تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی نۆیەم»

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  657 مشاهده
بەندی ئاخرمە ئەگەر تۆزێ قسەم بۆ بێتە کار
بەسیەتی بێ ئیتیفاقی بۆتە کەسری ئیعتیبار
چی بوو ناڕێکی و نیفاق و ناڕەزایی تان لەیەک
خزمەتی بێگانەتان بۆتە تەقالید و شیعار
ئێوە بنواڕن کە ئیسپاتی ئەکا تەئریخی کورد
بێشەیی شیرانە ئەم خاکە و ئەمیری نامدار
فکری ڕابوردوو لە باب و جەددو باپیرتان بکەن
ئەم نیفاقەی ئێوە بووتان بوو بە هەتک و نەنگ و عار
وا تەمی ماتەم بوو، پۆشی خاکی پاکی نیشتمان
کردییە مەحکوومی قەزا، پەنجەی غرووری ڕۆژگار
بووی بە لاشە و دەورییان داوی لە هەرلاوە هەموو
گورگی هار و سەگ لە لایێ مامە ڕێوی و کەمتیار
بوو بە وەحشەت لێم تەمەددون هەم عەداڵەت بوو بە زوڵم
دەوڵەتیش وا بۆتە نەگبەت جەبرە ئێستا ئیختیار
ئێوە بوون جێی ئیفتیخار و ئێوە بوون جێی ئیعتیبار
ئیفتیخار و ئیعتیبارت بوو بە جێگەی عەیب و عار
وا لەتۆی ڕووداوە ئەمڕۆ دەوڵەمەندی بێ کراس
مڵکی خاس و ئیرسی خۆتە بۆتە جێگەی موستەعار
شیوەنم بۆ ئێوەیە ئامادە بووم بۆ سەفەر
حازرم بۆ مردن و هیوامە لوتفی کردگار
ڕوو لە خواکەن با خودا رووی ڕەحمەتیتان لێ بکا
بەڵکی ئەم زستانەتان بۆ بکا بە گوڵزار و بەهار
هەر دۆعاکەی پێشووە مەقسوودە تیکراری بکەم
بەڵکی تەئسیری لە دەرگاهی خودا بێ بێتە کار
(ڕەببی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بیتە بەردەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل).