕاز و نیاز
ئەورووپا فەننی گەیوەتە ئیعجاز
قوللەی «ئیڤل» ی لە ئەفلاکە
عەکسی ئەو گەردووشی لەژێر خاکە

حاجی بەم جۆرە لە وڵاتێکی بێگانەدا پێ ئەنێتە مەیدانی نیشتمانییەوە و بە فیکرێکی وردەوە دەردەدڵی هەژاری و پەرێشانی کوردان هەڵئەڕێژێ و ئەیگەیەنێتەوە وڵاتەکەی و بە هاوخوێنەکانی و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە خۆیشی لە دوورەوە تەماشایان ئەکا!...

حاجی شعری لە گەلێ شوێندا پەرت و بڵاو بووەتەوە، لەبەر ئەوە بەتەواوی کۆ نەکراوەتەوە. بەتایبەتی شعرەکانی ئەستەمبوڵی کە بەرزتر شعری گەلێکی کوردی بوون - زۆر کەمی لێ کەوتوونەوە کوردەواری. تەنانەت دیوانێکی نایابی کەوتبووە لای «عبدالرزاق بگ بدرخانشخص» لە ئەستەموڵ بۆ ئەوە لە چاپ بدرێ، کە «عبدالرزاق» بەگ لە لایەن ئیتیحادییەکانەوە گیرا و خنکێنرا دیوانەکەش لەناو شتومەکەکانیا سووتێنرا.

بەڵام وێنەیەکی دەستنووسی ئەو دێوانە لەلای «حەمیدە خانم»شخص ناو - کە لە بەرەی بەدرخانییەکانە - هەیە و نوسخەیەکیشی کەوتووەتە لای مەحامی «موحەممەد میهری» هەر لە ئەستەموڵ. ئەمانە لەوێ ماونەتەوە. لەم وڵاتەشدا هەندێ شعری لە لایەن «عەبدوالرحمن سعیدشخص» ەوە کۆ کرایەوە و لە ساڵی ١٩٢٥ی میلادی لە چاپخانەی «دارالسلام» لە بەغدا بۆ جاری یەکەم لە چاپ دراوە. بەڵام گەلێ شعری تری حاجی هەیە هەر لەم وڵاتەدا لەبەر ئەوە وەختی خۆی چنگ نەکەوتووە ئەوەش نەخراوەتە ئەم دیوانەوە. حاجی وەکوو شاعرێکی کوردی بووە، لە شعری فارسی و عەرەبی و تورکیشدا کەمتر نەبووە لە کوڕی ئەو زەمانە و بە هەموویان شعری بەرز و باڵای هەیە. لە ساڵی ١٩٥٣دا دیوانەکەی لە لایەن گیوی موکریانییەوە لە هەولێر لە چاپخانەی کوردستان بۆ جاری دووهەم لە چاپ دراوەتەوە، ئەم چاپەی زیاترە لە چاپی یەکەم. دیسان بۆ جاری سێیەم هەر گیو لە چاپخانەی هەولێر لە ١٩٦٩ لە چاپی داوەتەوە. هەروەها موحەممەدی مەلا کەریم لێکۆڵینەوەیەکی لە هەندێ لە شعرەکانی کردووە و لە ساڵی ١٩٦٠ لە چاپخانەی «النجاح» لە بەغدا لە چاپی داوە.