کوردی

(١٨٠٩-١٨٤٩)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 20 دقیقه  2292 مشاهده

سووتاوی سارای ڕەش پۆشان بە دەست عەشقەوە، کوژراوی ئاڵای باڵا نەمامان لە سەرمەشقەوە، تاقە گوڵی «مەحموودبەگی ساحێبقران»شخص، کوردی ناو و کوردی گیان و کوردی زمان. لە کۆڕی بادە فرۆشانی سۆز و گودازدا کەمەر بەستە، لە پۆلی مەی نۆشانی قسە و باس و بەلاغەتدا سەردەستە. ڕەنجی کە داوە لە پێناوی چاوی کاڵ، سەودا بووە بە خەتی سەوزی کوڕێکی چواردە ساڵ. لەم سۆزەوە بووە کە سەرەنجامی ئیشەکەی کەوتۆتە عالەمی ئەڕواحەوە و نەیماوە ئێشەکەی. لەم سۆزەوە بووە کە تەقیوەتەوە کارێزی شعری بەرزی. لافاوی کەوتە ئێران «قائانی» پشتی لەرزی. کەوابوو «کوردی» هەم شاعرێکی کوردی بووە، هەم غەرامییەکی کوردی بووە، هەم دەروێشێکی ڕاستەقینەی کوردی بووە. ئەم شاعرە غەرامییە بەرزە ناوی مستەفا و کوڕی مەحموودبەگی کوڕی ئەحمەدبەگی ساحێبقڕان و ئامۆزای ئەوڕەحمان بەگی «سالمشخص»ە. بنەماڵەی ساحێبقران بێ شک بێشکەی شاعران بووە، بۆیە «ئەحمەدبەگی فەتاح بەگشخص»یشیان تێدا هەڵکەوتووە. لە ساڵی «١٨٠٩»ی میلادی لە شاری سولەیمانی هاتۆتە دۆنیاوە. هەر لە سولەیمانی خراوەتە بەر خوێندن و لە پاشا هەندێ خوێندنی علوومی ئیسلامیشی لە حوجرەی فەقێیان خوێندوو، کە ئەم شاگرد بووە سالم خەلفە بوو، کە ئەم سوختە بووە سالم موستەعید بووە.

هەرچەند بنەماڵەی ساحێبقران ئاوەدان بووە بە چاندنی تۆوی شعردانان، بەڵام ئەوەی بەتایبەتی بووبێ بە سەرچاوەی ئیلهامی شعر لە «کوردی»دا:

نەوجەوان، ئەبرۆ کەمان، شیرین دەهان و نوکتەدان
تورک ڕەفتار و پەری ڕوخسار و کاکۆڵدارەکەم

«قادر» ناو بووە لە سولەیمانی کە بە خەتی سەوزی سەر لێوی بە کەکۆڵ و خوڵامانەی سەرشانی، سۆزی عەشقێکی سووتێنەری خستۆتە کوردییەوە. ئەم کوڕە کارێکی زۆری کردۆتە سەر ژیانی مستەفابەگ؛ تەنانەت ئەڵێن لە ئاخر هەناسەیا بە ئاگری عەشق سووتاوە و پڕووزەی چووە بە ئاسمانا!.

کوردی جارێک ئەبیێ کە «قالە»ی چووە بۆ «سنە»، ئەمیش دەستبەجێ سولەیمانی بەجێ دێڵێ و ئەچێ بە شوێنیا، گەلێک لە سنەدا ئەسووڕێتەوە، پێی ئەڵێن ئەوەی تۆ ئەتەوێ هێشتا نەهاتووە، ئیمڕۆ سبەی ئەگاتە جێ. ئەچێ بە پیرییەوە و دەشتی «سەرنوێ»ی لێ ئەگرێ، کە گوێی لە دەنگی زەنگی کاروانەکە ئەبێ دەست ئەکا بە وتنی بڕە شعرە بە سۆزەکەی و سەرەتای بەم شعرە ئەکاتەوە، ئەڵێ:

سەدای کاروانی فیرقەت دێ، ئەڵێن سەرقافڵەچی یارە
زڕەی پێشەنگی میحنەت دێ، دەڵێن کاڵایی غەمبارە!

