بە من چی؟

از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  813 مشاهده
ئەونەم خەفەت خوارد تەواو داڕزام
خەم ئەدەم بە با ڕەزا بە قەزام
بە من چی کابرا دوای دووهەزار ساڵ
سنگی ئەکوتێ بە گورز و گۆپاڵ
بە من چی کابرا تەقەتەق ئەکا
سکی خۆی بە شیر شەقوپەق ئەکا
بە من چی کابرا بۆ ژنی سکپڕ
نووشتە ئەنووسێ کچ پکا بە کوڕ
بە من چی کابرا بۆ ژنی نەزۆک
لە شێخ ئەسێنێ گاڵ و دەنکە نۆک
بە من چی خانم چەن قەترە قەتران
ئاوێتە ئەکا بە خۆڵی قەبران
ئەیدا بە کابرا لاڵ و بێلەش بێ
هەوێکەی لەبەر چاوی ئەو ڕەش بێ
بە من چی مناڵ بەڕەڵڵای شارن
لە تەعتیلاتا لات و بێکارن
بۆ هەموو ڕێگا و جێگای پیس ئەچن
ئەو زەحمەتانە گشت لەکیس ئەچن
بە من چی هێشتا ڕایەت و ئاغا
مشتومڕیانە لە مەزرا و باغا
بە من چی هێشتا زۆر کەس لە مەئموور
خۆی ئیقدام ئەکا بێ ئەمر و دەستوور
بە من چی زۆرکەس خۆیان ناناسن
گیڤ ئەکەن وەکوو بۆقلە ئەماسن
بە من و تۆ چی کە کووچە و کۆڵان
پڕیە لە پێشە و کاغەز و خۆڵان
بە من چی خانم مناڵی زۆر ورد
بەڕەڵڵا ئەکا بۆ کۆڵان و پرد
بە من چی کاسب کەوتنە بۆڵە
ئەڵێن کە بازاڕ تەعتیل و چۆڵە
بە من چی ئیمساڵ ئەوەندە باری
فەوتاوە بە ژەنگ خەلەی سەرداری
بە من چی خەڵکی لەسەر هیچ و پووچ
ئەبن بە دژمن لە یەکتر بێ سووچ
بە من چی خەڵکی دووڕوون و دووپۆن
خەریکی پێسی سەری من و تۆن
بە من چی بڕێ بێ ئیتیلاعن
مەڵۆشەوێنکەی ناو ئیجتیماعن
بە من چی خەڵکی بۆ ناو مانگ ئەفڕن
سەقزی هێشتا هەر سارد و سڕن
بە من چی خەڵکی هەموو چوونە سەر
ئەیکوتێ و ناگا نافیعتخلصی مەزهەر
خۆ من سکم بوو بە کیسەی خەفەت
دەفژەن فیدات بم بدە لە دەفەت
بە سۆزی دەروون شیعرێ بخوێنە
ساقی تۆیش وەرە شەڕابێ بێنە
با چەن دەقێقە خەمی زۆر و کەم
بە لوتفی ئێوە لە دەروون دەرکەم!