ئەوڕۆ حەسەن پەیامی دۆعا و سڵاوییە
از کتاب:
دیوانی سەیفولقوزات
اثر:
صیف القضات (1876-1945)
6 دقیقه
828 مشاهده
ئەوڕۆ حەسەنتخلص پەیامی دۆعا و سڵاوییە
بۆ میللەتی ڕەشیدی پەنای بەشخوراوییە
کانی عەداڵەت و «وەکوو یەکی» و برایەتی
زەحمەتکەش و بەکار، چ ژن یا پیاوییە
هەر عیلم و سەنعەتە کە لەکن وان ڕەواجی بێ
بێقەدرە دەوڵەمەندی و موڵکی کڕاوییە
تا ڕووس بمێنێ کاکە، لە تاریخی عالەما
بەیداغیشی کە سوورە بە خوێنی ڕژاوییە
مەخسووس لەبۆ شەڕن نەفەر و ئەفسەرانی وان
نەک عەیش و نۆش و لەززەتی شیر و کەکاوییە
هەر یەک بە ڕۆژی مەعرەکە شێرن لە نێر و مێ
بەو قۆڵی داخراو و بەلەک دەرخراوییە
بۆ مەدحیان بەسە کە کەسی بێکەسان ئەون
بۆ میللەتی زەعیف هومێد و هەناوییە
کاری بەدەستی خۆیەتی هەر میللەتێکی بێ
سەر دادەنێن لەبۆیە لە ڕێ کەس نەماوییە
قەفقاز و ڕووس و ئوزبەک و تفلیس و ئێرەوان
تاجیک و تات و ترکەمەن و هەرچی ناوییە
هەرکەس بە مڵک و میللەتی خۆی شاد و ڕازییە
ئازادی، سەربەخۆیی وەها پێدراوییە
دنیا تەواوی چاوی لە تانک و لە تۆپی وان
تەییارە، بۆم و ئەژدەر و زیپلین و ناوییە
گۆی سیبقەتی فڕاندووە ئەمڕۆ لە عالەما
فەخری ڕەفیقەکان، بە قوشوونی تەواوییە
ڕووی کردە هەر سپایەکی مەحوی دەکاتەوە
فەتح و زەفەر لیباسە بە بەژنی بڕاوییە
ئەڵمان کە لافی گەورەیی لێدا لەعاستی وان
پشتی شکا، نیشانە سەلیبی شکاوییە
هەر جێگەیەک کە دوژمنی بۆ چوو، وەپاش درا
پێی ما سەری شکاوی و قوونی دڕاوییە
گیراوە شارەکانی دە نازی بە فەتحی وان
سەربەرزییەک کە مابێ سەری بێ کڵاوییە
ئەو سەرکەشە کە دوێنێ لە ترسی دەلەرزی عەرز
ئەوڕۆکە بۆتە مەسخەرە، هەر قاوەقاوییە
هەر دەوڵەتێکی گرتی بە خوێناوی میللەتێ
گیراوە لێی بە زۆر و کرا دەرکراوییە
بەدبەختی و شکست و زەلیلی کە هاتە ڕێی
نەیزانی موددەعی لە خەیاڵاتی خاوییە
کاڵەی دڕا، چی پێ نەبڕا، پشتیشی شکا
کەوتە هیلاک و غەڕغەڕە، کاری کراوییە
ئەو فەتحی وا کرا لە ستالینگڕادی وان
دەرچوو بەجارێ دوژمن و تۆقی زراوییە
جێی حەملەیانە ئەوڕۆ ئورووپا بە پانەوە
ژاپۆن لە ترسی وانە لە چین چاوەچاوییە
کوردان کە هاتوچۆ دەکەن ئەوڕۆ بە پڕچەکی
«نیشتیمان» زمانی وانە بە ئەمری دراوییە
ڕۆژنامەکانی ترکی لە تەورێزێ دایرن
بۆچ هەر لە کوردی دەردی دڵ و تەنگەتاوییە
خۆ کورد و فارس هەر دوو برای دایک و بابێکن
وەک یەک نەبێ، لەبەر چی، بەش و نان و ئاوییە
لەو جەور و زوڵم و زەحمەتە دەدرێ بە کوردەکان
مانیان نەمانە، ژینێکی سەگ تێ ڕیاوییە
پێم کوت بە پادشا و بە وەزیر و نوخوست وەزیر
ئاوڕێک وە کوردی دەن وە بە حاڵی بڵاوییە
هەر کوردە خوێنی خالیسی ئێرانی پاکی بێ
نەیکردووە بە ترک و عەڕەب تێکەڵاوییە
مەئمووری حیز و بێشەڕەف و خائینی وەتەن
ڕاپۆرتی بەد دەدا بە درۆ، چونکە داوییە!
