ئەی وەتەن ئەمجارە حەقمە ڕوو لە ڕێی مەولا بکەم

«شاعیر ئەم شیعرە لا کاتی نەخۆشیدا وتووە»
از کتاب:
دیوانی شاکەلی
اثر:
شاکلی (1905-1980)
 1 دقیقه  909 مشاهده
ئەی وەتەن ئەمجارە حەقمە ڕوو لە ڕێی مەولا بکەم
گەر لە ڕاسی لێم ئەپرسی تەرکی تۆ و دنیا بکەم
بێ سەفایە، سوود و سەرمایەی نییە
گەر خودا یاری بدا با تەرکی ئەم سەودا بکەم
يا رسول اللةعربی لە دنیا حاسڵ و مایەم نەدی
هیمەتێ بەڵکە بەڕاسی ڕوو لە ڕێی عوقبا بکەم
ڕوو لە ڕێی باغی مەدینە و شێتی شاخی مەکە بم
بشمرم چەن خۆشە سەیری یەسریب و بەتحا بکەم
لەشکری تاڵانی ڕۆحن تیپ و فەوجی مووی سپی
جا کەوایە چاک وایە مەنزڵێ بینا بکەم
دەستی من داوێنی شاهی نەقشبەند و قادری
نەقشی تەوحیدێ لە لەوحی سینەما ئینشا بکەم
عیشقی ئەو نەقشە بە نەوعی سەوقی شەوقم کا کەوا
بۆ نەجاتی ڕێی سەعادەت شۆڕشێ بەرپا بکەم
دەس لە دنیا بەر بدەم تەرکی عەلایق پیشەکەم
من لەمەولا پشت بە مەولا ڕوو لە ڕێی ئەولا بکەم
شاکەلیتخلص عەیبە لە دیوانی خودا حیلە و درۆ
بۆ ڕیایە، بۆ حسیر داخستنێ، دڵ وا بکەم