شیوەن بۆ شەهیدانی ١٩ی حوزەیران

از کتاب:
دیوانی فایق بێکەس
اثر:
فایق بیکس (1905-1948)
 1 دقیقه  1401 مشاهده
ئەمڕۆکە ڕۆژی ماتەمە
عالەم دڵی پڕ لە غەمە
ڕووی ئاسمان هەور و تەمە
بۆ جوانەمەرگانی وەتەن
وەتەن دەروونی لەت لەتە
گیرۆدەی داوی نەگبەتە
خەو و خۆراکی میحنەتە
بۆ جوانەمەرگانی وەتەن
«خەیروڵڵا» وتی بە «عیززەت»
وا نەجاتمان بوو لە زیللەت
با بکەوینە کەیف و سوحبەت
ئێمەین شەهیدانی وەتەن
کوتووپڕ «مستەفا» و «حەمە»
کەوتنە بەزم و زەمزەمە
وتیان سێدارەش هەر کەمە
بۆ نەوجەوانانی وەتەن
ئەوا شەهیدانی وەتەن
گشتیان تکاتان لێ ئەکەن
ئەڵێن: ژن نین، شیوەن مەکەن
دوژمن بە خۆتان خۆش مەکەن
هەموو بەجارێ لە چەپڵە دەن
بۆ جوانەمەرگانی وەتەن