قەومی کورد...
بەبۆنەی هاتنەوەی لاشەی چوار ئەفسەرە قارەمانەکەوە بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا وتراوە
از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
1 دقیقه
3679 مشاهده
قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆییی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە، بێ ترس، دەم بەخەندە و پێکەنین
قەومی وا نامرێ، ئەژی، با دوژمنی هەر شەق بەرێ
ساحێبی ڕۆڵەی نەبەردە؟ خاوەنی عەزمی مەتین
ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگای نیشتمانا بەخت ئەکا
پێی مەڵێن مردوو، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە، ڕاستە «بەرخی نێر بۆ سەربڕین»
وا وەتەن دیسان بەمەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆ چی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین
ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی هیمەتێ تاکو زووە
بەشکو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین
گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، هەر سەرسەرین
پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین...