ئامۆژگاری باوکانە
(تەرجومە لە شیعری ئیرەج میرزا)
از کتاب:
گرد و کۆ
اثر:
نافع مظهر (1913-1998)
4 دقیقه
1098 مشاهده
ئەی ڕۆڵە ئەتۆ کوڕێکی ئازای
زۆر زیرەک و عال و سال و وریای
بیبیسە بەدڵ نەسێحەتی من
وریابە لە فکری تۆ نەچێتن
چوون سوودی تۆیە ئەم قسانە
جوان بیگرە دڵ و هەمووی بزانە
زوو هەستە لە خەو هەموو بەیانی
تا بەهرە ببەی لە زیندەگانی
چوونکا لە هەوای دەمی بەیانا
لەشقاڵ و پتەو ئەبی و تەوانا
خۆت پۆشتە بکە و بچۆ قەراغ ئاو
بیشۆ دەس و پل لەگەڵ دموچاو
ئەمما کە بە شەرتی پاکەوە بوون
زۆر چاترە کە بشۆی بە سابوون
بیشۆ مل و گوێچکە پاکوخاوێن
وشکی کە بە خاولی نەک بە داوێن
بڕوانە ببینە خۆت لە جاما
هەڵسە لە لیباسی ئیحتیڕاما
هەموارە بە پاکی بێڵە دەستت
چوون دەست ئەنوێنێ بەرز و پەستت
بێگانەت ئەگەر لەلا بوو هەرکات
قەت هەڵمەکڕێنە لووت و ئەعزات
دەم دامەچەقێنە وەختی باوێشک
بنوێنێ وەکوو هێلانەی کەروێشک
مەیهێڵە بە چڵکنی ددانت
چوون دەرئەکەوێت لە هاوڕێکانت
مەلبووست هەموو ئوتوودروا بێت
هەم تازە و جوان و قەدکراو بێت
گەر ئەلبیسە نەرمە زبرە چاکە
بیپۆشە ئەگەر تەمیس و پاکە
ئەو ئەلبیسە کۆنە وا تەمیسە
زۆر چاترە لەو نوێ کە پیسە
تۆیان بە ئەدەب کە دی و بە پاکی
مەشهوور ئەبێ ناوی تۆ بە چاکی
ئەو وەختە کە دێیتە ڕیزی خواردن
وریابە لە دەسدرێژکردن
لەو کاسە بخۆ کەوا لە پێشە
دەس بۆ ئەم و ئەو ئیتر مەکێشە
دان ماژنە قەت لەبەر دەمی خەڵک
خوو مەگرە بە کەسب و کاری بێ کەڵک
نینۆک مەبڕە لەلای ئەم و ئەو
دووربە لە وەنەوز و تەممەڵی و خەو
وریابە دڵی نەئێشێ لێت داک
چابۆک بە ئەمر و کاری زۆر چاک
بڕوانە لە باوکی خۆت بە حوڕمەت
جێ بێنە ئەوەی ئەڵێ لە خزمەت
ئەم دوانە ئەگەر نەکەی فەرامۆش
بێ شوبهە خوایش لە تۆ ئەبێ خۆش
وەختێ کە ئەچی تۆ بۆ قووتاوخان
ژیرانە بڕۆ بە ڕێگەدا جوان
کاتێ کە ئەچیتە ژووری مەکتەب
نەیکەیتە قڕەقرەو شەڕەشەپ
گوێ بگرە لە دەرس و گشتی بەرکە
فکری ئەم و ئەو لە کەللە دەرکە
ئەو دەرسە کە مامۆسا ئەڵێ پێت
تێکۆشە کە لێت بەجێ نەمێنێت
کەم بێژە مەیێژە هەرچی زانیت
لێوت بدروو هەتا توانیت
زۆرسەر کە بەڵای چییە؟ زبانە
یەک نوختە زیادی بوو زیانه
نادان دڵی وا لەسەر زبانا
زوانی لە دڵایە پیاوی زانا
دیت وەختێ کە شەخسێ هاتە گوفتار
تۆ لەو دەمەدا مەیێرە بەرکار
ئامان کە بەغەیری ڕاس نەیێژی
با بەو قسە خوێنی خۆت بڕێژی
پیستر لە هەمووشتێ درۆیە
چۆن دوژمنی قەدر و ئابرۆیە
ڕاسی وتنت کە کرد بە عادەت
داناخەیت ئیتر سەری خەجاڵەت
لەو شەرمە کە ڕووڕەشی نەباشە
ڕاوسوێژ بە ئیتر درۆ مەتاشە
وەختێ بە جوێن کە گرتی دەم خوو
وا چاکە کە بیبڕی لەبن زوو
ئامان کە ڕفێقی بەد نەکەی قەت
چوون تووشی بەڵات ئەکات و نەکبەت
تێکەڵ بی ئەگەر لەگەڵ ئەدەب سز
نامیدەی ئەبی بە سەرسەری و دز
هەڵسای کە لەگەڵ نەجیب و پیاوچاک
تەبعی تۆ نەجیب ئەبێت و خووت پاک
لاولاو کە چ بێ نموودە تەرزی
پێچرا بە چنارێکا بە بەرزی
خۆی بەرزۆوە کرد وەک ئەو چنارە
وەک ئەو بە بوڵەندیۆ دیارە
تا گەنجی ئەمانەتت بێ چەند ساڵ
کۆشش بکە بۆ علووم و ئیقباڵ
هەرتاکوو ئەگەیتە وەختی پیری
نەمری بە ڕەجاڵی و فەقیری
گەر بێت و نەزانی کەسبوکارێ
موحتاج و کەسیف ئەبی بە جارێ
تیببی و تەبیعی و ڕیازی
لەم سیانە دڵت بە کام بوو ڕازی
هەڵژێرە یەکێ لەئەم سێ ئیشه
کەم ڕۆزییە چوون هەمیشە پیشە
چوون باشترە خاسی کەم لە زۆر گەن
پاینترە زیفنوون لە زیفەن
شیعری لە نیزامیتخلص و بە فارسی
ئەیڵێم بە تۆ تا بکەی سپاسی
پالانگری به غایت خودفارسی
بهتر ز کلاه دوزی بدفارسی
منداڵێ کە قەدری وەختی زانی
لای ڕوونە ئوسوولی زیندەگانی
هەرچشتێ کە چوو لە دەستی ئینسان
زۆر مومکینە بێتەوە بە ئاسان
گشت دێتەوە دەست وەخت نەبێ و بەس
وەختێ کە لەدەس چوو نایەتۆ دەس
گەر گەوهەرێکت قەزا لەدەس چوو
هەر دێتەوە دەس ئەگەر وەخت بوو
وەختت کە بە گەپ لەدەس چوو دەر
ناکڕڕێ ئیتر بە بارێ گەوهەر
هەر شەو کە ئەچیتە دۆشەکەی خەو
تێفکرە لە کاری ڕۆژی خۆت شەو
ئەمڕۆکە لە خوێندت چیت وەرگرت
لەو قسە کە وتت چی فایدەت برد
هەر ڕۆژێ نەکەی یەکێ لەمانە
ئەو ڕۆژە بە عومری خۆت مەزانە
ئاوا من ئەڕۆم و تۆ ئەمێنی
ئەم دەفتەری دەرسە چاک ئەخوێنی
لای من وتن و لە تۆ ژنەوتن
زۆر حەویفە بەدووی بەتاڵی کەوتن!