چارەنووسی هەژار
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
2 دقیقه
739 مشاهده
خۆر بە وێنەی مریشکی بە پەل و باڵ
کەوتە ناو چاڵی ڕەش بێ سەروشون
ئاسمان گرژ و تووڕە ترش و تاڵ
وەکوو فەڕڕاشەکانی دەورەی کۆن
***
کوت و لەت کۆمەڵانی هەور و هەڵا
شەل و پەت یەک لە شۆنی یەک تل ئەبوون
یەکترینیان دەخستە ژێر دەس و پا
هەر لە تیپی سوپای شکستە ئەچوون
***
شێری کەوتووی تریشقە ئەیگرمان
کەژ و کێو هاتبوونە لەرزەلەرز
ئاسمان وەکوو نەخۆشی بێ دەرمان
شین و ڕۆڕۆی ئەکرد بە دەنگی بەرز
***
سۆفیێ پیری ڕووت لە سەرمادا
هەڵئەچۆقی وەک برێشکەی ساج
وەکوو ژیشک لەژێر بنی گیادا
هاتە یەک چەشنی ژیکەوانی هەلاج
***
پچەپچ هەر لەژێر لچۆ ئەیوت
ئەی خوای بێکەس و هەژارانکوژ
لێت بڕیم ماڵ و پووڵ و دەوڵەت و شت
داتە دەرخواردی ملهوڕی خوێنمژ
***
کوڕێکی پاپەتی کچێ سەرڕووت
دایکەپیرێ نەخۆشی بێ پاپۆش
کوڕ مناڵە لەبۆ سەپانی و جووت
کچ خەریکە بە دایکەپیری نەخۆش
***
هاتمە ئەم دەشتە تاک و پووش و پەڵاش
کۆکەمۆ بۆ فرۆش و بۆ ئاگر
دڕک و داڵم چنیوە کۆڵێ باش
وا لە ئەو گۆشە حازر و بازر
***
وا کە هاتم قارچک و ڕێواس
هەڵکەنم بۆ مناڵی ڕووت و ڕەش
لەش تەڕ و دەس تەزیو و پێ پێخواس
لە هەموو نێعمەتی خوا بێبەش
***
وا لە ئەم چۆڵە بێکەس و داماو
جا قوڕی کوێ بکەم بەسەر خۆما
یا گورگ ئەمدڕێ وە یا سێڵاو
ڕامئەدا بۆ گەرووی چەم و گۆما
***
هەر ئەمەی وت تریشقە وەک ئەڵماس
دای لەسەر مێشک و نێودڵ و جەرگی
گوڵی هیوای ئەوی بڕی وەک داس
خاتمەی دا بە ئارەزووی مەرگی