من و مناڵە کوردەکان
از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
2 دقیقه
775 مشاهده
گیانە پێ بگرن بەڵکە پێشکەون
تاکەی ئەسیری لانکە و بێشکە ون
کاتی خوێندنە وادەی خەو نەما
ڕووناکی ڕۆژە ڕەشی شەو نەما
نووسین فێر ببن تیشک ئەهاوێژێ
ڕەشایی قەڵەم چاوت ئەڕێژێ
ڕەشینەی چاوت هەرچەن دووربینە
چاکتر دووربینی ڕەشی نووسینە
سەرم سووڕماوە لە ڕەشی نووسین
چۆنی ئەنوێنێ نهێنی لە چین
گیانە بخوێنن بەڵکە پێشکەون
شێرانە نەژین وەک کەروێشک ئەون
هەر سەگێ هەڵسێ خوێنی ئەڕێژێ
ڕاوچی تفەنگی بۆ ئەهاوێژێ
بتوێن و زاخۆ دەشتی مەریوان
مایی دەشت بۆ گەنم هەتا کرماشان
شینایی هاوین هەتا برۆانی
کاتی زستانیش بۆ کەم بارانی
پیاز و ترۆزی بامیە و پەتاتە
برنج و نۆک و ئاوی تەماتە
میوەی ڕەنگاوڕەنگ هەنار و کەباب
هەنگوین و گەزۆ لەباتی نەبات
خوری و کاوڕ و مەڕ و بەرخ و ڕۆن
هەر وەکوو سەیلاو سەرەو خوار ئەڕۆن
مورەببای کوردی ڕوببەی دۆشاوی
ئەتوانێ سێ شەق هەڵدا لە چایی
لەدوای کوردستان دنیا حەرامە
یازۆخ شپرزە و بێ ئینتیزامە
ترێی شارباژێڕ هەرمێی هەورامان
شان ئەدەن لە شان ڕەوزەی جەننەتان
ئیتر ئەسپەردەی خوا و عەمەل بن
بۆ جیلی دوایی جێگەی ئەمەل بن