تەرجیعبەندی نیشتمانی «بەندی ئەوەڵ»
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
761 مشاهده
با بکەین دایم هەموومان شوکری گیتی ئافەرین
هەم سەنایی ئەو ڕەسووڵەی ڕەحمەتەن لیلعالەمین
دەستی قودرەت بوو دەریهێنا لە تاریکی عەدەم
ئەو جیهانە و ئاسمانە و کوڕڕەیی ڕوویی زەمین
ئادەمیزادی بە وەجهی ئەحسەنی تەقویمەوە
خەلقی کردن نازک و ڕێک و لەتیف و نازەنین
جوان و زیباتر لە عالەم خاک و شاخی کوردەکان
خاکی عەنبەر، شاخی گەوهە، باغی فیردەوسی بەرین
شاخی قەندیلی وەکوو قەندیلە شەوقی بۆ وڵات
پیرەمەگروونیش کەمەر بەستەی گوڵاڵە و یاسەمین
هەرئەمان بۆ شاخی هەورامان هەرامان تووش نەکا
تا تەماعی لێ نەکا چاوی حەسوودی دووربین
لوتکە شاخی بەرزی کوردانە فەڕەح بەخشی دڵان
سوولی سۆلاڤیش تەماشاکە لەگەڵ شاخی سەفین
ئاوەکەی سەرچاوەکانی چاوی بەدیان لێ بە دوور
وا کە هەڵ ئەڕژێ بەسەرشاخان وەکوو دوڕڕی سەمین
وەک بەهەشتە دەشت و چۆڵی هەردی پڕ لالە و لە گوڵ
کوڕ لەلایێ هەر وەکوو غیلمان کچ وەک حووری عین
ناوزگی خاکی وەکوو قاسەی توجاڕی دەوڵەمەند
پڕمەعادین، پڕلەگەوهەر، پڕ لە لەعلی ئاتەشین
هەرتەعام و میوەیی دار و درەختییە بێ درێغ
هەر ئەڵێی مائیدەی عیسایە نێررا بۆ زەمین
ئەجنەبی جارێ ئەگەر ئەو نیعمەت و خاکەی کە دی
زوو ئەڵێ ئەی قەومەکانم فرسەتە با زوو بچین
هەرکەسێ ئەم جەننەتەی دی دێتە سەرزاری ئەڵێ:
«هذه جنات عدن فادخلوها خالدين»عربی
درێژ ئەکەن دەستی تەمەع غەددارەکان بۆ هەر تەرەف
نایەڵن ئاسوودە بن کوردی فەقیر تێیدا بژین
بەردی بنچینەی نیزامی عەدلی دەرهێناوە زوڵم
حاتەمی دەستی سولەیمان کەوتە دەست دێوی لەعین
باوجوودی نیعمەت و سەروەت خودا داویە بەوان
بێ بەشن ئەمڕۆ هەتا گۆڕڕا بەشی شایی بەشین
زۆری بێ مەئوایە ئەمڕۆ بێ نەوا و بێ نەوان
چاوەڕیم حەقیان بستێنێ عەدلی ڕەبول عالەمین
(ڕەبی بەدکارت ببینم کوێر و ئیفلیج و زەلیل
بێتە بەردەرگەت بڵێ هاوارە کاکی کورد دەخیل.)