کوردی ئەدیبێکی پایەبەرز و شاعرێکی شعر ڕەوان بووە، سۆزی «قالە» وای لێ کردووە لەوانەیە کەم کەس لە غەرامییاتدا دەستی ئەوی بووبێ.

کردەوەی تورکەکان لە سولەیمانیدا گەلێ جار بووە بەهۆی دڵ ڕەنجاندنی کوردی و تەواسانەوەی لە سولەیمانی و بارکردنی بۆ وڵاتی ئێران. لە کوردستانی ئێراندا خزمەکانی سالم خزمی ئەمیش بوون. چوونی بۆ ئێران وەکوو چۆن جەوری تورکان پێی کردووە، هەروەها هاتوچۆکردنی قالەش بووە بۆ سنە و لە بن دەست ئەمەشەوە دیدەنی کردنی بووە لە خزمەکانی. لە ئێراندا زۆرتر وەختی لەگەڵ ئەربابی قەڵەم و شعردا ڕابواردووە. لەگەڵ دیوانی شاعرەکانی عەجەمدا سەوداسەرێکی چاکی بووە، بەو بۆنەوە ناوبانگێکی بەرزی لە ئێراندا هەیە. بە تایبەتی لە سنەدا گەلێ وەختی ڕابواردووە و گەلێ شعری جوانی لە شوێن بەجێ ماوە. لە «تارانمکان» مامۆستای شازادەکانی ئێران ئەبێ، وە لە یەکەم کاروانیا ئەبێ بە ئەندامی «ئەنجومەنی ئەدیبان»یش لە تاران. لەگەڵ «قائانی» شاعری بەناوبانگی ئێراندا داستانێکی سەیر و شەڕە شعرێکی زۆریان لە بەیندا بووە و لە ئاخردا بۆڕی قائانی داوە. گۆیا ئەڵێن: لەسەر ڕوولێنانی «شا» لەسەر حەوزێک دائەنیشن و ئەکەونە موشاعەرەوە، قالە لە پشت کوردییەوە وەستاوە و وێنەکەی لەناو حەوزەکەدا دیار بووە و ئەبێتە هۆی ئیلهامی کوردی!، قائانی هەست بەمە ئەکا بە داردەستەکەی حەوزەکە ئەشڵەقێنێ و وێنەکە تێک ئەچێ!. کوردی هەر گوێی ناداتێ و بۆی هەڵئەستێ و بە پەنجە ئەدا لە تەپڵی سەری قائانی - کە کەچەڵ بووە - و ئەڵێ: «لای ئێمە کە مانگ گیرا لە مس و تەنەکە ئەدەن!» قائانی بەمە زۆر تووڕە ئەبێ و جنێو بە «سوننی» ئەدا و لەمەوە شەڕەکەیان سەر ئەکێشێتە لای ئەوە کە یەخەی یەک بگرن. ئەو وەختە شا تکا لە کوردی ئەکا وازی لێ بێنێ.

هەروەها ئەفسانەی سەیر بەرامبەر بە کوردی ئەگێڕنەوە، وەکوو ئەوە ئەڵێن: پیاڵەیێ زەهری خواردۆتەوە و پێی نەمردووە! و لە پاشا بە ئاگری عەشق سووتاوە.

کوردی بێجگە لە کاروانە زۆرەکانی ئێرانی ئەڵێن: چووەتە «شاممکان» و دوو جاریش چووەتە «پاریسمکان» و تەنانەت سەفارەتی «فەرەنسەمکان»شی هەیە.

شاعرەکانی کورد بە چاوێکی بەرزەوە سەیری کوردییان کردووە؛ وەکوو ئەوە باسی شاعرەکانی پێشووی کورد لە «شێخ ڕەزای تاڵەبانیشخص» ئەپرسن، ئەویش ئەڵێ: ئەگەر هەموو بهاتنایەوە دونیا، ڕۆژێ جارێک دیدەنیم لێ ئەکردن، بەڵام لە کوردی ڕۆژێ پێنج جار.

حاجی قادری کۆییشخص کە باسی کوردی ئەکا ئەڵێ:

شەهسەواری بەلاغەتی کوردان
یەککە تازی فەساحەتی بابان
مستەفایە تەخەللوسی کوردی
غەزەلی کردە بەربەتی کوردی

کوردی، زمان و ئەدەبیاتی فارسی چاک زانیوە، لە عەرەبی و تورکیشدا دەستی بووە.

