میراتی خادیم
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
728 مشاهده
دیاریم بۆ یاران یار و دیارە
ئەوەی نووسیومە بۆتان دیارە
حوببی یاران و دیار و نیشتمان
نیشانەی دینە و مەحکەمی ئیمان
بۆم بەجێ هێشتن هەر بۆ یادگار
قەسیدە و قسەی خۆش و هەم ئەشعار
تا بە تەماشای دیوانەکەی من
شاد بکەن دڵی دێوانەکەی من
مەعلوومە دیاری شوانە ئاڵەکۆک
چێشتی دەروێشان نیسکە و ماشەونۆک
پاشەوارێکم ئەگەرچی نەبوو
مورغی گیانەکەم وا بێ چینە بوو
تا لەسایەی ئەو لەپاش مردنم
خێرم پێ بگا هەم ناو بردنم
ئەمما لە سایەی ئەشعارەکانم
کە بە جێم هێشتووە بۆ براکانم
وەجاغم ڕوونە زۆر یادم ئەکەن
هیوام پێ یانە دۆعام بۆ بکەن
وێنە و دیوانم بوون بە یادگار
نوکتە و ئەشعارم بوون بە شیعار
هەرچەند نامێنم بۆخۆم لە جیهان
وێنەم ئەمێنێ براگەل بۆتان
گیانم بۆشادی هەر لەگەڵتانە
شەریکی حوزن و هەمم و غەمتانە
دێتە گوێی قەلبم هاوار و دەنگی
قافڵەی مەرگ، زەمزەمەی زەنگی
لەو رۆژە دونیا بناغەی دانرا
ئەسراری مردن دەرکەوتوو زانرا
کاروان بە کاروان هەردێت و دەڕوا
سەفەر لە داری فەنا بۆ بەقا
قافڵەی مردن وا مەنزڵ ئەبڕێ
قافڵەی ولادەت جێگای ئەو دەگرێ
ئەم هاتوچۆیە هەر لەکارایە
سەرم سووڕ ماوە من لەم دونیایە
ئەوەی کە ڕۆیی ناگەڕێتەوە
ئەم گرێ کوێرە ناکرێتەوە
کەس نەهاتەوە لەم ڕێگە ڕاسە
بزانین چییە چە هەرا و باسە؟
خاوەنی تاج و تەخت و هەم سەریر
دەستی ناکەوێ لە قەبرا حەسیر
نەمزانی منی بۆ هێنا دونیا
ئیشی چی پێم بوو لە بۆ کوێم ئەبا؟
ئەگەر مەقسەدی ئەزیەتم نەبوو
لە عەدەم یەکجار ئاساییشم بوو
بە کاری چی دێم کەڵکی چی دەگرم؟
ئەبێ هەر بگریم هەتاکوو ئەمرم