دڵ ئارامی نەما یاڕەب دڵ ئارامی دڵان بابێ

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  578 مشاهده
دڵ ئارامی نەما یاڕەب دڵ ئارامی دڵان بابێ
بەسەر وەقتی غەریبان دا نیگاری دڵستان بابێ
لە بێ دادی خەزان بێ چارە بلبل شێت و شەیدایە
نەسیمی سوبحدەم سروەی بەسەر باغ و گوڵان بابێ
کزەی بادی سەحەر سروەی لە میشکی گیسوان بینی
مەسیح ئاسا حەیاتی تازەگی بۆ مردوان بابێ
لە سەحرایی جنوون مەجنوونی دڵ سەر گەشتە بۆ لەیلا
خودا دەنگی جەرەس ئەمڕۆ لە بەینی کاروان بابێ
چەمەن ئەمڕۆکە بێ دەنگە لە شۆرو زەمزەمەی بلبل
خودا فەسڵی گوڵان ئیمڕۆ لەگەڵ دەفعی خەزان بابێ
دەری مەیخانە بەستراوە لە ڕوویی مەی کەشان ئەمڕۆ
ئیجازەی بادەنۆشان با لەلای پیری موغان بابێ
لە مڵکی نیستی ئارامگاهی عوسرەتی بۆ دڵ
لەبێ ناوونیشانی دا دەسا ناو و نیشان بابێ
دەمێکە مورغی دڵ ئاوارەیە خادیمتخلصبەهەر لادا
بە باڵی ناتەوانی هەڵفڕی بۆ ئاشیان بابێ