سەرتیپە شێتە، هۆشی کەرێکی تەواو نییە
تەهدید دەکا بە کوشتنێ، ئەم دەمگواوییە
نەمخوێندەوە لە ناسر و خوسرەو شکایەتێ
«زێرۆ» و «حەمەڕەشیدە» سەری بەندوباوییە
بێڕەحمی، بەدنیهادی، دەگەڵ کوردی تابەکەی
بەس بێ ئەوەندە فەرق و جودائی، چ ناوییە؟
ئاسوودەیی مەرامییە، کوێخایی ماڵی خۆی
نەک بێتە ژێرچەپۆکە، بە شەق لێدراوییە
سەرسەوزە باغی ئارەزوو نیزیکە بێتە بەر
مەزرای هومێدی تینووە وەختی شەواوییە
هەرکەس کە ڕوشدی بێ هەوەسی ماڵی خۆی دەکا
تۆوێکە زۆرلەمێژە لە باغدا چناوییە
ئەخلاقی چاک و خوێندن و دینداری و «ئیتتیحاد»
گورج و بەکار و جەڵد بێ، نەڵێن ساوەساوییە
هەرگیز حەقی ژیانی نییە پیاوی بێسەواد
چاوسووری خۆی نەبێ و وەتەنی پێ بڕاوییە
بە زمانی دایکی خوێندن و نووسینی بۆ نەبێ؟
ئەو میللەتی قەدیم و زبان بەستراوییە
حوببی وەتەن نیشانەیی ئیمانە کوردەکان
نیشتمانی خۆت وەژێنە، بە پێچ و کڵاوییە
مەرد چاکە ئەو کەسەی سەری دانێ لەڕێی وەتەن
باکی نەبێ لە بەند و لە داری چەقاوییە
منداڵەکانی بێسەرە بوون دایکی نیشتمان
هەریەک بە لایەکا سەبەبی بێ لەغاوییە
جیرانەکەت بە ئارەزویی کۆنی خۆی گەیی
کاسەی جیرانی کێ دی لەوی لێنراوییە
تۆ سەر لە من بخوازە لەبۆ کێشکی نیشتمان
چی دێتە سەر زمان، بە کوردی کراوییە
هەورامی و جەلالی بۆ سمنان و ساوە چوون
سابڵاغی بۆ شیرازێ ڕەپێچەک دراوییە
مەرکەز لەبەر چی هیچی نەپرسی لە حاڵی وان
کێ دی بە غەیری کوردی وەتەن دەرکراوییە
میوان بەخێر هێنانە لەبۆ کوردی بۆتە شوێن
دەرک ئاوەڵایە، سفرە پڕ و ڕاخراوییە
سەرقژنی، پووزڕووتی، کچی کوردی نایەوێ
داوێنی دادڕاو و سەری پێچراوییە
ئێخێکی دادڕاو و کراسێکی سەرلەبەر
دەسماڵ و شاڵی پشت، شل و بادراوییە
قۆڵ هەڵکراو کراسی بە پشتێندیدا کراو
چارشێو لە شان و زولفی بەلادا کراوییە
بەو سینگ و باسکە ڕووتە لە من بۆتە قووتی ڕووح
بەو لێوی ئاڵ و پەرچەمی کاڵ و بڕاوییە
گەردن بڵیند و سینگ و کەفەڵ هێندە پان و پۆڕ
باریک و شووش قامەت و قەد، چاونواوییە
کیژانی جوانی عێلی لەدووی خێڵی دێن، دەڕۆن
ئاسکن لە باسک و سوورەقورینگی شەتاوییە
سنجاق و کوحلی بەرۆک، بەرموور و پێشەسەر
ماینی کەحێلی عێلی، ڕەخت لێدراوییە
کیژۆڵەکان ببینە لەنێو باری وشتران
ئەستێرەکانی گەش لە حەواڕا کشاوییە
ئیی مە کەون، لە کێو و دەراندا کە دێ و دەچن
ئەو، تاوسی سایەپەروەرە نەیدیوە تاوییە
ئیی مە، خەریکی تەون و تەشی و چێشت و نان و خوان
ئەو، لێوی سوور و پۆدر و فڕ و کل دە چاوییە
ئیی مە، خەریکی زەحمەت و کار و مەرارەتن
ئەو، حوکمڕانی مێردە، لە ژێر دەس کڵاوییە
هەر چی کوتم، نەسیحەتە، عەینی حەقیقەتە
نەک سوحبەت و جەفەنگە، مەڵێن چاووڕاوییە
ئەو شیعرە لایقن لە بەریکەن جحێڵەکان
یادم بکەن بە خێر و دوعای بۆ کراوییە