تەخمیسی غەزەلێکی مامۆستا موخلیس
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
5 دقیقه
1039 مشاهده
بنووسە ئەی قەڵەم شەڕحێ لە حاڵی کوردی ئێرانی
ئیتر با کەم خەفەت خۆن ئەم غەریبانە لە هیجرانی
چ شیرینە کەلامی موخلیس و ڕاسە قسەی جوانی
فەلەک ئەمڕۆکە واچاکە بەیانی کەم پەرێشانی
بەیانی نەک بەسەرما بێ قەزای مەحتوومی سوبحانی
لە خاکی خۆم هەڵمچەرخان و کردم بۆ تەڕەف ڕۆم ڕووم
بیحەمدییللا کە بێ زەحمەت ئەمن لەو ئاگرە دەرچووم
دەبۆ شوکری خودا ناکەم کە دڵئاسوودە لێکەوتووم
لە خاکی نەحسی سەقزدا ئەوەندە غەرقی مەینەت بووم
غەریبیم گرتەبەر هاتوومەتە شاری سولەیمانی
بەکەیف و بێ غەم و ئاسوودە و ئازاد و خۆشحاڵم
نە دەر قەیدی کەسوکار و نە دەربەس ئامۆزا و خاڵم
بەتاڵ نیم و بە تەحسیل و شوکر مەشغووڵ و سەرقاڵم
بیحەمدیللاهی وەلمیننە بە نەقدی فارغەلباڵم
وەلێ ئەم فیکرە باعیسمە گەهێ بۆ حوزن و ڕەنجانی
لە ئێرانا نەما ئەمڕۆ ئەوانەی پیاوی نێوپیاون
کەسیف و خوار و بێ قەدرن کەسانێ ساحیبی ناون
درێغ بۆ ئەم گەلی کوردانە وا ئەمڕۆکە گیروان
ئەسەف بۆ خزمەکانی خۆم کە چۆن ئێستا ئەسیر ماون
یەکێ مەشموولە بۆ خزمەت یەکێ تەئخیرە بەردانی
ئەوەی داوای حەقی خۆی کا بەکوردی سەر لە سێدارەن
لە کوردانا ئەوی لاوی هەبوو مەحبووس و ئاوارەن
لێڵاییم دایێ بۆ چەن کەس کە بێ پارە و جگەرپارەن
ئەوانەی دۆسی گیانیم بوون وەها مەحکووم و بێچارەن
کە مردن ئارەزوویانە لە قاپی پاکی یەزدانی
ئەوی ناوی نەبێ چاوی نەبێ ئەمڕۆکە کوردانە
زەلیلی ژێردەسی ئینگلیز و ڕووس و توورک و فورسانە
بەڵام ئەمڕۆ لە کوللی کەس زەلیلتر کوردی ئێرانە
بە شەو عوشرەت بە ڕۆژ خۆشی نەما بۆ ئەو فەقیرانە
تەواو بێ قەدر و بێ عیززەت لە عالیم تا بە نادانی
ئەوەی دونیا بوو چش ڕۆیی نەماندی خۆشدڵی ئانێ
بە سەد سێحر و شەق و کوت تاکوو پەیدامان ئەکرد نانێ
تەماشای مەسئەلەی دین کەن ئەوم ڕۆیی ئەمم کوانێ
شەریعەت وا غەریب ماوە کە هیچکەس ناوی نازانێ
مەگەر ئەهلی سەقز نەختێ وەیا بانە و موکریانی
ئەوانەی واعیزی خێرن هەموو مەتعوون و مەزموومن
لە ڕێگەی ئیحتیڕاما شێخەکانیش عەینی مالوومن
دە سەد خۆزگە بە ئەو خزمانە وا موعسووم و مەرحوومن
تەریقەت میسلی عەنقا ما شەریعەت زار و مەزلوومن
ئەگەر باوەڕ ئەکەی تێکچوو ئەساسی دین و ئیمانی
بەسەرچوو عومر و ڕابورد کەیف و خۆشی باری کرد هەیهات
