دایک

(هێندێک لە بەیتەکان کاریگەری شاعیری فارس ئیرەج میرزا و شاعیری عەڕەب ئەحمەد ڕەسافی پێوە دیارە)
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
 2 دقیقه  806 مشاهده
ئەرێ هۆ داکی پاکی شیرینم
کەعبە و قیبلەگاه و ئایینم
نییە وێنەی تۆ لە کۆمەڵی ژن
خاکی بەرپێتە جێگەی سوجدەی من
دائیمە ناوی تۆیە وێردی من
چوون لە تۆ بوو زبانی کوردی من
ئەرکی نۆ مانگەکەت لە پێش چاوە
کە چلۆن زەحمەتی ئەتۆم داوە
سکی خۆت کردە دۆشەکە و کورسی
بوومە بارێکی زەحمەت و قورسی
پاش ئەوەی کەوتمە عالەمی ڕۆشن
نەسرەوتی بە ڕۆژ و بە شەو بۆ من
شەونخوونیت بەسەر منۆ کێشا
سەر و مێشکت بە واقەواق ئێشا
مەمکت نا دەمم بە دڵسۆزی
شیری پاکی تۆم بووە ڕۆزی
لایەلایەت ئەکرد لەسەر بێشکم
حەفتەیێ دائەنیشتی بۆ کێشکم
ئەودەمەی وا گەیشتمە ڕۆژی حەوت
زەرەری گوێزەوانەکەت لێکەوت
خواردن و خەوتنت هەراسان بوو
هەر لەبەر من لەلای تۆ ئاسان بوو
چەندە هیشت هیشت و هەڵپەڕی و بازی
پێت ئەکردم کە من بم ڕازی
ناوت ئەبردم بە میری سالاران
تۆ لەنێو کۆمەڵی لەچکداران
قنگنشین بووم و کەوتمە گاولکێ
دەست ئەگرتم بەناوی هەڵپەڕکێ
وردەوردە قسەت لەگەڵ من کرد
تاکوو ئەمنت بە گفتوگۆ هاورد
بوومە فەردێکی ناتق و قسەزان
چەن ئەدیبم بە واتوویتە بەزان
پێ بە پێی خۆت منت بە حیلە ئەبرد
تاکوو فێربووم تەواو و خۆم پێمگرت
بوومە لاوێکی خاوەنی پایە
هەر لە سایەی ئەتۆوە ئەی دایە
هەر بە بۆنەی ئەتۆوە بوو ژینم
هەرچییەک هەم لە تۆوە ئەیبینم
خۆش و تاڵیم و دین و دنیا تۆی
گەر بژیم و ببم بەتەنیا تۆی
چوون بە ئەندەرزی تۆ سەرم بەرزه
پاش خوام حەمدی تۆم لەلا فەرزە!