مەلای بایی هەوا
«وەرگیراو لە داستانێکی مەسنەوی مەولەوی «نحوی و کشتیبان»
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
3 دقیقه
706 مشاهده
مەسنەوی ئەڵێ ڕۆژێ مەلایێ
لە کەشتییەکا لەنێو دەریایێ
خۆی ماساندبوو وەک کوندەکەی کەڵەک
بە شانیا دابوو عابایێ بەڵەک
خۆی لەلا گەلێ زل و زانا بوو
دوو دەستی بەفیز لەسەر زگ نابوو
ڕووی کردە خاوەن کەشتی مەلەوان
بە نواڕینێکی بە پۆز و عینوان
وتی تۆ عومرت چۆن ڕابواردووە
دەستووری زبان هیچت خوێندووە
سەرت دەرئەچێ لە سەرف و لە نەحو
ئەزانی فەرقی ئیسم و فیعل و حەرف؟
دەرەک دەرەکا دەرکوو، فێعلە
هووە زەمیرە نەڵێی هوو فێعلە
وتی: ناوەڵڵا تاکوو ئەم حاڵە
گوێم نەیبیستووە ئەم قیل و قاڵە
وتی: ئەی عەوام ئەی خاکت بەسەر
پێم بڵێ فەرقت چییە لەگەڵ کەر؟
نیوەی عومری تۆ بە با چوو نەفام
ئەی قوڕ بەسەری نەزان و عەوام
کابرای ناخوا زۆر زۆر پیداچوو
سەری داخست و جووابی نەبوو
لە دڵی خۆیا وتی ئەم مەلا
چۆن لە من بووە بە دەرد و بەڵا
عیلم خۆ تەنیا قال و قیل نییە
ژیانی هەرکەس بێ دەلیل نییە
هەرکەس لە کاری خۆیا زانایە
یەک لە مزگەوت و یەک لە دەریایە
یەک لە ئیدارە و یەک لە بازاڕە
یەکێ لە لادێ و یەکێ لە شارە
هەروا لەگەڵ خۆی وڕاوەی ئەکرد
دەسی بۆ فەرمان کەشتییەکەی ئەبرد
ناگا پەیدابوو شەپۆلێ وەک کێو
کەشتی بەرزۆ کرد وەکوو نێرەدێو
ئەیبردە عاسمان ئەیبردە زەوی
جارێ بەرز ئەبوو جارێ ئەنەوی
کەشتی فڕێدا نێو گێژی خەتەر
بەرزۆ بوو لە خەڵک ئەڵڵاهوئەکبەر
هەر ئەڵڵا ئەڵڵا و ناوی خودا بوو
هەر سەڵەوات و وێرد و دوعا بوو
مامۆسا لە گشت ترسەنۆکتر بوو
لە ترسا ناوی خوای لەبیر چوو
ناخوا کوتی کاک ڕوحانی
ئەتۆ چ نەوعێ مەلە ئەزانی
مامۆسا وتی: ئامان ناخوا
مەلە نازانم تۆ بیت و خوا
وتی جا ئەمجار ئەتۆ قوڕبەسەر
تەواوی عومرت کەوتووەتە خەتەر
ئەڵبەتە هەرکەس نەزانێ مەلە
بۆلای مەرگ ئەچی بە گورجی و پەلە
بەڵکوو مامۆسا دەرەک دەرەکە
نەختێ لە تەنگ و چەڵەمەت دەرکا
وتی تۆبە بێ نەخنکام ئەمجار
لە تڕ و پۆز و لە دەعیە و دەمار
وام لێ حاڵیبوو کە تەنای زانین
زانینی منە بۆ دنیا و بۆ دین
شەپۆل هات ئەوەی مەلەی نەزانی
خواحافیزی کرد لە دنیای فانی
ئەتۆش ئەی کاکی دیپلۆمە و لیسانس
بە سووک مەڕوانە لە عەوامونناس
هەرکەس لە کاری خۆیا ماهیرە
شپرزەتخلصش ئەڵێن زانا و شاعیرە!