ئاخ لە قەوم و کەسی ئەو دەورە
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
1 دقیقه
879 مشاهده
ئاخ لە قەوم و کەسی ئەو دەورە
خۆزگە بەو پیاوە پڵاوی چەورە
قەوم و کەس دوژمن و بێگانە و دوور
دەوری ئەگرن وەکوو پەروانە و نوور
لە هەموو سینف و هەموو نەوع و جۆر
شین و ڕەش سوور و سپی بازگ و بۆر
مەنزڵی پڕیە لە عام و خاسێ
سەگ لەوێ ساحێوی خۆی ناناسێ
قڕیە چیرەیە غەڵبە و غەوغا
تاجر و ئەهلی ئیدارە و ئاغا
کاسب و شێخ و مەلای شار و دێ
حازرن دایمە بۆ تیکە لەوێ
شێخ قنووتی بەسەرا ئەخوێنێ
مامۆسا ئایەتی بۆ ئەڕفێنێ
حاجی ئاغا سەر تەعزیم و سەنای
وا لەسەر ناوک و بەینی دووپای
هەر یەکێکیان بە زبانێکی درێژ
بۆ جەنابی ئەبنە مەدحەت بێژ
کە سەرت وایە کڵاوت وایە
نەفەرت وایە پڵاوت وایە
لای قەدت سەروی چەمەن دڕک و داڵ
لە کنت ئاسەفی ئەعزەم حەمماڵ
ئەگەر ئەم موحتەرەمە بێ ماڵ بوو
نانەکەی وشک و زمانی تاڵ بوو
هەر یەکێکیان تەشەرێ نەشتەروار
ئەچەقێنن بە جگەریا وەک خار