لە سینەم سەبتە نەقشی تۆ لە تەعریفی زوبانم چی

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  866 مشاهده
لە سینەم سەبتە نەقشی تۆ لە تەعریفی زوبانم چی
ئەزانی دەردی من جانا لە ئەوساف وبەیانم چی
لە کولبەی حوزنما نووری جەماڵت دەرکەوێ ساتێ
خسووفی با بە سەردابێ لە مانگی ئاسمانم چی
گوڵی ڕوخساری تۆ گەر بێتە پێش چاوم لە کاتێکا
لە سەیری گوڵشەن و باغ و گوڵ و هەم گوڵستانم چی
وەکو پەروانە سووتانم بە شەمعی ڕوومەتی تۆیە
فوغان و گریە و زاری میسالی بلبلانم چی
لە دۆزەخ وەسڵی تۆم گەر دەس کەوێ جانا کیفایەتمە
وەکو زاهید لە حورو و کەوسەر باغی جینانم چی
گوتم جارێ حەزەر کە تۆ لە ئاهی سوبحگاهی من
گوتی تەئسیر لە من ناکا لە ئاهی عاشیقانم چی
نەخۆشی دەردی عەشقم نامەوێ هەرگیز نەجاتم بێ
کە من مەسرووری ئەم دەردەم لە عیسایی زەمانم چی
ویسالت چونکی تەعلیقە بە مەرگی عاشیقان قوربان
گەلێ موشتاقی ئەم مەرگەم لە عومری جاویدانم چی
فەرامۆشیم بە ناڵەی زاری سینەم دێ سەحەرگاهان
لە سۆزی ناڵەی چەنگ و لە جۆشی موتریبانم چی
برۆت میحرابی تاعەتمە جەماڵت قیبلە و کەعبەم
ئیتر لەم ڕێگە لانادەم لە وەعزی واعیزانم چی
لە باغی حوسنتا مەئزوونی گوڵ چنیم بکەی ساتێ
لە ترسی باغەوان و لەشکری بادی خەزانم چی
بە حوروو جەننەت وکەوسەر فریبم گەر بدا زاهید
بەبێ تۆ نامە هەرگیز لە پەندی زاهیدانم چی
لە گوڵ موستەغنییە خادیمتخلص کە چاوی کەوت بە ڕوویی تۆ
ئیتر وەک بلبلی شەبدا خرۆشی سەرچڵانی چی!