ئاسمانی شاکەل ئیستەش هەر خەریکی زارییە

از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 2 دقیقه  719 مشاهده
بۆ شێخ عوسمانی سیرێ لە قەزای چوارتا کە لە ١٩٥٧/٣/٢٦ لە خزمەت شێخ عوسمانی بیارەدا هاتبوون بۆ کفری و شەوێ لە سەیدە بوون، کاغەزی نووسیبوو بەیانی خۆش سەفەری گەرمیانیان بە تایبەت شاکەل، داوای غەزەلێکی کردبوو، ئەمەش غەزەلەکەیە:
ئاسمانی شاکەل ئیستەش هەر خەریکی زارییە
بۆ ویساڵی ئێوە وەک من شین و ناڵین کارییە
تاوی بارانی وەکو لافاوی چاوم جارییە
بەرقی سینەی وەک هەناسەم کوورەیەکی نارییە
ناڵە و گریان و گرمەی شەو هەموو شەو تا سەحەر
دەردی دووری چەشتووە وەک من کە وا هاوارییە
خۆ لەبەر خوێناوی گریانی من و هەوری بەهار
ڕەنگی دەشتی شاکەل ئێستە ئاڵێکی گوڵنارییە
من بەهارم وا نەدیوە قەت لە دەشتی گەرمیان
لوتفی شێخی ئێوە و ئێوەی مەگەر تیا بارییە
هێندە بارانی کەرەم باری لە دشت و هەردیا
هەر پەلێکی دجلەیەکە و ئاوی گەوهەر بارییە
شەرحی زۆری حاسیڵات و بەزم وکەیفی نادرێ
وائەزانم ئەم نیسانە لوئلوئی لێ بارییە
ئەم هەموو خێرە کە وارید بوو لە دەشتی گەرمیان
خاترانەی شێخ عوسمانە و خەڵاتی بارییە
ئەم دوو سێ بەیتە تەواو ناکەن بەیانی شەوقتان
با بە کورتی بۆت بنووسم دەردی دووریت کارییە
شاکەلیتخلص شەوقی دەروونی ئێستە فکری ئێوەیە
بێ خەیاڵی ئێوە ژانە ژینەکەی بێ عارییە