لە ژینتان چاترە مەرگ ئەر بفامن کوردی شیرین زات
لەباتی فابریقەی کارەبا و تەنسیج و بەرقییات
وەسیلەی زیندەگی ئێمە تەجاڕەت بوو وەهای پێهات
گرفتارن هەموو تاجر بەدەس گومریک و دوخانی
نەما قازانج و سەودا و مامەڵە بۆ میللەتی شاری
تاماشاکە لە بەققاڵ و لە بەززاز و لە عەتتاری
هەموو لاواز و موغموومن لە حەسرەت دەردی بێکاری
ئەگەر ئەسنافی بازاڕی حیسابیان کەم بە ناچاری
کە بەعزێ مات و نابووتە گەلێ خاڵی بوو دووکانی
وەلێ چبکەم لە کوردان، دوور لە بەعزێ گشتی دەییووسن
تەکان نادەن لە خۆیان و لەیەک دڵسەرد و مەئیوسن
ئەوی ناودارە یا مەئنووسی غەیرن یا کە مەحبووسن
ئەترسم سامعی شیعرم کە ئەهلی عەرز و نامووسن
مەلالەت بێ بەسەریانا کە ڕەسمە بۆ موسوڵمانی
فەقەت غیرەت لە دنیادا مەقەوی کاری ئینسانە
لەبەر غیرەت نەبێ شایان زەبەلاحێکی پێ پانە
کە چوونکا لەفز و دینی خاریجی خۆیە لەلا جوانە
ئەوی ئاسوودە بێ ئەمڕۆ لەوێ مەئمووری ئێرانە
ئەویش بەو شەرتە ویجدانی نەبێ دوور بێ لە ئینسانی
ئەویش شەخسێکی بێ فکر و ئەساس و سەرسەری و باتڵ
خەریکی عەیش و نۆش و کردنی تەحسیلی بێ حاسڵ
نە دەر قەیدی تەرقی میللەت و ئەفراد و جەلبی دڵ
نە وەک کوردێکی دڵساف و ڕەعییەت پەروەر و عاقڵ
سەگێکی تورکی تەورێزە وەیا فورسێکی تارانی
گەلێکم ڕست و زۆرم لە پیسی حاڵی سەققز بوو
بەیانی مالک و شێخ و مەلا و حەمماڵی سەققز بوو
لە داخی تەممەڵی و خەڵکی کەر و بەتتاڵی سەققز بوو
ئەوانەی عەرزی ئێوەم کرد فەقەت ئەحواڵی سەققز بوو
تەماشای زوڵم و زۆری کە لە هەورامی و مەریوانی
تەماشاکەن کە بەدبەختی چلۆن ئەمڕۆ سەریداون
کە چەن خانی نەجیب و قارەمان چوارمێخە کێشراون
گەلێ شێرانی کوردانیش لە بێشەی خۆی غەریب ماون
ئەوی ساحیب شەڕەفیان بوو هەموو مەحبووس و کوژراون
ڕەعییەت عاجز و بێدەس لە کوێخا تا بە دێهقانی
ئەمن بێباکم و ناترسم و هەروەک کەری دێزم
کە بۆ تۆپینی خۆم و زیددی قەومم فیتنەئەنگێزم
لە داخی کوردە وا من عاجز و غەمبار و بێ هێزم
بەڵا با خاتمەی بێنم کەلامی دەهشەتامێزم
لە مەقسەد حاڵەتی خۆم بوو تەواوی کەم بە ئاسانی!
ئەگەر ئەتوانی نافیعتخلص فیتنەیێ ئەمڕۆکە بەرپاکە
هەموو ڕۆژێ لە ئەم نەوعانە بەیتی کوردی ئینشاکە
وەرە ئازاکە گیانی خۆت فیدای کوردانی ئازاکە
خیرەد تاریخی ئەمساڵە وتی ئە «موخلیسا»تخلص چاکە
بنووسە (بۆچ غەریبم من) ئەگەر تۆ مەردی مەیدانی!