زبانی حاڵی میللەت لەبارەی شەڕ لەگەڵ بێسەوادیدا

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  506 مشاهده
سەواد چی لێبکەم من نانم نییە
قەرانێ لەنێو گیرفانم نییە
سەد خۆزگەم بەوەی تێر و دڵشادە
جەحەننەم و جار کە بێسەوادە
سەواد قەت سکی برسی تێر ناکات
ڕێگەی مەعیشەت بە کەس فێر ناکات
ئەگەر ئەیەوێ دەوڵەتی ئێران
وڵاتی نەبێ خاپوور و وێران
بپرسێ حاڵی فەقیری شاران
زەحمەت نەکێشێ تەنیا بۆ تاران
هەرزان کا نرخی خۆراک و پۆشاک
بێ تەماع بێت و زوێر و بێباک
گرانفرۆش و خوێنمژ و پیاوکوژ
بدا لە دار و هەڵواسێ بە قژ
ئەگەر نا ڕۆژێ فیرقەی هەژاران
هەموو یەک ئەگرن وەک قەترەی باران
ئەبن بە لافاو هەروەک غوول و دێو
لە بن دەرئێنن ڕیشەی دار و کێو
بە گرمە و هاژە و کەفچان و هەڵمەت
زەرەرێکی زۆر ئەدەن لە دەوڵەت
حەسەن و زینەت و نادر و پەری
هەوڵی نان ئەدەن بە دەردیسەری
لە شەوا ئاخر هەریەکێ وەک مشک
قرتەقرت ئەخۆن نانی ڕەق و وشک
جا بم حاڵەوە شەوان لە مەکتەب
ئەخوێنن دەرسی ئەخلاق و ئەدەب
زینەتی ژنی حەسەن نەخۆش بوو
چوون لە سەرمادا بێ باڵاپۆش بوو
حەسەن بە نالەی کوڕی وت بڕۆ
نەختاڵێ دەرمان بێنە بۆ زینۆ
وتی چووم دوکتەر بانگی کرد لە دوور
«مریض خودش کو برو چشمت کور»فارسی
حەسەن داماوە و زینەت بەستەری
واقیان وڕماوە نادر و پەری
فامیلی حەسەن نموونەی کارە
نموونەی ڕەنج و فەقر و ئیدبارە
بە زبانی حاڵ یا بە ئاشکار
دەوڵەت نەزەری خۆی ئەکا ئیزهار
ئەڵێ چش نەخۆش، جەحەننم برسیت
بێ لیباسیت و زوخاڵ و قورسیت
تۆ هەر بخوێنە و سەواد پەیداکە
بە سکی برسی تا ئاڵمان ڕاکە
پادار بێت خاکی شەش هەزار ساڵە
تێر ئەخۆم ئیتر من بەم قەواڵە
لیسانس و دیپلۆم داماو و عەقەب
حەماڵ و سپۆڕ ئەچن بۆ مەکتەب
مامۆسای بێهێز بۆ نانی داما
ئەیدەن بە زۆران لەگەڵ عەواما
ڕەحمەت لە قەبری کابرای کوردەی خۆم
جافە، گۆرانە، کرمانجە یا دۆم
دنیا و شاخی گا و سەرپشتی ماسی
تڕەکەڵەکە و نییە ئەساسی