لەبەر دوورکەوتنەوەی لە کاکۆڵەکانی قالە، زۆر جار ناوی شعر لە دیاری بێگانەدا کردووە بە «هیجری»، وەکوو ئەڵێ:

تاکەی ئاخر حەسرەتی کاکۆڵەکەت پەنهان بکەم

«هیجری» ئاشوفتە دڵ و کاکۆڵ پەرەستی کاربە

دیسان ئەڵێ:

ئومێدی وەسڵ و دیداری نەما «هیجری» ئەمێستاکە
هەمیشە ئینتیزاری نامەی پەیک و سەڵامێکە

کوردی پیاوێکی باڵابەرز و کەڵەگەت، سوور و سپی، موو ڕەش و چاو گەورە و بە هەیکەل بووە. زۆر گوێی بە جلوبەرگی جوان نەداوە، بەڵام زمانی زۆر خۆش بووە. لەپاش چەند جار هاتوچۆ کردن بۆ تاران ئاخر جار کە ئەگەڕێتەوە بۆ سولەیمانی لەبەر ئەوە شەیدای عەشقێکی ڕاستەقینە کاری تێ کردبوو، نەفسی پێ هەڵنەئەگیرا ئەو ئەرکەی بەرێ بەڕێوە. لەبەر ئەوە بە نەخۆشییەکی نەفسی لە ساڵی «١٨٤٩»ی میلادی لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا گیانە پاکەکەی دا بەدەست ئەو عەشقەوە و لەشەکەشی سپارد بە دار ئەرخەوانەکانی «گردی سەیوان» بۆ نەمامی عەشق. دوور نییە ئیستەش لە دەروونی کوورەیەکی بەجۆشەوە دەنگی سۆزی «یاقادر» لە گۆڕەکەیەوە بێتە دەرەوە!

ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە شعری کوردی بکۆڵینەوە، لە پێش هەموو شتێکدا ئەڵێین: کوردی شاعرێکی فیتری و شعرەکانی وەکوو ئاوخواردنەوە وا بوون بۆی، وە زۆرتر ئەفسانەی لەسەر غەرام و غەزلیات بڕاندۆتەوە. ئەمانەشی هێناوە خستوونیەتی ناو گوڵدانێکی وشەوە بۆ ئەوە کە پیاو گوێی لێ بوو هەم دڵی بە بۆنی گوڵی مەعنا بگەشێتەوە، هەم چاوی بە دیمەنی گوڵدانی وشە ڕوون ببێتەوە.

کوردی کە لە بەهەشتی زەمانی منداڵی دەرئەچێ ناو دەشتی بەسامی دونیاوە، لەباتی ئەوە کە دەر و ژووری قاپی ژیانی بپشکنێ بۆ ئەوە کە لەو دەشتەدا کۆشکێک درووست بکا و بە دڵنیایی تیایا دابنیشێ، کە چی بەپێچەوانەی ئەمە ئەکەوێتە ناو دەریایێکی بێ پەیەوە و بە هەر لایەکدا شان و قۆڵ ئەکوتێ، تەماشا ئەکا هەر لە شوێنەکەی خۆیدایە! پێی ئەڵێن: بۆچ وایە و وا ئەکەی؟ ئەڵێ:

مەکەن مەنعم کە سەرگەردان و وێڵم

بە دەست عەشقە زەمامی ئیختیارم

پێی ئەڵێن: بازاڕی عەشق بازاڕێکی بەسامە، پیاو کە چووە ناویەوە هەرشتێکی پێ بێ ئەیدۆڕێنی و ناویشی ئەزرنگێ، ئەویش ئەڵێ:

من کە ڕسوا بووم و تەپڵی عاشقیم لێدا، ئیتر
کوردیتخلص هیچ پەروای دڵ و ئیمان و مانی دین نییە

گەلێکی لەگەڵ ئەکۆڵنەوە و پێی ئەڵێن: هەموو عومری خۆتت بە خۆڕایی دۆڕاند، ئاخر تۆ ئەم عەشقەت لەسەر چییە و بۆچییە؟ ئەڵێ: ڕاستە،

هەموو عومرم بە زایع چوو لە ڕێگەی عەشقدا،چونکە
گرفتار و ئەسیری داوی عەشقی تیفل فامێکم

