گردی شیروانە سەیرانی سیروان

از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 1 دقیقه  737 مشاهده
گردی شیروانە سەیرانی سیروان
مەنزەرەی بەرزی خاسی ئەمیران
قەڵای سەربەرز و قەسر تاجدار
جێگە عوشرەتی میری کوردەوار
چاو ئەندازی تۆ دوو قەزای کوردن
یەک لە یەک زیاتر بەدەس و بردن
بە ئیخلاسەوە ئاوەکەی سیروان
دامان بۆستە بە کوڵ بە گریان
سروەی دەشتەکەت وەرە لابەرە
شنەی ئاوەکەت نەشئەی دولبەرە
بانی ئەساسی نەوشیروانە
یا قەڵای قیم کوردە میرانە
هاتە سەر زمان بە گریانەوە
خۆی و ئەمیری ئەلاوانەوە
بانی ئەساسم نەوشیرەوانە
تەئریخی ڕەوشن نۆشین ڕەوانە
بەڵام ئەم قەسرە و ئەم بورجە سەختە
کردەی میری جاف ئەو «دارابەختە»
لایق بە جێگەی نەوشیرەوان بوو
حوکمی عەدالەت ئەمری ڕەوان بوو
ئەم ئەرز و ئاو و شاخ و درەختە
ئەو حاکمی بوو لەسەر ئەم تەختە
چەن میر و وەزیر مەجلیسیان ئەگرت
لە عرووسیا تەدبیریان ئەکرد
جێگەی عوشرەت و مەنزەرەی بەرزم
کڵاو فەرەنگی شاهانە تەرزم
من قەسری چەرخی پاشای جافانم
کۆنە هەوارگەی کوردە میرانم