خۆشەویستی نیشتمان
از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
2 دقیقه
2705 مشاهده
گیان فیدای دەست و قەڵەم بێ ئەسپ و زینم بۆ چییە
خەت ئەگەر هیممەت بکا بڕنە و کڕینم بۆ چییە
نامەوێ ئەسپی کەحیل و بڕنەوی کورتی جوان
پاسەوانیم گەر نەکەن حیلە و تەقینم بۆ چییە
کوێر و کەڕ بم گەر لە ڕاسی ڕاستی خۆم لابدەم
جیا لە قانوونی خودا ئاین و دینم بۆ چییە
نامەوێ دەستێ کە یاری بێ دەسێکی پێ نەدەم
بازوویێ ئاوا نەبێ هێز و تینم بۆچییە
هاوزمانم لێو بەبارو تاڵە حاڵی ماڵەکەی
پڕ گەرووی گریانە ئەو، من پێکەنینم بۆ چییە
ئارەزووی بەرزی وەتەن بۆیە بەفەرزم خوێندووە
شاد و بێ غەم تیا بژیم هاوڕێی غەمینم بۆ چییە
نیشتیمانێکم نەبێ ئاسایشێکی تیا بکەم
سەرسەری بم نامەوێ ئەو حاڵە، ژینم بۆچییە
شانشینە نیشتیمانم حەیفە پاساری نەبێ
باغ کە پەرژینی نەبوو میوە چنینم بۆ چییە
شاری بانە و سابڵاغم کەیفی هاوینانمە
گەر مەزەی پاییز نەبەخشێ خانەقینم بۆچییە
گوێت لە دەنگی مایی دەشتە بانگ لە زاخۆ چۆن ئەکا
گەنم و جۆی خۆم دائەچێنم چینی چنینم بۆ چییە
پڕ بە پێ کاڵای خۆمە نامەوێ جزمەی کەسێ
شاڵەکەم بۆتانییە، فاسۆنی شینم بۆچییە
چەندە لام خۆشە کە لاوەکانی «شاکەل» بانگ ئەکا
من بەبێ لاوێکی خۆم ئەم شڵە ژینم بۆ چییە؟