بەسیە مامۆسا

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  538 مشاهده
بەسیە مامۆسا، بەسیە مامۆسا
ئاوڕووت چوو لەلای دوژمن و دۆسا
ئەونە تەڵاقی شڕت پینە کرد
بەجارێ ئابڕووی خۆت و دینت برد
ئەوەنە ئێمزات کرد بە زێد و نەقیز
بووی بە نیشانەی تیر و تانە و تیز
ئەونە بە ناحەق بڕیت مارەی ژن
بەدگۆییت ئەکەن لە دۆس و دوژمن
بە نەوعێ ناوت کەوتە ناو ناوان
جوێنت پێئەدەن جووتیار و گاوان
مامۆسا تۆ زۆر مەوعیزەت بۆم کرد
بە تیر و تانە منتان لەڕوو برد
جا ئەمجا نۆرەی منە گوێ شل کە
تەرکی گوناحی کەبیرە و زل کە
مەلا وا باشە هەر خوداناس بێ
بێ ڕاز و غەیبەت، بێ قسەوباس بێ
دینی نەفرۆشی بە ئەشخاسی پەست
بۆ پووڵ مەقامی خۆی نەدا لە دەست
لە خالق نەبێ نەترسێ لە کەس
بزانێ تەنیا ئەوە فریاڕەس
نە شا، نە وەزیر، نە مالک، نە خەڵک
نابەخشن بە کەس نە زیان نە کەڵک
تەفسیری قوڕئان نەکا بە درۆ
گوناحانی خۆی قەت نەکا پەڕۆ
مەلا بزانە بە چاولێکنانێ
ئەڵەیت ئای جوانی و داراییم کوانێ
کوێڕا لەدەس چوو ماڵ و جووانیم
خاتیمەیان دا بە زیندەگانیم
وەختێ کە پیر بووی هاتییە ڕیزی من
ئەبی بە جێگای گاڵتەی کوڕ و ژن
ئەڵێن نامرێ ئەم قەڵخەبۆزە
هەر قڵخەقڵخە و هەر بۆزەبۆزە
تیزت پێئەکەن پێتئەکەن گەمە
گەرچی فرەت بێ هەر ئەڵێن کەمە
کەوابوو خوای خۆت مەفرۆشە بە ماڵ
خۆت ڕسوا مەکە بۆ ژن و مناڵ!