یادێ لە خاڵۆم و تاران و سەربەند

جوابی یادئاوەی خاڵۆم
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  956 مشاهده
سەلامون عەلەیک خاڵۆی شۆخ و شەنگ
بێ یار و هاوراز وەک فەنای بێدەنگ
لام چەندە خۆش بوو هاتنی تاران
بۆ پێ ماچکردن وەک جاری جاران
تۆ خاڵۆی ڕەئووف زیایی چاوی
بۆ مەزرای ژینی ئێمە وەک ئاوی
بۆ سەری ئێمە چەتر و سێبەری
ئێمە ئەندام و تۆ وێنەی سەری
هەتاهەتایە لەززەتی سەربەند
لە بێخی دیانما شیرینە وەک قەند
زەحمەتت کێشا بۆ منی بێفەڕ
خۆت خستە هات و چوون و دەردیسەر
بە سێ چوار کورسی و بە ماشینێ چەند
تا گەیشتینە دایەنەی سەربەند
دیمان بەهەشتە و غەیری تارانە
لە تاران ئاگر لەوێ برانە
لام وابوو خاڵۆم بێهێز و پیرە
ئەمما دیم شوکر گورج و بەگیرە
باسکی بائەدا ئەچوو باسکەوباسک
وەک باز ئەفڕی و بازیەدا وەک ئاسک
لە دڵما وتم هەزار ئافەرین
یاخوا هەر بژین کوردانی بە تین
لە زەرد و هەردی شاخی هەورامان
ڕۆڵەی وا ئازا و گورج و گۆڵ ئامان
دیمان چەن دیمەن باسەفا و دڵگیر
کە دڵی ئەسەند لە جووان و لە پیر
ئاو شەپۆلی ئەدا قەڵپەزەی ئەبەست
کەفی ئەچان و ئەیهاڕان وەک مەست
ژن و پیاو پۆل پۆل، کچ و کوڕ فەوج فەوج
خەڵکیش هەروەک ئاو شەپۆی ئەدا و مەوج
کێوەکان سەریان کێشا کاکێشان
لەگەڵیان ڕۆیین ئێمە شان بە شان
تا گەیشتینە نووچکەی ئاخری
لەوێ دانیشتین ئارەقمان سڕی
جارجار نازارێ بە تیری برژانگ
لە قەراخ ئاوێ وەک چاوی قڕژانگ
خەریکی ڕاو و پێکانی دڵ بوو
گوڵ بوو قاتڵی دڵی بولبول بوو
پیری وەک جووان ئەخستە سەر پل
ئارەزووی ئەکرد دەسی کاتە مل
بەیانی مات و عاجز و سەرکز
ماڵئاواییم کرد بێمۆ بە سەقز
دەسم ماچ کردی بە دڵی پڕسۆز
تووڕە بووم و قەڵس پەشێو و ئاڵۆز
ئێستەش بە یادی ئەو جێگە بەرزە
ئاخ هەڵئەکێشێ کاکی شپرزەتخلص
هەرچەن کە تاران خۆش و دڵگیرە
بەڵام خۆشی من دیاری پیرە
لەو جێگا حەڵقە و بەزمی یارانە
کوێرەدێیێکیش بۆ من تارانە
ئەو جێگا خاڵۆم تییا ببێ قەتیس
بۆ من پاریسە و لەندەن و سوویس
یەخوا سێبەری هەر پایەدار بێ
بێ ئەو ژیانم هەر ژاری مار بێ