تۆ چاک بە

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 1 دقیقه  873 مشاهده
وتیان بە یەکێ لە مەبعووسەکان
تویش بە پەیڕەوی شاهەنشای ئێران
قووتابخانەیێ لێرا بیناکە
ناو شۆرەتێ بۆ خۆت پەیداکە
وتی جا بۆ کێ؟ بۆ ئەم میللەتە
قەحبەبابانەی توودەیی و چەتە
ئەگەر هەر ڕۆژێ دنیا وەرگەڕێ
هەریەکێ بۆخۆی ئەڕفێنێ مەڕێ
ئەم وەکیلی ئەم میللەتە نیم
لە سایەی لوتفی شاهەنشا ئەژیم
لەوێ حازربوو پیاوێ ڕۆحانی
بە گوێیا سرتان چرپە و پەنهانی
گەورە لازمە وەکوو شا وابێ
فکری زۆربەزۆر دڵی ئاوا بێ
ڕانمای گەلی سەرلێشێواو بێ
لە بیری قەومی کزی و داماو بێ
وەک داری بەر بێ گەر بەردی لێدەن
میوە ببەخشێ بە کیلۆ و بە مەن
لە مێشکی کۆنا بیری کۆن دەرکە
خەڵکی مەشغووڵی عیلم و هونەر کە
خۆشەویستی گەل لە دەس دەرناکا
خۆی لە ئیجتیماع بێخەبەر ناکا
ئەو وەختە ئەویش هەروەکوو پیاوان
سەربەرزە و ناوی دێتە ناو ناوان!