کە بۆیان دەرئەکەوێ ئەمە بەچکە بچکۆلەیەکی بێ ناوە، وا ئاگری لە عومری بەرداوە؛ لێی ئەپرسن باشە، لە چە بنەماڵەیەکە؟ ئەو بنەماڵەیە لەکوێیە؟ چی لەبەر ئەکا؟خووڕەوشتی چۆنە؟چۆن کوڕێکە و ناوی چییە؟ کە ئەمەی گوێ لێ ئەبێ دڵی ئەگەشێتەوە و هۆشێکی بە بەرا دێتەوە و زمانی ئەکرێتەوە و ئەڵێ:

گەر دەپرسن مەنزڵ و شکڵ و لیباس و تائیفەی
ماڵیان نەزدیک بە بەندیخانە و ئاشی ئەحان
ئەسمەرە، لاغەر تەنە، باڵا میانە، کەج کولاهـ
سوخمە سەبزە، مەیتەن ئاڵە، چاو خومار، ئەبرۆ کەمان
عاقڵ و دانا و موئەددەب، وەحش و مەغروور و عەجوول
گەهـ دەڵێ سندان بە عاشق، گەهـ دەڵێ چاوم قوبان
زوود خێزە، توند ڕەوتە، مەستە دایم، چاو بە خەو
گاهـ بەدخوو و زاڵمە، گەهـ موشفیقە، شیرین زمان
سا لە هەرکوێیێ کە مەستت کرد سوئالی لێ بکە
ڕازی پەنهانی سەراسەر بۆت دەکا ئەڵبەت عەیان
ڕەهڕەوت قادر بێ بۆ ئیعتای جوابی مەسئەلەت
وەرنە «کوردیتخلص» ناتوانێ حاڵی خۆی بۆت کا بەیان

تەماشا ئەکەی لێرەدا شۆڕشی عەشقی کوڕێکی نەوڕەسی چاو خوماری سوخمە ئاڵ، بووە بە سەرچاوەی ئیلهامی شعری کوردی، ئەو کوردییە کە لەو دەریای بێ پەیەدا تەکان ئەدا و کە چی ئەو هەموو هۆشێکی لێ سەندووە. بەڵام ئایا ئەم عەشقە بەرامبەر بەو کوڕە عەشقێکی دیمەن پەرستی بووە، یا سەودایەکی هەوەسڕانی؟ ئایا ئەو کەسانە کە لە گۆشەی ئەشکەوتی خوا پەرەستی یا لە دووکانی بازاڕی عەشق پەرەستیدا بەرماڵ و کەڵپۆستیان ڕاخستووە، چی ئەڵێن بەرامبەر بەم کارەساتەی کوردی و بەرامبەر بەم شۆڕشە کە کوردی بە ئاشکرا خستوویەتە ناوەوە؟

بەڵێ، گومانی تێدا نییە کە کاکۆڵی لە خەنە گیراو و چاوی مەستی بە دەست کردگار جوان کراوی قادرئاغا بووە بەو هێزە کە پێی ئەڵێن «اثيرعربی» و گەلێ لە هەوا نازکترە و خۆی داوە بەسەر هەموو زەڕڕە - گەردێکی - موسەفابەگدا. ئەویش لە تاوا کە گریاوە فرمێسکی خوێنەکەی لەسەر زەوی و لە هەواوە، نەخشەی وشەی عەشقی کێشاوە و ناوی «قادرشخص»ی هێناوە!. ئەوەندە هەیە ئەگەر بێتوو ئێمە نەفسی عەشق، نەفسی عاشق، نەفسی مەعشووق بخەینە بەر ئەو مەکینەیە کە خەوشی لە ئاڵتوون پێ جیا ئەکرێتەوە، بۆمان دەرئەکەوێ کە عەشقی «کوردی» بەرامبەر بە «قالە» عەشقێکی داوێن پاکی بووە، عەشقێکی خواناسی و فەلسەفی بووە. عەشقێک نەبووە کە کوڕێک دڵی لە کوڕێک چووبێت، یا ئەو عەشقە نەبووە کە کوڕێک دڵی لە کچێک چووبێت؛ بەڵکوو عەشقی ڕاستەقینە - ئەگەر بووبێت - تەنها ئەو عەشقە بووە کە لەبەر مانگەشەوێکی چواردەدا لە سای گەردنی قالەدا شەرابی سەرخۆشی بخواتەوە بۆ ئەوە بە گزیێکەوە دەست بۆ قالە درێژ بکا!. بێگومان ئەگەر ئەم عەشقە بوایە نەیئەتوانی بڵێت:

شەهیدی عەشقم و مەمشۆن کفنم بۆ مەکەن یاران
گەواهی حەشرە بۆ دەعوای شەهادەت بەرگی خوێنینم!

