بۆ گیانی پاکی ئەنوەر

از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 1 دقیقه  691 مشاهده
پێشکەش بۆ گیانی پیرۆزی ئەنوەر
پێشکەش بۆ لاشەی بە سۆزی ئەنوەر
پێشکەش بۆ گیانی خاوێنی ئەنوەر
پێشکەش بۆ لاشەی خوێناوی ئەنوەر
پێشکەش بەوانەی بە مەردی مردن
لە ڕێی ڕاسیا سەرلەسەر بەردن
پێشکەش بەوانەی لە هەردوو چۆڵا
سەریان نایەوە لە شاخ و دۆڵا
پێشکەش بێ بۆ گشت ئەو گەنج و لاوە
وا لە بیر ناچن تا دنیا ماوە
پێشکەش بەوانە نەگەیینە ئاوات
بە ڕووی ئاواتا چاویان هەڵنەهات
پێشکەش بەوانە چوونە غەریبی
دوورن لە یار و قەوم و قەریبی
پێشکەش بێ بۆ گشت ئەدیب و نووسەر
ناوی ئەوانە دێنێتە دەفتەر
ناوی ئەمانە لە «بیر» و «زارا»
ئەیکەن بە سەر باس لە ڕۆژگارا
پێشکەش بەو ماڵ و مناڵی ساوا
بە بێ جەریمە دەرچوون لە ناوا
پێشکەش بەوانە چاوەڕێی خودان
دەریان کا لەدەس زەلیلی زەمان