بەهاری سەقز

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  794 مشاهده
زمسانی سەقز زۆر تووشە و کاری
بەڵام زۆر خۆشە فەسڵی بەهاری
سروەی بای شەماڵ، گرمەی هەوری تاڵ
ڕۆحێک ئەبەخشێ بە کوردەواری
دەمەو بەهار بوو وەک ساڵی ساڵان
چووم بۆ گەزیزە بۆ تەپی ماڵان
ئەچوون بۆ سەحرا وەک کارەمامز
دووان و سیان تیپی مناڵان
هەوری سپی و ڕەش وەک دێو ئەیگرمان
بە قەمچی ئاگر ئەیدا لە عاسمان
لە تاو هەڕەشەی دێوەڕەشەی هەور
عاسمان ئەگریا و فرمێسکی ئەڕژان
شنۆی بای بەهار ڕۆحی شاد ئەکرد
ئینسان زەمانەی کۆنی یاد ئەکرد
بیری مەجنوونی شێتی ئەکردۆ
یادی شیرینی لە فەرهاد ئەکرد
خاڵ خاڵ هێجانان ئەینوان لە دوور
وەک کەرەکێوی و پڵەنگی مەغروور
لەسەر لێواری پردی حای ساڵە
ڕوانیمە هێزی ئەرخەوانە سوور
ئاو گەیشتە سەر قەبری کەوەسوار
قەبرێکی کۆنی ڕێگای ڕێبوار
نە ڕێگەی خەیدەر نە کانیکەوە
لەبەر زۆری ئاو هیچ نەبوون دیار
قۆپی حای زەکی پڕببوو لە ئاو
هەر ئاوی سوور بوو تا کاری ئەکرد چاو
وەک تەیر تیژباڵ لوولی باڵم دا
خۆم خستە سەر ئاو بە خەیاڵی خاو
چەمەکەی سەقز یادگارێکە
بۆ شاری ئێمە ئیفتیخارێکە
دڵخۆشی خەڵکی سەقزی ئێمەیش
بە بەهارێکە و بە ڕووبارێکە!