بەڵکوو عاشق بووە بەو دیمەنە کە عەکسی جوانی کردگار بووە و لە ئاوێنەی سەرو باڵای قالەدا دەرکەوتۆتەوە، عاشق بووە بەو جەماڵە کە تۆزێک بووە لە پڕتەوی جەماڵی بارەگای ئەو خوایە کە بە دەستێکی نهێنی گوڵی ئەندامی قالەی دروست کردووە و کردویە بە نموونەیەک بۆ دەرکەوتنی ئەو گەورەیی و دەساڵەتە کە بە هەزاران هەزار ئایاتی کەونی و غەیرە کەونی هەیە. قالە تەنها یەکێکیانە و سۆزی کوردیش تەنها یەکێک!. دیسان نیشانەیەکی تر بۆ ئەوە کە عەشقی کوردی بەرامبەر بە قالە عەشقێکی ڕاستەقینە و داوێن پاک ببووە، ئەو بەڵگە مەنتیقییەیە کە لام وایە هەمووکەس وەری ئەگرێ: هەرشتێکی ماددی یا مەعنەوی لەم گێتییەدا کە تۆ بیگری بە لانی کەمەوە پێویستە وەکوو بەردی ئاگردان سێ کوچکی ببێ: یەکەم داواکەر، دووهەم داواکراو، سێهەم مەرام. وە هەریەک لەمانە ئەبێ لەوانە بن کە لە شانیانا ببێ ئەو ئیشەی خۆیان بەرن بەڕێوە. تۆ دڵت لە مێوەیەک بچێت، ئەوا تۆ و مێوەکە هەردووکتان هەبوون، مەرامەکەش - شکاندنی ئارەزووی ئەو مێوەیەیە - دیارە ئەبێت، کە ئەم دووە هەبوو سێهەمینەکە بە ناچاری ئەبێت. بەڵام ئەگەر دڵت لە بەردێک چوو بۆ خواردن ئەمە ڕێک ناکەوێ، چونکە نە تۆ لەوانەیت بەرد بخۆیت، نە بەردیش لەوانەیە بخورێت بۆ نەهێشتنی ئارەزووی برسێتی. وتمان ئەوا هەر هات و کردتە زۆرەمڵی بەردەکەت خوارد، مومکین نابێ جارێکی تر بتوانی ئارەزووی بەردخواردن بکەیتەوە!. دڵ لێچوونەکەی مستەفابەگیش لە قالە هەر ئەم بابەتەیە، مستەفابەگ ئەتوانێ دڵی لە قالە بچێت، قالەش لەوانەیە کە مستەفابەگ دڵی لێ بچێت، بەڵام ئەگەر مەبەست لە دڵ لێچوونەکە ئیشی خراپە بێت، ئەمەیان ڕێک ناکەوێت، چونکە سروشتی قالە بۆ مستەفابەگ بۆ ئەوە دروست نەکراوە. ڕاستە ئەمە ئەبێت: کە کوڕێک دڵی لە کوڕێک بچێ بۆ ئیشی خراپە و داوێن پیسی، هەر کە کردی ئەبڕێتەوە. ئەگەر هینەکەی مستەفابەگیش بۆ ئەوە بوایە، بێجگە لەوە کە لە ماوەی بیست ساڵدا هەر ئەیتوانی بەو ئارەزووە بگا، ئەم سۆزە ئەوەندە نەئەمایەوە کە کوردی بخاتە ئەو عالەمی ئەڕواحەوە و بەجۆرێ تیایا ون ببێ کە ناوی قادری خاوەن جیهان بە تاپۆی قادری چاو جوان بێنێتە مەیدانەوە و بڵێ:

عەبەس کوردی، مەلائیک دێن دەپرسن مەزهەب و دینت
کە قادر خۆی دەزانێ من لەسەر کام مەزهەب و دینم

پرسیارکردنی فریشتە لەپاش مردن و لە گۆڕدا نەبێ، ئەمەش ئینکار ناکرێ کە کوردی ئەمەی زانیوە، چونکە ئەڵێ: «دین». هەروەها نە کوردی و نە غەیری کوردی ئەوەیان بەرگوێ نەکەوتووە کە لە دەوری ژیاندا فریشتە بێت و پرسیار بکات کەوابوو قادری چاو جوان ئەو دەسەڵاتەی نییە کە دوو فریشتە لەپاش مردنی کوردی بنێرێ بۆ پرسیارکردن، بەلکوو ئەڵێ: قادری خاوەن جیهان - کە دروستی کردووم - خۆی ئەزانێ کە من لەسەر چە رێگەیەکم، ئیتر ئەم پرسیارە چییە ئەیکا؟!. جا ئایا عەشقێکی هەوەسڕانی و ئارەزووپەرستی ئەتوانێ بگاتە ئەو پایەیە کە کوردی بخاتە کۆڕی فەلسەفە و تەسەووفەوە کە هەزارانی وەکوو «معری و خیام و منصورفارسی» تیایا مەیگێڕ بوون؟! ئێمە لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە «کوردی» بوو بە عاشقێکی لاهووتی، تەلی عاتیفەی هیچ شتێک نایبزوێنێتەوە تەنها ئەو پەیکەرە نەبێ کە لە نیگاری قالەدا بووە بە ئاوێنەی جیهان نمای کوردی. جا لەبەر ئەوە خۆی لەبەر هەر تەونێکا کە دابنێ نەبێ یا «تان»ەکەی یا «پۆ»وەکەی عەشق بێ. کوردی دەردەدڵێکی خۆی لەگەڵ یارەکەیدا باس ئەکا ئەڵێ:

چێشتم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕۆحی شیرینم نەهات
زەخمی کۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات
من غەمم خوارد و غەمیش خوێنی جگەرمی خواردەوە
بۆیە گریام چەند بە چەند فرمێسکی خوێنینم نەهات

ئەڵێ: دووریی یاری شیرینم بۆم بوو بە زەهر و خواردمەوە، هیچ بەزەیییکی پیاما نەهاتەوە کە بێت و نەیەڵێ ئەو زەهرە بخۆمەوە، زۆر دەمێکە من بە داوی ئەوەوە گرفتار و بریندارم. ئەو برینە کونەیەم - کە دوورکەوتنەوەی جاری پێشووی ئەوە - هاتووە سوێ و نەهات بۆ ئەوە ئەو هاتنەیم بۆ ببێ بە مەڵحەم. من لە داخی دوورییەکەی دەستم کرد بە غەمخواردن و ئەمویست بگریم و فرمێسکی خوێنین هەڵڕێژم، بەڵام لەبەر ئەوە کە غەمیش وەکوو «زەروو» خوێنی جگەری خواردبووم هەرچەندم کرد دڵۆپە خوێنێکم چنگ نەکەوت بۆ ئەوە بیکەم بە فرمێسک.

کەم کەس توانیویەتی بەم جۆرە باسی خۆی و غەم و یاری بکا وەکوو کوردی کردوویەتی، لە پاشا ئەیهێنێتە سەر ئەوە ئەڵێ:

گۆی سەرم چەوگانی میحنەت دایە بەر خۆی ڕایفڕاند
ئەلعەجەب بوو، شەهسەواری خانەیی زینم نەهات!

لێرەدا بەڕاستی کوردی وەستایەتی بەکار هێناوە، یەکەم لەوەدا: گۆیا سەر و کەللەی - کە شوێنی مێشک و تەفکیریەتی - لەبەر نەهاتنی یاری وەها تێکچووە و پەکی کەوتووە وەکوو تۆیی بۆشی جلیتێنی لێهاتووە کە گۆچانی ئێش و ئازار بە هەموو لایەکدا هەڵی ئەفڕێنێ و هەڵی ئەسووڕێنێ. ئەڵێ : ئەمە زۆر سەیر بوو، من ئەمەم بەسەردا هات و کەللەی سەرم هەموو کەس یاری پێ ئەکرد، کە چی یارم دیار نەبوو، کە ئەویش وەکوو شۆڕەسواران لەناو زینەکە دانیشێ و گۆچانێک بگرێتە کەللەم. دووهەم کوردی بەم شعرە یارییەکی شەقێن و ڕمبازی و تۆپ بازی - کە لەو دەورەدا لە کوردەواری باو بووە و هەر هی کورد بووە - ئەیخاتەوە فیکری ئێمە. زۆر نزیکە ئاورووپاییەکان یاری «پۆلۆ»یان لە کوردەوە وەرگرتبێ.

کوردی لەو شعرەیەدا کە ئەڵێ:

گەر موخەییەر بم لە مابەینی بەهەشت و وەسڵی یار
وەسڵی تۆ بۆ من، جەهەننم پڕ لە جەننەت نامەوێ

وردەکارییەکی کوردانەی سەیری کردووە، ڕوو ئەکاتە یارەکەی ئەڵێ: ئەگەر بمکەن بە سەرپشک بۆ ئەوە کە گەیشتن بە تۆ هەڵگرم و جەحەننەم جێگەم بێ، یا دەست لە تۆ بشۆم و بەهەشتم بدەنێ، پێ گەیشتنەکەتم ئەوێ نەوەک بەهەشتەکە!. کوردی ئەم بە یار گەیشتنەی ئەوەندە بە سۆز داوا کردووە ئەڵێ: نەوەک هەر ئەوەندە کە بە دەست لێگیربوونەکەت بەحەشتم ناوێ!. بگرە لەبەر تۆ ئەوەندە لە بەحەشت دوور ئەکەومەوە ئەگەر بێتو جەحەننەمیش - ئەو جەحەننەمە کە ئەگەر تۆم بوێ ئەبێ بە جێگەم - پڕ نەکرێت لە بەحەشت تەنانەت ناچمە ئەوێشەوە، نەوەک پێم بڵێن تۆ ئەوا چوویتە بەحەشت ئیتر نابێ بە یار بگەیت!.

«کوردی» سووچی قسەیەکی کوردی دەرخستووە کە یەکێک بە یەکێک ئەڵێ: «دەبڕۆ جەحەننەمت لێ پڕ». کابرا تووڕە ئەبێ، لای وایە قسەیەکی ناشیرینیان پێوتووە، هەرچەندە ئەوکەسەش کە قسەکە ئەکا لە کاتی تووڕەییدا و بۆ ئەوە ئەڵێ گۆیا جنێوی ئەداتێ، کە چی لە حەقیقەتیشدا قسەکە لە مەبەستی هەردوولایان دوورە، چونکە «دەبڕۆ جەحەننەمت لێ پڕ» یەعنی بڕۆ جەحەننەمت لێ پڕ کرابێ بە هیچ جۆر جێی تۆی تێدا نەبێتەوە. کەوابوو مەعنای شعرەکە ئەوە نییە وەکوو هەندێ کەس ئەڵێن: «بەهەشت پڕ بێ لە جەحەننەم نامەوێ» ئەگەر مەبەستی ئەوە بێ ئەڵێ: «جەننەت پڕ لە جەهەننم». دیسان ئەم هەر لەبەر ئەوە کە بە یار بگا ئەڵێ: نەوەک هەر بەحەشتم ناوێ، تەنانەت ئەگەر جەحەننەمیش بۆ ببێ بە بەحەشت ئەویشم هەر ناوێ تەنها تۆ نەبێ، کەوابوو کوردی لە باری ئەدەبیاتدا زەوقی لەگەلێ شاعر بەرزتر بووە. کوردی هەر لە خانەی عەشقدا دیواخانێکی دروست کردووە و بە بڕە شعرە بەرزەکەی باسێکی ئاهەنگی ئەو دەورە بۆ تاریخ ئەگێڕێتەوە. سەرەتاکەی ئەکاتەوە و ئەڵێ:

دڵ لە میحنەت کەیلە ئەی پیری موغانی بەزمی ساز
هەر ئەتۆی بۆ بارەگای عەیش و تەرەب مەسنەد تەراز

کە دیوەخان لە کۆڕی مەینۆشان گەرم ئەبێت، مەی و مەیگێڕ ئەچنە ژوورەوە، ئینجا بە زاهیدیش ئەڵێ: قاپی مەیخانە و ئاهەنگ کراوەتەوە، واز لە خانەقا بێنە و پێیەک باوێژەرە ئەم دیوەوە!. کۆڕمان زۆر خۆشە، چاومەستی کڵاولار بە کاکۆڵی پەریشانیەوە، بە نازێکەو مەی ئەگێڕێ. بێگومان گەردوون تەماشای ئەو مەیە و ئەو مەیگێڕە و ئەو لێوانە ئەکا کە ئەو مەیە ئەخواتەوە، ئەڵێ: هەر وتنی گۆیندەکانمان ناتەوە:

دەبا ئاغە زەننون لێ بدا سینە کەمان فارس گرفتفارسی
ئەلکە تەنبوور و دەف و ئەسعەد بدا دەستی بە ساز
مستۆ ئیبراهیم و ئەوڕەحمان نەوا و فەتحی حەزین
مستەفا ناری و سێ گا، یوونس بڵێ دەشتی و حیجاز
یا ڕەسوول هەڵداتە ڕاست، ساڵح بڵێ نیوەشەوی
محیەدین چوارگا و قەرە دەنگی بڵند کا بۆ قەزاز
جاربەجار بە گزێکەوە هەستی لە پەردەی تاهری
بارەکەی عاشق کوژە و مەعشووقەکەی دوژمن نەواز

لە پاشا دێنێت «باربود» و «ئەیاز» و «نەکیسا» ئەکا بە گا و گەردوونی ئەمانە، ئەڵێ: دیوەخانی وا گەرم «جەمشید» ئەبێ ببێ بە قاپی وانی، کەوابوو سۆفی و شێخ و زاهید نابێ بێنە ژوورەوە. هەژارانە لێیان پەشیمان ئەبێتەوە! و ئاخری شعرەکانی بەوە دێنێت ئەڵێ:

وەنییە کوردیتخلص مائیلی ئەو نەوعە ئەتوارانە بێ
لازمە شاعر لە هەر نەوعێ بڵێ بۆ ئیمتیاز

تەماشا ئەکەی کوردی لەو شعرانەدا وێنەیەکی بەزم و ئاهەنگی ئەو ڕۆژەی سولەیمانی و کوردەواری ئەگێڕێتەوە، یەکە یەکە ناوی گۆیندەکان دێنێ لەگەڵ ئەو گۆرانیانەدا، کە ئەو سەردەمە باو بوون، لە پاشیشیان نەفسییەتی خۆی بەتەواوی دەرئەبڕێ. ئێمە لێرەدا ئەبێ بکەوینە سەر ئەو باوەڕە کە ئەگەر سۆزی عەشقی کوردی نەبوایە، نەمان ئەتوانی ئاگادار بین بەسەر نقام و مۆزیقا و چۆنیەتی ئاهەنگی زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش تر لە کوردەواریدا، کە ئیمڕۆژ ئەم ناحیە پایەیەکی زلی هەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دیسان ئەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەدەکانی ڕابوردوودا لە گەڵێ شتدا شان بەشانی قەومەکانی تر ڕۆیشتوون.

سۆزی قەومییەت لە مستەفابەگدا کردوویەتە کارێ کە ناوی شعری بکا بە «کوردی»، لە تاران ناو و نیشانی خۆی ئەکا بەم نیوە شێعرە: «احمده‌ جد و پدر محمود و نامم مصطفی استفارسی» و ئەیخاتە سەر نەقیمی ئەنگوسیلەکەی بۆ مۆر. لەو شعرانەدا کە لە وڵاتی ئێران وتوونی، غەزەلیاتێکی زۆری بە زمانی فارسی هەیە، بەڵام دەستاودەست کەوتووە و کۆ نەکراونەتەوە. دیوانێکی کەمی بە زمانی کوردی لەلایەن «کوردی مەریوانی» بەوە لە چاپخانەی «دارالسلام» لە بەغدا ساڵی «١٩٣١» بۆ جاری یەکەم لەچاپ دراوە. بۆ جاری دووهەم لەلایەن گیوی موکریانییەوە لە هەولێر لە ساڵی ١٩٦١ چاپ کراوەتەوە. دیسان لەلایەن «سەییدیان» لە مەهاباد چاپی کردووەتەوە بە بێ ئەوە تاریخی لەسەر بێ، بەڵام پاش ئەوەی گیوی کەوتووە.